ئەگەر كەسێك خەبەری بویەوە بینی جلەكانی تەڕی پێوەیە ئایا واجبە لەسەری خۆی بشوات؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر كەسێك خەبەری بویەوە بینی جلەكانی تەڕی پێوەیە ئایا واجبە لەسەری خۆی بشوات؟

بسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ئەگەر ئینسان خەبەری بویەوە دوای هەستی كرد پۆشاكەكەی تەڕی پێوەیە و بینی ئەوە لە سێ حاڵەت بەدەر نیە:
حاڵەتی یەكەم : ئەگەر دڵنیابوو ئەوە مەنی یە ئەوكاتە واجبە لەسەری خۆی بشوات ئەگەر هەستی پێ كردبێ كە توشی لەشگرانی بووە،یاوەكو هەستی پێ نەكردبێ لەبیری بێ یا لەبیری نەبێ مادام هەست دەكەی ئەو تەڕییەی كە بە پۆشاكەكەوەیە مەنی یە واجبە لەسەری خۆی بشوات.
حاڵەتی دووەم : ئەگەر یەقینی هەبوو كە ئەوە مەنی نیە ئەوكاتە واجب نیە لەسەری خۆی بشوات بەڵام ئەو تەڕیە بەر كوێی كەوتوە واجبە لەسەری بیشوات چونكە ئەوە حوكمی میزی هەیە و پیسە.
حاڵەتی سێ یەم  : تەڕییەك بە پۆشاكەكەوەیەتی نازانێت مەنی یە یا مەنی نیە لەم كاتەدا كە نازانێت كامیانە و بۆی یەكلا نابێتەوە ئەوا زیاتر ڕوونكردنەوەی ئەوێت:
یەكەم: ئەگەر هاتوو بیر بكاتەوە بڵێ هەستم كردوە كە لە خەودا توشی لەشگرانی بووم ئەوا واجبە لەسەری خۆی بشوات،چونكە ئەوە مەنی یە لەبەر فەرموودەكەی (أم سلمة) كە پرسیاری كرد لە پێغەمبەری خوا فەرمووی: ئەگەر هاتوو ئافرەت توشی جەنابەت بوو لە خەویا هەروەكو چۆن پیاو توش دەبێت ئایا واجبە لەسەر ئەو ئافرەتە خۆی بشوات؟ پێغەمبەری خوا فەرمووی: [نعم إذا هي رأت الما‌ء] بەڵێ ئەگەر هاتوو ئاوی بینی كەواتە ئافرەتیش وەكو پیاو وایە هەروەكو چۆن پیاو توشی لەشگرانی دەبێت بەهەمان شێوە ئافرەتیش،كەواتە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خۆی بشوات هەركەسێك توشی لەش گرانی بوو پیاو بێ یان ئافرەت نیشانەی لەشگرانیەكەش بینینی ئاوەكەیە.
دووەم: ئەگەر هیچ خەوێكی نەبینی بوو كە ببێتە هۆی لەشگرانی بەڵام ئەگەر پێش ئەوەی خەوی لێ بكەوێ بیر لە ژیانی ژن و مێردایەتی و جووت بوونی كردبێـتەوە ئەوە بێ گومان مەزی یە كە بریتی یە لە ئاوێكی لینجە،وە مەزیش پیسە ئەبێ ئەو شوێنەی كەوا بەری كەوتوە بیشوات ئەگەر ئەو بیركردنەوەی هەبوو.ئەگەر لە یادی نەبوو توشی لەشگرانی هاتبێ پاشان پێش خەوتنیش بیری لە ژیانی ژن و مێردایەتی و نەكردۆتەوەو دڵی لای ئەوە نەبووە و لەسەر ئەو خەیاڵە نەخەوتوە ئەوە جێگەی خیلافە:
هەندێك لە زانایان دەفەرموون واجبە لەسەری خۆی بشوات لەبەر ئیحتیات نەوەكو مەنی بێ.
وە هەندێكی تر فەرموویانە واجب نیە لەسەری خۆی بشوات چونكە ئەصڵ ئەوەیە كەوا لەشی گران نەبووە.
شێخ محمد بن صالح العثيمین : فتاوی أركان الإسلام

سەردان: ٨,٥٢٩ بەش: خۆشۆردن (غوسل)