فەزڵ و پاداشتی خێر و صەدەقە و ماڵ بەخشین: ماڵپەڕی وەڵامەکان
فەزڵ و پاداشتی خێر و صەدەقە و ماڵ بەخشین
پرسیار:

ئایا فەزڵ و پاداشتی خێر و صەدەقە و ماڵ بەخشین چۆن باس کراوە لە قورئان و فەرموودەکاندا؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

یەكێك لەو بەها جوانەکانى ئاینى پیرۆزى ئیسلام ئەوەیە کە لە چەندین ئایەت و فەرموودەدا هانى داوین بۆ خێر و صەدەقە کردن ، وە پاداشتێکى زۆر زۆرى داناوە بۆ ئەو موسڵمانانەى کەوا خێر و صەدەقە دەکەن لەوانە : 
یەكەم: خێر و صەدەقە خواى گەورە پاداشتی گەورەى بۆ داناوە لە ( 1 بە 700) و تا زیاتریش
دووەم: خێر و یارمەتی تاوان دەشواتەوە و نایهێڵێ:
سێیەم: صەدەقەو یارمەتی بەربەستە لەنێوان خاوەنەكەی و دۆزەخدا :
چوارەم : بەهۆى صەدەقەوە لە قیامەتدا لە دەرگاى خێر و صەدەقەوە بانگ دەکرێی بۆ بەهەشت
پێنجەم : ئەو موسڵمانانەى کە ماڵ دەبەخشن بە نهێنی لەژێر سێبەری عەرشی پەروەردگاردا دەبن
شەشەم : مەلائیکە دوعاى خێرت بۆ دەکەن 
حەوتەم : بە هۆى خێر و صەدەقەوە ڕزق و ڕۆزیت زیاد دەکات .
هەشتەم: خێرو صەدەقەی نهێنی هۆكارە بۆ نەمانی توڕەیی پەروەردگار:
نۆیەم : دەبێتە هۆکارى چارەسەرى نەخۆشی 
دەیەم : خێرو صەدەقەدان هۆكارە بۆ ئەوەی خەڵات و دیاری تایبەتی خوای گەورەت بۆ بێت :

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله رب العالمين،والصلاة والسلام  على نبينا محمد وعلى آله وأصحابه وأتباعه الى يوم الدين .
یەكێك لەو بەها جوانەکانى ئاینى پیرۆزى ئیسلام ئەوەیە کە لە چەندین ئایەت و فەرموودەدا هانى داوین بۆ خێر و صەدەقە کردن ، وە پاداشتێکى زۆر زۆرى داناوە بۆ ئەو موسڵمانانەى کەوا خێر و صەدەقە دەکەن لەوانە : 

یەكەم: خێر و صەدەقە خواى گەورە پاداشتی گەورەى بۆ داناوە لە ( 1 بە 700) و تا زیاتریش:
خوای گەورە دەفەرمووێت:[مَّثَلُ الَّذِينَ يُنفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ فِي سَبِيلِ اللّهِ كَمَثَلِ حَبَّةٍ أَنبَتَتْ سَبْعَ سَنَابِلَ فِي كُلِّ سُنبُلَةٍ مِّئَةُ حَبَّةٍ وَاللّهُ يُضَاعِفُ لِمَن يَشَاء وَاللّهُ وَاسِعٌ عَلِيمٌ ] [البقرة : 261].
خوای گەورە و میهرەبان نمونەیەك دەهێنێتەوە بۆ ئەو كەسانەى ماڵ دەبەخشن لە پێناوى و مەبەستیان ڕەزامەندی ئەوەو سوود گەیاندنی بەهەژاران وەكو فەرمووی: نمونەى ئەو كەسانەى كە ماڵى خۆیان دەبەخشن لە پێناو خواى گەورەدا وەكو دەنكە گەنمێك وایە كە حەوت گوڵ بكات وهەر گوڵەى سەد دەنكى تێدا بێت، (واتە پاداشتى خێر وچاكە یەك بە حەوت سەدە)، وە خواى گەورە ویستى لێ بێت بۆ هەركەسێك لەوەیش زیاتر پاداشتى دەداتەوە.

وە پێغەمبەرى خوا  لەباسی زیادبوون وگەورە بوونى خێرو صەدەقە و یارمەتیدا دەفەرموێت: ((من تصدَّقَ بِعَدلِ تمرةٍ مِن كَسبِ طَيِّبٍ ولايُصعَدُ إلى اللهِ الاّ الطيبَ فإنَّ الله يَتَقَبَّلُها بِيَمينِهِ ثُمّ يُرَبِّها لِصاحِبِها كما يُرَبي أَحدُكُم فلوَّهُ مثل الجبل))(١).
واتە: هەركەسێك بە ئەندازەى لەتە خورمایەكى حەڵاڵ خێر بكات- كە خواى گەورە جگە لە حەڵاڵ هیچ شتێكى تر وەرناگرێت- ئەوا خواى گەورە بە دەستى راستى وەرى دەگرێت وگەورەى دەكات بۆ خاوەنەكەى تا بەئەندازەى شاخێكى لێ دێت، هەروەكو چۆن یەكێك لە ئێوە بێچوە ئەسپەكەى گەورە دەكات.
سوپاس وستایش بۆ خوای گەورە كە ئەوەندە ڕەحمەتی پڕ لێشاوە، وەخواى گەورە دڵەكانمان جۆش وخرۆش دات بۆ یارمەتی دانی هەژاران و بەزەیی هاتنەوە بەنەداراندا .

دووەم: خێر و یارمەتی تاوان دەشواتەوە و نایهێڵێ:
لە پاداشتی یەكەمدا خوای گەورە چاكەكانی بۆ چەندین جاركردوین، بەڵام لێرەدا موژدەى دووەمى ئەوەیە كە هۆكارێكە بۆ سڕینەوەی تاوانەكانمان إن شاء الله، وەك سەروەرمان    دەفەرموێت:((والصدقةُ تُطفِيءُ الخطيئةَ كما يُطْفيءُ الماءُ النارَ))(٢).
واتە: وەخێر و یارمەتی تاوان دەكوژێنێتەوە و دەشواتەوە، هەروەكو چۆن ئاو ئاگر دەكوژێنێتەوە .
بەڕاستی حەیفە بۆ ئوممەتێك لە وێنەى ئەم موژدە خۆشانەی كرابێت بەخەڵات بەڵام بێ خەبەر بێت، پرسیارێك دەكرێت كە ئایا دەبێت چەندان منداڵی هەتیو و ئافرەتی بێوەژنی نەدارا هەبن لەم شارو وڵاتەى ئێمەدا كە بەهەژاری ژیان دەگوزەرێنن، بەڵام لەبەرامبەردا چەندان دەوڵەمەندى خاوەن سامانی بێ ژمارە هەن، ئەگەر ئاوڕێك بدەنەوە بەلایاندا و كەمێك خەمی دەست كورتییان لەسەر سووك بكەن، ئەوا بارى هەژارى كەمتر دەبێتەوە و لەبەرامبەریشدا ئەمان دەگەن بەو پاداشتە گەورەیەى كە كەمێكمان دەربارەی باسكرد .
كەوا بوو ئەو حەقەمان وا لە ئەستۆدا كەئەگەر هەژارێكمان هەست پێكرد یارمەتی بدەین ئەگەر كەمێكیش بێت، چونكە بەو بەخشینە دڵى خۆش دەبێت، وەئاشكراشە هیچ چاكەیەك بەئەندازەى خێر و صەدەقە خۆشی ناخاتە ناو دڵی هەژارنەوە، چونكە باری قورسی ئەو نەبوونییە، پێغەمبەرى خوا    دەفەرمووێت:((أفضلُ الأعمالِ أنْ تدخُل على أخيك سروراً أو تقضي عَنْهُ دَيْناً أو تُطْعِمهُ خُبزاً))(٣).
واتە: چاكترین كردەوە ئەوەیە كە خۆشی وشادییەك بخەیتە ناو دڵی برایەكتەوە، یان قەرزارییەكی بۆ بدەیتەوە، یان خواردنی پێ بدەیت ئەگەر لەتە نانێكیش بێت .

سێیەم: صەدەقەو یارمەتی بەربەستە لەنێوان خاوەنەكەی و دۆزەخدا :
لە ڕۆژی پڕ شەرمەزارى قیامەتدا كە خۆزگەى ئەوە دەخوازین چاكەكانمان زیاتر بوایە، چاكەو خێر و یارمەتی دوای ڕەحمەتی پەروەردگار دێن بەهانامانەوە و قوتارمان دەكەن بەئیزنی خوا، وەدەبنە بەربەستێك لەنێوان ئێمە و دۆزەخدا .
چۆن خێرو صەدەقە نابێتە بەربەست لەكاتێكدا چەندین نەفس بەهۆی ئەو یارمەتییەوە لەچەندین مەترسی دەربازیان دەبێت .
چۆن چاكە كردن لەگەڵ نەداراندا هۆكاری رەزامەندی خواى گەورە نییە، لەكاتێكدا نەفسی موسڵمان بەڕێزترو پایەدارترە لە كەعبەی پیرۆز؟
چۆن یارمەتیدان و دەست هێنان بەسەر هەتیواندا هۆكارى گەیشتنە بەهەشت و بوون بەدراوسێی ڕەسولی ئەكرەم   نییە، لەكاتێكدا چەندین ئایەت دیفاع لە مافی هەتیوان دەكات؟
 پێغەمبەرى خوا    دەفەرمووێت: ((إجْعلوا بَينكُم وبَينَ النارِ حِجاباً وَلَو بِشِقِّ التَمرةٍ))(٤) .
واتە: بەربەستێك لەنێوان خۆتان وئاگردا دابنێن، یان دروست بكەن بۆ ئەوەى لەچنگی قوتاربن ئەگەر بە لەتە خورمایەكیش بێت .
ئەوە تێ دەگەین كە هەر كات یارمەتی هەژارێكمان دا بەكەمى نەزانین، مادەم پەروەردگار خێرەكان پەروەردە دەكات و زیادی دەكات، مادەم تەرازووی دواڕۆژ كەمتر لە مسقاڵە زەڕەیەك دەخوێنێتەوە، مادەم لەو ڕۆژەدا پێویستمان بەكەمتر لەلەتی خورمایە، مادەم بەربەستە لەنێوان خۆمان و ئاگری پڕ ئێشى دۆزەخدا، دەبا پەلە بكەین و لەچنگی ئاگرینی ئەو خۆمان بهێنینەدەر، وە بەئەنجامدانی كارى جوان و ڕازى كردنی خوای گەورە بگەینە ئەو بەهەشتەی كە بۆ كە بۆ چاكەكاران ئامادەكراوە إن شاء الله .

چوارەم : بەهۆى صەدەقەوە لە قیامەتدا لە دەرگاى خێر و صەدەقەوە بانگ دەکرێی بۆ بەهەشت
پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: ((وَمَنْ كَانَ مِنْ أَهْلِ الْصَّدَقَةِ، دُعِي مِنْ بَابِ الْصَّدَقَةِ)) الْبُخَاريّ(1897).
واتە: هەر كەسێك لە ئەهلى خێرو صەدەقە بێت، ئەوا لە دەرگایەك لە دەرگاكانى بەهەشتەوە بانگ دەكرێت بۆ ناو بەهەشت كەناوى ئەو دەرگایە ( الْصَّدَقَةِ ) .

 پێنجەم : ئەو موسڵمانانەى کە ماڵ دەبەخشن بە نهێنی لەژێر سێبەری عەرشی پەروەردگاردا دەبن
پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: ((سَبْعَةٌ يُظِلُّهُمُ اللَّهُ فِي ظِلِّهِ يَوْمَ لاَ ظِلَّ إِلاَّ ظِلُّهُ: وَرَجُلٌ تَصَدَّقَ بِصَدَّقَةٍ فَأَخْفَاهَا حَتَّى لاَ تَعْلَمُ شِمَالُهُ مَا تُنْفِقُ يَمينُهُ)) الْبُخَاريّ(660) واتە: حەوت كۆمەڵ هەن پەروەردگار لە ڕۆژى دواییدا دەیان خاتە ژێر سێبەرى عەرشى خۆیەوە، لەو ڕۆژەدا هیچ سێبەرێك نییە جگە لەو سێبەرە: پیاوێك خێر دەكات و دەبەخشێت بەشاراوەیى، ئەگەر بەدەستى ڕاست ببەخشێت نایەڵێت چەپى پێى بزانێت.

شەشەم : مەلائیکە دوعاى خێرت بۆ دەکەن 
پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: ((مَا مِنْ يَوْمٍ يُصْبحُ الْعِبادُ فيهِ إِلاَّمَلَكَانِ يَنْزِلاَنِ فَيَقُولُ أَحَدُهُمَا: اللَّهُمَّ أَعْطِ مُنْفِقًاخَلَفاً وَيَقُولُ الآخَرُ: اللَّهُمَّ أَعْطِ مُمْسِكًا تَلَفاً)) الْبُخَاريّ (1442).  واتە: هیچ ڕۆژێك نییە كە بەندەكان ڕۆژى تێدابكەنەوە ئیللا دوو مەلائیكەت دێنەخوار یەكێكیان دەڵێت: ئەى خوایە ببەخشە بەو كەسەى كە دەبەخشێت لەبەر خاترى تۆ (جێگای ئەوەشی بۆ پڕ بکەرەوە کە بەخشیوێتی) ئەوەى تریان دەڵێت: ئەى خوایە ئەوكەسەى دەستى گرتۆتەوەو نابەخشێت ماڵەكەى لێ بگرەوەو لەناوى بەرە.

حەوتەم : بە هۆى خێر و صەدەقەوە ڕزق و ڕۆزیت زیاد دەکات .
پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: خواى پەروەردگار لە فەرموودەى قودسیدا فەرموویەتى: ((يَا ابْنَ آدَمَ أَنْفِقْ أُنْفِقْ عَلَيْكَ)) الْبُخَاريّ (7419) .
 واتە: ئەى نەوەى ئادەم (علیه السلام ) ببەخشە لەوەى كە پێت بەخشراوە لەلایەن پەروەردگارتەوە، چونكە پەروەردگارت ئەوەندەى ترت پێ دەبەخشێت.

هەشتەم: خێرو صەدەقەی نهێنی هۆكارە بۆ نەمانی توڕەیی پەروەردگار:
پێغەمبەرى خوا  دەفەرمووێت: ((صَدَقَةُ السَّرَّ تُطفيءُ غضب الرَّب))(5).
واتە: (خێرو صەدەقەى نهێنى تووڕە بوونى پەروەردگار دەكوژێنێتەوە و نایهێڵێ). خوشك وبراى ئیماندارى خێرخواز، ئەم فەرموودەیە موژدەیەكى خۆش و وانەیەكى بەسوودى تێدایە .
یەکەم: وانە بەسوودەكەى ئەوەیە دواى ئەوەى هانى داین بۆ دەست گرتنى هەژاران، ئینجا فێرمان دەكات كەئەو دەست گرتنەمان بەنهێنى بێت وئیخلاصمان بیرنەچێت، چونكە صەدەقەى نهێنى یەكێكە لەسیفاتى ئەو حەوت تاقمەى كەوان لەژێر سێبەرى عەرشە پیرۆزەكەى پەروەردگار دا.
دووەم: بەڵام ئەوەى كەزیاتر مەبەستمانە لایەنى پاداشتەكەیەتى، وەك لە فەرموودەكەدا هاتووە، هۆكارێكە بۆ ئەوەى پەروەردگار ئەو خەشم وتووڕە بوونەى كە بەهۆى تاوان ومەعصیەتى خۆمانەوە لێى گرتووین نەیهێڵێ.
پاك وبێ عەیبى بۆ تۆ ئەى ئەو زاتە پیرۆزەى كەچەندین كارو گوفتارت ئاماژە پێداوە كە هۆكارى ڕازى كردنى تۆن، سوێند بێ بەتۆى خاوەن شكۆ زۆرێك لە خاوەن ماڵ وسامانەكان دەتوانن توڕەیى تۆ لەسەر خۆیان لابدەن، بەیارمەتى دانى دەست كورتان.
لە كۆتایدا خوشك و برای بەڕێزم ئەم چەند فەرموودەیە دەدەم بە گوێتاندا كە  باس لە پاداشتی ئەو كەسانە دەكات لە خێر و یارمەتی دەبەخشن و ترسی ئەوەیان نییە هەژار بكەون .

نۆیەم : دەبێتە هۆکارى چارەسەرى نەخۆشی

پێغەمبەرى خوا دەفەرموێ : ((داوو مَرضاكُم بِالصّدَقة))(6) .
واتە: نەخۆشەكانتان چارەسەر بكەن بە صەدەقە و خێركردن، ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەست گرتنی هەژاران نەخۆشى دەپەڕێنێ و نایهێڵێ إن شاء الله .

دەیەم : خێرو صەدەقەدان هۆكارە بۆ ئەوەی خەڵات و دیاری تایبەتی خوای گەورەت بۆ بێت :
پێغەمبەرى خوا  دەفەرمووێت: لەكاتێكدا پیاوێك لەدەشتێكدا بیابانێكدا بوو، گوێى لە دەنگێك بوو بە هەورێكى دەووت: باخ و بێستانى فڵانەكەس ئاو بدە، ئینجا هەورەكەش ئاوەكەى كرد بەسەر زەوییەكى بەردەڵانى ڕەشدا (زەویەكە پڕبوو لەبەرد)، سەیرى كرد ئاوەكە هەمووى بە جۆگەلەیەكدا ڕۆیشت، وە پیاوێك بەپێوە وەستابوو لە ناو باخ وبێستانەكەیدا بەبێڵەكەیەوە ئاو دێرى دەكات، ئەمیش بە پیاوە باخەوانەكەى ووت: ئەى بەندەى خوا ناوت چییە؟ پیاوە باخەوانەكەش ووتى: فڵان (ناوى خۆى پێ ووت)، هەر ئەو ناوە بوو كە گوێى لێ بوو لە هەورەكە بیستى، پیاوە باخەوانەكە پێى ووت: ئەى بەندەى خوا بۆ لە ناوى من دەپرسى؟ ئەمیش ووتى: چونكە گوێم لە دەنگێك بوو لە هەورەوە دەیووت: ئەمە ئاوەكەیەتى ئاوى باخ و بێستانى فڵانەكەس ئاو بدە، وە ناوى تۆى هێنا! پیاوەكەش بە باخەوانەكەى ووت: ئایا تۆ چى لە بەرو بوم وحاصڵاتى ئەم باخ و بێستانە دەكەیت؟ پیاوە باخەوانەكەش ووتى: من چاوەڕێى بەرو بوم و حاصڵاتى ئەم باخ و بێستانە دەكەم ئینجا هەركات پێگەیشت، ئەوا (سێ یەكى) لێدەكەم بەخێرو ێەدەقە (بۆ فەقیرو هەژاران)، وە (سێ یەكی) لەگەڵ ماڵ و منداڵەكەمدا دەیخۆین، وە (سێ یەكی) بۆ بنەتۆو دەهێڵمەوە.(7).

بەڵام ئاگاداربە، ڕیاو سومعەو ناوبانگ خۆى نەكات بەشەریكە بەشت، پەنا بەخوا چاكەكانت ناهێڵێ وصەدەقەو خێرەكانت لەناو دەبات
لە كۆتایدا داواكارم لە خواى گەورە عیبادەتی موسڵمانان و خێر و یارمەتی خێرخوازان و چاكەی هەموو لایەك وەربگرێت، إن شاء الله .
وصلى الله على نبينا محمد وعلى آلِهِ وَصحبِهِ وسلم.

سود وەرگیراوە لە بابەتێکى گۆڤاری ڕێگاى ڕاست


(١) (صحيح البخارى، إرواء الغليل: 3/393، مشكاة المصابيح، صحيح الترغيب والترهيب: 856 ) .
(٢) (صحيح الترغيب والترهيب: 868) .
(٣) (صحيح الجامع: 1096، سلسلة الأحاديث الصحيحة: 1494).
(٤) (سلسلة الأحاديث الصحيحة: 897، وصحيح الجامع الصغير: 153).
(5) (صحيح الترغيب والترهيب: 888، سلسلة الأحاديث الصحيحة: 1908، صحيح الجامع الصغير: 7973 ).
(6) (حسنه الألباني في: صحيح الجامع الصغير: 3358، صحيح الترغيب والترهيب: 744 ).
(7)(صحيح مسلم).

سەردان: ١٢,٥٩٤ بەش: هەمەجۆر