بڕینى نوێژ لەبەر بەهاناوە چونى ئەو کەسەى کە لە نوێژدا دەکەوێت و دەمرێت: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بڕینى نوێژ لەبەر بەهاناوە چونى ئەو کەسەى کە لە نوێژدا دەکەوێت و دەمرێت
پرسیار:

گەر لەکاتی نوێژی فەرزردا لەنێو نوێژ خوێناندا حاڵەتی مردن ڕووی دا ، ئایا دروسته لەبەر ئەو ڕوداوە نوێژ ببڕدرێت یاخود نا ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

ئەسڵ وایە دروست نییە نوێژی فەرز ببڕدرێت ؛ چونکە خودا ڕێگری کردووە لەوەی مرۆڤ کردەوەکانی بەتاڵ بکاتەوە .
خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ﴿ يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَلَا تُبْطِلُوا أَعْمَالَكُمْ  محمد/33 .
واته: ئه‌ی باوه‌ڕداران گوێڕایه‌ڵی خواو گوێڕایه‌ڵی پێغه‌مبه‌ری خوا بكه‌ن - -  وه‌ كرده‌وه‌كانتان به‌تاڵ مه‌كه‌نه‌وه‌ به‌سه‌رپێچی كردن، یاخود به‌ ڕیا، یاخود به‌هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌دین.

شێخ عبد الرحمن السعدي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت:
"فەرمایشتی: ﴿ وَلا تُبْطِلُوا أَعْمَالَكُمْ﴾ بەتاڵ کردنەوەی کردەوە دەگرێتەوە دوای ئەنجام دانی ، بەو شتانەی کەهەڵی دەوەشێننەوە ، جا بەمنەت بێت یاخود بەسەرسام بوون ، و ڕیا وناو وناوبانگ ، وبەکردەوەی خراپە ئەوانەی کەکردەوە پوچ دەکەنەوە ، وپاداشتەکەی ناهێڵن ، وەهەروەها ئەنجام دانی کارێک کەهەڵی دەوەشێنێتەوە وبەتاڵی دەکاتەوە.
ئەو شتانەی کەنوێژ وڕۆژوو وحەج بەتاڵ دەکەنەوە ، هەموویان ئەم ئایەتە دەیانگرێتەوە ، وزانایانی شەرع زان ئەم ئایەتە دەکەنە بەڵگە لەسەر حەرامیەتی بڕینی کردەوەی فەرز  .
"تفسير السعدي" (ص 789).
بەڵام لەحالەتێکدا کەزۆر پێویست بوو ونەدەتوانرا دوا بخرێت ودواتر ئەنجام بدرێت ئەوا دروستە .

لە "الموسوعة الفقهية الكويتية" (34 / 51)دا هاتووە:
بچڕاندنی عیبادەتی واجب دوای دەست پێکردنی ، بێ هیچ هۆیەکی شەرعی : دروست نی یە بەکۆدەنگی زانایان ؛ چونکە بچڕاندنی بە بێ هیچ هۆیەکی شەرعی : جۆرێکە لەگاڵتە پێکردن وپێچەوانەی ڕێز وقەدری عیبادەتە ، ودەق هاتووە لەبارەی ڕێگری کردن لەبەتاڵ کردنەوەی عیبادەت ، خوای گەورە فەرموویەتی: ( وَلَا تُبْطِلُوا أَعْمَالَكُمْ ).
واتە: کردەوەکانتان بەتاڵ مەکەنەوە .

بەڵام بەنیسبەت بچڕاندنی لەبەر هۆیەکی شەرعی ئەوا دروستە ، بۆ نموونە نوێژ دەبڕدرێت لەپێناو کوشتنی مار وهاوشێوەیەکانی  ، وەهەروەها گەر ترسی لەدەست چوونی ماڵێک هەبوو ، وەهەروەها بۆ بەدەمەوە چوونی کەسێکی لێقەوماو ، وئاگادار کردنەوەی کەسێکی بێ ئاگا یاخود نوستوو لەحاڵەتێکدا گەر مارێک بەرە وڕووی چوو ، ونەدەکرا بەسبحان اللە ئاگادار بکرێتەوە ، وەهەروەها دروسته ڕۆژوو بشکێندرێت لەپێناو ڕزگار کردنی کەسێک کەخەریکە بخنکێت ، ویاخود کەسێک ترسی لەخۆی هەبوو ، یاخود ترسی لەمنداڵی شیرە خۆرە بوو .
وە بێگومان کەوتنی کەسێک لەکاتی نوێژدا ، گومانی مردن وشتی تریشی لێ دەکرێت ودوور نییە بتوانرێت ڕزگار بکرێت ، بۆیە پێویستە لەسەر دەور وبەرەکەی نوێژەکەیان ببڕن و ڕزگاری بکەن بەهەر شێوەیەک کەگونجاوە ؛ ونابێت چاوەڕێ کەن تاوەکو نوێژ تەواو دەبێت ؛ چونکە دواخستنی ڕەنگە ببێتە هۆی مردنی ونەتوانینی یارمەتی دانی .
وە گەر زانرا تازە مردووە ومەجالی ڕزگار کردنی نییە ، بێگومان ئەوە ڕوداوێکی گەورەیە ، ولێگەڕان لەکەسی مردوو لەنێو ڕیزەکەدا دەبێتە هۆکاری دروست بوونی کەلێن لەنێو ڕیزەکەدا ، وجۆرێکیشە لەبێ ڕێزی کردن بەمردوو .
بۆیە لەم حاڵەتەشدا دروستە بۆ دەور وبەرەکەی نوێژ ببڕن ، ومردووەکە لەلایەک دابنێن وهەوڵدەن بەشتێک دایپۆشن ، تاوەکو نوێژەکە تەواو دەبێت ، دواتر ڕێکارەکانی تری مردوو ئامادەکردن وناشتنی بۆ جێ بەجێ دەکەن .
بەڵام پێویستە ئەوەش بزانرێت کەچەند کەسێک بەپێی پێویست نوێژەکەیان دەبڕن ، وئێمە کاتێ دەڵێن دروسته نوێژ ببڕن مانای ئەوە نییە هەموو نوێژ خوێنان نوێژەکە ببڕن وسەرقاڵی مردووەکە بن نا بەڵکو چەند کەسێک بەپێی پێویستنوێژ دەبڕن .
والله أعلم.

سەردان: ٢,٢٦٤ بەش: حوکم و گرنگى نوێژ