صلاة النارية بیدعەیە و خوێندنى دروست نیه: ماڵپەڕی وەڵامەکان
صلاة النارية بیدعەیە و خوێندنى دروست نیه
پرسیار:

ئێستا لەنێو بەشێک لە خەڵکى جۆرە صەڵاواتێک بڵاوە کە پێی دەوترێ (صلاة النارية) و دەقەکەى بەم شێوەیەیە :
"اللهم صلي صلاةً كاملة وسلم سلاما تاما على سيدنا محمد الذي تنحل به العقد، وتتفرج به الكرب، وتقضى به الحوائج ، وتنال به الرغائب، وحسن الخواتيم ويستسقى الغمام بوجهه الكريم وعلى آله وصحبه في كل لمحة ونفس"
دەڵێن گەر لەکاتى بەڵا و موسیبەتدا (4444) جار بخوێنرێ ئەوا بەڵاو موسیبەتت لەسەر لادەچێ و ئاواتەکانت بە دی دێ و ...
جا ئایا حوکمى خوێندنى ئەم جۆرە صەڵاواتە چیە ، و ئایا هیچ مانایەکى شیرکی تێدایە؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

گومانی تێدا نی یە ئەو کەلیماتانەی کە لە پرسیارەکەدا هاتووە بیدعەیە ،و ئەم جۆرە صەڵاوات دانە کە پێی دەوترێت ( صلاة الناریة) سابت نەبووە و لەپێغەمبەرەوە نەهاتووە ، و چەندان مانای باتڵ و موخالەفەی شەرعی لەخۆ گرتووە ، چونکە ئەو کەسەی کە گرێ کوێرەکان دەکاتەوە ، و پێویستیەکان جێ بەجێ دەکات ، و ناحۆشیەکان لادەبات تەنها خودایە و ئەو کارانە لە تایبەتمەندی خودان و کەس توانای ئەنجامدانی ئەو کارانەی نی یە جا پێغەمبەر بێت یاخود فریشته و پیاوچاک .

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم : گومانی تێدا نی یە ئەو کەلیماتانەی کە لە پرسیارەکەدا هاتووە بیدعەیە ،و ئەم جۆرە صەڵاوات دانە کە پێی دەوترێت ( صلاة الناریة) سابت نەبووە و لەپێغەمبەرەوە نەهاتووە ، و چەندان مانای باتڵ و موخالەفەی شەرعی لەخۆ گرتووە ، چونکە ئەو کەسەی کە گرێ کوێرەکان دەکاتەوە ، و پێویستیەکان جێ بەجێ دەکات ، و ناحۆشیەکان لادەبات تەنها خودایە و ئەو کارانە لە تایبەتمەندی خودان و کەس توانای ئەنجامدانی ئەو کارانەی نی یە جا پێغەمبەر بێت یاخود فریشته وپیاوچاک ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( أَمَّن يُجِيبُ الْمُضْطَرَّ إِذَا دَعَاهُ وَيَكْشِفُ السُّوءَ وَيَجْعَلُكُمْ خُلَفَاءَ الْأَرْضِ ۗ أَإِلَٰهٌ مَّعَ اللَّهِ ۚ قَلِيلًا مَّا تَذَكَّرُونَ) . [النمل :62] .

واته: كێ هه‌یه‌ وه‌ڵامی لێقه‌وماو بداته‌وه‌ كاتێك كه‌ ده‌پارێته‌وه‌و هانا بۆ خوای گه‌وره‌ ئه‌بات جگه‌ له‌ خواى گه‌وره‌؟ ، وه‌ كێ هه‌یه‌ خراپه‌تان له‌سه‌ر هه‌ڵگرێ و لایدات؟ ، وه‌ كێ هه‌یه‌ ئێوه‌ بكات به‌ جێنشین له‌سه‌ر زه‌ویدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ جیلێكی له‌ناوبرد جیلێكی تر جێیان بگرێته‌وه‌؟ واته‌: كه‌س نیه‌ ، ئایا له‌گه‌ڵ الله دا په‌رستراو و خوایه‌كی تر هه‌یه‌ كه‌ شایانى په‌رستن بێت و ئێوه‌ بیپه‌رستن و بیكه‌ن به‌ شه‌ریك بۆ خواى گه‌وره‌؟ ، به‌ڵام زۆر به‌ كه‌می بیر ئه‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ حه‌ق.

دووەم : ئەم جۆرە صەڵاوات دانە چەندان موخالەفەی شەرعی لەخۆ گرتووە لەوانە :
أ. بۆ ئەوە دانراوە لەکاتی بەڵادا بووترێت ، ئەمەش داهێنانی هۆکار گەلێکە لەعیبادەتدا .
ب. ژمارەیەکی دیاری کراوی بۆ دانراوە کە ( 4444 ) جارە ! ئەوەش داهێنانە لەژمارەدا ، کەبەم شێوەیە ئەسڵی نی یە لەشەرع دا .
ت. بەکۆمەڵ دەخوێندرێت ، ئەوەش داهێنانە لەچۆنیەتی دا .
ث. چەند کەلیمەیەکی تێدایە کەموخالەفەی شەرعە ، و زێدەڕۆی تێدایە بەرانبەر پێغەمبەرى خوا ، وچەند کارێکی داوەتە پاڵی کە بۆ جگە لە خودا گونجاو نی یە ، وەک جێ بەجێ کردنی پێویستیەکان ، وکردنەوەی گرێکان ، وعاقیبەت خێری .
خوای پەروەردگار فەرمانی بەپێغەمبەرەکەی کردووە بڵێت : ( قل إني لا أملك لكم ضراً ولا رشداً ) .
واته: ئه‌ی محمد   پێیان بڵێ: من توانای ئه‌وه‌م نیه‌ كه‌ زیان له‌سه‌ر ئێوه‌ لاده‌م یاخود خێرو چاكه‌تان بۆ بێنم به‌ڵكو سوودو زیان ته‌نها به‌ده‌ست خوای گه‌وره‌یه‌و منیش وه‌كو ئێوه‌ مرۆڤم و ته‌نها جیاوازیم ئه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ وه‌حیم بۆ دێت. 
ج. وازی لەوە هێناوە کەشەرع فەرمانی پێ کردووە ، و لەلای خۆیەوە دوعایەکی داهێناوە ، بێگومان ئەمەش تۆمەت بار کردنی پێغەمبەرە بەوەی کەمتەرخەم بووه لە ئاست ئەوەی کە خەڵک پێویستیەتی ، و پێشکەوتنی شەرعیشە .
پێغەمبەر فەرموویەتی : "منْ أَحْدَثَ في أَمْرِنَا هذا مَا لَيْسَ مِنْهُ فَهُوَ رَدٌّ" .
رواه البخاري ( 2550 ) ومسلم ( 1718 ) .
واتە: هەرکەسێک لەم دینەی ئێمەدا شتێک دابێنێت ولەدیندا نەبێت ئەوا ڕەت دەکرێتەوە.
لەڕیوایەتی [("مسلم" ( 1718 )]دا هاتووە : "مَنْ عَمِلَ عَمَلاً لَيْسَ عَلَيْهِ أَمْرُنَا فَهُوَ رَدٌّ".
واتە: هەرکەسێک کارێک بکات وفەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت ئەوا ڕەت دەکرێتەوە.

 ابن رجب الحنبلي ڕەحمەتى خواى لێ بێ دەڵێت : ئەم فەرموودەیە بنەمایەکی گەورەیە لەبنەماکانی ئیسلام ، و وەک تەرازوو وایە بۆ زاهیری کردەوەکان ، هەروەک فەرموودەی " إنما الأَعْمَالُ بِالنِّيَّات" تەرازووە بۆ دیوی ناو و شاراوەی کردەوەکان ، هەروەک چۆن هەر کردەوەیەک کەمەبەست لێی خودا نەبێت هیچ پاداشتێکی نی یە ، بەهەمان شێوە هەر کردەوەیەک فەرمانی خودا وپێغەمبەرەکەی لەسەر نەبێت ڕەت دەکرێتەوە و دەدرێتەوە بەسەر خاوەنەکەیدا ، وە هەر شێتک لەدیندا دابهێندرێت فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی لەسەر نەبێ ئەوا بەدین ئەژمار ناکرێت.
"جامع العلوم والحكم" (1/180)

وە ئیمامى نەوەوی ڕەحمەتى خواى لێ بێ دەڵێت : ئا ئەم فەرموودەیە قاعیدەیەکی گەورەیه لەقاعیدەکانی ئیسلام ، ویەکێکە لەو قسانەی کە کۆکەرەوەی وتەکانی پێغەمبەرە ؛ وەبەسەریحی ڕەتی بیدعە وداهێنراوەکان دەکاتەوە ، و لەڕیوایەتی دووەم دا زیادەیەک هەیە ئەوەش ئەوەیە: ڕەنگە هەندێ جار کەسی داهێنەر ئیدعای ئەوە بکات وبڵێت ئێمە هیچ شتێکمان دانەهێناوە وپێش ئێمە هەبووە ، بۆیە ڕیوایەتی دووەمی بۆ دەهێندرێتەوە بەوەی هەرکارێک : "مَن عمل "- کەبەسەریحی ڕەتی هەموو داهێنراوێک دەکاتەوە جا خۆی دایهێنابێت یاخود پێشتر داهێنرابێت ..وە ئەم فەرمووەیە پێویستە لەبەر بکرێت ، وبەکار بهێندرێت لەبەتاڵ کردنەوەی مونکەرەکاندا .
"شرح مسلم" (12/16).

سێیەم : چۆنیەتی سەڵاوات دان لەسەر پێغەمبەرى خوا لە فەرموودەی صەحیحدا بۆمان ڕوون کراوەتەوە ، و باشترین جۆرى صەڵاوات ئەو صەڵاواتەیە کە لەناو تەحییاتدا دەیخوێنین کە بریتییە لە : 
فەرمووی: بڵێن: " (اللَّهُمَّ صَلِّ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمَّدٍ, كَمَا صَلَّيْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ وَعَلَى آلِ إِبْرَاهِيمَ, إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيدٌ, اللَّهُمَّ بَارِكْ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمَّدٍ كَمَا بَارَكْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ وَعَلَى آلِ إِبْرَاهِيمَ, إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيدٌ)  ". رواه البخاري ومسلم . 

چوارەم : صەڵاوات دان لەسەر پێغەمبەرى خوا یەکێکە لە کارە چاکەکان و پاداشتى زۆرى هەیە هەروەک پێغەمبەرى خوا فەرمویەتى :  «مَنْ صَلَّى عَلَيَّ صَلاَةً صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ بِهَا عَشْرًا» . واته‌: (هه‌ر كه‌سێك سه‌ڵاواتێكم له‌سه‌ر بدات، له‌ به‌رامبه‌ردا خودا ده‌ سه‌ڵاواتی له‌سه‌ر ده‌دات)

بەڵام تایبەت کردنى جۆرێک لە صەڵاوات وەکو صلاة الناریة و دیارى کردنى ژمارەیەکى تایبەت و بۆ کاتێکى تایبەت و بونى وشەى باتڵ و شرک تیایدا ئەمە دروست نیە .

کەواتە ئەوەی پێی دەوترێت صلاة النارية هیچ ئەسڵێکی نی یە ،  و ناوەکەی (صلاة النارية) بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کەسانی جاهل وخوڕافی ونەزان دایان هێناوە ، و هیچ گوێ بەم شتە بێ بنەمایانە نادرێت .

سەردان: ٤,٨٧٧ بەش: بیدعە و داهێنراوەکان