واجبەكانی حەج کامانەن ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
واجبەكانی حەج کامانەن ؟

بسم الله الرحمن الرحیم سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

1. ئیحرام كردن لە میقاتەوە.
2. مانەوە لە عەرەفە تا خۆر ئاوا، بە نیسبەت ئەو كەسەی كە لەو ڕۆژەدا دەگاتە عەرەفە.
3. دابەزین لە موزدەلیفە شەوی جەژن و مانەوە تیایدا تا نوێژی بەیانی دەكات ، بە نیسبەت ئەو كەسەی كە عوزری نەبێت.

بەڵگەش فەرموودەكەی پێغەمبەری خوا كە فەرموویەتی: (من شهد صلاتنا هذه و وقف معنا حتى ندفع..... فقد تمَّ حجه)، بەڵام خاوەن عوزرەكان وەك ئافرەت و پیرو نەخۆش و بێ توانایان و شوان و كاسب كاران ، بۆیان هەیە كە كاتێ مانگ ئاوا بوو یەكسەر موزدەلیفە جێ بهێڵن و بكەونە ڕێ بەرەو مینا.
4. مانەوەی دوو شەوی دوای جەژن لە مینا، وە هەروەها شەوی سێیەمیش ئەگەر پێش خۆر ئاوابونی ڕۆژی ( 12 ) ذوالحجة لە مینا دەرنەچێت. وە تەنها خاوەن عوزرێكی شەرعی ڕوخسەتی پێدراوە كە نەمێنێتەوە (1) .
5. بەرد هاویشتنە شوێنەكانیان ( رمی الجمرات )، بەڕیز بەم شێوەیە:
ڕۆژی جەژن حەوت بەرد بهاوێتە ( شوێنی بەرد تێ هاویشتنی گەورە ) كە پێی دەڵێن ( جمرة العقبة ). وە ڕۆژانی دوای جەژنیش ( أیام التشریق ) هەر یەكێ لە سێ ( جەمرە ) كە حەوت بەردی بۆ بهاوێت و بیخاتە ناویان, یەك لەدوای یەك ، كە لەدوای نیوەڕۆوە كاتەكەی دەست پێ دەكات.
6. قژ تاشین یان كورت كردنەوەی ( الحلق أو التقصیر ). واتە: قژ تاشین یان كورت كردنەوە بۆ پیاوان وە لێ بڕینی بۆ ئافرەتان(2).
7. دیاری حەجی تەمەتوع یان قیران ( هدی المتمتع والقارن ) واتە: سەربڕینی حەیوانێك لەسەر ئەو كەسەی كە توانای حەیوان كڕینی هەیە، ئەگینا لەبری ئەوە ( دە ) ڕۆژ بەڕۆژوو دەبێت.
8. دیاری ئەو كەسەی كە خەڵكی مەككە نیەو حەجەكەی بە ئیسراحەت دەكات ( المتمتع )، یان لەگەڵ عومرە بەیەكەوە بە ( قیران ) دەیكات. كە دیاریەكەش بریتیە لە سەربڕینی حەیوانێك ( مەڕ یان بزن ) لە مەككە، یان لە مینا واتە لە( حەرەم ) وە دابەش كردنی بەسەر هەژارانی حەرەمدا. وە هەر كەسێكیش توانای كڕینی ئەو حەیوانەی نەبوو ئەوە پێویستە سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بێت لە مەككەو حەوتیش كە گەڕایەوە ماڵی خۆی، خوای گەورە فەرموویەتی: [ فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاثَةِ أَيَّامٍ فِي الْحَجِّ وَسَبْعَةٍ إِذَا رَجَعْتُمْ تِلْكَ عَشَرَةٌ كَامِلَةٌ ](البقرة:196).
9. تەوافی ماڵ ئاوایی : ئەمەش واجبە تەنها لەسەر ئافرەتی بێ نوێژ نەبێت. وە ئەو ژن و پیاوو منداڵانەش كە خۆیان نەتوانن تەوافەكە بكەن, ئەوە تەوافیان پێ دەكرێت بە هەڵگرتن یان لێ خوڕین یان هەر شێوازێكی تر لەلایەن كەسێكی ترەوە.
عبدالله ی كوڕی عەباس رضی الله عنهما فەرمووی: خەڵكی (واتە حاجیەكان) فەرمانیان پێ كرا كە كۆتاترین كاریان خولانەوە بێت بەدەوری كەعبەدا، بەڵام ئەم ئەركە سووك كراوە لەسەر ئافرەتی بێ نوێژ، وە لەسەری دانەنراوە (متفق عليه) .
تێبینی : هەر كەسێ یەكێ لەواجبەكان نەكات، ئەوە ئەگەر بەویستی خۆی نەیكات ئەوە گوناهبار دەبێت و پێویستە حەیوانێكیش سەربڕێت بۆ هەژارانی مەككە، بەڵام ئەگەر بەویستی خۆی نەبوو ئەوە گوناهبار نابێت بەڵام خوێنەكەی هەر لەسەر دەمێنێت بۆ قەرەبوو كردنەوەی لە كیس چونی واجبەكە.

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سود وەرگیراوە لە كتێبی : (حـــەج و عــومـره فەزڵ و چۆنیەتى و حوكمەكانى بە گوێرەی بەڵگەكانی قورئان و سوننەت ) له نوسینى بەڕێز (دکتۆ عبداللطیف أحمد)

---------------------------

(1) بڕوانە : ص.جه (2463 ) و د ( 1959 ) و ت ( 962 ).

(2) بڕوانە : الوجيز في فقه السنة والكتاب العزيز.

 

سەردان: ٤,٦٨٦ بەش: چۆنێتى حەج کردن