حوکمی کەسانێک نوێژیان کرد بەجەماعەت ڕوویان لە قیبلە نەکردبێت: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی کەسانێک نوێژیان کرد بەجەماعەت ڕوویان لە قیبلە نەکردبێت
پرسیار:

ئەگەر نوێژى جەماعەتیان كرد و ڕوویان لە قیبلە نەكردبێت ئایا حوكمى ئەو نوێژ چییە؟

ئەم باسە لە دوو حاڵەت دەرناچێت:

حاڵەتى یەكەم: ئەوەیە كە لە شوێنێكدا بن ئاگایان لە قیبلە نەبێت و نەزانن دەكەوێتە كوێوە وەكو ئەوەى لە سەفەردا بن و ئاسمانیش هەوربێت وبەو هۆیەوە نەزانن ئاراستەى قیبلە كامەیە بۆیە لەو حاڵەتەدا ئەگەر بگەڕێن بۆ قیبلە و نوێژەكەیان بكەن و پاشان بۆیان دەربكەوێت كە قیبلە پێچەوانەى ئەو ڕووەیە كە ئەوان ڕوویان تێ كردووە ئەوا هیچیان لەسەر نییە چونكە بەگوێرەى توانا تەقوایان كردووە و خواى گەورەش فەرموویەتى: (فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ) (التغابن: من الآية16) واتە: ئەى باوەڕداران هەموو هەوڵ و كۆششێكى خۆتان لە تەقواى خوادا بخەنەگڕ و بەگوێرەى تواناى خۆتان تەقواى خوا بكەن.

 وە پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: ((إذا أمرتكم بأمر فأتوا منه ما استطعتم))(١) 
واتە: ئەگەر فەرمانێكى شتێكم پێتان كرد ئەوا بە گوێرەى توانا و ئەندازەى ئەوەندەى لەتواناتاندایە ئەنجامى بدەن.

 وە خواى گەورە سەبارەت بەم باسە بەتایبەت دەفەرموێت: (وَلِلَّهِ الْمَشْرِقُ وَالْمَغْرِبُ فَأَيْنَمَا تُوَلُّوا فَثَمَّ وَجْهُ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ وَاسِعٌ عَلِيمٌ) (البقرة:115) واتە: ئاراستە و دیوى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ئەوەشى كە لە نێوانیاندایە هەموو هى خواى پەروەردگارە ، و هەر خۆشێتى خاوەنى هەموو زەویە . جا بەرەو هەر ئاراستە و ڕویەك ڕودەكەن ـ كە خواى پەروەردگار فەرمانى پێكردبێتن ـ لە نوێژەكانتاندا ، ئەوا مەبەستان ڕوو ( وەجهـ ) ـى خواى پەروەردگارە ، و لە موڵك وگوێڕایەڵى ئەو دەرنەچون . بەڕاستى خواى پەروەردگاریش ڕەحمەتى فراوانە بە بەندەكانى ، و زانایە بە كردەوەكانیان ، و هیچى لێ شاراوە نیە .

حاڵەتى دووەم: ئەوەیە لە شوێنێكدا بن كە بتوانن پرسیاربكەن بۆ زانینى قیبلە، بەڵام خۆیان كەمتەرخەم بن و پشتگوێى بخەن، جا لەم حاڵەتەدا قەزاى ئەو نوێژەیان دەكەوێتە سەر كەبەرەو قیبلە نەیان كردووە، ئیتر بەو هەڵەیەى خۆیان بزانن پێش تەواوبونى كاتى نوێژەكە یان دواى كاتەكەیش، چونكە لەم حاڵەتەدا ئەوا هەم هەڵەیان كردووە هەمیش تاوانبارن، هەڵەیان كردووە لەبەر دەربارەى ئاراستەى قیبلە وبە نەزانین لە ڕووى قیبلە لایان داوە، تاوانباریشن لەبەر ئەوەى كەمتەرخەم بوون و پرسیاریان نەكرد بۆ زانینى، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كە لاریەكى كەم زیانى نییە بەوەى كە تۆزێك بۆ لاى ڕاست یان لاى چەپ لاربووبێتەوە كەسەكە، لەبەر فەرمایشتى پێغەمبەرى خوا بۆ خەڵكى مەدینە كە فەرموویەتى: ((ما بين المشرق والمغرب قبلة))(٢)

 واتە: نێوانى رۆژهەڵات و رۆژئاوا قیبلەیە. جا ئەوانەى دەكەونە باكورى كەعبەوە پێیان دەڵێین: نێوانى رۆژهەڵات و رۆژئاوا قیبلەیە بۆتان، بە هەمان شێوە ئەوانەى دەكەونە باشورى كەعبەوە، بەڵام ئەوانەى دەكەونە رۆژهەڵات یان رۆژئاواى كەعبەوە پێیان دەڵێین: نێوانى باكور و باشور قیبلەیە و لاری ولادانى كەمیش هیچ زیانى نییە و كاریگەرى نابێت.

وە لێرەدا بابەتێك هەیە پێم خۆشە ئاگادارى و وریاییەكى لەسەر بدەم كە ئەویش: ئەوەى لە ناو مزگەوتى حەرام بێت و كەعبە ببینێت ئەوا واجبە لەسەرى ڕوو لە خودى كەعبە بكات نەوەك ئەو لایەى كە كەعبەى لێیە، چونكە ئەگەر لایدا لە خودى كەعبە ئەوا ڕووى لە قیبلە نەكردووە، وە من خەڵكانێكى زۆر دەبینم لە مزگەوتى حەرامدا كە ڕوو لە خودى كەعبە ناكەن و ڕیزێكى درێژى نوێژكردن دەبەستن، ولەو حاڵەتەشدا بە دڵنیاییەوە زۆرێكیان ڕوویان لە خودى كەعبە نابێت و ئەمەش هەڵەیەكى گەورەیە ودەبێت موسڵمانان وریاى بن و خۆیان چاك بكەن چونكە ئەگەر بەو شێوەیە نوێژ بكەن ئەوا بەرەو قیبلە نوێژیان نەكردووە.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


) أخرجه البخاري: كتاب الاعتصام بالكتاب والسنة/ باب الاقتداء بسنة رسول الله . ومسلم: كتاب الحج/ باب فرض الحج مرة في العمر .
) تقدم تخريجه.

سەردان: ١,٦٠٤ بەش: حوکم و گرنگى نوێژ