تەواف کردنى موسڵمانان بە دەوری کەعبەدا و وەڵامی گومانێک: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تەواف کردنى موسڵمانان بە دەوری کەعبەدا و وەڵامی گومانێک
پرسیار:

وەڵامی گونجاو چیە بۆ کەسێک کە بە ئێمەى موسڵمان دەڵێت بۆچی ئێوە بە دەوری کەعبەدا - کە دیوار و بەردە - تەواف دەکەن لە کاتێکدا ئێوە دەڵێن ئیسلام بۆ لەناو بردنی بت پەرستى هاتووە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ئێمە تەواف ناکەین بەدەوری ئەو بەردەدا لەبەر ئەوەی بەردە هەرگیز شتی وا نی یە !
بەڵکو تەنها و تەنها لەبەر ئەوەیە خوداى گەورە فەرمانی پێکردووین .

عومەری کوڕی خەتاب خوا لێی ڕازی بێت کاتێ چووە سەر بەردە ڕەشەکە گوتی:(إنِّي لَأَعْلَمُ أَنَّكَ حَجَرٌ لَا تَضُرُّ وَلَا تَنْفَعُ وَلَوْلَا أَنِّي رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يُقَبِّلُكَ مَا قَبَّلْتُكَ).
واتە: من دەزانم تۆ بەردێکی نە زیانت هەیە و نەسوود و گەر پێغەمبەری خوام نەبینایە ماچتی دەکرد ماچم نەدەکردی .
وەئەگەر خودا فەرمانی پێ بکردینایە لەنوێژدا ڕوو بکەینە لای چەپ ڕوومان تێدەکرد ، هەروەك پێشتر ئاماژەمان پێکرد خوای پەروەردگار فەرموویەتی﴿ لَّيْسَ  الْبِرَّ أَن تُوَلُّوا وُجُوهَكُمْ قِبَلَ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ﴾
واتە: چاکە ئەوە نی یە کەڕوو بکەنە بەرەو ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا .
ئەوەی هەیە خودا فەرمانی پێ کردووین ڕوو بکەینە ئەو جێگەیە وئێمەش ڕووی تێدەکەیت تەنها ئەوەیە وبەس.

هەروەک خواى گەورە دەفەرموێ : [ قَدْ نَرَى تَقَلُّبَ وَجْهِكَ فِي السَّمَاءِ ] ئه‌ی محمد  ئه‌بینین كه‌ تۆ ڕوو ئه‌كه‌یته‌ ئاسمان و ته‌ماشای ئاسمان ئه‌كه‌یت و پێت خۆشه‌ كه‌ قیبله‌كه‌ت بۆ بگۆڕین بۆ كه‌عبه‌ی پیرۆز، خوای گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ی دابه‌زاند [ فَلَنُوَلِّيَنَّكَ قِبْلَةً تَرْضَاهَا ] ئه‌بێ ڕووت وه‌ربگێڕین بۆ قیبله‌یه‌ك كه‌ خۆت پێی ڕازیت كه‌ كه‌عبه‌ی پیرۆزه‌ [ فَوَلِّ وَجْهَكَ شَطْرَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ ] ده‌ی ئێستا ڕووتان وه‌رگێڕن بۆ كه‌عبه‌ی پیرۆز،  [ وَحَيْثُ مَا كُنْتُمْ فَوَلُّوا وُجُوهَكُمْ شَطْرَهُ ] وه‌ ئێوه‌ش ئه‌ی موسڵمانان له‌ هه‌ر شوێنێكدا بوون ئیتر له‌نوێژ كردنتاندا ڕووبكه‌نه‌ كه‌عبه‌ی پیرۆز .

کەواتە بابەتەکە بابەتی بت و ئەو شتانە نییە ، بەڵکو بابەتەکە فەرمان کردنی خودایە بەڕوو کردنە کەعبە وسووڕ دەخۆن بەدەوریدا ، ئەوەش عیبادەت کردن نییە بۆ کەعبە ، بەڵکو گوێڕایەڵی خودایە هەروەک فەرمانی پێکردووین پێنج نوێژ بکەین لەڕۆژێکدا ، فەرمانی پێکردووین لەبەیانی دا دوو ڕکات بکەین و لەنیوەڕۆدا چوار ڕکات و لە مەغریب دا سێ ڕکات .....
فەرمانمان پێ کراوە و ئێمەش جێ بەجێی دەکەین.
خودا دەفەرموێ فڵان شت حەڵاڵە و ئەوی تر حەرامە و ئێمەش گوێڕایەڵ دەبین ، هەر بۆیە کاتێ کافرەکان گوتیان: ﴿قَالُوا إِنَّمَا الْبَيْعُ مِثْلُ الرِّبَا﴾.
واتە : گوتیان:کڕین و فرۆشتن وەک سوود وایە.
خوداى گەورە وەڵامی دانەوە و فەرمووی: ﴿وَأَحَلَّ ٱللَّهُ الْبَيْعُ وَحَرَّمَ ٱلرِّبَوٰاْۚ﴾.
واتە: خوا ڕێی داوە بە کڕین و فرۆشتن وحەڵاڵی کردووە بەڵام سوود (ڕیبای) قەدەغە کردووە .
کەواتە بەندە لەسەریەتی گوێڕایەڵی خودا بکات و ئەوەی فەرمانی پێ کراوە جێ بەجێى بکات و دوور بکەوێتەوە لەو شتانەی ڕێگری لێ کراوە.
وە ئێمە کەعبە ناپەرستین بەڵکو خودای کەعبە دەپەرستین .

ئەوە خودایە فەرمانی پێکردووین ڕوو بکەینە کەعبە ، هاوشێوەی ڕەمی جەمەرات (شەیتان ڕەجم کردن) ، کاتێ کەئێمە ڕەمی جەمەڕات دەکەین بۆیە ئەو کارە دەکەین چونکە خودا فەرمانی پێکردووین  ، بەهەمان شێوە وەستان لەعەرەفە ومانەوە لەموزدەلیفە ، هەموو ئەمانە تەنها لەبەر ئەوەی خودا فەرمانی پێکردووە ، نەک لەبەر گەورەیی ئەم شتانە لەبەر خودی شتەکان ، ئەم شتانە خودی خۆیان گەورە نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە خودا بەگەورەی داناون ، واللە ٲعلم .

سود وەرگیراوە لە وەڵامێکی شێخ عثمان الخمیس

سەردان: ٢,٠٧٧ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان