ئەو خزمانە کێن کە پێویستە سەردانیان بکرێت؟ ئایە خزمانی باوک دەگرێتەوە یان هی دایک یان خێزان؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو خزمانە کێن کە پێویستە سەردانیان بکرێت؟ ئایە خزمانی باوک دەگرێتەوە یان هی دایک یان خێزان؟
پرسیار:

خوای گەورە وە هەروەها پێغەمبەری خواش - - وەسییەتی ئەوەیان کردووە کە سەردانی خزم و کەس و کار بکرێت.
پرسیارەکەم ئەوەیە :
ئەو خزمانە کێن کە پێویستە سەردانیان بکرێت؟ ئایە خزمانی باوک دەگرێتەوە یان هی دایک یان خێزان؟

سوپاس و ستایش بۆ خوا
یەکەم:
زانایان خیلافیان هەیە لەسەر دەست نیشان کردنی ئەو خزمانەی کە پێویستە سەردانیان بکرێت، سێ بۆ چوون هەیە لە نێوان زانایان لەم بارەیەوە:
بۆچوونی یەکەم: سنوری ئەو خزمانە بریتین لەو کەسانەی کە مەحڕەمن.
بۆچوونی دووەم : ئەو کەسانەن کە میراتیان بە یەک دەکەوێت.
بۆچوونی سێیەم : هەموو خزمەکان دەگرێتەوە، جا میراتیان بۆ یەکتر ببێت یان نەبێت.
وە بۆچوونی ڕاست و دورست؛ بۆچوونی سێیەمە، کە دەڵێت : ( ئەو خزمانەی پێویستە سەردانیان بکرێت ) هەموو نەوەکان و خزمان دەگرێتەوە، جا خزمی دایک بێت یان هی باوک، هەمووی دەگرێتەوە چگە - لەوانە نەبێت کە لە ڕێگەی شیر خواردنەوە بوونەتە خزم-
جا نە کەس و کاری ئافرەتەکە دەبێتە خزمی مێردەکەی، وە نە کەس و کاری مێردیش دەبێتە خزمی خێزانەکەی.

پرسیارکرا لە شێخ عبدالعزیز بن باز - ڕەحمەتی خوای لێ بێت - :
چی کەسێک دەبێتە خزم و کەس و کار؟ چونکە هەندێک دەڵێن : خزمی خێزانت نابێتە خزمت؟
لە وەڵامدا فەرمووی : خزم و کەس و کار بریتین لە کەس و کاری دایک و باوک، وە ئەمانەشن کە خوای گەورە لە سورەتی الأنفال و الأحزاب دەرحەقیان فەرموویەتی: ( وأولوا الأرحام بعضهم أولى ببعض في كتاب الله ) الأنفال/75 ، والأحزاب/6 .
واتا: وه‌ ئه‌وانه‌ی خزمی یه‌کترن هه‌ندێکیان (بۆ میرات گرتن) شایسته‌ ترن به‌ هه‌ندێکی تریان له‌ کتێبی خوادا .
وە نزیکترینیان : باوکان و دایکان و باپیر و نەوەکانن، پاشان برا و برازا، وە مامەو و میمک و منداڵەکانیان، پاشان خاڵ و پوڕ و منداڵەکانیان، لە پێغەمبەری خواوە هاتووە- - کاتێک کە کەسێک پرسیاری کردووە : كێ له‌هه‌موو كه‌س شایسته‌ تره‌ كه‌ من چاكه‌كار بم له‌گه‌ڵیدا، فه‌رمووی: [دایكت]. وتی: پاشان كێی تر؟ فه‌رمووی: [ دایكت]. وتی: پاشان كیی تر؟ فه‌رمووی: [ دایكت]. وتی: پاشان كێی تر؟ فه‌رمووی: [پاشان باوكت]و دوواتریش کەسە نزیکەکان.
وە فەرموودەی تر زۆر هاتووە لەم بارەیەوە.
وە سەبارەت بە کەس و کاری ئافرەت، ئەوان نابنە خزمی مێردەکەی، ئەگەر پێشتر خزم نەبووبێتن، بەڵام دەبنە خزمی منداڵەکانی.
" فتاوى إسلامية " ( 4 / 195 ) .
جا خزمی هەر یەک لە ژن و مێرد نابنە خزم بۆ ئەوی تر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت چاکەکار بن لەگەڵیاندا، چونکە ئەوە مامەڵە باشیە لە نێوان ژن و مێردا، وە هۆکارە بۆ زیاد بوونی خۆشەویستی نێوانیان.
دووەم:
سیلەی ڕەحم بە چەند ڕێگەیەک دەبێت لەوانە:
- سەردانی کردن - سەدەقە بەخشین پێیان- چاکە کردن لەگەڵیان- سەردانی کردنی نەخۆشیان- فەرمان کردن بە چاکە پێیان- ڕێگری کردن لە خراپە لێیان-هتد..
ئیمامی نەوەوی - ڕەحمەتی خوای لێ بێت - فەرموویەتی:
سیلەی ڕەحم بریتیە لە چاکە کردن لەگەڵ خزمەکان بە گوێرەی حاڵی ئەو کەسە دەبێت کە پێی هەڵدەستێت و ئەو کەسەش دە سەردانی دەکرێت، جا هەندێک جار بە پارە دەبێت، وە هەندێک جار بە یارمەتی دان دەبێت، وە هەندێک جار بە سەردانی کردن دەبێت، هەندێک جار بە سەلام کردن دەبێت و جگە لە مانەش...
" شرح مسلم " ( 2 / 201 ) .
شێخ محمد بن صالح العثیمین - ڕەحمەتی خوای لێ بێت - فەرموویەتی :
سیلەی ڕەحم بە گوێرەی نەریتی خەڵکی دەبێت؛ چونکە لە قورئان و سوننەتدا چۆنێتی و شێواز و ئەندازەکەی دیاری نەکراوە، پێغەمبەری خواش - - تایبەتی نەکردووە بە شتێکی دیاری کراوەوە... بەڵکو بە ڕەها کراوە؛ کە ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ نەریتی خەڵکی، جا لە نەریتی خەڵکیدا هەر شتێک بە سیلەی ڕەحم بزانن ئەوا ( لە شەرعدا ) بریتیە لە سیلەی ڕەحم، وە هەر شتێک لە نەریتی خەڵکیدا بە پچڕاندنی سیلەی ڕەحم ناو ببرێت، ئەوا بەو شتە دەوترێت - بچڕاندنی سیلەی ڕەحم-.
" شرح رياض الصالحين " ( 5 / 215 ) .

خوای گەورەش زاناترە.

سەردان: ١٠,٠٤٣ بەش: ئادابەکان