حوکمى ئەو ئافرەتە چیە کە داواى ته‌ڵاق بکات به‌بێ هیچ عوزرێک ؟وە چ کاتێ دروستە داواى تەڵاق بکات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى ئەو ئافرەتە چیە کە داواى ته‌ڵاق بکات به‌بێ هیچ عوزرێک ؟وە چ کاتێ دروستە داواى تەڵاق بکات؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

زۆریك له‌ ئافره‌تان په‌له‌ وهه‌ڵه‌شه‌ن له‌ داواكردنی ته‌ڵاق له‌ مێرده‌كانیان و مێرد ناچار ده‌كه‌ن كه‌ خێزانیان به‌ ته‌ڵاق دا بده‌ن .
بۆ نمونه‌ : كاتێك كێشه‌یه‌كى بچوك دروست ده‌بێ، یان كاتێك ئه‌و پاره‌و ماڵه‌ى كه‌ ده‌یه‌وێ پیاوه‌كه‌ى پێ ى نه‌داو بۆی دابین نه‌كات، ئه‌وا ده‌ست به‌جێ داوای ته‌ڵاق ده‌كات.
وه‌ زۆرجار پێ ده‌چێ له‌ لایه‌ن كه‌سوكاری ئافره‌ته‌كه‌وه‌ یان دراوسێ یه‌كانیه‌وه‌ هانبدرێ و پاڵى پێوه‌نبرێ .
وه‌ زۆرجار ئافره‌ت له‌ ڕووی پیاودا ده‌وه‌ستێ و به‌رامبه‌رى لێ ده‌گرێ و لێی ڕاست ده‌بێته‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵیك ووته‌و قسه‌ی كاریگه‌رو هه‌ستیار كه‌ ده‌ماری پیاو ده‌گرێ و تورِه‌ی ده‌كات وه‌كو ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر پیاوى ته‌ڵاقم بده‌.
وه‌ شتێكى زانراوه‌ كه‌ ته‌ڵاق و جیابونه‌وه و لێكدابرِانی پیاو وئافره‌ت به‌ڵاو نه‌گبه‌تى زۆرى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، شیرازه‌ى خێزان ده‌پچڕێ و ئه‌تك ده‌بێ و، وه‌ منداڵ په‌رته‌وازه‌ و بێ سه‌روبه‌ر ده‌بێ ، وه‌ زۆر جار په‌شیمانی له‌دوادێ، به‌ڵام په‌شیمانی سودێك نابه‌خشێ .
ئا ئه‌مانه‌ و چه‌نده‌های تریش حیكمه‌ت و كار له‌جێی شه‌رع ده‌رده‌خات، كاتێك كه‌ داواكردنى ته‌ڵاقی حه‌رام كردووه‌.
«ثوبان» له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ ده‌یگێرێته‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی:
[ أَيُّمَا امْرَأَةٍ سَأَلَتْ زَوْجَهَا الطَّلَاقَ مِنْ غَيْرِ مَا بَأْسٍ فَحَرَامٌ عَلَيْهَا رَائِحَةُ الْجَنَّةِ].رواه أحمد 5/277 وهو في صحيح الجامع 2703
واته‌: « هه‌ر ئافره‌تێك داواى ته‌ڵاق له‌ مێرده‌كه‌ى خۆى بكات به‌بێ بیانویه‌كى شه‌رعی، ئه‌وا بۆنى به‌هه‌شتی له‌سه‌ر حه‌رامه‌ »
«عقبه‌»ی كورِی«عامر» له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ ده‌یگێرێته‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی:
[ إنَّ الْمُخْتَلِعَاتِ الْمُنْتَزِعَاتِ هُنَّ الْمُنَافِقَاتُ].رواه الطبراني في الكبير 17/339 وهو في صحيح الجامع 1934
واته‌: « ئه‌و ئافره‌تانه‌ى داوای (خلع) جیابونه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌بێ بیانوی شه‌رعی ئه‌وانه‌ مونافقن»
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هۆكارێكى شه‌رعی هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى ئافره‌ته‌كه‌ داواى ته‌ڵاق و جیابونه‌وه‌بكات، وه‌كو ئه‌وه‌ى پیاوه‌كه‌ى وازى له‌ نوێژ هێنابێ، یان عاره‌ق خۆربێ، یان بیه‌وێ به‌ زۆر خێزانه‌كه‌ى توشی كاری حه‌رام بكات، یان زوڵم و سته‌می لێ بكات به‌ لێدان و ئازاردان یان ئافره‌ته‌كه‌ له‌مافه‌ شه‌رعیه‌كانى خۆی بێبه‌ش بكات، وه‌ نه‌سیحه‌ت و ئامۆژگاریش سودى نه‌بوو، وه‌ هیچ رِێگه‌یه‌ك نه‌ئه‌بینرا بۆ چاك بوونى، ئه‌وا ئافره‌ته‌كه‌ هیچ تاوانى له‌سه‌ر نی یه و گوناهبار نابێ كه‌ داواى ته‌ڵاق له‌ مێرده‌كه‌ى بكات، بۆ ئه‌وى خۆی و دینه‌كه‌ى سه‌لامه‌ت بێ و دوچارى تاوان و خراپه‌ نه‌بێ .

سەردان: ٤,٧١٢ بەش: تەڵاق و جیابونەوە