ئایا هیچ دوعایەكى تایبەت هەیە لە حەج و عومرەدا بۆ كاتەكانى تەواف و سەعى و جگە لەوانیش؟
هیچ دوعایەكى تایبەت نییە بە حەج و عومرەوە، بەڵكو مرۆڤ هەرچی دوعایەكى بوێت دەتوانێت بیڵێت و داوا لە خوا بكات، بەڵام ئەگەر ئەوە بڵێت كەلە پێغەمبەرى خواوە ـ ﷺ ـ هاتووە ئەوا بێگومان تەواوتر و باشترە وەكو دوعاى نێوان روكنى یەمانى و بەردە رەشەكە كە دەڵێیت: ((ربنا آتنا في الدنيا حسنة، وفي الآخرة حسنة، وقنا عذاب النار)) . هەروەها ئەوەى هاتووە لە دوعاى رۆژى عەرەفە و زیكرى سەر صەفا و مەروە و هاوشێوەكانى، جا ئەوەى دەیزانێت لەسوننەت دەبێت بیڵێت و ئەو شتەشی كە نایزانێت هەر ئەوەندە بەسە كەلەو كاتەدا لە مێشكیدایە و دەیزانێت، وئەمەش وەكو واجب نا بەڵكو وەكو سوننەت.
وە بەم بۆنەیەوە پێم خۆشە بڵێم: ئەو نامیلكەو چەند پەڕەیەى كە بەدەستى حاجى و عومرەكارانەوەیە كەپێك هاتووە لە دوعاى تایبەت بۆ هەر فەڕەیەك دەڵێم: ئەوە بیدعەیە، و چەندین زیان و خراپەى هەیە وەكو زانراوە، چونكە ئەو كەسانەى كە دەیخوێننەوە وا گومان دەبەن ئەوە فەرمانێكە و لەلایەن پێغەمبەرەوە ـ ﷺ ـ هاتووە و پاشان بەو وشانە خواپەرستى دەكەن و دەیخوێننەوەو ماناكەشی نازانن، و بۆ هەر فەڕەیەكیش چەند دوعایەكى تایبەتیان داناوە، بەشێوەیەك كە ئەگەر دوعاكە پێش تەواو بوونى فەڕەكە تەواو بێت ئەوا بێدەنگ دەبێت هەتا فەڕەكە تەواو دەكات و هیچ ناڵێــت، وە ئەگەریش فەڕەكە تەواو بێت پێش ئەوەى دوعاكە تەواو بێت ئەوا دوعاكە دەبڕێت و وازى لێ دەهێنێت تەنانەت ئەگەریش لەسەر وشەى (اللهم) بوەستێت و ئەوە ناڵێت كە بڕیویەتى و وازى لێ دەهێنێت، جا هەموو ئەمانە زیان و خراپەن كەلەم جۆرە بیدعانەوە پەیدادەبن و دێنەكایەوە.
بەهەمان شێــوە لە حەج و عومرەدا دوعایەكى تر دەكەن لە مەقامى إبراهیمدا، و ئەمەش لەڕاستیدا لە پێغەمبەرى خواوە ـ ﷺ ـ نەهاتووە كە دوعاى كردبێت لە مقامى إبراهیمدا و بەڵكو كە رۆیشتووە بۆ لاى ئەم ئایەتەى خوێندووە: ( وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلّىً ) (البقرة: 125) و دوو ركات نوێژى كردووە لە پشتیەوە، بەڵام ئەو دوعایەى كە ئەوانە دەیڵێن و ژاوەژاوە دروست دەكەن لەسەر نوێژخوێنان لاى مەقامدا ئەوا لە دوو ڕووەوە خراپ و مونكەرە:
یەكەم: لە پێغەمبەرى خواوە ـ ﷺ ـ نەهاتووە وبیدعەیە.
دووەم: ئەوان ئازارى ئەو نوێژخوێنانە دەدەن كەلەپشت مەقامەوە نوێژ دەكەن.
جا بۆیە زۆربەى ئەو شتانەى كە خەڵكى دەیكەن لە كاتى حەج و عومرەدا بیدعەیە ئیتر یان لەچۆنێتیەكەیدا یان لە كاتەكەیدا وە یاخود لە شوێنەكەیدا. نسأل الله الهداية.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -