هۆکاری چییە پێغەمبەر ئیبراهیم عليه السلام تایبەت کراوە بەناو هێنان لەتەحیاتدا ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
هۆکاری چییە پێغەمبەر ئیبراهیم عليه السلام تایبەت کراوە بەناو هێنان لەتەحیاتدا ؟
پرسیار:

بۆچی لەنوێژدا سەڵات و سەلام  دەدەین لەسەر پێغەمبەر ئیبراهیم عليه السلام ، ئەی بۆ سەڵات وسەلام نادەین لەسەر پێغەمبەرانی تر وەك عیسا وموسا ونوح ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

پێغەبەرمان ئیبراهیم عليه الصلاة والسلام خوای پەروەردگار چەند تایبەتمەندیەکی گەورە وڕێزی پێ بەخشیوە، ئەو پێشەوا ، و ئومەت ، و پاك ، و قانیتە بۆ خودا ، وەنەسەب وڕەچەڵەکی هەموو پێغەمبەرانی دوای ئەو دەگەڕێنە سەر ئەو ، وشوێنکەوتوانی هەموو شەرعەکان لەموسوڵمانان وجولەکە ونەساڕا باوەڕیان پێی هەیە .

وە دوای پێغەمبەری خۆمان موحەمەد ئیبراهیم عليه الصلاة والسلام باشترین وڕێزدارترین پێغەمبەرە ، هەر بۆیە خوای پەروەردگار هەواڵی پێداوین بەوەی کردوویەتی بەخۆشەویستی خۆی: (وَاتَّخَذَ اللَّهُ إِبْرَاهِيمَ خَلِيلًا) النساء/125 .
واتە: خودا ئیبراهیم ـی کردووە بەئازیز وخۆشەویستی خۆی.

وە هەموو پێغەمبەران کەبەدوای ئەودا هاتوون لەنەوەی ئەون لەڕێگەی ئیسحاق ویەعقوبەوە .
تەنها پێغەمبەری خۆمان موحەمەد نەبێت ، ئەو لەنەوەی ئیسماعیل ـی کوڕی ئیبراهیم ـە .

وە پێغەمبەرمان لەپێشترە لەئیبراهیم بەبەراورد بەپێغەمبەرانی تر ، ئیبراهیم  باوکی عەرەبە ، و باوکی پێغەمبەرە لەڕووی نەسەبەوە .

وە ئەوە ئیبراهیم ـە فەرمان بەپێغەمبەر دەکات بەوەی شوێن دێن وڕێبازەکەی بکەوێت: (ثُمَّ أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ أَنْ اتَّبِعْ مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا) النحل/123. 
واتە: دواتر وەحیمان نارد بۆت بەوەی شوێنی دینی پاکی ئیبراهیم بکەویت.

هەر بۆیە پێغەمبەرمان وئێمە کەشوێن کەوتووی ئەوین لەپێشترین لەکەسانی تر بۆ ئیبراهیم عليه السلام ، هەروەك خوای پەروەردگار فەرموویەتی : (إِنَّ أَوْلَى النَّاسِ بِإِبْرَاهِيمَ لَلَّذِينَ اتَّبَعُوهُ وَهَذَا النَّبِيُّ وَالَّذِينَ آمَنُوا) آل عمران/68 .
واتە: بێگومان نزیکترین کەس لە ئیبراھیم ئەوانەن کە وەختی خۆی پەیڕەویان کرد وە ئەم پێغەمبەرەو ئەوانەی کە بڕوایان ھێناوە.

وە لەڕەدی جولەکەکان ونەساڕادا فەرموویەتی : (مَا كَانَ إِبْرَاهِيمُ يَهُودِيّاً وَلا نَصْرَانِيّاً وَلَكِنْ كَانَ حَنِيفاً مُسْلِماً وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ) آل عمران/67 .
واتە:ئیبراھیم نەجولەکە بووەو نەگاور بەڵکو پاک و خواپەرست و گوێڕایەڵ وملکەچ بوو وە لە ھاوبەش پەیداکاران نەبوو.

وە پرسیار کراوە لە (الشيخ ابن عثيمين) ڕەحمەتی خوای لێ بێت: بۆچی ئیبراهیم تایبەت کراوە بەدەعوەی تەوحید ، لەکاتێکدا پێغەمبەرانی تریش بانگەوازیان کردووە بۆ تەوحید ؟

لەوەڵامدا گوتوویەتی :
هەموو پێغەمبەران بەدەعوەی تەوحید هاتوون، خوای تەعالا فەرموویەتی : (وَمَا أَرْسَلْنَا مِنْ قَبْلِكَ مِنْ رَسُولٍ إِلَّا نُوحِي إِلَيْهِ أَنَّهُ لا إِلَهَ إِلَّا أَنَا فَاعْبُدُونِ) الأنبياء/25.
واته: وە لە پێش تۆیشدا ئەی محمد هیچ پێغەمبەرێكمان نەناردووە ئیللا وەحیمان بۆی ناردووە ، كە هیچ پەرستراوێك بە حەق نییە شایەنی پەرستن بێ جگە لە زاتی پیرۆزی الله كە تاك و تەنهاو بێ شەریكە بۆیە بەتاك و تەنها عیبادەتی من بكەن . 
  
بەڵام ئیبراهیم باوکی عەرەب ، و ئیسرائیلە (ئیسرائیل واته‌: به‌نده‌ی خوا كه‌ یه‌عقوبی كوڕی ئیسحاقی كوڕی ئیبراهیم بوو (صه‌ڵات و سه‌لامی خوای گه‌وره‌یان له‌سه‌ر بێت)،و ئەو بانگەشەی دەکرد بۆ تەوحیدی خالیس ، وجولەکە ونەساڕا بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە شوێنکەوتەی ئەون ، لەکاتێکدا لەڕاستیدا موسوڵمانان شوێنکەوتەی ئەون ، و ئەو بەتەنها تایبەت کراوە بەوەی باوکی پێغەمبەرانە ، وخاوەنی حەنیفیەتە وپاکیە ، وفەرمانی پێکردووین بەشوێنکەوتنی ؛ بۆیە ئێمە لەپێشترین کەسین بەئیبراهیم ، هەروەك خوای پەروەردگار فەرموویەتی: (إِنَّ أَوْلَى النَّاسِ بِإِبْرَاهِيمَ لَلَّذِينَ اتَّبَعُوهُ وَهَذَا النَّبِيُّ وَالَّذِينَ آمَنُوا) آل عمران/68 .
واتە: بێگومان نزیکترین کەس لە ئیبراھیم ئەوانەن کە وەختی خۆی پەیڕەویان کرد وە ئەم پێغەمبەرەو ئەوانەی کە بڕوایان ھێناوە.

وە لەڕەد و وەڵامی جولەکە ونەساڕادا فەرموویەتی: (مَا كَانَ إِبْرَاهِيمُ يَهُودِيّاً وَلا نَصْرَانِيّاً وَلَكِنْ كَانَ حَنِيفاً مُسْلِماً وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ) آل عمران/67" انتهى .
واتە:ئیبراھیم نەجولەکە بووەو نەگاور بەڵکو پاک و خواپەرست و گوێڕایەڵ وملکەچ بوو وە لە ھاوبەش پەیداکاران نەبوو.
"لقاء الباب المفتوح" (189/السؤال رقم 7) .

وە عەلامە (بدر الدين العيني الحنفي) ڕەحمەتی خوای لێ بێت بەشێوەیەکی تر هۆکاری ئەم بابەتەی ڕوونکردۆتەوە ، ودەڵێت :

"گەر بوترێت : هۆکار چیە پێغەمبەر ئیبراهیم عليه السلام لەنێو هەموو پێغەمبەراندا تایبەت کراوە بەوەی ناوی بێنین لەنوێژدا وسەڵاواتی لەسەر بدەین ؟

دەڵێم : چونکە پێغەمبەر عليه السلام لەشەوی شەوڕەویدا (الإسراء والمعراج)هەموو پێغەمبەرانی بینی ، وسەلامی لێ کردن ، وهیچ یەکێك لەپێغەمبەران جگە لەئیبراهیم علیە السلام سەلامی نەنارد بۆ ئومەتەکەی ، بۆیە پێغەمبەر عليه السلام ـ وەك پاداشتێك لەسەر ئەو چاکەیەیی ـ  فەرمانی پێ کردووین لەکۆتایی هەموو نوێژێکەوە سەلامی لێ بکەین وسەڵاواتی لەسەر بدەین .

وە دەوترێت :پێغەمبەر ئیبراهیم عليه السلام کاتێ لێ بووەوە لەدروستکردنی کەعبە دوعای بۆ ئومەتەکەی موحەمەد عليه السلام کرد وفەرمووی : اللهم من حج هذا البيت من أمة محمد فهَبْه مني السلام ، وكذلك دعا أهله وأولاده بهذه الدعوة ، فأُمرنا بذكرهم في الصلاة مُجازاة على حُسْن صنيعهم" انتهى .
"شرح سنن أبي داود" للعيني (4/260) .
واتە: خودایە ئەوەی حەجی ئەم ماڵە دەکات لەئومەتی موحەمەد سەلامی منی پێ بگەیەنە ، وبەهەمان شێوە فەرمانی بەماڵ ومنداڵەکانی کرد بەو سەلامە ، بۆیە ئێمەش فەرمانمان پێ کراوە بەناو هێنانیان وسەڵاوت دان لەسەریان وەك پاداشتێك بۆیان لەسەر ئەو کارە چاکەیان.
والله أعلم .

سەردان: ٣,٢١١ بەش: نوێژ