قورئان دەخوێنم و خەتمیش دەكەم كەچی هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیان و ناخمدا ڕوونادات!: ماڵپەڕی وەڵامەکان
قورئان دەخوێنم و خەتمیش دەكەم كەچی هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیان و ناخمدا ڕوونادات!
پرسیار:

قورئانی پیرۆز دەخوێنمەوە و چەندین جاریش خەتمی دەکەم، کەچی هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیان و ناخمدا ڕوونادات!
کەسانێکی زۆریش هەن کە بە هەمان دەردەوە دەناڵێنن.

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

قورئانی پیرۆز کتێبێکی سیحراوی نییە کە تەنها بە دەستپێکردنی خوێندنەوەی دەستبەجێ ژیانت بگۆڕێت!

بەڵکو قورئان کتێبی بەرنامە و مەنھەجە؛ پێویستی بەوەیە بە نیەتی تێگەیشتن و کارپێکردن لێی وردبیتەوە:

* چۆن دەتەوێت ئایەتێک کڵپە لە ناختدا دروست بکات لە کاتێکدا لە ماناکەی تێناگەیت؟!
* چۆ ن لە حەقیقەتەکەی تێدەگەیت لە کاتێکدا کاری پێناکەیت؟!
* چۆن قورئان دەبێتە موعجیزە بۆ تۆ لە کاتێکدا پەیامەکانی لە واقیعدا جێبەجێ ناکەیت؟!

موعجیزەی ڕاستەقینەی قورئان لەو مرۆڤەدایە کە دەیخوێنێتەوە، لێی تێدەگات، و کاری پێدەکات؛ نەک تەنها وەک کۆمەڵێک كتێبی چاپکراو لەسەر ڕەفەی پەڕتووکخانەکاندا بمێنێتەوە!

خوای گەورە دەفەرموێت:

﴿ذَٰلِكَ الْكِتَابُ لَا رَيْبَ ۛ فِيهِ ۛ هُدًى لِّلْمُتَّقِينَ﴾ [البقرة: ٢]
واتە: ئه‌م په‌رتووكه‌ كه‌ قورئانی پیرۆزه‌ هیچ گومانێكی تیادا نیه‌ كه‌ له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ دابه‌زیووه‌ [ هُدًى لِلْمُتَّقِينَ (٢) ] هیدایه‌ت و ڕووناكی و ڕێنماییه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن و خۆیان له‌ تاوان ئه‌پارێزن.

 قورئان هیدایەت و ڕووناكییە گومانی تێدا نییە، بەڵام بۆ کێ؟ 
بۆ لەخواترسان!

دەستپێکی ڕاستەقینەی گەشتەکەت لەگەڵ قورئاندا:

بۆ ئەوەی گەشتەکەت لەگەڵ قورئاندا دروست دەست پێبکەیت، پێویستە لە پەناگرتن بە خوداوە واتە (أعوذ بالله من الشیطان الرجیم) ەوە دەست پێبکەیت!

زۆر کەس لە مانای پەناگرتن تێنەگەیشتوون؛ بە زاری دەیڵێن، بەڵام هەستی پێناکەن. خوای گەورە دەفەرموێت:

﴿فَإِذَا قَرَأْتَ الْقُرْآنَ فَاسْتَعِذْ بِاللَّهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ﴾ [النحل: ٩٨]
واتە: جا کاتێک ویستت قورئان بخوێنیت، پەنا بگرە بە خودا لە شەیتانی دەرکراو.

چونکە «ئیستعازە» یەکەم ڕووبەڕووبوونەوە و دیداری نێوان باوەڕدار و کەلامی خودایە؛ بۆچی؟

چونکە پەناگرتن، ئامێری وەرگرتنی دڵت (جهاز الإستقبال) پاک و بێگەرد دەکاتەوە، تا بتوانێت کەلامی پەروەردگار بە باشترین شێوە وەربگرێت؛ نە بە هێزی خۆت و نە بە توانای خۆت، بەڵکو بە پشتپێبەستن بە خودا و پەنابردن بۆ لای ئەو زاتە پاکە، تا دەرگای تێگەیشتنمان بەڕوودا بکاتەوە.

بەخششی قورئان بێپایانە و بۆ هەموو مرۆڤەکان کراوەیە، بەڵام خەڵکی لە ئاستی وەرگرتنی ئەم خێرەدا جیاوازن!

هەمووان دەبیستن، بەڵام هەمووان بە یەک ئەندازە لە ڕووناکیی قورئان تێرئاو نابن؛ بەڵکو ئەوە بەندە بەوەی تا چەند ئامێری وەرگرتنی دڵت لە خەوش و ژەنگ پاک کردووەتەوە.

خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿قُلْ هُوَ لِلَّذِينَ آمَنُوا هُدًى وَشِفَاءٌ ۖ وَالَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ فِي آذَانِهِمْ وَقْرٌ وَهُوَ عَلَيْهِمْ عَمًى ۚ أُولَٰئِكَ يُنَادَوْنَ مِن مَّكَانٍ بَعِيدٍ﴾ [فصلت: ٤٤]
واتە: بڵێ:  ئه‌ی محمد - - بڵێ: ئه‌م قورئانه‌ هیدایه‌ت و شیفایه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ باوه‌ڕدارن [وَالَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ فِي آذَانِهِمْ وَقْرٌ وَهُوَ عَلَيْهِمْ عَمًى] وه‌ ئه‌وانه‌یشی كه‌ باوه‌ڕ ناهێنن ئه‌وه‌ گوێیان كه‌ڕه‌ له‌ ئاست بیستنی ئه‌و قورئانه‌و لێی تێناگه‌ن، وه‌ چاویان كوێره‌ له‌ ئاست بینینی و نایبینن [أُولَئِكَ يُنَادَوْنَ مِنْ مَكَانٍ بَعِيدٍ (44)] ئا ئه‌مانه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ شوێنێكی دووره‌وه‌ بانگ بكرێن و نه‌یبیستن و لێی تێنه‌گه‌ن.

ئامێری وەرگرتنی دڵتان پاک بکەنەوە و ئاڕاستەی بکەن، تا قورئانی پیرۆز بە فەزڵ و بەخشندەیی خۆی ناختان پڕ لە نوور بکات! ????????

وەڵامی: شێخ درید إبراهیم الموصلی

سەردان: ٤ بەش: قورئانی پیرۆز