ئەگەر كەسێك بیەوێت ببێت بە (طالب العلم) چۆن دەست پێ بكات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر كەسێك بیەوێت ببێت بە (طالب العلم) چۆن دەست پێ بكات؟

بسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
فێربونى زانستى شەرعى بە پلەیە:
١- پێویستە (زانستخواز) نیەتى خۆى پاك بكاتەوە بۆ خواى پەروەردگار.
٢- پێویستە (زانستى شەرعى) بەلاى خۆیەوە شیرین بكات، بزانێت كە ئەو زانستە چەند بەسوودو گرنگەو گرانبەهایە وە ئەگەر ژیاننامەى هەندێك لە زانایان بخوێنێتەوە كە چۆن پێشتر خواستى زانستیان نەبوو وە دوایى چۆن خۆشویستنى ئەو زانستە كەوتە دڵیانەوە وەكو ئیمامى (الطبری، ابن الجوزي، ابن قدامة، النووي، ابن تیمیة، ابن كثیر، ابن حجر) وە جگە لەوانیش، كە چۆن خوا هیدایەتى داون و دەستیان كردووە بە (طلب العلم)، بەڵكو واى لێبێت زانستى زیاتر لا خۆشەویست و شیرین بێت
٣- خاوەنى هیممەتێكى بەرزبێت، ئەگەرنا مرۆڤ كە هیممەتى نەبێت و عەزیمەتێكى ڕاست و جددى نەبێت ئەوا زوو دەڕووخێت و بەرەو دواوە دەكشێتەوە.
٤- پێش ئەوەش كە فێربوونى زانستى شەرعى دەست پێ بكات پێویستە هەندێك كتێب بخوێنێتەوە لەسەر ئادابى (طالب العلم) بۆئەوەى ڕەوشتى خۆى جوان بكات چونكە ئەو زانستە زۆر گرنگە وە مرۆڤیش كە هەڵگرى ئەو زانستە بێت پێویستە ئەدەبى هەبێت لە فێربوونى زانستدا، ئەدەبى هەبێت لەگەڵ مامۆستاكەیدا، ئەدەبى هەبێت لەگەڵ هاوڕێكانیدا، ئەدەبى هەبێت لەگەڵ خەڵكدا، جا چەند كتێبێك هەیە لەو بارەیەوە كە بیخوێنێتەوە بۆ نمونە (إقتضاء العلم العمل-البغدادي، تذكرة السامع والمتكلم في أدب العالم والمتعلم-ابن الجماعة، حلیة‌ طالب العلم-بكر أبو زید، كتاب العلم-ابن العثیمین).
٥- پێویستە هاوڕێیەك بۆ خۆى پەیدابكات كە ئەویش (طالب العلم)بێت، بۆئەوەى زیاتر هانى بدات بۆ زیاتر زانست خوێندن وە بۆ ئەوەى هاوڕێى دنیایى نەبێت، بەڵام ئەگەر هاوڕێى (زانست)ى نەبوو زیاتر هاوڕێیەتى دنیایى كرد ئەوا ئەو كەسانە لە (زانست) ساردى دەكەنەوەو دایدەبڕن.
٦- ئەو كەسەى كە (زانست) دەخوێنێت پێویستە هەر وانەیەك هەوڵبدات لاى مامۆستاى ئەو وانەیە بخوێنێت هەروەك خواى گەورە دەفەرموێت: [فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ] ، بۆ نمونە تەماشا دەكات مامۆستایەك هەیە لە (نحو وصرف)دا زۆر زیرەكە با ئەوە لاى ئەو مامۆستا زیرەكە بخوێنێت، مامۆستایەك هەیە لە (أصول الفقه)دا زیرەكە ئەوا با بچێت ئوصول لاى ئەو بخوێنێت، بەڵام بە مەرجێك ئەو مامۆستایانە (ئەهلى سوننە)بن، چونكە وەكو سەلەف فەرمویانە: ((إن هذا العلم دین فانظروا عمّن تأخذون دینكم)) ئەو (زانست) خوێندنە واتە دین، دینیش مرۆڤ دەبێت بزانێت لە كێ وەریدەگرێت، لە كەسێك وەریبگرێت كە عەقیدەو مەنهەجى سەلیم بێت وە هەوڵیش بدات دووربكەوێتەوە لەوەى كە (زانست) وەربگرێت لە كەسانێكى (صحفي) واتە كەسێك نەكاتە مامۆستاى خۆى كە هەر ئەوەندە كتێبەكەت لە ژێر دەستى دەرهێنا هیچى پێ نەمێنێت، كەسێكى وابێت كە زانستى شەرعى لە دڵیدا چەسپاوبێت، تەمەنێكى هەبێت، ئەوە چاكترە لەوەى بچێتە لاى گەنجێكى دەم ڕووت بیخوێنێت كە جارێ گەنجەكە خۆشى وەكو پێویست لە كتێبەكەى بەردەستى خۆى نەگەیشتووە، لۆمەى ئەوانە ناكەم كە گەنجن و دەرس دەڵێنەوە بەڵكو دوعایان بۆ دەكەم خواى گەورە سەركەوتویان بكات، زیاتر ئیستیقامەتیان بداتێ، زیاتر تێیان بگەیەنێت، وە لە گەنجیشدا زۆر كەسانى باش هەیە كە تێگەیشتون، بەڵام زیاتر هەوڵ بدات كە وانەكان لاى كەسێكى تێگەیشتوو بخوێنێت. هەروەها مرۆڤ بەردەوام هەوڵبدات كێ زاناترە و مەنهەجى پاكترە بچێتە لاى ئەو چاكتر دەبێت بۆى.
٧- ئەو سیفەتە خراپە فێرنەبێت كە هەندێك (طالب العلم) هەیانە كە پێى دەوترێت (التنمر بالعلم) واتە بچێت مەسئەلەیەك لەبەربكات و زۆر كتێبى لەسەر بخوێنێتەوە بۆ ئەوەى كە هاتە دەرسەوە مامۆستاكەى بێ توانا بكات، پرسیارى قورس لە مامۆستاكەى بكات (چونكە ئەو بۆ خۆى لە ماڵەوە چەند ڕۆژێكە خەریكە ئەو مەسئەلەیە دەخوێنێتەوە)،‌ لەوانەیە ئەو مامۆستایە قسەى ئەو هەموو زانایانەى لەبیرنەبێت، یان لەوانەیە مامۆستاكەى بێزار بكات.
٨- پێویستە كردەوە بكات بەو زانستەى كە فێربووە، چونكە بەرەكەت لەوەدایە كە مرۆڤ دوو وشە فێربوو كردەوەى پێبكات، زانست فێربوون بۆ كردەوە پێكردنە، زانست تەنها بۆ ئەوە نییە بڵێى زانستم هەیەو شتێكى خۆشە، بەڵكو ئەو كردەوە پێكردنە ژیانى پڕبەرەكەت بكات و ببێتە ڕێگایەك بەرەو بەهەشتى ببات و لە دۆزەخ ڕزگارى بكات، ئەگەرنا ئەو زانستە شەرعییە دەبێتە بەڵگە بەسەرییەوەو لە ڕۆژى دوایى شایەتى لەسەرى دەدات و بەهۆى زانستەكەى خۆیەوە سزادەدرێت.
٩- هەروەها زۆریش لە خوا بپاڕێتەوە كە خواى گەورە فێرى بكات و تێى بگەیەنێت لە دین، چونكە ئەگەر دوعا نەكات و خواى گەورە سەركەوتوى نەكات ئەوا ئەو كەسە لەوە نییە هیچ شتێكى وا فێربێت كە سودى پێ بگەیەنێت.
١٠- هەروەها با لە گرنگترین زانستەكانەوە دەست پێبكات كە ئەویش تەوحیدو عەقیدەیە، ئەوجا فقه دواى ئەوە بگەڕێتەوە بۆ نحو و صرف وە هەروەها گرنگى بە لەبەركردنى قورئان بدات بۆ ئەوەى ئاگاى لە قورئان بێت وە هەروەها لەبەركردنى فەرمودەش. دەبێت ئەم شتانە بە پلە بكرێت واتە كەم كەم زانست بخوێنێت نەك بێت بڵێت لە مانگێكدا من دەبێت هەموو ئەو زانستانە لەبەربكەم و بیخوێنم، ئەوجا تاوەكو قۆناغى سەرەتایى نەبڕێت و كتێبى بچوك نەخوێنێت با نەچێتە سەر كتێبى مام ناوەند وە تا ئەوانیش نەخوێنێت نەچێتە سەر كتێبى گەورە، چونكە ئەگەر ئەوە بكات زیانى پێدەگات، لە كتێبى گەورە ناگات و دواییش تواناى ئەوەى نامێنێت بگەڕێتەوە سەر كتێبى بچوك، ئەمەش دەبێتە هۆى هەرەسهێنانى و زانستەكەى لا بەرەو پێشەوە ناچێت..
[لە لایەن بەڕێز د.عبداللطيف وەڵام دراوتەوە]

سەردان: ٤,٩٧٦ بەش: ئادابەکانى طالب عیلم