ئەمەوێ بە کورتى باسی حوکم و ئادابەکانى زەکاتم بۆ بکەن
بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان
ئەوەى گرنگ بێت تۆی موسڵمان بیزانیت سەبارەت بە زەکات بەکورتى بۆت باس دەکەین بە هیواى ئەوەى سودی لێ ببینی و شارەزا بیت لێی :
۱. زەكات فەرزە و یەكێكە لە پێنج پایەكەی ئیسلام و هەرکەس باوەڕی پێی نەبێت بێباوەڕ دەبێت .
۲. ئەو کەسەى زەکات نەدات ماڵ و سامانەکەى لە دۆزەخدا دەکرێتە پلێت و سور دەکرێت و لاشەی پێ داخ دەکرێت .
۳. زەکات دان ناخ و دەرونت پاک دەکاتەوە ، فێری بەخشندەییت دەکات ، بەرەكەتیش دەخاتە ماڵ و سامانتەوە .
٤. زەکات واجب دەبێت لە دانەوێڵە و بەروبووم ، وشتر و مانگاو مەڕ و بزن ، زێـڕ و زیـو یان ئەوەی شوێنیان دەگرێتەوە لە پارەی وشك ، و ئەو شتەش بارزگانی پێوە دەكرێ و ئامادەیە بۆ فرۆشتن.
٥. زەکات بەچەند کۆمەڵێک دەدرێ لەوانە فەقیر و نەدارەکان وە باشتر وایە بدرێت بەو فەقیرو نەدارانەی کە خزمن.
٦. دروست نییە زەكات بدرێت بەو كەسانەی كە نەفەقەیان لەسەر ئەمە بەڵكو لەماڵی خۆی بەشیان دەدات.
٧. دروست نیە زەكات بدرێت بە دایک و باوک ، هەروەها نابێت دایک و باوک زەکات بدات بە منداڵی خۆی .
٨. هەر كەسێك قەرزی لای كەسێكی هەژار بوو ، و خستیە بەر زەكات ئەوا دروست نیە ، وە یان بڵێ زەكاتت دەدەمێ بەو مەرجەی تۆش قەرزەكەم بدەیتەوە ئەمە بە زەكات حساب نی یە و دروست نیە .
٩. زەکاتی کرێی خانو و دوکان و زەوی و سەیارە .... گەر کرێکەى کۆکرایەوە و گەشتە حەدی زەکات و ساڵی بەسەردا ڕۆشت ئەوا زەکاتى دەدەی ، بەڵام گەر مانگانە کرێکەت سەرف کرد ئەوا هیچ زەکاتی تێدا نیە .
١٠. گەر کەسێک پارەى دانابێ ژن بێنێ یان خانوو بکڕێ یان سەیارە یان هەر کارێکی تر ئەوا دەبێت زەکاتەکەی بدات مادام گەشتبێتە حەدی زەکات و ساڵی بەسەردا ڕۆشتبێ .
١١. هەر کەس پارەى لەماڵدا هەبێت و لەو لاشەوە قەرزار بێ ئەوا دەبێ زەکاتى پارەکەى بدات مادام گەشتبێتە حەدی زەکات و ساڵی بەسەردا ڕۆشتبێ و بەنیاز نەبێ جارێ قەرزەکە بداتەوە ، واتە : کە ئامادە نیە قەرزەکە بداتەوە دەبێ زەکاتەکەى بدات .
١٢. زەكات لە ساڵی دووەمی كۆچی فەرزكراوە, وە خوای گەورە شان بەشانی نـوێـژ لە (٨٢) شوێندا لە قورئاندا باسی كردووە, وە ناویشی ناوە زەكات لەبەر ئەوەی نەفس و ماڵ پاك دەكاتەوە و گەشەی پێ دەكات
١٣. زەكاتی پارەیەك كە دراوە بە قەرز: ئەمە دەبێت بە دوو بەشەوە :
یەكەم : قەرزێك كە لە لای كەسێكە توانای دانەوەیی هەیە و ئومێدی دانەوەشی دەكەیت : ئەوا ئەم پارە و ماڵە دەبێت (خاوەن پارە و سامانەكە) زەكاتەكەی بدات بۆ هەموو ساڵێك .
دووەم : قەرزێك لە لای كەسێكە توانای دانەوەیی نییە چونكە نەدار و دەست كورتە یان لە لای كەسێكی قەرز كوێرە و ئومێدی دانەوەی ناكەیت : ئەوا ئەم پارە و ماڵە زەكاتی تێدا نییە هەتا قەرزەكەی وەرنەگرێتەوە. جا كە وەری گرتەوە زەكاتی یەك ساڵی لێ دەدا.
١٣. زەكاتی ئاڵتون : هەر كەسێك (19.5) نۆزدە مسقاڵ و نیو ئاڵتونی عیار (21) ی هەبێ ، و ساڵی بەسەردا ڕۆشتبـێ بەم شێوەیە زەكاتەی دەدەی :
بۆ دەركردنی زەكاتەكە پرسیار لەزێرنگەر دەكەی و بڕی مسقاڵەكان و عیارەكەی پێ دەڵێی پاشان ئەویش چەندی پێ وتی ئەوا پارەكە گشتی دابەشی (40) بكە رێژەی دەركردنی زەكاتەكەت بۆ دەردەكەوێت .
واتە بۆ نمونە ئەگەر وتی ئاڵتونەكانی تۆ بایی بیست ملیۆنە ئەو كاتە (500) هەزار زەكاتی دەدەی واتە لە هەر یەك ملیۆن (25) هەزار دەدەی بە زەكات .
١٤. زەكاتی پارە: هەركەسێك ئەوەندە پارەی هەبێ لە ماڵدا كە بتوانێ (19.5) نۆزدە مسقاڵ و نیو ئاڵتونی عیار (21) ی پێ بكڕێ ئەوا دەبێت زەكاتەكەی بدات كە بۆ هەر ملیۆنێك (25) هەزار زەكاتەكەیەتی .
تێبینی : لە یەك دەفتەر دۆلار دوو وەرەقە و نیو زەكاتی تێدایە .
١٥. زەكاتی زەوی : هەر زەویەك بۆ كڕین و فرۆشتن و قازانج و بازرگانی كڕیبێتت ئەوا زەكاتی تێدایە .
