ئێمە سەفەر دەکەین بۆ ماوەی 10 ڕۆژ سەرەتا دەچینە شاری مەدینە دواتر بۆ شاری مەکكە ، بەڵام من کاتێ لە مەدینەوە دەچم بۆ مەکكە توشی سوڕی ماگانە دەبم تەبعەن لەو کاتەدا هەموو ئەوانەی لەگەڵمانن لەئەبیار عەلی ئیحرام دەبەستن ، جا ئایە دروستە بۆ من ئیحرام ببەستم وەك ئەوان لەکاتێکدا لەسوڕی مانگانەدام ، وە کاتێ کەسوڕی مانگانەکەم تەواو دەبێت ئێمە لە مەکكەین ، جا لە چ جێگەیەکی مەکەوە ئیحرامەکەم ببەستم ؟
گەر ئافرەتێک لە سوڕی مانگانەدا بوو و خوێنی هەبوو گەشتە میقات (میقات: ئەو جێگەیەیە کەئیحرامی لێوە دەبەسترێت ، کە خەڵکی کوردستانی خۆمان و زۆر وڵاتی تر لە ئەبیار على - ذو الحلیفە - ئیحرام دەبەستن) خۆى دەشوات و نیەتى عومرە دێنێ بە وتنی : (لبیكَ اللهم عُمرةً) پاشان دەست دەکات بە وتنى تەلبیە واته : (لبیك اللهم لبیك) ـە بە دەنگی نزم ، وە کە گەشتە مەککە لە ئوتێلەکەى دەمێنێتەوە تاوەکو پاک دەبێتەوە پاشان خۆى دەشوات و دەست دەکات بە عومرەکەی ، و دروست نییە بۆی ئیحرامەکەی دوا بخات تاوەکو دەگاتە مەکكە و پاك دەبێتەوە بەڵکو هەر لە ئەبیار على لە لاى مدینە ئیحرام دەبەستێت و نیەت دێنێ .
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ئافرەت کاتێ لەسوڕی مانگانەدایە و تێپەڕ دەبێت بەمیقاتدا (میقات: ئەو جێگەیەیە کەئیحرامی لێوە دەبەسترێت)و دەیەوێ حەج یاخود عومرە بکات پێویستە لەسەری لەمیقاتەوە ئیحرامەکەی ببەستێت ودروست نییە بۆی ئیحرامەکەی دوا بخات تاوەکو دەگاتە مەکكە و پاك دەبێتەوە .
وە بەڵگەکانی فەرموودە و کۆدەنگی زانایان لەسەر ئەوەن سوڕی مانگانە ڕێگر نییە لەئیحرام ، ئافرەت ئیحرامەکەی دەبەستێت لەکاتێکدا لەسوڕی مانگانەدایە بەڵام عومرەکەی ناکات تاوەکو پاک دەبێتەوە و خۆی دەشوات .
ئیمامی (مسلم) فەرموودەیەکی بە(1210) لە( جَابِرِ بْنِ عَبْدِ اللَّه ) خوا لێیان ڕازی بێت گێڕاوەتەوە کە ﴿ أَسْمَاءَ بِنْتِ عُمَيْسٍ حِينَ نُفِسَتْ بِذِي الْحُلَيْفَةِ أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَمَرَ أَبَا بَكْرٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ فَأَمَرَهَا أَنْ تَغْتَسِلَ وَتُهِلَّ﴾ .
واتە: ئەسمای کچی عومەیس کاتێ لە(ذِي الْحُلَيْفَةِ)منداڵی بوو پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمانی کرد بەئەبو بەکر خوا لێی ڕازی بێت فەرمانی پێ بکات خۆی بشوات و تەلبیە بکات .
تەلبیە واته : (لبیك اللهم لبیك) ـە.
ئیمامی (النووي) ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت :
بڕگەی(نُفِسَتْ) واتە : منداڵی بوو .
لەم بڕگەیەدا : دروستی ئیحرامی ئافرەتێك کەمنداڵی بووە ولەسوڕی مانگانەدایە هەیە ، وەهەروەها سوننەتە خۆیان بشۆن بۆ ئیحرام. اهـ .
وە ئیمامی (البخاري) فەرموودەیەکی بەژمارە (1556) و(مسلم) بەژمارە (1211) لەعائیشەوە خوا لێی ڕازی بێت خێزانی پێغەمبەرەوە صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ گێڕاوەتەوە ودەڵێت: ﴿ خَرَجْنَا مَعَ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي حَجَّةِ الْوَدَاعِ . . فَقَدِمْتُ مَكَّةَ وَأَنَا حَائِضٌ وَلَمْ أَطُفْ بِالْبَيْتِ وَلا بَيْنَ الصَّفَا وَالْمَرْوَةِ ، فَشَكَوْتُ ذَلِكَ إِلَى النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَ : انْقُضِي رَأْسَكِ وَامْتَشِطِي وَأَهِلِّي بِالْحَجِّ . . .﴾ الحديث .
واتە: لەگەڵ پێغەمبەردا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەرچووین بۆ حەجی ماڵ ئاوایی ..و من گەشتمە مەکكە لەکاتێکدا لەسوڕی مانگانەدا بووم تەوافم بەدەوری کەعبەدا نەکرد ولەنێوان سەفا ومەڕوەشدا نەهاتم وەنەچووم ، وشکایەتی ئەو حاڵەم بردە لای پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئەویش فەرمووی: پەلەکانت بکرەوە وسەرت شانە بکە وحەج دابەستە.
ئیمامی (النووي) ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت :
لەمەدا بەڵگەی ئەوە هەیە ئافرەتێك کە منداڵی بووە و ئەوەش کەلەسوڕی مانگانەدایە و کەسێك کەدەست نوێژی نەبێت وکەسێك کەلەشی گران بێت هەموو کار وگوفتار وحەرەکاتەکانی حەجیان دروستە تەنها تەواف ودوو ڕکاتی تەواف نەبێت ، دروسته لەعەرەفە وغەیری ئەویش بووەستن هەر وەك ئاماژەمان پێدا ، وەهەروەها خۆشوشتنی دروست لەحەجدا دروستە بۆ ئافرەتێک کەلەسوڕی مانگانەدایە .
وە بەڵگەشە لەسەر ئەوەی تەواف کردنی ئافرەتێک کەلەسوڕی مانگانەدایە دروست نی یە ، و ئەمە کۆدەنگی لەسەره.
وە عبداللەی کوڕی عەباس خوا لێیان ڕازی بێت گێڕاویەتەوە ودەڵێت: پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی: ﴿ الْحَائِضُ وَالنُّفَسَاءُ إِذَا أَتَتَا عَلَى الْوَقْتِ (أَيْ : الْمِيقَات) تَغْتَسِلانِ وَتُحْرِمَانِ وَتَقْضِيَانِ الْمَنَاسِكَ كُلَّهَا غَيْرَ الطَّوَافِ بِالْبَيْتِ"﴾. رَوَاهُ أَبُو دَاوُد (1744) وصححه الألباني في سنن أبي داود .
واتە: کاتێ ئافرەتێك لەسوڕی مانگانەدایە وئافرەتێك کەمنداڵی بووە دەگەنە میقات خۆیان دەشۆن وئیحرام دەبەستن ومەناسکەکانی تر هەموو ئەنجام دەدەن جگە لەتەواف کردن نەبێت.
وە ( شيخ الإسلام ابن تيمية) ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە "الفتاوى الكبرى" (1/447)دا، دەڵێت :
"ئافرەتێک کەسوڕی مانگانەدایە ومنداڵی بووە ، پێغەمبەر ﷺ فەرمانی پێکردوون ئیحرام و تەلبیە بکەن ، و ئەو زیکرانەی کە تێیاندایە ، وە ئامادەبوونیان لەعەرەفە لەگەڵ زیکر ودوعادا ، و ڕەمی جەمەرات لەگەڵ زیکری خودا و غەیری ئەوەشدا ، و ئەو شته مەکروهـ نییە بۆیان ، بەڵکو واجبە لەسەریان" اهـ .
وە ( الشيخ ابن باز ) ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە "مجموع الفتاوى" (16/126)دا، دەڵێت :
گەر ئافرەتێک کە لەسوڕی مانگانەدایە یاخود منداڵی بووە بگاتە میقات پێویستە لەسەریان ئیحرام ببەستن ...
وە ( الشيخ ابن عثيمين )ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت :
"ئەو ئافرەتەی کە پێش ئیحرام بەستن دەکەوێتە سوڕی مانگانەوە دروستە بۆی ئیحرام ببەستێت چونکە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلّم فەرمانی بەئەسمای کچی عومەیس خێزانی ئەبو بەکر خوا لێیان ڕازی بێت کرد کاتێ کەمنداڵی بوو لە ( ذو الحليفة ) خۆی بشوات وبەپەڕۆیەک داوێنی ببەستێت وئیحرام ببەستێت ، وە بەهەمان شێوە ئافرەتێکیش کە لەسوڕی مانگانەدایه ، ودەمێنێتەوە بەئیحرامەکەیەوە تاوەکو پاک دەبێتەوە ، دواتر تەوافەکەی دەکات و هاتوو چوونی سەفا ومەڕوەش ئەنجام دەدا ) اهـ. "رسالة 60 سؤالاًَ في أحكام الحيض.
پوختەى وەڵام : گەر ئافرەتێک لە سوڕی مانگانەدا بوو و خوێنی هەبوو گەشتە میقات (میقات: ئەو جێگەیەیە کەئیحرامی لێوە دەبەسترێت ، کە خەڵکی کوردستانی خۆمان و زۆر وڵاتی تر لە ئەبیار على - ذو الحليفة - ئیحرام دەبەستن) خۆى دەشوات و نیەتى عومرە دێنێ بە وتنی : (لبیكَ اللهم عُمرةً) پاشان کە گەشتە مەکە لە ئوتێلەکەى دەمێنێتەوە تاوەکو پاک دەبێتەوە پاشان خۆى دەشوات و دەست دەکات بە عومرەکەی ، و دروست نییە بۆی ئیحرامەکەی دوا بخات تاوەکو دەگاتە مەکكە و پاك دەبێتەوە بەڵکو هەر لە ئەبیار على لە لاى مدینە ئیحرام دەبەستێت و نیەت دێنێ .