ئەو کەسانەی دروستە ڕۆژوو نەگرن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو کەسانەی دروستە ڕۆژوو نەگرن
وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

ئەو کەسانەی دروستە ڕۆژوو نەگرن

یەکەم: نەخۆش .
دووەم: کەسێک لەسەفەردا بێت .
سێیەم: پیاوان وئافرەتانی بەساڵا چوو .
چوارەم : ئافرەتی دوو گیان وشیر دەر .

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم: نەخۆش

یەکەم: حوکمی بەڕۆژوو نەبوونی نەخۆش:

دروستە کەسی نەخۆش لەڕەمەزاندا بەڕۆژوو نەبێت ، ئەمە بەکورتی ، هەریەک: ابنُ حزمٍ، وابنُ قُدامةَ، والنوويُّ، وابن تَيميَّةَ، والزركشيُّ، وابنُ عابدين کودەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

دووەم: ئەو نەخۆشیەی کەبەهۆی ڕۆژووەوە زیاد دەبێت:
گەر نەخۆش ترسا لەوەی بەهۆی بەڕۆژوو بوونەوە نەخۆشیەکەی زیاد بکات ، یاخود قورس بوو لەسەری وزیانی پێ دەگەیاند ؛ ئەوا دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وحەنبەلیەکان.

سێیەم: ئەو نەخۆشەی کەترسی هەیە ڕۆژوو زیانی پێ بگەینێت وببێتە هۆکاری لەنێو چوونی:
گەر ڕۆژوو زیانی بەنەخۆش دەگەیاند ، وترسی ئەوەی هەبوو بمرێت ، لەم حاڵەتەدا واجبە بەڕۆژوو نەبێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان ، وکۆمەڵێ لەحەنبەلیەکان تەئیکیدیان لێ کردۆتەوە.

چوارەم: نەخۆشیەکی کەم: 
هەرکەس نەخۆشیەکی کەمی هەبوو ، وناڕەحەت نەدەبوو بەڕۆژوو گرتن وەک هەڵامەت ویاخود ئازارێکی کەم، وهاوشێوەیەکانی ، ئەوا دروست نی یە بۆی ڕۆژوو نەگرێت  ، ئەمەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە .

پێنجەم: ئەو شتەی پێویستە لەسەر ئەو نەخۆشەی کەئومێدی چاک بوونەوەی لێ دەکرا:
 ئەم کەسە واجبە لەسەری دوای چاک بوونەوە ئەو ڕۆژانە بگرێتەوە کەنەیگرتوون  هەریەک لە : ابنُ حزمٍ، وابنُ رُشدٍ، وابنُ قُدامةَ، وابنُ حَجَر الهيتمي کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

شەشەم: ئەو شتەی پێویستە لەسەر ئەو نەخۆشەی کەئومێدی چاک بوونەوەی لێ ناکرێت:
گەر کەسێک لەڕەمەزاندا بەڕۆژوو نەبوو وئومێدی چاک بوونەوەی لێ نەدەکرا ، وەک ئەوەی نەخۆشیەکەی بەردەوام هەبێت؛ ئەوا لەجێگەی هەر ڕۆژێک خواردنی هەژارێک دەدات ،ئەمەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە ، وقسەی کۆمەڵێک لە زانیانی سەلەفە.

حەوتەم: حوکمی ڕۆژووی ئەو نەخۆشەی کەتوانای ڕۆژووی نی یە بەڵام زۆر لەخۆی دەکات وبەڕۆژوو دەبێت:

گەر نەخۆشێ توانای ڕۆژووی نەبوو بەڵام زۆری لەخۆی دەکرد وبەڕوژوو دەبوو ، ئەوا ڕۆژووەکەی دروستە ،ئەمەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە .

هەشتەم: گەر نەخۆشێک ڕۆژووی گرت وپاشان کەڕۆژ بووەوە چاک بووەوە:

لەم حاڵەتەدا پێویستە ڕۆژووەکەی تەواو بکات ونابێت بیشکێنێت ،ئەمەش بۆچوونی حەنەفیەکان ،وشافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە.

نۆیەم: حوکمی واز هێنانی نەخۆش لەو شتانەی کەڕۆژوو دەشکێنن لەحاڵەتێکدا گەر چاکبووەوە:

گەر کەسێکی نەخۆش بەهۆی نەخۆشیەوە بەڕۆژوو نەبوو بەڵام دواتر لەڕۆژدا چاک بووەوە ؛ لەم حاڵەتەدا زانایان ناکۆکن کەئایا پێویستە خۆی بگرێتەوە لەو شتانەی کەڕۆژوو دەشکێنن یاخود نا ؟
جا دوو بۆچوون لەم بارەیەوە هەیە:
بۆچوونی یەکەم: واجب نی یە لەسەری خۆی بگرێتەوە لەو شتانەی کەڕۆژوو دەشکێنن ، ئەوەش قسەی مالکیەکان وشافعیەکانە ، وڕیوایەتێکە لای حەنبەلیەکان ، و ابن عُثَيمين ئەم بۆچوونەی هەڵبژاردووە.

بۆچوونی دووەم: واجبە لەسەری خۆی بگرێتەوە لەو شتانەی کەڕۆژوو دەشکێنن ، ئەوەش قسەی حەنەفیەکان وحەنبلیەکانە ،وبۆچوونێکیشە لای شافعیەکان ، وقسەی کۆمەڵێک لەسەلەفە.

دووەم: ڕۆژووی کەسێک لەسەفەردا بێت

یەکەم: حوکمی بە ڕۆژوو نەبوونی کەسێک لەسەفەردا بێت:
دروستە بۆ کەسێک کەلەسەفەردایە بەڕۆژوو نەبێت ، ئەمەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە.

دووەم: حوکمی بە ڕۆژوو نەبوونی کەسێک لەسەفەردا بێت بەڵام ڕۆژوو قورس نەبێت لەسەری:
لەم حاڵەتەدا گەر کەسی موسافیر ڕۆژووی لەسەر قورس نەبوو ویەکسان بوو بەلایەوە بەڕۆژووبێت یاخود نەیگرێت ، ئەوا زانایان جیاوازن لەبارەی ئەم جۆرە کەسانەوە کە ئایا باش وایە بەڕۆژوو بێت یاخود بەڕۆژوو نەبێت ودوو بۆچوونیان هەیە لەم بارەیەوە:
بۆچوونی یەکەم: باشتر وایە بەڕۆژوو بێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەحەنەفی ومالکی وشافعیەکان ،و ابنُ عُثَيمين ئەم بۆ چوونەی لا پەسەندە.

بۆچوونی دووەم: پێی وایە بەڕۆژوو نەبێت باشترە ، ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە ، وقسەی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وبۆچوونی ابنِ تَيميَّةَ، وابنِ بازیشە.

سێیەم: حوکمی ڕۆژووی کەسێک لەسەفەردا بێت و ڕۆژوو گرتن قورس بێت لەسەری:

گەر ڕۆژوو گرتن قورس بوو لەسەر کەسێک کەلەسەفەردایە ، بەشێوەیەک بەڕۆژوو نەبوونەکەی بەلاوە خۆشتر بوو ، ئەوا باشتر وایە بەڕۆژوو نەبێت ، ئەمەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە.

چوارەم: مانەوەی کەسێک کە لەسەفەردایە لەو جێگەیەیی کەسەفەری بۆ کردووە:
گەر زیاد لەچوار ڕۆژ مایەوە لەو جێگەیەیی کەسەفەری بۆ کردووە ئەوا دروست نی یە بۆی بەڕۆژوو نەبێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەمالکی ،وشافعی ،وحەنبەلیەکان.

پێنجەم: حوکمی ڕۆژووی ئەو کەسەی کەسەفەر کردنی وەک بەردەوام وایە:
دروستە ئەم کەسانە بەڕۆژوو نەبن  ، وەک شۆفێری سەیارە وتەیارە وقیتار وشاحینەکان وهاوشێوەکانیان ، بەمەرجێک جێگایەکی هەبێت بگەڕێتەوە بۆی ، ئەمەش هەڵبژاردەی هەریەک لە ابنِ تَيميَّةَ، وابنِ عُثَيمين ـە.

شەشەم: قەزا کردنەوە وگێڕانەوەی ڕۆژوو بەنیسبەت کەسێک کەلەسەفەردایە وبەو هۆیەوە ڕۆژووی نەگرتووە:
لەم حاڵتەدا پێویستە ئەو ڕۆژانە بگرێتەوە کەنەیگرتوون  هەریەک لە: ابنُ حزمٍ، وابنُ رُشدٍ، وابنُ قُدامةَ، وابنُ حجَر الهيتميُّ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

حەوتەم: حوکمی ڕۆژووی ئەوکەسەی کەلەسەفەردایەو ڕەمەزانی بەسەردا دێت:
لەم حاڵەتەدا دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت ، هەریەک لە: ابنُ حزم، وابن قُدامةَ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

هەشتەم: گەر کەسێک لەمانگی ڕەمەزاندا بەشەو سەفەری کرد:
گەر کەسێک لەمانگی ڕەمەزاندا بەشەو سەفەری کرد ،وپێش بانگی بەیانی لەوڵاتەکەی دەرچوو ئەم کەسە دەتوانێت بۆ بەیانی ئەو ڕۆژە وڕۆژانی دواتریش ڕۆژووەکەی بشکێنێت یاخود نەیگرێت ،ئەمەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە وبۆچوونی زۆر لەزانایانە.

نۆیەم:حوکمی ڕۆژووی ئەوکەسەی کەلەڕەمەزاندایە وبەڕۆژ سەفەر دەکات:
لەم حاڵەتەدا دەتوانێت ڕۆژووەکەی بشکێنێت ، ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە وقسەی موزەنیە لەشافعیەکان ، وبۆچوونی کۆمڵێک لەسەلەفە ،و ابنُ المُنذِر، وابنُ عُثَيمين پێیان پەسەندە.

دەیەم: حوکمی خۆ گرتنەوەی کەسێک کەلەسەفەر گەڕاوەتەوە  لەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە لەو چەند سەعاتەی کەماوە لەڕۆژ:
گەر کەسێک لەڕۆژانی ڕەمەزاندا لەسەفەر گەڕایەوە وبەڕۆژوو نەبوو ، ئەوا زانایان جیاوازن لەبارەی ئەم کەسەوە کەئایا پێویستە خۆی بگرێتەوە لەوشتانەی کەڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە یاخود نا ؟
جا دوو بۆچوونیان هەیە لەم بارەیەوە: 
بۆچوونی یەکەم: واجب نی یە لەسەری خۆی بگرێتەوە لەوشتانەی کەڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە ، ئەمەش قسەی مالکیەکان ، وشافعیەکانە ، وڕیوایەتێکە لای حەنبەلیەکان ،و ابن عُثَيمين ئەم بۆچوونەی لا پەسەندە.

بۆچوونی دووەم: واجبە لەسەری خۆی بگرێتەوە لەوشتانەی کەڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە ، ئەمەش قسەی حەنەفیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆجوونێکی شافعیەکانیشە ، وقسەی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، و ابنِ باز ئەم بۆچوونە هەڵبژاردووە.

یازدەیەم: حوکمی بەڕۆژوو نەبوونی موسافیرێک کەبەئامێرە ئاسانەکان کەئەزیەت بەخش نین سەفەر دەکات:
دروستە بەڕۆژوو نەبێت ، هەرچەند بەو ئامێرانە سەفەر بکات کە ئاسانە وئەزیەت بەخش نیە ، جا توشی ناڕەحەتی بێت یاخود نا : ابنُ تَيميَّةَ کۆدەنگی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە. 

سێیەم: ڕۆژووی پیاوان وئافرەتانی بەساڵا چوو

یەکەم: حوکمی ڕۆژووی پیاوان وئافرەتانی بەساڵا چوو:

بۆ هەریەک لە پیاوان وئافرەتانی بەساڵا چوو هەیە بەڕۆژوو نەبن گەر توانای ڕۆژوو گرتنیان نەبوو هەریەک لە: ابنُ المنذر، وابنُ حَزمٍ، وابنُ عبدِ البَرِّ کۆدەنگی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە. 

دووەم: ئەوەی پێویستە لەسەر پیاوان وئافرەتانی بەساڵا چوو لەحاڵەتێکدا کەبەڕۆژوو نەبوون:

گەر پیاوان وئافرەتانی بەساڵا چوو بەڕۆژوو نەبوون ئەوا پێویستە لەسەریان بۆ هەر ڕۆژێک خواردنی هەژارێک بدەن ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەحەنەفی وشافعی وحەنبەلیەکان.

چوارەم : ئافرەتی دوو گیان وشیر دەر

حوکمی ڕۆژووی ئافرەتی دوو گیان وشیر دەر : 
دروستە ئافرەتی دوو گیان وشیر دەر  لەڕەمەزاندا بەڕۆژوو نەبن ، جا جیاوازی نی یە گەر ترسیان لەخۆیان هەبێت یاخود منداڵەکانیان ، ئائەمە بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە وبۆچوونی زۆر لەزانایانە.

 سەبارەت بە گرتنەوە و كەفارەتی ڕۆژووى ئافرەتی دوو گیان وشیر دەر سێ‌ جۆر بۆ چوون هەیە لە نێو زانایان .
یەکەم : هەندێكیان دەڵێن تەنها كەفارەت دەدەن گرتنەوەیان بۆ نیە: بەبەڵگەی ئەم فەرموودانە، عبدالله ی كوڕی عباس (ڕەزای خوای گەورەی لێبێت) ، دەڵێت : (إذا خافتِ الحاملُ على نفسها ، والمرضعُ على ولدها في رمضان قال: يُفطرانِ ، ويُطعمانِ مكانَ كُلِّ يوم مسكيناً ، ولا يقضيانِ صوماً) . صحيح على شرط مسلم ، (الارواء): 4/19.
واتە: هەر كاتێك ئافرەتی حامیلە ترسا لە نەفسی خۆی ، وە ئافرەتی شیردەر ترسا لە منداڵەی لە مانگی ڕەمەزاندا ، ئەوە ڕۆژووەكەیان دەشكێنن ، وە خواردن دەدەن بە فەقیر لە جیاتی گشت ڕۆژێكیان(واتە: بەرامبەر هەر ڕۆژێك دەبێت فەقیرێك تێر بكەن) وە گرتنەوەیان بۆ نیە .
وە عبدالله ی كوڕی عباس و عبدالله ی كوڕی عومەر دەڵێن: (الحاملُ والمرضعُ تُفطرُ ولا تقضى) . صححه الألباني في إرواء الغليل : 4/20 .
واتە: ئافرەتی حامیلە و شیردەر ئەگەر مەترسیان هەبوو ڕۆژیان دەشكێنن و نایگرنەوە (تەنها دانی خواردنیان لەسەر) .
دووەم : وە هەندێك لە زانیان دەڵێن تەنها گێڕانەوەیان لەسەرە: دەڵێن چونكە حوكمی ئەم جۆرە ئافرەتانە وەكو حوكمی كەسی نەخۆش وایە ، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَمَن كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ) البقرة: 185.
واتە: هەر كەسێك نەخۆش بوو یان لەسەفەر بوو بۆی هەیە ڕۆژووەكەی بشكێنێت و پاشان دوای ڕەمەزان بیگرێتەوە . دەڵێن خوای گەورە لەم ئایەتە پیرۆزەدا تەنها باسی گرتنەوەی كردووە باسی دانی خواردنی نەكردووە . فتاوی اللجنە الدائمە : 10/220 .
سێیەم : وە هەندێك لە زانایان دەڵێن: ئەگەر لەبەر مەترسی منداڵەكەی ڕۆژووەكەی بشكێنێت ئەوە دەبێت لەگەڵ گرتنەوەی ڕۆژووەكەی خواردنیش بدات ، بەڵام ئەگەر لەبەر مەترسی خۆی بێت تەنها گێڕانەوەی لەسەرە . مجموع فتاوی ورسائل ابن عثیمین : 19/164.
تێبینی : ئافرەتان كردەوە بەكام یەكێك لەم بۆچونانە بكەن بۆیان دروستە إن شا‌ء

پێنجەم: چەند هۆکارێکی تر کەوا دەکەن دروست بێت ڕۆژوو نەگیردرێت

یەکەم: کاری قورس کردن:  
ئەو کەسانەی کاری قورس ئەنجام دەدەن واجبە بەڕۆژوو بن، و هاوشێوەی نەخۆش وموسافیر نین ، وپێویستە لەسەریان لەئێوارەوە نیەت بێنن وڕۆژوو بگرن ، بەڵام گەر کەسێک کارێکی زۆر قورسی دەکرد و وازهێنان لەکارەکەی زیانی پێ دەگەیاند وترسی هەبوو بمرێت ، یاخود زیانێکی گەورەی پێ بگات ؛ لەم حاڵەتەدا تەنها بەپێی پێویست بەڕۆژوو نابێت ودواتر باقی ڕۆژەکە کەماوە خۆی دەگرێتەوە لەو شتانەی کەڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە ودواتر لەگەڵ خەڵکدا فتار دەکاتەوە ، وپێویستە لەسەری دواتر دۆژووەکە بگرێتەوە.
لە (الفتاوى الهندية)دا ،هاتووە: (المُحترِفُ المُحتاجُ إلى نفقَتِه عَلِمَ أنَّه لو اشتغل بحِرفَتِه يلحَقُه ضَرَرٌ مُبيحٌ للفِطرِ، يَحرُمُ عليه الفِطرُ قبل أن يَمرَضَ، كذا في القُنْيةِ) ((الفتاوى الهندية)) (1/208)، وانظر ((حاشية ابن عابدين)) (2/420). 
واتە: کەسی کاسبکاری موحتاج کەپێویستی بەنەفەقەیە وبزانێت گەر بەڕۆژوو بێت زیانی پێ دەگات ، لەم حاڵەتەدا حەڕامە ڕۆژووەکەی بشکێنێت پێش ئەوەی نەخۆش کەوێت ،بەم شێوەیە لەکتابی (القُنْيةِ) دا هاتووە.

البهوتي دەڵێت: (وقال أبو بكر الآجري: مَن صنعَتُه شاقَّةٌ، فإن خاف بالصَّومِ تلفًا؛ أفطَرَ وقَضَى، إن ضَرَّه تركُ الصَّنعةِ، فإن لم يَضُرَّه تَرْكُها أثَمِ بالفِطرِ، ويَتركُها، وإلَّا- أي: وإن لم ينتَفِ التضَرُّر بتركِها- فلا إثمَ عليه بالفِطرِ للعُذرِ) ((كشاف القناع)) (2/310). وانظر ((التاج والإكليل)) للمواق (2/395).
واتە: ئەبو بەکری ئاجوڕی دەڵێت: ئەو کەسەی کاری زەحمەت و قورس دەکات ، گەر ترسا بەهۆی ڕۆژووەوە لەنێو بچێت ؛ ئەوا بەڕۆژوو نابێت ودواتر قەزای دەکاتەوە ، ئەمە گەر وازهێنان لەکارەکەی زیانی پێ بگەیەنێت ، خۆ ئەگەر وازهێنان لەو کارە زیانی پێ نەدەگەیاند ئەوا تاوان بار دەبێت گەر بەڕۆژوو نەبێت، ودەبێ وازی لێ بێنێت ، خۆ ئەگەر بەواز هێنان لێی زیانی پێ دەگەشت ، ئەوا تاوان بار نابێت بەڕۆژوو نەبێت چونکە عوزری هەیە.

دووم: کەوتنە حاڵەتی ناڕەحەتیەوە بەهۆی تینوێتی وبرسێتیەوە:
هەرکەس توشی حاڵەتی ناڕەحەتی بێت بەهۆی تینوێتی وبرسێتیەوە وترسی لەنێو چوونی هەبێت ، ئەوا واجبە لەسەری ڕۆژووەکەی بشکێنێت ، وپێویستە لەسەری دواتر قەزای بکاتەوە ، ئەمەش بۆ چوونی مالکی ، وشافعیەکانە.

سێیەم: حوکمی ئەو کەسەی بەزۆر ڕۆژووی پێ دەشکێندرێت:
گەر کەسێک زۆری لێ کرا لەشکاندنی ڕۆژوودا وئەویش شکاندنی ؛ئەوا تاوان بار نابێت ، وڕۆژووەکەی دروستە ، جا جیاوازی نی یە گەر ڕۆژ شکاندنەکە کەسانی تر پێی هەستابن وەک ئەوەی ئاو کرابێتە قوڕگێەوە یاخود خۆی بیشکێنێت ، ئەمەش بۆ چوونی حەنبەلیەکان ، وشافعیەکانە.

چوارەم: جیهاد وتێکۆشان لەپێناوی خوادا:
کەسێک لەجیهاد وتێکۆشاندا بێت لەپێناوی خوادا ئەوا دروستە ڕۆژوو نەگرێت ، ئەمەش بۆ چوونی حەنەفیەکان ، ومالکیەکانە ، وڕیوایەتێکیشە لەئیمام ئەحمەدەوە ، وفەتوای ابنُ تَيميَّةی لەسەرە کاتێ کەهێزی موسوڵمان گەشتن بەدوژمن لەدیمەشق ، و ابنُ القَيِّم ئەم بۆووچنەی سەرخستووە