(10) خاڵی گرنگ سەبارەت بە چۆنێتی نوێژى جەژن و هەندێ لە حوکم و ئادابەکانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
(10) خاڵی گرنگ سەبارەت بە چۆنێتی نوێژى جەژن و هەندێ لە حوکم و ئادابەکانى
پرسیار:

ئایا نوێژى جەژن چۆن دەکرێ و ئادابەکانى کامانەن؟

1. نوێژی جەژن دوو ڕکاتە و بەم شێوەیە ئەنجام دەدرێت :
دواى (الله أكبر)ە نوێژ دابەستن و پێش خوێندنى سورەتى فاتحیە حەوت (الله أكبر) دەکرێت پاشان سورەتی فاتیحە دەخوێنرێت پاشان سورەتێکی تر دەخوێنرێت.
لە ڕکاتی دووەم لە پاش (الله أكبر)ی هەستانەوە و پێش خوێندنى سورەتى فاتحیە پێنج (الله أكبر) دەکرێت پاشان سورەتی فاتیحە دەخوێنرێت پاشان سورەتێکی تر دەخوێنرێت.
2. لە پێغەمبەری خواوە ﷺ هیچ نەهاتووە کە لەنێوان (الله أكبر)ەکان هیچ زیکرێکی کردبێ ، بەڵام لە ئیبنو مەسعودەوە هاتووە (ڕەزای خوای لێبێت) لە بەینی هەموو (الله أكبر)ەکان (سبحان الله) و (الحمد لله) و تەسبیحاتى کردوە.
3. پێغەمبەری خوا ﷺ لە ڕکاتی یەکەم لە دواى سورەتى فاتیحە سورەتى "سبح اسم ربك الأعلى"ى دەخوێند، وە ڕکاتی دووەم لە دوای سورەتی فاتیحە "هل أتاك حديث الغاشية"ی دەخوێند.
4. ئەگەر نوێژخوێن چەند تەکبیرەیەك فريای نەکەوت، ئەوا پێویست بە قەزا کردنەوەی ناکات و وەکو ئیمام دەکات ئەوەنەی فریاکەوت ئەوەندە دەخوێنێت، ئەگەر ڕکاتێکی لە دەست چوو ئەو ڕکاتە قەزا دەکاتەوە بەشێوەی نوێژی جەژن.
5. نوێژی جەژن بانگ و قامەتی نیە ، و  نوێژی سوننەتیش نییە لە پێش و پاشی .
6. ئیمام سەرەتا دەست دەکات بە نوێژ پاشان وتار دەخوێنێت.
7. سوننەتە دانیشت بۆ وتار و گوێگرتن وه‌ بێدەنگ بوون.
8. ئەوەی نوێژی جەژنی لە دەست بچێت دروستە قەزای بکاتەوە، بەشێوەی نوێژی جەژن.
 9. هەرکەسێك هات و فریای نوێژەکە نەکەوت وە ئیمام وتاری دەخوێند با دابنیشێت گوێ لە وتارەکە بگرێت پاشان نوێژی جەژن قەزا بکاتەوە، تاوەکو هەردوو خێرەکەی لە دەست نەچێت.
10. ئەگەر ڕۆژی جەژن کەوتە ڕۆژی جومعەوە ئەو کەسەى کە ئامادەى نوێژى جەژن دەبێ با ئامادەى نوێژى جومعەش ببێت ، ئەمە باشتر و چاکترە بۆ دەرچوون لە خیلاف .
 

سەردان: ٢,١٢٤ بەش: نوێژى جەژن