مانای تەلبیە (لبَّيك اللهم لبَّيك ) چیە و چیش دەگەیەنێت؟!: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مانای تەلبیە (لبَّيك اللهم لبَّيك ) چیە و چیش دەگەیەنێت؟!
پرسیار:

دوای ئیحرام كردن چی دەكەیت؟
مانای تەلبیە (لبَّيك اللهم لبَّيك ) چیە و چیش دەگەیەنێت؟!

بسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

دوای ئەوە دەكەویتـە ڕێ بۆ ( مەككە )و بـــەردەوام بەدەنگی بەرزەوە تەلبیە دەكەیت واتە دەڵێیت:
( لبَّيك اللهم لبَّيك، لبيك لاشريك لك لبَّيك, إن الحمد والنعمة لك والملك, لاشريك لك ).
واتـە: ئەی پەروەردگــارم وەڵامی تۆ دەدەمـــــەوەو داواكاریەكانت بەجێ دەگەێنم و فەرمانەكانت جێ بەجێ دەكەم بە بەردەوامی و پاپەند دەبم بە گوێڕایەڵی تۆ جار لەدوای جار. وە وەڵامی تۆ دەدەمەوەو پاپەندی عیبـادەت كردنت دەبم چونكە تۆ هیچ شەریك و هاوبەشێكت نیــــە لە هیچ ڕوانگەیەكەوە نە لەپەرستراویەتیدا وە نە لە پەروەردگاریەتیدا وە نە لەناوو سیفاتـە بـــــەرزو جوانەكانتدا. وە هەموو سوپاس وستایشێك هەر بۆ تۆیــەو هەموو نیعمەت و خێرو بێرێكیش هەر لە تۆوەیە. وە موڵك و دەسەڵات و خاوەنێتیش هەر بــــۆ تۆیــــــە.
هیچ شەریكێكت نیە لە موڵـــكایەتی و نیعمەت ڕشتــن بەسەر بەندەكاندا, كەواتە تەنها تۆ شـــایستەی ئـەوەی سوپاس بكرێیت و وەڵامت بدرێتەوەو پەرســـــتنت بۆ بكرێت و هاوارت بكرێتێ و داوای یارمەتیت لێ بكرێت و پشتت پێ بپەسترێت و بە گەورە دابنرێیت و خۆش بویسترێیت و ملكەچیت بۆ بنوێنرێت و ماڵ و گیانت بۆ ببەخشرێت وقوربانیت بۆبكرێت، چونكە تەنها تۆ پەرستـــراوو ئیلاهی حەقیت. وە هیچ یەكێكی تر هەرچەندە پلەشــی بەرزبێت و لای خوا خۆشەویست بێت ( وەك پێغەمبەران و پیـاوچاكان ) شایستەی هیچ كام لەو عیبادەتانەی پێشو نین و نابێت لەگەڵ خوا بەگەورە دابنرێن و وەك ئەو خۆش بویسترێن و زەلیلیان بۆ بنوێنرێت و نابێت سوێندیان پێ بوخرێت و هاواریان بكرێتێ و داوای فریاكەوتنیـان لێ بكرێت و پشتیان پێ ببەسترێت و سەربڕینیــــان بۆ بكرێت و خێریان بۆ لەخۆ بگیرێت( نژر ). وە هـــەر كەسێك ئەمانە بكات بۆ پێغەمبەران یان بۆ ئەولیـــاو پیاو چاكان ئەوە شەریكی بۆ خوا داناوەو تووشی كوفر بـــــووە ئەگەر بشڵێت من دەیان كەمە واسیتەو وەسیلـەو شەفاعەت كار هەر كوفرەو بریتیە لە هەمان شیركــی موشریكە كافرەكانی كۆن كەدەیان ووت: [ مَانَعبُدُهُــم إِلاَّلِيُقَرِّبُونا إِلَى الله زُلفَى ] (الزمر:3). واتە: ئێمە پەرستن و هاواركــردن ناكەین بۆ پێغەمبەران و پیاو چاكان تەنها بۆ ئەوە نەبێت كە لە خوا نزیكمــان بكەنەوە!!وە دەیان وت :( هـؤلاء شـفعاؤنا عنــدالله).
واتـە: ئەمانەی ئێمە هاواریـــان دەكەینێ و داوایان لێ دەكەین بۆمان لەخوا دەپاڕێنەوەو شەفاعەتمان بۆدەكەن! وە بەهـۆی ئەم واسیتە و شەفاعەت دانانەوە خوا بەكافـر و موشریكی دانان, چونكە دەبێت تەنها هاوار بـــكرێتە خوداو داوا لەو بكرێت, بەر شەفاعەتی پیاوچاكــان و پێغەمبەرانت بخات, نەك ئەوان بكەیتە واسیتەو داوای شەفاعەت لەئەوان بكەیت چونكـــە ئەوە هەمان كوفرو شیركەكەی موشریكانە وەهەروەها خوای گەورە وەك ئەو كاربەدەستە ستەمكارو بـێ دەسەڵات و بێ ئاگایانەی دونیا نیە تاوەكو پێویستی بە واسیتە بكات, وە نابێت تەشبیهی خوا بكەین بە ئەوان و كوفرە بڵێین: چۆن لە دونیا پێویستیمان بە واسیتــە هەیە بۆ لای كار بەدەستان ئاواش بۆ لای خوا! نابێت ئیعتیقادت وابێت. كەواتە برای حاجی وریابە لە شەریك بۆ خوادانان لە هاواركردن و داوای فریاكەوتن كردن لەپێغەمبەر و شێخ عبدالقادرو پیاو چاكانـــی تریش وە هاوار نەكەیتە ئەوان و داوای هیچ شتێكیان لێ نەكەیت, چونكە ئەوانە هەرچەندە كە پیاوچــاك و ئەولیا بوون لەدونیا مردون و هیچ شتێكیان لە دەسەڵاتدا نیە بۆ تۆی بكەن. وە ئیعتیقاد بونت بــــە ئەوان و هاواركردن و خێرو نەزر كردنت بۆ ئەوان كوفرو شیركە, وە هەروەها لەسەر گۆڕی پێغەمبەری خوا وریابە لەو نەپاڕێیتەوەو هاواری نەكەیتێ چونكە ئەوە كوفرو شیركە جا بەهەر ناوێك بێت, بەڵكو بڵێ: ئـــەی خوای پەروەردگار لە تۆ دەپاڕێمەوەو هاوار دەكەمـە تۆ كە بەر شەفاعەتی پێغەمبەر و( ئەبوبــــەكرو عومەر)م بخەیت, سەلامیان لێ بكەو دوعای خێریان بۆ بكە بەڵام ئەگەر هاوار بكەیتە پێغەمبەران و پیاوچاكــان دوای مردنیان ئەوە شیركت كردوەو حەجەكەت لێ قبــوڵ ناكرێت, چونكە شیرك هەموو كردەوەكانـت لێ هەڵدەوەشێنێتەوە, وە لە زەرەرمەندان دەبیــت و تەنها ماندووبونت بۆ دەمێنێتەوە لەحەجەكەت وەك خوای گەورە فەرموویەتی :[ لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَيَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ] (الزمر:65). ئەو كاتە حاڵت وەكـو حاڵی ئەو موشریكانەی لێ دێت كەپێش پێغەمبەر حەجیان دەكردو شیركیشیان بۆ خوا دادەنا بەناوی واسیتەو شەفاعەتكار دانانەوە, وە لە تەلبیەی حەجدا دەیان وت: ( لبَّيك اللهم لبَّيك, لبَّيك لاشريك لك لبَّيك, إلا شريكا تملكه وماملك) .
واتە موشریكەكان دەیان ووت: وەڵامی تۆ دەدەینەوە ئەی پەروەردگار بۆ حەج، وە تۆ هیچ شەریكــت نیە تەنها شەریكێك نەبێت كە ئەویش هەر موڵكـی خۆتەو لە تۆ نزیكە بۆیە ئیمە دەیكەینە واســیتەی خۆمان بۆ نزیكبوونەوە لە تۆ وە شەفاعەت كردن بۆمان لای تۆ بەڵام تۆی موسوڵمانی تەنها خــــوا پەرست بەدەم وە كو موشریكەكان ناڵێیت: ( لاشريك لك إلا شريكا تملكة وماملك ) كەواتە بەئیعتیقادیش شەریكی بۆ دامەنێ و ئیعتیقادت بەغەیری خوا نەبێت و بەدەمیش هـاوار مەكە غەیری خوا بەكردەوە شەریك بۆ خوا دامەنــێ و بەناوی ( واسیتە ) و(شەفاعەت ) و ( وەسیلە ) و ( تــــەبەڕوك )! كەواتە برای حاجی بە بیروباوەڕێـكی خاڵیسو تەنها خواپەرست و ڕوو لە خواو ئیعتیقاد بوو بە خواو , بە دەنگی بەرز بەردەوام دوای ئیحرام خوا بە تەنها و بێ شەریك دابنێ وبڵێ: ( لبَّيك اللهم لبَّيك, لبَّيك لا شريك لك لبَّيك إن الحمد والنعمة لك والملك, لا شريك لك ) وە سوننەتە بەدەنگی زۆر بەرز ئەم تەلبیە بكات و تەلبیەكردن لە ( شعائر الحج )ە وە كە گەیشتە شاری مەككەو ماڵەكان وە دەركەوتن كۆتایی دێنێت بـە تەلبیەكردن .
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سود وەرگیراوە لە كتێبی : (حـــەج و عــومـره فەزڵ و چۆنیەتى و حوكمەكانى بە گوێرەی بەڵگەكانی قورئان و سوننەت ) له نوسینى بەڕێز (دکتۆ عبداللطیف أحمد)

سەردان: ٧,٢٥٦ بەش: حەج و عومرە