وەك زانراوە سەعی نێوان صەفا و مەروە واجبە لە صەفاوە دەست پێ بكرێ بەڵام ئەگەر كەسێك لە مەروەوە دەستی پێكردووە لەبری صەفا حوكمی چیە؟
الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله، وبعد:
واجب لەسەر ئەو كەسەی كە سەعی نێوان صەفا و مەروە دەكات ئەوەیە كە بەوە دەست پێبكات كە خوا و پێغەمبەرەكەی ﷺ دەستی پێكردووە، وەكو فەرموویەتی: (إِنَّ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ مِنْ شَعَائِرِ اللَّهِ فَمَنْ حَجَّ الْبَيْتَ أَوِ اعْتَمَرَ فَلا جُنَاحَ عَلَيْهِ أَنْ يَطَّوَّفَ بِهِمَا وَمَنْ تَطَوَّعَ خَيْراً فَإِنَّ اللَّهَ شَاكِرٌ عَلِيمٌ )البقرة / 158 .
وە پێغەمبەری خوایش ﷺ لە سەعیەكەیدا بە صەفا دەستی پێكردووە و فەرموویەتی: (أَبْدَأُ بِمَا بَدَأَ اللَّهُ بِهِ ) واتە: بەوە دەست پێدەكەم كە خوا دەستی پێكردووە سەرەتا.
وە وتەی پەسەند ئەوەیە كە ڕیزبەندی لەنێوانیاندا واجبە، بۆیە ئەو كەسەی كە سەرەتا بە مەروە دەستی پێكرد، ئەوا یەكەم هاتووچۆی بۆ هەژمار ناكرێت و دەبێت یەك جاری تر هاتوچۆی زیادە بكات.
شێخ محمد الأمين الشنقيطي دەڵێت:
ئەوە بزانە كە زۆرینەی زانایان ڕیزبەندی لەكاتی سەعیدا بەمەرج دەگرن، ئەویش ئەوەیە كە بە صەفا دەست پێبكات و بە مەروە كۆتایی پێ بێت، بۆیە ئەگەر بە مەروە دەستی پێكرد ئەوا ئەو جارە هەژمار ناكرێت و دەبێـت یەك جاری تری بۆ زیاد بكات، ئەو زانایانەشی كە وایان وتووە: مالك ، والشافعي ، وأحمد ، وأصحابهم ، والحسن البصري ، والأوزاعي ، وداود ، وجمهور العلماء .