حیكمەت چیە لە سەفەری مەدینە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حیكمەت چیە لە سەفەری مەدینە؟

بسم الله الرحمن الرحیم سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

سوننەتە سەفەر بكەی بۆ شاری مەدینە لەبەر خاتری مزگەوتی پێغەمبەرى خوا , چونكە یەك نوێژ لەو مزگەوتەدا خێری هەزار نوێژی هەیە، بەڵام دروست نیە بەتایبەت بە نیەتی زیارەتی قەبری پێغەمبەرى خوا و هاوەڵانی سەفەری مەدینە بكەیت, چونكە سەفەر بۆ مزگەوتەكەیەتی نەك بۆ قەبرەكەی. بەڵام كە لەبەر مزگەوتەكەی سەفەرت كرد ئەو كاتە دوای دوو رەكعەت سوننەتی ( تحیە المسجد ) ( یان دوای نوێژی فەرز كە قامەتی بۆكرابوو )، دەچیت بۆزیارەتی قەبری پێغەمبەرى خوا وە هەروەها قەبری أبوبكرو عمر (ڕەزای خوایان لێ بێت) وە سەلامیان لێ دەكەیت، بەڵام وریابە لە هاوار لێ كردنیان و داوای یارمەتی و شەفاعەت كردن لێیان و سوڕانەوە بە دەوریانداو دەست لەسەر دەست دانان كاتی ڕاوەستان بەرامبەریان وەك لە نوێژدا ڕادەوەستیت. وە بە تایبەت ڕوو مەكە ئەوان لەكاتی نوێژو دوعا، وە پاڵە پەستۆ دروست مەكەو خەڵكی ئەزیەت مەدە لە دەوری قەبرەكەو لە ڕەوزە ( نێوان ژوریپێغەمبەرى خوا و مینبەرەكەی )، وە نوێژی ڕەوزە هیچ تایبەت مەندیەكی تێدا نیەو خێرتر نیە لە نوێژی شوێنێكی تری مزگەوت، بەڵكو هەوڵبدە لە ڕیزی پێشەوە نوێژەكەت لەگەڵ جەماعەت بكە، ئەوا خێرترە. وە كە چویتە دەرەوەی مزگەوت پاشەو پاش و ڕوو لەقەبر مەچۆرە دەرەوە ، بەڵكو بەئاسایی خۆت قاچی چەپت پێش بخەو بڵێ: ( اللهم صلِّ علی محمد ، اللهم إنی أسألك من فضلک). وە وریابە لەمزگەوتی پێغەمبەر دەنگ بەرز نەكەیتەوە، وە دەست بە پەنجەرەو دیواری ژورەكەدا مەهێنە بۆ بەرەكەت.
وە بازیاتر مانەوەكەت لە مەككە بێت نەك لە مەدینە, چونكە نوێژێكی مزگەوتی مەككە ( المسجد الحرام ) بە سەد هەزار نوێژ هەیە.
وە ئەو حەدیسە ڕاست نیە كە دەڵێت: هە كەسێك چل نوێژ لە مزگەوتی پێغەمبەرى خوا بكات ئەوە ڕزگاری دەبێت لە نیفاق و لە عەزاب. وە دروست نیە بەهۆی ئەم حەدیسە لاوازە هەفتەیەك خۆت بهێڵیتەوە لە مەدینە!!.
وە حەج و عومرە هیچ پەیوەندیەكیان نیە بەشاری مەدینەو قەبری پێغەمبەرى خوا , بۆیە هەر كەسێك سەفەر نەكات بۆ مەدینە حەجەكەی هیچ زیانی لێ ناكەوێت. وە ئەو حەدیسەی كە دەگێڕنەوە دەڵێت: هەر كەسێك حەج بكات و زیارەتی قەبری من نەكات ئەوە لێم دوور كەوتۆتەوەو حەقی بەجێ نەگەیاندوم. حەدیسێكی درۆو هەڵبەستراوە. وە هەروەها پێغەمبەرى خوا خۆیشی دەچوو بۆ مەككە!.
كەواتە وا مەزانە كە حەج بەبێ چوون بۆ مەدینە تەواو نابێت، یان حەج بۆ ئەوەیە زیارەتی قەبری پێغەمبەرى خوا بكەیت، نەخێر حەج هەر بووە پێش پێغەمبەریش .
وە ئەو كەسەی دەچێتە مەدینە سوننەتە كە بەدەست نوێژەوە بچێت بۆ مزگەوتی ( قوباء ) وە دوو ڕەكعەت سوننەتی تێدا بكات. چونكە ئەوە پاداشتی عومرەیەكی هەیە.
وە سوننەتە بۆ ئەو كەسەی چووە بۆ مەدینە زیارەتی قەبرستانی ( بەقیع ) و قەبرستانی شەهیدەكانی كێوی ئوحد بكات بۆ ئەوەی مردنی بێتەوە یادو پەندو ئامۆژگاری وەربگرێت كە دەبینێت ئەم هاوەڵە بەڕێزە خۆشەویستانەش مردوون و دونیایان بەجێ هێشت دوای خزمەتێكی زۆر بە ئیسلام و تێكۆشانێكی زۆر.
بەڵام دروست نیە شتێكی سەر قەبرەكانیان بەبەرەكەت هەڵبگریت، نە گڵ و نە بەرد ، وە سەلامیان لێ بكەو دوعایان بۆ بكە نەك داوایان لێ بكەیت و بیان كەیتە واسیتەو شەفاعەت كار ، چونكە ئەوە شیركە.
وە سوننەت نیە زیارەتی هیچ شوێنێكی تر بكەیت لە مەدینە، وەك ئەو حەوت مزگەوتەی كە نزیك ڕووداوی خەندەق، وە هەروەها مزگەوتی دوو قیبلە ( قبلتین ) و كێوی ئوحد... وە چون بۆ زیارەتی ئەم شوێنانە بە تایبەت هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نیەو كارێكی داهێنراوەو ماندووبوون و مەسرەفێكی بێ سودە.

سەردان: ٣,٠٠٢ بەش: ئادابەکانى شارى مەدینە