چۆن لەوە تێبگەین كە زانستى پزیشكى ئێستا ڕەگەزى نێر و مێی منداڵى ناو سكى دایكى دیارى دەكات: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن لەوە تێبگەین كە زانستى پزیشكى ئێستا ڕەگەزى نێر و مێی منداڵى ناو سكى دایكى دیارى دەكات
پرسیار:

چۆن لەوە تێبگەین كە زانستى پزیشكى ئێستا ڕەگەزى نێر و مێی منداڵى ناو سكى دایكى دیارى دەكات و ئەو ئایەتەى كە خواى گەورە دەفەرموێت: (وَيَعْلَمُ مَا فِي الأَرْحَامِ) (لقمان: الآیە34) وە ئەوەى كەلە تەفسیرى ابن جریردا هاتووە لە موجاهیدەوە كە پیاوێك پرسیار لە پێغەمبەرى خوا    دەكات سەبارەت بەو منداڵەى كە خێزانەكەى دەیبێت، و خواى گەورەش ئەم ئایەتەى ناردە خوارەوە. وە ئەوەى هاتووە لە قەتادەوە؟ وە ئایا چی شتێك تایبەتى گشتگیرێتى ئەم ئایەتە دەكات كە دەفەرموێـت: (مَا فِي الأَرْحَامِ)؟

پێش ئەوەى قسە لەم بابەتە بكەم پێم خۆشە ئەوە ڕوون بكەمەوە كە هەرگیز قورئان لەگەڵ واقعدا دژو پێچەوانەى یەكتر نین ، جا ئەگەر لە واقعدا شتێك دەركەوت كە ڕووكەشەكەى پێچەوانەى قورئان بوو، ئەوە یان ئەوەتا كە ئەو واقعە تەنها بانگەوازێكى بێ بنەمایە وهیچی تر، وە یان ئەوەتا قورئان لەو ئایەتەدا ڕاشكاو نیە لە پێچەوانەكردنیدا، چونكە صەریحى قورئان و حەقیقەتى واقع هەردووكیان بڕاونەتەوە كە یەكانگیرن و بۆیە هەرگیز دژایەتى لەو نێوەندەدا نیە.   
 جا ئەگەر ئەمەت بۆ ڕوون بوویەوە ئەوا ووتراوە: ئەوان ئێستا بەهۆى ئامێرى وردى پێشكەوتووەوە گەیشتوونەتە ئەو ئاستەى كە بزانن چى لەناو منداڵداندایە، و بزانن كە نێرە یان مێیە، جا ئەوەى كە دەیڵێت ئەگەر وانەبوو ئەوا هیچ قسەى لەسەرناكرێت، وە ئەگەریش ڕاست دەرچوو ئەوا پێچەوانەى ئایەتەكە نیە، لەبەر ئەوەى ئایەتەكە ئاماژە بۆ كارێكى غەیبـی دەكات كە پەیوەستە بە زانست و زانینى خواوە دەربارەى منداڵى ناوسك لەم پێنج شتەدا كە بریتین لە: ئەندازەى مانەوەى ئەو منداڵە لەناو سكی دایكیدا، و ماوەى ژیانى و جۆرى كردەوەكەى و ئەندازەى رزق و ڕۆزیەكەى و ڕەگەزەكەى كە نێرە یان مێ، ئەمە پێش دروست كردنى، بەڵام دواى دروست بوونى، ئەوا زانینى ڕەگەزەكەى كە نێرە یان مێ دەردەچێت لە علمى غەیب، چونكە بەدروست بوونى منداڵەكە ئیتر دەچێتە قۆناغى زانستى بینینەوە، بەڵام ئەوەیە كە دیار نیە وشارراوەتەوە لەنێو سێ تاریكیدا كە ئەگەر لاببرێت ئەوا ڕوون دەبێتەوەو دەردەكەوێـت، وە دووریش نیە كە لەوانەى خوا دروستى كردوون ئەو تیشكە بەهێزە بێت كە هەموو ئەو تاریكیانە ببڕێت و ڕەگەزى منداڵەكە ئاشكرابكات. وە لەئایەتەكەشدا بەڕاشكاوى باسی زانینى ڕەگەزەكەى كە نێرە یان مێ نەهاتووە بەهەمان شێوە سوننەتیش.     
 بەڵام ئەوەى كەپرسیاركارەكە گێڕایەوە لە ابن جریرەوە ئەویش لە موجاهیدەوە بەوەى كە پیاوێك پرسیارى لە پێغەمبەرى خوا    كردووە دەربارەى ئەو منداڵەى كە خێزانەكەى دەیبێت، و خوای گەورەیش ئایەتەكەى دابەزاندووە بەهۆیەوە. لەڕاستیدا ئەم گێڕانەوەیە لە زانستى فەرموودەدا پێى دەوترێت (منقطع) چونكە موجاهید لە تابعینە ڕەحمەتى خواى لێ بێت.    
 بەڵام تەفسیرى قەتادە – رەحمەتى خواى لێ بێـت- دەتوانرێت بووترێن تایبەتێتى خواى گەورە بەزانینى ئەوە پێش دروست كردنێتى، بەڵام دواى دروست بوونى جگە لەخوای گەورەش دەیزانێت.
 پێشەوا ابن كەسیر – رەحمەتى خواى لێ بێت – لە تەفسیرى ئەو ئایەتەى سورەتى (لقمان)دا دەڵێت: بەهەمان شێوە كەس نازانێت چی لە منداڵداندایە لەوەى كە دەیەوێت دروستى بكات جگە لە خواى گەورە، بەڵام كە فەرمانى كرد نێرو مێ و خۆشبەختى و بەدبەختى دیارى كرا ئەوا ئەو فریشتانەى كە ئەو كارەیان پێ سپێرراوە و هەركەسێكی تریش كە خوا خۆى ویستى لێ بێت ئەوە دەزانن (جگە لەخوا).    
بەڵام ئەو پرسیارەتان دەربارەى ئەوەى كە ئایا چی شتێك گشتێتى ئەم ئایەتە (مَا فِي الْأَرْحَامِ) تایبەت دەكات، ئەوا دەڵێین: ئەگەر ئایەتەكە بابەتى نێر و مێى بگرێتەوە ئەوا ئەو شتەى تایبەتى دەكات بریتیە لە هەست و واقع، وە زانایانى ئوصول باسی ئەو شتانەیان كردووە كە گشتێتى قورئان و سوننەت تایبەت دەكەن بەوەى كە بریتین لە: دەق، یەكدەنگى زانایان، قیاس، هەست، عەقڵ.
 بەڵام ئەگەر ئایەتەكە پێش دروست بوونى دەگرتەوە، ئەوا لە ئایەتەكەدا هیچ دژو پێچەوانەییەك نیە بۆ ئەو زانیاریەى زانستى پزیشكى نوێ بۆ دیارى كردنى نێر و مێ.   
وە سوپاس بۆ خوا كە هیچ پێچەوانەییەك لەنێوان صریحى قورئان و واقعدا نیە ونابێتیش، و ئەو تانە و ڕەخنانەشى كە دوژمنانى موسڵمانان گەڵاڵەى دەكەن لەسەر قورئان ئەوە لە ڕاستیدا لە كەموكورتى و ناتەواوى تێگەیشتنیانەوەیە دەربارەى قورئان، وە یان كەموكورتى و ناتەواویانە لە نیەت و ویستى دڵیاندا، بەڵام بەخۆشحاڵیەوە لاى ئەهلى عیلم لێكۆڵینەوەو توێژینەوە هەیە بۆ گەیشتن بە ڕاستى و حەقیقەت كە دڵ پێى ئاوبخواتەوەو و گومان و دوودڵى ئەوانەش بەرپەرچ بداتەوە سوپاس بۆ خوا.    
وە خەڵكیش لەسەر ئەم بابەتە سێ كۆمەڵن:   
كۆمەڵێكیان تەنها دەستى گرتووە بە ڕووكەشى قورئانەوە بەتایبەت ئەو ئایەتانەى كە ڕاشكاو نین، وە پێچەوانەى ئەو ئایەتە بەهەموو شێوەیەك ڕەد دەكاتەوە با شتێكى سەلمێنراوى واقعیش ڕاستێنراویش بێـت، جا بەو هۆیەوە تانە و تەشەر بۆ خۆى دەهێنێت بەهۆى ئەو كەموكورتى و كەمزانینیەوە وە یاخود لە هزریدا تانە و ناتەواوى دەداتە پاڵ قورئان بەوەى كە پێچەوانەى واقعێكى دڵنیاكراویشە.    
وە كۆمەڵێكیش پشت دەكات لەوەى قورئان ئاماژەى بۆ دەكات و تەنها شتە ماددیەكان وەردەدەگرێت، بەهى ئەوەوە دەبێت بەیەكێك لە مولحید و بێ باوەڕەكان.   
بەڵام كۆمەڵى نێوەندگیر ئەوانەن كە ئاماژە وبەڵگەكانى قورئان وەردەگرن و واقعیش بەڕاست دەخەنەوە، وە دەزانن كە هەریەكەیان حەق و ڕاستیە و ناكرێت دژى وپێچەوانەیی هەبێت لەنێوان ڕاشكاوى قورئان و واقعێكى زانراوى بینراو، بەوەش جەمع دەكەن لەنێوان (منقول و معقول) واتە ئەو ڕاستیەى بەهۆى گواستنەوەوە گەیشتوە پێمان و ئەو ڕاستیەش بەهۆى عەقڵەوە پێی گەیشتووین، ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى كە دین و عەقڵیان سەلامەت بێت لە گومان و دوودڵى، وە خواى گەورە ڕێنمایی باوەڕدارانی كردووە لەوەى ڕاجیاوازن لەسەرى بۆ حەق و ڕاستى، وە خواى گەورە رێنمایی كەسانێك دەكات بۆ سەر ڕێگاى ڕاست كە خۆى بیەوێت و ویستى لێ بێت.    
داواكارین خواى گەورە ئێمە وبراكانمان سەركەوتوو بكات بۆ گەیشتن بەو ڕاستى و حەقیقەتە و هیدایەتمان بدات و بمانكاتە هۆكارى هیدایەتدانى خەڵكى و پێشەوای چاكەخواز و چاكەكار.  
 سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –

سەردان: ١,٢٣٣ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان