حوكمى سەردانى كردنى گۆڕى پیاو چاكان بەمەبەستى داواكردنى لەش ساغى لێیان چیە؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمى سەردانى كردنى گۆڕى پیاو چاكان بەمەبەستى داواكردنى لەش ساغى لێیان چیە؟ 

 سەردانى كردنى گۆڕى خەڵكى بە گشتى بێـت، یاخود گۆڕى كەسانێك كە وا دەزانرێت پیاوچاك بوونە، بۆ ئەوەى داواى فریاكەوتن و یارمەتى و ئاسانكارى بارى ژیانیان لێ بكرێت، ئەمە هاوبەش بڕیاردانى گەورەیە وخاوەنەكەى لە ئایینى ئیسلام دەردەكات، خواى گەورە دەفەرمێت: [وَمَنْ يَدْعُ مَعَ اللَّهِ إِلَهًا آَخَرَ لَا بُرْهَانَ لَهُ بِهِ فَإِنَّمَا حِسَابُهُ عِنْدَ رَبِّهِ إِنَّهُ لَا يُفْلِحُ الْكَافِرُونَ] [المؤمنون: 117] .
ئەم ئایەتە پیرۆزە ئەوە دەگەیەنێت كەهەركەسێك لەگەڵ خواى گەورەدا لە خوایەكى تر بپاڕێتەوە، ئەوا لەم كارەیدا هیچ بەڵگەیەكى نى یە، بەڵكو بەڵگەیە لەسەر گێلى ونەفامى وگومڕایى، هەروەها هەڕەشەى تێدایە بۆ هەموو كەسێك كە لەگەڵ خواى گەورەدا لە خوایەكى تر بپاڕێتەوە كە دەفەرمێت: [ فَإِنَّمَا حِسَابُهُ عِنْدَ رَبِّهِ] ، هەروەها سودى ئەوەى تێدایە كە ئەو كەسەى كە لە جگە لە خواى گەورە دەپاڕێتەوە بەم پاڕانەوەیە هەرگیز سەركەوتوو وسەرفراز نابێت، وەسودى ئەوەیشى تێدایە كە ئەو كەسە كافرە، چونكە خواى گەورە دەفەرمێت: [إِنَّهُ لَا يُفْلِحُ الْكَافِرُونَ] .
وە پاڕانەوە لە جگە لە خواى گەورە گێلى ونەفامى وگومڕایى یە، چونكە خواى گەورە دەفەرمێت: [وَمَنْ يَرْغَبُ عَنْ مِلَّةِ إبْرَاهِيمَ إلَّا مَنْ سَفِهَ نَفْسَهُ] [البقرة: 130] .
واتە: كێ هەیە لە دین وڕێگا وبەرنامەى ئیبراهیم() لابدات مەگەر كەسانێكى خۆگێل ونەزان ونەفام كردوو.
وە دەفەرمێت: [وَمَنْ أَضَلُّ مِمَّنْ يَدْعُو مِنْ دُونِ اللَّهِ مَنْ لَا يَسْتَجِيبُ لَهُ إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ وَهُمْ عَنْ دُعَائِهِمْ غَافِلُونَ] [الأحقاف: 5] .
واتە: كێ گومڕاتە لەو كەسەى كە لە جگە لە خواى گەورە دەپاڕێتەوە لە كەسانێك كە تا ڕۆژى قیامەت ناتوانن وەڵامیان بدەنەوە، وە ئەوان بێ ئاگان لە پاڕانەوەى ئەم خەڵكە نەزان وگومڕایە لەوان.
وەسەرسوڕهێنەر ئەوەیە كە ئەم كەسە نەزانانە بچنە سەر گۆڕى ئەو مردووانەى كە دەزانن ئەمانە تەنها لاشەیەكى رزیوى بێ گیانن ناتوانن خۆیان رزگار بكەن لەو حاڵەى كە تێیدان چ جاى ئەوەى كە جگە لە خۆیان رزگار بكەن، ئەوانیش داوایان لێ دەكەن كە لە سەغڵەتى وناخۆشى رزگاریان بكەن، وداواى لابردنى ناخۆشى یەكانیان لێ دەكەن.
ئەگەر مرۆڤــ بڕوانێتە حاڵى ئەو كەسانە ئەوا زۆر سەرسام دەبێت، وە ئەگەر ئەو كەسانە بگەڕێنەوە سەر خۆیان و بیر بكەنەوە ئەوا گێلى ونەزانى خۆیان بۆ دەردەكەوێ، كە ئەوان لە گومڕایى یەكى ئاشكرادان، داواكارین لە خواى گەورە كەتێكڕاى موسڵمانان چاو ڕۆشنا بكات لە دینەكەیدا، وەڕێنمونى یان بكات بۆ حەق، وەدامەزراویان بكات لەسەرى.
وەمن بەو جۆرە كەسانە دەڵێم: پاڕانەوەیەكى سودبەخش بپاڕێنەوە كەوا پەنا بەرن بۆ خواى گەورە، چونكە هەر ئەو وەڵامى لێقەوماوان دەداتەوە كاتێك كە لێى دەپاڕێنەوە، وەهەر ئەو دەردو بەڵاو ناخۆشى یان لەسەر لادەبات، وە موڵكى هەموو شتێك هەر بەدەستى ئەوە، وەهەر ئەوە كە بە پێغەمبەرەكەى() دەفەرمێت: [وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي وَلْيُؤْمِنُوا بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ] [البقرة: 186] . واتە: ئەى محمد() ئەگەر بەندەكانى من پرسیارى منیان لێت كرد ئەوا من لێیانەوە نزیكم(بەزانیارى وبیستن و بینین وتواناو دەسەڵات و ویست)، وەوەڵامى دوعاو پاڕانەوەی ئەو كەسانە دەدەمەوە كە لێم دەپاڕێنەوە(یاخود داواى چى یان كردووە بۆیان جێ بە جێ دەكات، یاخود لە قیامەتدا پاداشتیان دەداتەوە، یاخود لەدونیادا بایى پاڕانەوەكەیان بەڵاو ناخۆشى یان لەسەر لادەبات)، بەڵام بەو مەرجەى كە ئەوانیش وەڵامى بانگەوازى من بدەنەوە وباوەڕم پێ بهێنن بەڵكو دەچنە سەر ڕێگاى ڕاست.
وە با ئەو كەسانە خۆیان تاقى بكەنەوە كاتێك كە ڕوو دەكەنە خواى گەورە و بەڕاستى و دڵسۆزى پەناى بۆ دەبەن، یاخود بە پێویستى و ئومێدى وەڵامدانەوە، تا بۆیان دەركەوێت كە هیچ كەسێك سودیان پێ ناگەیەنێت تەنها خواى گەورە نەبێت.
وە ئەگەر بڵێن: جارى وا هەیە ئەو كەسانە دوعا دەكەن لە خاوەنى ئەو گۆڕانەى كەوا گومان دەبەن پیاو چاكن، پاشان بە قەزاو قەدەرى خواى گەورە داواكارى یەكانیان بۆ جێ بە جێ دەبێت، ئایا ئێمە هەڵوێستمان چۆن بێت سەبارەت بەم ڕووداوە؟
وەڵام: هەڵوێستى ئێمە ئەوەیە كە ئێمە دەزانین و دڵنیاین كە ئەوەى بۆ ئەوان ڕووى داوە لە خاوەنى گۆڕەكانەوە نى یە، وە بەهۆى پاڕانەوەى ئەوانەوە لە گۆڕەكان نى یە، چونكە خواى گەورە دەفەرمێت:
[وَمَنْ أَضَلُّ مِمَّنْ يَدْعُو مِنْ دُونِ اللَّهِ مَنْ لَا يَسْتَجِيبُ لَهُ إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ وَهُمْ عَنْ دُعَائِهِمْ غَافِلُونَ] [الأحقاف: 5] .
واتە: كێ گومڕاتە لەو كەسەى كە لە جگە لە خواى گەورە دەپاڕێتەوە لە كەسانێك كە تا ڕۆژى قیامەت ناتوانن وەڵامیان بدەنەوە، وە ئەوان بێ ئاگان لە پاڕانەوەى ئەم خەڵكە نەزان وگومڕایانە لەوان.
وە خاوەنى ئەو گۆڕانە ناتوانن نە سودیان پێ بگەیەنن، وە نەزیانیشیان لەسەر لادەن، وەكو خواى گەورە دەفەرمێت: [وَالَّذِينَ يَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ لَا يَخْلُقُونَ شَيْئًا وَهُمْ يُخْلَقُونَ أَمْوَاتٌ غَيْرُ أَحْيَاءٍ وَمَا يَشْعُرُونَ أَيَّانَ يُبْعَثُونَ] [النحل: 20-21] .
واتە: ئەوانەى كە جگە لە خواى گەورە خەڵكى لێیان دەپاڕێتەوە تواناى دروست كردنى هیچ شتێكیان نى یە، بەڵكو خۆیان دروست كراون، وە ئێستا ئەوان مردون وزیندوو نین، وە خۆیشیان هەست ناكەن كە خواى گەورە چ كاتێك زیندوویان دەكاتەوە.
ئەم مردووانە ناتوانن هیچ شتێكیان بۆ بكەن بە دەقى قورئان و سوننەت و یەكدەنگى زانایانى موسڵمانان، بەڵام ئەوەى كە بۆیان جێ بە جێ بووە لەكاتى پاڕانەوەیان لە مردووەكان تاقى كردنەوەیەكە لە خواى گەورەوە ئەوانى پێ تاقى دەكاتەوە، جارى وا هەیە خواى گەورە بەندەكانى تاقى دەكاتەوە بەوەى كە هۆكارەكانى تاوان كردنیان بۆ ئاسان دەكات بۆ ئەوەى تاقى یان بكاتەوە، ئایا نابینیت خواى گەورە بەچى بەنى ئیسرائیلى تاقى كردەوە؟ كاتێك كە ڕاوكردنى ماسى لێ حەرام كردن لە رۆژى شەممەدا، وە لەو رۆژەدا ماسى یەكان گەلێك زۆر دەبوون ولە زۆریدا سەر ئاو دەكەوتن، بە ڵام لە رۆژانى ترى جگە لە شەممە ماسى یان نابینى، ئەمان لەم تاقى كردنەوەیەدا دەرنەچون وپەنایان بۆ فێڵ كردنێك برد ئەویش ئەوە بوو كە لە رۆژى هەینى تۆڕیان دەخستە ناو ئاوەكە تا رۆژى شەممە ماسى زۆریان بۆ بگرێت، بەڵام لە شەممەدا دەریان ناكرد ودەستیان لێ نادا، لە رۆژى یەك شەممەدا ماسى یەكانیان دەردەكرد، خواى گەورەیش پێى فەرموون: [ كُونُوا قِرَدَةً خَاسِئِينَ] [الأعراف: 166] .. واتە: ببن بە مەیمونى بێ ڕێزى زەلیل لە سزاى ئەو كارە ناهەموارەتاندا.
وەكو خواى گەورە دەفەرمێت: [وَاسْأَلْهُمْ عَنِ الْقَرْيَةِ الَّتِي كَانَتْ حَاضِرَةَ الْبَحْرِ إِذْ يَعْدُونَ فِي السَّبْتِ إِذْ تَأْتِيهِمْ حِيتَانُهُمْ يَوْمَ سَبْتِهِمْ شُرَّعًا وَيَوْمَ لَا يَسْبِتُونَ لَا تَأْتِيهِمْ كَذَلِكَ نَبْلُوهُمْ بِمَا كَانُوا يَفْسُقُونَ] [الأعراف: 163] .
واتە: ئەى محمد() پرسیار لە جولەكاكان بكە (وەكو یادكردنەوەیان بەوەى كە بەسەر پێشینەكانیاندا ڕوویدا كاتێك كە خواى گەورە كردیانى بە مەیمون وبەراز بە هۆى یارى كردنیان بە دینەكەى وفێڵ كردنیان)، دەربارەى ئەو دێیەى كە بە تەنیشت روبارەكەوە بوو(دێی آيلة ى تەنیشت عقبة‌) كاتێك سنورى خواى گەورەیان بەزاند، بەوەى كە لە ڕۆژى شەممەدا راوى ماسیان دەكرد كەقەدەغە كرابوو لێیان لەو رۆژدا، وە خواى گەورە بەوە تاقى كردنەوە كە لە رۆژى شەممەدا ماسى یەكان سەر ئاو دەكەوتن ودیارو ئاشكراو زۆر بوون، و بەئاسانى راو دەكران، بەڵام لە رۆژەكانى تردا كە دروست بوو بۆیان راو بكەن ماسى یەكان ناهاتن وتواناى راوكردنیانیان نەبوو، خواى گەورە بەم شێوەیە تاقى كردنەوە بەهۆى خراپەو تاوان و لەڕێ دەرچونى خۆیان تا خواى گەورە بزانێت تا چ رادەیەك ئارام دەگرن.
هەروەها دەفەرمێت: [وَلَقَدْ عَلِمْتُمُ الَّذِينَ اعْتَدَوْا مِنْكُمْ فِي السَّبْتِ فَقُلْنَا لَهُمْ كُونُوا قِرَدَةً خَاسِئِينَ فَجَعَلْنَاهَا نَكَالًا لِمَا بَيْنَ يَدَيْهَا وَمَا خَلْفَهَا وَمَوْعِظَةً لِلْمُتَّقِينَ] [البقرة: 65-66] .
واتە: بە دڵنیایى یەوە ئێوە بەسەرهاتى ئەو كەسانەتان زانى كە لە ئێوە (جولەكەكان) سنورى خواى گەورەیان بەزاند لە رۆژى شەممەدا كە فێڵیان كرد(رۆژى هەینى تۆڕیان دەخستە ناو ئاوەكە و رۆژى یەك شەممە دەریان دەكرد، یاخود رۆژانى شەممە جۆگەیان لێ دەدا تا ماسى زۆر دەچونە ناوى یەوە، پاشان بەربەستیان دەكردو لە رۆژى یەك شەممە دەریان دەكرد).
خواى گەورەیش لە سزاى ئەم سەرپێچى یەدا كردیانى بە مەیمونى بێ رێز و زەلیل، وە ئەو دێیەى كرد بە پەندو عیبرەت بۆ دێیەكانى پێش وپاشى خۆى، وە تا ببێت بە ئامۆژگارى بۆ لە خوا ترسان وخۆپارێزان تا رۆژى قیامەت.
پاشان ئایا نابینیت خواى گەورە بەچى هاوەڵانى تاقى كردەوە كاتێك كە لە ئیحرامدا بوون؟ خواى گەورە فەرمووى: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا لَيَبْلُوَنَّكُمُ اللَّهُ بِشَيْءٍ مِنَ الصَّيْدِ تَنَالُهُ أَيْدِيكُمْ وَرِمَاحُكُمْ لِيَعْلَمَ اللَّهُ مَنْ يَخَافُهُ بِالْغَيْبِ] [المائدة: 94] .
واتە: ئەى باوەڕداران خواى گەورە تاقى تان دەكاتەوە بە شتێك لە راوكردن(كە لەكاتى ئیحرامدا لە حەرەمدا لێى قەدەغە كردن، هەروەكو چۆن لە جولەكەكانى قەدەغە كرد لە رۆژى شەممەدا) لەم كات وشوێنەدا خواى گەورە تاقى یانى كردەوە كە راوكردنى بۆ ئاسان كردبوون بە شێوەیەك كە دەیانتوانى بەدەست و رمەكانیان راو بكەن، بەبێ ئەوەى كە پێویستیان بە تیر و راونان و دواكەوتنیان بێت، بۆ ئەوەى خواى گەورە بزانێت كێ لە ئێوە لە نهێنیدا لە خواى گەورە دەترسێت، هەروەكو چۆن لەبەر چاو خەڵكى لێى دەترسێت.(بەڵام هاوەڵان وەكو جولەكەكان نەبوون و لەم تاقى كردنەوەیەدا دەرچون و سنورى خواى گەورەیان نەبەزاند هەرچەندە زۆر پێویستیشیان بوو لەبەر خۆپارێزى و لە خوا ترسانیان.
مەبەست لێرەدا ئەوەیە ئەو هاوبەش بڕیاردەرانەى كە دوعا لەو گۆڕانە دەكەن، پاشان بەقەزاو قەدەرى خواى گەورە ئەوەى داوایان كردووە بۆیان جێ بە جێ دەبێت، ئەمە بەبێ گومان تاقى كردنەوەیەكە لەلایەن خواى گەورەوە تاقى یان دەكاتەوە.
داواكارین لە خواى گەورە حەقمان بە حەق نیشان بدات و شوێنكەوتنیمان پێ ببەخشێت، وبەتاڵیشمان بەبەتاڵ نیشان بدات و دوركەوتنەوەیمان پێ ببەخشێت.
====================
(*) (فتاوى مهمة لعموم الأمة: ص75-80).

زاناى پایەبەرز الشیخ محمد بن صالح العثيمين  

كۆكردنەوەو وەرگێڕانى: م/ صلاح الدین عبدالكریم

سەردان: ٣,٠٢٦ بەش: شیرک و جۆرەکانى