مەبەست چیە لە نێوەندگیرى ( الوسط ) لە دیندا؟
نێوەندگیرى لەدیندا ئەوەیە كە مرۆڤ زیادەڕۆیی نەكات تێیدا و بەوهۆیەوە ئەو سنوورە ببەزێنێت كە خواى بۆ داناوەو ئەوەندەش كەمتەرخەم و سست نەبێت كەناتەواوى ڕووبدات لەو سنوورەى كە خواى بۆى داناوە.
نێوەندگیرى لەدیندا ئەوەیە كە دەستگرتوو بیت بە ژیاننمایەى پێغەمبەرى خواوە ﷺ ، جا زیادەڕۆیی ئەوەیە كە بیبەزێنیت و كەمتەرخەمى و كورتڕەویش ئەوەیە كە پێى نەگەیت.
بۆ نمونە: پیاوێك دەڵێت من دەمەوێت هەموو شەوێك نوێژ بكەم و هەرگیز نەخەوم (بەشەو)، چونكە نوێژ باشترین عیبادەتە و بۆیە پێم خۆشە شەو هەمووى زیندووبكەمەوە بە نوێژكردن، ئێمە بو كەسە دەڵێین: ئەمە زیادە ڕۆییە لە دینى خوادا و لەسەر حەق نیە، وە هاوشێوەى ئەمە لەسەردەمى پێغەمبەرى خوادا ﷺ ڕوویدا، كۆمەڵە كەسێك كۆبوونەوەو یەكێكیان ووتى: من هەمیشە شەونوێژ دەكەم و ناخەوم، ئەوەى تر ووتى: من هەمیشە هەموو رۆژێك بەرۆژو دەبم، سێ یەمیان ووتى: من هەرگیز ژن ناهێنم، جا ئەم هەواڵە گەیشت بە پێغەمبەرى خوا ﷺ و ئەویش فەرمووى:
((ما بال أقوام يقولون كذا وكذا؟ أنا أصوم وأفطر، وأقوم وأنام، وأتزوج النساء، فمن رغب عن سنتي فليس مني))(1). واتە: ئەوە چیە كەسانێك ئاوەها و ئاوەها دەڵێن؟ من رۆژو دەگرم و رۆژى وەهایش هەیە بەرۆژو نیم، وە شەونوێژ دەكەم و دەخەومیش و هاوسەرگیریش دەكەم، جا ئەوەى لە سوننەتى من لابدات ئەوا لە من نیە. جا ئەو كەسانە زیادەڕۆییان كرد لە دیندا و پێغەمبەرى خوایش ﷺ خۆى بەرى كرد لێیان، چونكە لایاندا لە سوننەت و رێچكەكەى، كە رۆژو و بەرۆژو نەبوون و شەونوێژ وخەوتن و ژن هێنانى تێدایە.
بەڵام كەسی كەمتەرخەم: ئەو كەسەیە كە دەڵێت من پێویستم بە سوننەت و زیادە نیە و تەنها فەرزەكانم بەسە، وە دوور نیە ئەم كەسە لە فەرزەكانیش ناتەواوى هەبێت و كەمتەرخەمى بكات.
وە كەسی نێوەندگیر: ئەو كەسەیە كەلەسەر رێباز و رێچكەى پێغەمبەر ﷺ و جێنشینە ڕاشدەكانى دەڕوات و بەردەوام دەبێت.
نمونەیەكى تر: سێ كەس وەستاون و كەسێكى فاسقیان لە پێشە، یەكێكیان دەڵێت: من سەلام لەم فاسقە ناكەم و هەجرى دەكەم و لێى دووردەكەومەوە و قسەی لەگەڵدا ناكەم.
دووەمیان دەڵێت: من لەگەڵ ئەم فاسقەدا ڕێ دەكەم و سەلامیشی لێ دەكەم و ڕووى خۆشی پێ دەدەم و بانگهێشتى دەكەم و وەڵامى بانگهێشتكردنیشی دەدەمەوە و لاى من وەكو كەسێكى چاك وەهایە.
سێ یەمیان دەڵێت: من ڕقم لەم فاسقەیە لەبەر فاسقێتیەكەى و خۆشیشم دەوێت لەبەر ئیمانەكەى، وە هەجری ناكەم مەگەر هەجر كردنەكە ببێتە هۆى چاكبوونى ئەگەرنا هەجرى ناكەم چونكە دەبێتە هۆى زیاتر دووركەوتنەوەى و رۆچوونى لەتاوان وتاوانكاری زۆرتردا.
جا دەڵێین: یەكەمیان زیادەڕۆییكارە، و دووەمیشان كەمتەرخەم و بێباكە، وسێ یەمیان نێوەندگیرە.
بەهەمان شێوە دەڵێین سەبارەت بە عیبادات و مامەڵەى خەڵكى، خەڵكى تێیاندا لەنێوان زیادەڕۆیی و كەمتەرخەمى و نێوەندگیریدایە.
نمونەى سێ یەم:
یەكەم: پیاوێك یەخسیر و ملكەچى هاوسەرەكەیەتى وبەهەر ئاراستەیەك ویستى لێ بێت دەیبات و هیچ رێگریەك ناكات لە خێزانى بۆ خراپە و هانیشی نادات بۆ هیچ چاكەیەك، بەتەواوەتى مێشكى داگیركردووە و هاوسەرەكەى بووەتە بەڕێوەبەر و كاربەڕێكەرى.
دووەم: پیاوێكى تر توندوتیژى و خۆبەزلزانى تێدایە بەرانبەر بە خێزانى و هیچ گوێى پێ نادات و وەكوبڵێى خزمەتكارێتى و بگرە كەمتریش.
وە پیاوی سێ یەم نێوەندگیرە و وەكو چۆن خواى گەورە و پێغەمبەرەكەى ﷺ فەرمانى كردووە ئەویش بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ خێزانیدا دەكات كەدەفەرموێت: ( وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ)(البقرة: الآية228) واتە: . وە ئافرەتان كۆمەڵێك هەقیان هەیە بەسەر پیاوانیانەوە ، بەگوێرەى ئەو ئەركانەى بەسەریانەوەیە بەشێوەیەكى چاك.
وە هەروەها پێغەمبەرى خوا ﷺ دەفەرموێت: ((لا يفرك مؤمن مؤمنة إن كره منها خلقاً رضي منها خلقاً آخر))(2). واتە: با هیچ پیاوێكى باوەڕدار ڕقی لە ئافرەتى باوەڕدار نەبێتەوە، چونكە ئەگەر حەزى بە هەڵسوكەوتێكى نەبوو خۆ لە هەڵسوكەوت وڕەوشتێكى ترى ڕازیە.
جا ئەمەى دوایی ئەوە كەسی نێوەندگیر و چاكە، یەكەمیان كەمتەرخەم وبێباكە لە هەڵسوكەوت كردنیدا لەگەڵ خێزانیدا و دووەمیشیان زیادەڕۆییكارە بەرانبەر خێزانى و سنوورى بەزاندووە. جا تۆش هاوشێوەى ئەمە پێوانەى هەموو كردەوە و عیبادەتەكانى تر بكە.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –
(1) أخرجه البخاري ، كتاب الأدب باب من لم يواجه الناس بالعتاب(6101)، ومسلم، كتاب النكاح، باب استحباب النكاح لمن تاقت نفسه إليه (1401).
(2) أخرجه مسلم ، كتاب الرضاع، باب الوصية بالنساء (1469).