ئایا ئەو بابەت و حوکمە شەرعییانە چین کە پێویستە ئافرەتى موسڵمان لە مانگی ڕەمەزان بیزانێت؟
ئەمە چەند ڕونكردنەوەیەكی كورتە دەربارەی هەندێك بابەتی تایبەت بە ئافرەتان كە پێویستییانە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا یان لە پێش ڕەمەزان یان لە دوای ڕەمەزان، وە ئەم باسانە ئافرەتان پرسیاری دەكەنو دوبارە دەبێتەوە، وە بە كورتی باسم كردووە، تاوەكو ئاسان بێت إن شاء الله، وە خوای گەورە -سُبحانَهُ وتعالی- تەنها خۆی دەتوانێت سود بگەیەنێت پێی.
بۆیە لە سەرەتادا دەڵێم: زانراوە كە ڕۆژووگرتن خۆگرتنەوەیە لەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەكەنەوە بەهەموو جۆرەكانییەوە، لە دەرچوونی فەجری ڕاستگۆ، تا خۆرئاوابوون، وە دیارنەمانی قورصی خۆر، وە لەم نێوانەدا هەندێك بابەت پەیوەندی بە ئافرەتانەوە هەیە حوكمدان تێیدا زۆر ڕوون نییە بۆیان، جا ئایە ئەمە دەچێتە ژێرئەوەی ڕۆژووەكەی بەتاڵ دەبێتەوە یان نا؟ بۆیە باسكردنی ئەم بابەتانە پشتیوان بە خوای گەورە دەبێتە هۆكاری ئەوەی بەرچاو ڕوونی زیاتر بدات بە ئافرەتان لەو بابەتانە.
بابەتی یەكەم: ئەوەی لەم بابەتەدا باس دەكرێت ئەوەیە كە: زانایان خیلافیان هەیە لەسەر بینینی مانگی یەك شەوەی ڕەمەزان لەلایەن ئافرەتەوە، ئەوەی ئاشكرابێت لە وتەی زانایان ئەوەیە: ئەگەر ئافرەت مانگ ببینێت شایەتیدانەكەی وەردەگیرێت، ئەمە وتەی أبو حنیفەیە وە حەنبەلییەكانیش كاری پێدەكەن، وە لای شافعییەكانیش، وە بەڵگەشیان ئەوەیە ئەمە حوكمێكی شەرعییەو جێی دەبێتەوە لە بواری شایەتیدان، وە شایەتیدانی ئافرەتیش وەردەگیرێت ئەگەر عوزرێك نەبێت، یان بەڵگەیەك یان گومانێك نەبێت لەسەر بەتاڵێتی شایەتیدانەكەی.
بابەتی دووەم: هەر ئافرەتێك ڕۆژووی قەرزی لەسەربوو وە ڕۆژووەكانی نەگرتەوە تا نیوەی شەعبان، ئەوا دەتوانێت بەڕۆژوو بێت، وە ئەمە ناچێتە ژێر ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا ﷺ كە فەرموویەتی: "كاتێك گەیشتە نیوەی شەعبان بەڕۆژوو مەبن". حديث صحيح: أخرجه أبو داود. سنن أبي داود (2337).
لەبەر ئەوەی ڕۆژووی قەرزە، وە واجبێكەو حەقێكە لەسەری دەبێت بیگرێتەوە، پێش ئەوەی ڕەمەزانێكی تر بێتەوە.
بابەتی سێ یەم: هەر ئافرەتێك ڕۆژووی لەسەربێتو نەیگرێتەوە تا ڕەمەزانێكی تر دێت، ئەوا لە دوو حاڵەت تێناپەڕێت:
یەكەم: ڕۆژووەكەی نەگرتووەتەوە لەبەر هۆكارێكی شەرعی:
ئافرەتێك ڕۆژووەكەی شكاندووە لە ڕەمەزاندا وە ڕۆژووەكەی نەگرتووەتەوە تا ڕەمەزانێكی تر هاتووەتەوە، ئەوا لە دوو حاڵەت تێناپەڕێت: یەكەم: هۆكارێكی شەرعی وەكو نەخۆشی، یان شیردان بە منداڵا، یان سكپڕی، یان سەفەر، ئەوا بەڕۆژوو دەبێت پێش ئەو ڕەمەزانەو كەفارەتی لەسەرنییە.
حاڵەتی دووەم: ڕۆژووەكەی نەگرتووەتەوە بەبێ هۆكارێكی شەرعی:
ئەوا كەفارەتی دەكەوێتە سەر بەهۆی دواخستنی، هەروەكو چۆن ابن عباسو ابن عمر،و أبو هورەیرە (ڕەزای خوایان لێبێت) فەتوایان لەسەرداوە، ئەو كەفارەتەیش خواردنی هەژارێكە بۆ هەر ڕۆژێك، وە واجبە لەسەری لە دوای ڕەمەزان ئەو قەرزانەی بگرێتەوە.
بابەتی چوارەم: زانایان یەكدەنگن كە ئافرەتێك لە سوڕی مانگانەو زەیستانیدا بوو ئەوا ڕۆژووی لەسەر نیەو نوێژیش ناكات، وە دروستیش نیە ڕۆژوو بگرێتو نوێژ بكات، لەبەر فەرموودەی پێغەمبەری خوا ﷺ: "ئایە نازانیت كاتێك كە ئافرەت كەوتە سوڕی مانگانە نوێژ ناكاتو ڕۆژوو ناگرێت" أخرجه البخاري. (304).
بۆیە دروست نیە بۆ ئافرەتێك كە لە سوڕی مانگانەو زەیستانیدا بێت ڕۆژوو بگرێت یان نوێژ بكات، وە تاوانبار دەبێت ئەگەر ئەنجامی بدات.
بابەتی پێنجەم: ئافرەتێك لە شەوی ڕەمەزاندا لە سوڕی مانگانەدا بێت پاشان پاك ببێتەوە لە بەیانییەكەیدا، ئایە ئەو ڕۆژە بەڕۆژوو دەبێت یان نا؟ بۆ نموونە: ئەگەر پاكبووەوە لە نیوەڕۆ ئایە خۆی دەگرێتەوە لە خواردنو خواردنەوە تا ئێوارە؟
ڕاستترین وتە لە وتەی زانایان ئەوەیە كە خۆی ناگرێتەوە لە خواردنو خواردنەوە، كە ئەمە مەزهەبی مالكیو شافعی یە (ڕەحمەتی خوایان لێبێت) وە بەڵگەشیان ئەوەیە لە بنچینەدا ئەستۆی پاكەو تەكلیفی لەسەر نییە، مادەم كە دەبێت ئەو ڕۆژە بگرێتەوە، ئیتر چۆن دەبێت دەست هەڵبگرێتو ئەو نیو ڕۆژە بەڕۆژوو بێت، وە ئەوانەی دەڵێن: دەست دەگرێتەوەو بەڕۆژوو دەبێت دەڵێن: لەبەر ڕێزی ئەو مانگەیە، بەڵام ڕاست ئەوەیە كە بەڕۆژوو نابێت، وە تەكلیف ناكەوێتە سەریو دەست بگرێتەوە لە خواردنو خواردنەوە كە ئەمە حوكمێكی زیادەیەو پێویستی بە بەڵگەیە، وە لەسەردەمی پێغەمبەری خوا ﷺ زۆربووە ئەگەر حوكمێك هەبووایە لەسەری ئەوا پێغەمبەری خوا ﷺ ئاگاداری دەدا.
بابەتی شەشەم: ئەگەر ئافرەتێك لە ڕۆژی ڕەمەزاندا كەوتە سوڕی مانگانەوە بە چەند دەقیقەیەك پێش خۆرئاوابوون، ئەوا ڕۆژووەكەی بەتاڵ دەبێتەوە بە یەكدەنگی زانایان، وە دەبێت ئەو ڕۆژە بگرێتەوە.
بابەتی حەوتەم: جیماع كردن لە ڕۆژدا لە مانگی ڕەمەزان ئەوا ڕۆژووەكە بەتاڵا دەكاتەوە، بە یەكدەنگی زانایان، بەهەمان شێوە كەسێك مەنی خۆی بێنێتەوە بە هەر شێوەیەك ئەوا ڕۆژووەكەی بەتاڵە، كە ئەمەش زانایان كۆ دەنگن لەسەری، وە قسەی ئەو كەسەش وەرناگیرێت كە پێچەوانەی ئەمە بڵێ چونكە پێچەوانەی ئیجماعی كردووە، ئەوەی كە جیماع دەكات بە ئەنقەست ئەوا كەفارەتێكی قورس دەكەوێتە سەری، ئەویش ئازادكردنی كۆیلەیەكە یان دوو مانگ بەڕۆژوو دەبێت لەسەر یەك، یان خواردنی شەست فەقیر بدات، لەسەر ئەو تەرتیبەی كە باسكرا.
وە خیلاف هەیە لە نێوان زانایان ئایە ئافرەتەكەش كەفارەت دەكەوێتە سەری یان نا؟ یاخود تەنها كەفارەتەكە لەسەر پیاوە بەتەنها؟ ئەوەی ئاشكرابێت لە وتەی زانایان كەفارەت تەنها لەسەر پیاوەو لەسەر ئافرەتەكە نیە، ئەگەرچی پتەوتر ئەوەیە كە ئافرەتەكەش كەفارەت بدات لەبەر بوونی بەهێزی بەڵگە، وە لەبەر ئەو خیلافە بەهێزەی لە نێوان زانایان هەیە.
كەفارەت ناكەوێتە سەر ئافرەتەكە، وەكو ڕوداوی (سەلمەی كوڕی صەخر - صحیح البخاری (1834)). -وەرگێڕ-.
بابەتی هەشتەم: هەر پیاوێك زۆر لە خێزانەكەی بكات بۆ جیماع كردن وە ئافرەتەكە نەتوانێت بەرگری لە خۆی بكات، ئەوا نە ڕۆژووەكە دەگرێتەوە وە نەكەفارەتیشی لەسەرە كە ئەمە ڕاستترو تەواوترە لە وتەی زانایان، وە ئەمە مەزهەبی شافعیو أبی پورو ابن المنژرو وە وتەیەكی ئیمامی ئەحمەدە (ڕەحمەتی خوایان لێبێت) خوای گەورەش لە قورئاندا فەرموویەتی: [رَبَّنَا لَا تُؤَاخِذْنَا إِنْ نَسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا] [البقرة: 286]. واتە: ئەی پەروەردگار هەر شتێك كە لەبیرمان كرد یان بەهەڵە كردمان تۆ لێمان مەگرە وە سزامان مەدە لەسەری. وە پێغەمبەری خواش ﷺ فەرموویەتی: "خوای گەورە لەسەر ئوممەتەكەمی هەڵگرتووە: هەڵە، وە لەبیرچوون، وە ئەوەی كە بەزۆر پێی بكرێت".
حديث صحيح: أخرجه ابن ماجة. سنن ابن ماجة (2045).
بابەتی نۆیەم: ئەگەر كەسێك لەگەڵ خێزانی جیماعی كردو وا گومانی برد كە هێشتا فەجری بەیانی دەرنەچووە، پاشان بۆی دەربكەوێت كە فەجر دەرچووە، ئەوا قەزاكردنەوەی لەسەر نیە، وە كەفارەتیشی لەسەر نییە كە ئەمەش مەزهەبی شافعییە (ڕەحمەتی خوای لێبێت)، لەبەرئەوەی لە بنچینەدا هێشتا شەو تەواو نەبووە.
بابەتی دەیەم: ئەگەر -جیماع-یان كرد وە هەردووكیان وا گومانیان برد خۆر ئاوابووە، دوایی بۆیان ڕوون بووەوە خۆر ئاوا نەبووە ئەوا دەبێت ئەو ڕۆژە قەزا بكەنەوە، بەڵام كەفارەتیان لەسەرنییە، لەبەرئەوەی لە بنچینەدا هێشتا ڕۆژ تەواو نەبووە، كە وتمان كەفارەتیان لەسەرنییە؛ لەبەرئەوەی عوزریان هەیە چونكە بە دەستی ئەنقەست نەیان ویستووە بێڕێزی بكەن بەرامبەر ئەو مانگە، ئەمە ئاشكراترە، واللهُ أَعلم.
بابەتی یانزە: ئەگەر ئافرەتێك هەستی بە ئازاری سوڕی مانگانەكەی كرد لە ڕۆژدا، ئەوا بەردەوام دەبێت لەسەر ڕۆژووەكەی، هەرچەندە ئازارەكەی زیاد بكات، لەبەرئەوەی هێشتا نەكەوتووەتە سوڕی مانگانەوە، یان خوێنی نەبینیوە.
بابەتی دوانزە: ئەگەر ئافرەت پێش دەركەوتنی فەجر لە سوڕی مانگانە پاك بووەوەو خۆشوشتنەكەی خستە دوای دەركەوتنی فەجر، ئەوا ڕۆژووەكەی دروستە، وە ئەمە قیاس دەكرێتە سەر لەشگرانی، لەبەرئەوەی پێغەمبەری خوا ﷺ لەشگران دەبوو لە شەوداو دەخەوت، پاشان دوای فەجر (پێش نوێژی بەیانی) خۆی دەشوشتو غوسڵی دەردەكرد.
بابەتی سیانزە: ئەگەر كەسێك ڕۆژووی شكاند لە ناو مانگی ڕەمەزان لەبەر عوزرێكی شەرعی پاشان چووە ناو مانگی شەوال، ئایە بۆی هەیە سوننەتەكە بگرێت پێش ڕۆژووە قەرزەكەی یان دروست نییە بۆی؟
زانایان خیلافیان هەیە، پەسەندترو پتەوتر ئەوەیە كە واجبەكە دەگرێت پێش ڕۆژووە سوننەتەكە، واجب پێش دەخرێت بەسەر سوننەتدا لەگەڵ بوونی توانا.
بابەتی چواردە: ئەگەر ئافرەتێك ڕۆژووی نەگرت بەهۆی شیرپێدانی بە منداڵ یان سكپڕی، وتەی تەواوی زانایان ئەوەیە كە ویستی خۆیەتی ڕۆژووەكە دەگرێتەوە یان خواردن دەدات بە فەقیر كە بۆ هەر ڕۆژێك خواردنی فەقیرێكە، وە بەڵگەش لەسەر ئەوە فەتوای ابن عباس و ابن عمر (ڕەزای خوایان لێبێت) وە هیچ صەحابەیەكی تر ( ڕەزای خوایان لێبێت) پێچەوانەی ئەمەیان نەوتووە.
بابەتی پانزە: دروستە بۆ ژن و مێرد ماچی یەكتر بكەن لە كاتی بەڕۆژووبوون بەڵام ئەمین بن لەوەى نەگاتە جماع و ئاو هاتنەوە، زیان نەدات لە ڕۆژووەكەیان، كە ئەمە لە فەرموودەی دایكی باوەڕداران عائیشە (ڕەزای خوای لێبێت) باسی پێغەمبەری خوا ﷺ دەكات دەفەرمووێت: " پێغەمبەری خوا ﷺ لە خێزانەكانی نزیك بووتەوە لە كاتی بەڕۆژوو بوونیدا" (*) مەبەست پێی بەریەك كەوتنو دەست لە یەكدانە.
بابەتی شانزە: كاتێك ئافرەتێك پاك بووەوە لە زەیستانی پێش چل ڕۆژ لە مانگی ڕەمەزان، ئەوا دەبێت بەڕۆژوو بێت؛ لەبەرئەوەی پەندوەرگرتن بە كۆتایی هاتنە بە خوێنەكە، بۆیە واجبە بەڕۆژوو بێت، بەڵام ئەگەر خوێن بەردەوام بوو لەسەروی چل ڕۆژەوە، لە ناو مانگی ڕەمەزان؛ ئەوا واجبە خۆی بشوات لە چل ڕۆژەكە، لەبەر وتەی ئوم سەلەمە (ڕەزای خوای لێبێت) لەسەر ئەمە، چونكە چل ڕۆژ كۆتایی زەیستانی یەو لەوە زیاتر نیە.
بابەتی حەڤدە: بەكارهێنانی كلو بۆنو بخورو ئەوانەی بۆ جوانكاری بەكاردێت ڕۆژوو بەتاڵ ناكەنەوە لەسەر وتەی تەواو؛ لەبەر ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی ڕاست لەسەری نەهاتووە كە ڕۆژوو بەتاڵ بكاتەوە، وە بەكارهێنانی كل دەكرێتە چاو نەك لە شوێنێك بكرێت كە شوێنی خواردن بێت.
بابەتی هەژدە: ئافرەتان بەزۆری پشكنینی بۆریچكەی مناڵان (فحص داخلى) ئەنجام دەدەن، وە ئەمە لەسەر وتەی تەواو ئەوەیە كە ڕۆژوو ناشكێنێت وە كاریگەری نییە لەسەر ڕۆژووەكەی، لەبەرئەوەی ئەمە وەكو جیماع نییە.
بابەتی نۆزدە: دروستە بۆ ئافرەت كە تامی خواردن بكات بێئەوەی بچێتە قوڕگی یەوە، چونكە كە گەیشتە قوڕگی ئەوا ڕۆژووەكەی بەتاڵ دەبێتەوە، وە بەڵگەش لەسەر ئەوەی تامكردنی خواردن ڕۆژوو ناشكێنێت وەكو ئاو لە دەم وەردانو لوت وەردانە لە كاتی دەستنوێژدا؛ چونكە ئەوانە ڕۆژوو ناشكێنن.
بابەتی بیست: كەڕاهەتی هەیە كە ئافرەت دەرمان بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی توشی سوڕی مانگانە نەبێت تا ڕۆژووەكەی بگرێت، ئەگەر ئەوەی كرد ڕۆژووەكەی تەواوە، ئەگەر خوێن نەبینێت، وە هیچی لەسەر نیە.
ئەم بابەتانەم باس كرد بە كورتی كە تایبەتە بە ئافرەتی موسڵمانەوە لە مانگی ڕەمەزان.
داوا دەكەم لە خوای گەورە سود بە ئافرەتانی موسڵمانان بگەیەنێت وە سودەكەی بۆ هەمووان بێت، خوای گەورە بەخشندەو خاوەن چاكەیە.
(*) أخرجه مسلم. عَنْ عَائِشَةَ رضي الله عنها قَالَتْ : " كَانَ النَّبِيُّ ﷺ يُقَبِّلُ وَيُبَاشِرُ وَهُوَ صَائِمٌ وَكَانَ أَمْلَكَكُمْ لِإِرْبِهِ" .رواه البخاري (1927) ، ومسلم (1106).
واتە: پێغەمبەری خوا ﷺ ماچی خێزانەكانی دەكردو بەڕۆژووش بوو، وە لێیان نزیك دەبووەوەو بەڕۆژوو بوو، بەڵام لە هەمووتان زیاتر توانای هەبوو بەسەر خۆیدا.
بەڵام كەراهەتی هەیە بۆ كەسێك بترسێت لە خۆی كە توشی جیماع ببێت یان ئاوی بێتەوە. وە وتراوە: بە هەموو شێوەیەك كەراهەتی هەیەو نابێت ئەوەی پێغەمبەری خوا ﷺ بكرێتە قیاس، چونكە توانای هەبووە بەسەر خۆیدا. (مرقاة المفاتيح شرح مشكاة المفاتيح: رقم الحديث: (2000)). (وەرگێڕ).
نوسینى : الشیخ حامد بن خمیس الجنیبی
وەرگێڕانی : هشام لطیف البرزنجی
پێداچونەوەى : مامۆستا صلاح الدین عبدالکریم