ئادابی قوتابی زانست و فێرخوازی شەرعى (طالب العلم) لەگەڵ مامۆستاکەیدا : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئادابی قوتابی زانست و فێرخوازی شەرعى (طالب العلم) لەگەڵ مامۆستاکەیدا
پرسیار:

ئایا ئادابی قوتابی زانست و فێرخوازی شەرعى (طالب العلم) لەگەڵ مامۆستاکەیدا دەبێ چۆن بێ ، و چی پێویستە لەسەرى بەرامبەر بە مامۆستاکەى؟

بێگومان ئادابی قوتابی زانست زۆر زۆرن بەڵام بەکورتی ئاماژە بەگرنگتریان دەکەین:

یەکەم: پێویستە قوتابی زانست ورد بێتەوە و بزانێت زانست لە کێ وەردەگرێت و ڕەوشت و ئەدەبی جوان لە کێوە فێر دەبێت ، و پێش چوونە لای هەر مامۆستایەک پرس بەکەسانی دڵسۆز و لەخودا ترس بکات لەبارەی ئەو کەسەوە کە دەیەوێ بچێت بۆ لای بۆ خوێندن.

دووەم: پێویستە بەگوێی مامۆستاکەی بکات و لەقسەی دەرنەچێت ، هاوشێوەی نەخۆش لەگەڵ دکتۆری پسپۆڕدا ، و پرسی پێ بکات وهەوڵی ڕازی کردنی بدات ، و بزانێت خۆ شکاندنی بۆ مامۆستاکەی ڕێزە و فەخر و شانازیە.

سێیەم: بەچاوی ڕێزەوە بڕوانێتە مامۆستاکەی ، هەندێ لەپێشینان کاتێ دەچوون بۆ لای مامۆستاکانیان دەیان گوت :  خودایە عەیب وناتەویەکانی مامۆستاکەم لێ بشارەوە و بێ بەشم مەکە لەبەرەکەتی زانستەکەی.

چوارەم: مافی بزانێت و چاکە و فەزڵی لەبیر نەکات ، ئیمامی شوعبە دەڵێت: كنت إذا سمعت من الرجل الحديث كنت له عبدًا ما يحيا.واتە: کاتێ لەکەسێکەوە فەرموودەیەکم گوێ لێ ببوایە تا لەژیاندا بوایە دەبوومە عەبدی .

لێرەدا مەبەست لە بوون بە عەبد ماناى بەندایەتى و پەرستن نی یە بەڵکو مەبەست لێی ئەوەیە هەر وەک چۆن عەبد و کۆیلە ڕێز لەسەید و گەورەکەی دەگرێت ئەمیش بەو شێوەیە بووە لەگەڵ ئەو کەسەدا کەفەرموودەکەی لێ وەرگرتووە.

پێنجەم: کاتێ ناتەواویەک یاخود ڕەوشتێکی ناشرین لەمامۆستاکەی دەبینێت وای لێ نەکات لێی دوور کەوێتەوە و عەقیدە ڕاستەکەی لێ وەرنەگرێت ، بەڵکو تا کرا بیانوو وعوزری بۆ بێنێتەوە.

شەشەم: سوپاسی مامۆستاکەی بکات کاتێ ڕێز وڕەوشت بەرزی تێدا بەدی کرد ، یاخودا کاتێ لێی توڕە دەبێت و ئامۆژگاری دەکات.

حەوتەم: بەبێ مۆڵەت نەچێ بۆ لای مامۆستاکەی جگە لەمەجلیسی گشتی ، جا مامۆستاکەی بەتەنها خۆی بێت یاخود کەسی تری لەگەڵ بێت ، خۆ ئەگەر داوای مۆڵەتی کرد ومۆڵەتی پێ نەدرا بگەڕێتەوە ودوو بارەی نەکاتەوە.

هەشتەم: بەڕێزەوە لە لای مامۆستاکەی دابنیشێت ، و بەجوانی گوێی بۆ بگرێت ، و تەماشای ئەم لاو ئەولا نەکات بەبێ هەبوونی زەڕوڕەتێک بەتایبەت لەکاتی قسەکردنی مامۆستاکەیدا.

نۆیەم: بەجوانترین شێوە و بەئەدەبەوە لەگەڵی بدوێ ، وشەی کێ ئەمەی نەقڵ کردووە ، و شتی وا نابێ ، و هاوشێوەی ئەمانە کە ڕەنگە جوان نەبێت بەکارى بهێنیت .

دەیەم: کاتێ مامۆستاکەی باسی بەسەرهاتێک یاخود سود و فائیدە و شیعرێک دەڵێت و ئەو ئەوەی بیستووە و لەبەریەتی نەڵێت من دەیزانم یاخود لەبەرمە بەڵکو باشتر وایە بەشێوەیەک گوێی بۆ بگرێت کەنەیبیستووە.

یازدەیەم: پێش مامۆستاکەی نەکەوێت لەشەرح کردنی بابەتەکان یاخود وەڵام دانەوەی پرسیار ، تەنها کاتێ نەبێت کە مامۆستاکەی لێی پرسی وڕێگای پێ دا.

دوازدەیەم: گەر مامۆستاکەی شتێکی دایە دەستی بەدەستی ڕاست لێی وەرگرێت وەهەروەها گەر ئەمیش شتێکی دایە مامۆستاکەی هەر بەدەستی ڕاست بیداتێ.

سیازدەیەم: گەر بەشەو لەگەڵ مامۆستاکەیدا دەرچوو پێشی نەکەوێت مەگەر بەئیزنی خۆی نەبێت و لەپێش ئەوەوە دانەنیشێت و پێشی نەکوێت لەچوونە ژوورەوەدا.

وەرگیراوە لە : "تَذْكِرَةُ السَّامِعِ والمُتَكَلِّم في أَدَب العَالِم والمُتَعَلِّم" للحافظ ابن جماعة رحمه الله تعالى .

سەردان: ٣,٢٩٥ بەش: ئادابەکانى طالب عیلم