چ ئامۆژگاریەکتان هەیە بۆ خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ئەوەى توشى تاوان وخراپە نەبن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چ ئامۆژگاریەکتان هەیە بۆ خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ئەوەى توشى تاوان وخراپە نەبن؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
خوێندكاری ژیر و خۆشەویست ڕاستیەك هەیە كە پێویستە من و تۆیش بیزانین و هەردەم لەیادمان بێت ولەبیری نەكەین, ئەویش ئەوەیە كە ئێمە خەڵكی ئەم سەرزەمینە نـیـن لە بنەڕەتدا و بەڵكو دانیشتووی بەهەشت بووین, بەڵام بەهۆی سەرپێچی کردنمان لە فەرمانى خواى گەورە و گوێڕایەڵی شەیتان دابەزێنراین بۆ سەر ئەم زەویە....
وە ئەوەش شتێكی سروشتیە كە مرۆڤ لەبەر ئەوەی لە شوێنی بنچینەیی خۆیدا نیە بۆیە هەمیشە هەست بە ماندوێتی و خەم و خەفەت دەكات ولەولاشەوە ئەم ژیانە تەنراوە بە بەڵاو ناخۆشی ونەخۆشی و مردن و هەژاری و....
ئەوەشمان بیرنەچێت كە ئێمە لەم دونیایەدا لە سەفەرداین و هەمیشە لەرۆیشتنداین بەرەو مەنزڵگەی هەمیشەیی خۆمان كە بەهەشتە ئەوەش بەچاكە و خواپەرستی و دوركەوتنەوە لە تاوان و شوێنی تاوان و خودی تاوانباریش دەبێت.....
كەوابوو ئەوەی لەم ژیانەدا ( كە سەفەرە ) و خۆیشی لە سەفەردا بێت و لەشاری نیشتەجێی خۆیدا نەبێت و رۆیشتبێت بۆ شارو وڵاتێكی تر ئیتر چ بۆ خوێندن بێت یان بازرگانی یان گەشت وگوزار یان هەر مەبەستێكی تر, ئەوا با بزانێت كە دووجار لەسەفەردایە و ئەگەری تووشبوونی بە گوناه زۆرتر و زیاترە, هەروەها ئەوەش بزانە كە ژیانی مرۆڤ بریتیە لەم قۆناغانە:
* نەبوون: واتە لە سەرەتادا تۆ هیچ نەبوویت.
* ژیانی دونیا: ئەم ژیانەی كە هەموومانی بەزیندووێتی تێدایە.
* ژیانی ناوگۆڕ ( بەرزەخ ): بە مردن لە ژیانی دونیا دەچیتە نێو ئەم ژیانەوە.
* ژیانی هەتاهەتایی بەهەشت یان دۆزەخ: ئەوەش بە زیندووبونەوە لەناو گۆڕ دەست پێدەكات و بێ كۆتاییە.
جا منیش و تۆش ئێستا لە قۆناغی دووەمی ژیانداین كە ئەم دونیایەیە, جا خۆشبەختی و كامەرانی وسەرفەرازی هەمیشەیی لە دوارۆژدا بەندە بەم ژیانەوە ئەو كردەوانەی لەم دونیایەدا دەكرێن. وە پێویستە ئەوەش بهێنمەوە بیرت كە خودی ئەم ژیانی دونیایەش پێك دێت لەچەند قۆناغێك كە هەر لەمنداڵیەوە تا باڵغ بوون و هەرزەكاری ولاوێتی وژن هێنان ودواتریش پیربوون و بەساڵاچوون.
بۆیە شەیتان و دوژمنانی دین بۆ هەریەك لەم قۆناغانە پیلان و نەخشەی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ لەخشتەبردنی موسڵمانان و دوورخستنەوەیان لە دینەكەیان وسەرقاڵ كردنیان بەتاوان و گوناهەوە...
جا لێرەدا پەیامم بۆ خوێندكارانی ئازیزی زانكۆ و پەیمانگاكانە كە پێویستە زیاد لە خەڵكی ئاسایی وریا وئاگاداری تاوان بن ولاڕێ‌ نەبن بەهۆی نەفس وشەیتانەوە و هەوڵ بدە هەمیشەوكات پەیوەست بیت بە خوای خۆتەوە و ئەوت لە یادبێت و بزانە چی لەسەرت فەرزكردووە بە جوانی جێبەجێیان بكە وبەگوێرەی توانایش سوننەكان ئەنجام بدە چونكە ئەگەر ئەم كارەت كرد ئەوا دەبیتە خۆشەویستی خواو ناهێڵێت تووشی تاوان بیت و خۆی پارێزگاریت لێ‌ دەكات چونكە پێغەمبەری خوا فەرمویەتی : (احْفَظِ اللَّهَ يَحْفَظْكَ) واتە : تۆ سنورەكانی شەرعی خوا بپارێزە خواش تۆ دەپارێزێت
جا ورد بەرەوە لەم قسەیە و گومانت كە خوای گەورە لە تاوان دەپارێزێت و ناهێڵێت تووشی گوناه بیت و سەركەوتووتیش دەكات بۆ چاكە و عیبادەت و بۆ خوا صوڵحان !!!!
بۆیە بیری مردنت بێت و ئاگات لەخۆت بێت تاوان دڵت ڕەق نەكات و گوناه ئاسایی بێت بەلاتەوە, بەڵكو لەسەر خواپەرستی خۆت بەردەوام بە وەكو چۆن پێش ئەوەی بچیتە زانكۆ بەردەوام بوویت ئاوەهاش لە زانكۆ و دوای زانكۆیش بەردەوام بە و زوو زوو بگەڕێرەوە بۆ لای خوا. سەرنج بدە كە چۆن پێغەمبەری خۆشەویست  وەصیەت وئامۆژگاری یەكێك لە هاوەڵانی دەكات كە دەیەوێت بڕوات بۆ سەفەر وپێی دەفەرموێت: "اعْبُدِ الله كأنَّك تَراهُ، واعْدُدْ نفْسَك في المَوْتَى، واذْكرِ الله عند كلِّ حَجرٍ، وعندَ كلِّ شَجرٍ، وإذا عمِلْتَ سيِّئَة فاعْمَلْ بِجَنْبِها حَسنةً، السِّرُّ بالسِّرِّ، والعَلانِيَةُ بالعَلانِيَةِ". حسن لغيره, صحيح الترغيب و الترهيب 3342.
واتە: خوابپەرستە وەكو ئەوەی خوا دەبینی, و خۆت لە ڕیزی مردووان هەژماربكە, و زیكر و یادی خوا بكە لای هەر بەرد و دارێك, وە ئەگەریش تاوانێكت كرد ڕاستەوخۆ بەدوایەوە چاكەیەك بكە, نهێنی بە نهێنی و ئاشكراش بە ئاشكرا.
جا بە كورتی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا كورتی دەكەمەوە بۆت:
• نەكەی وازبهێنی لەو عیبادەتانەی كە پێش ئەوەی بچیتە زانكۆ دەیانكرد. وە زانكۆ بە هەلی تاوان مەزانە.
• هەنگاو نەخەیتە ناو زانكۆ وە هەتا داوا لە خوا نەكەیت كە بتپارێزێت و هاوكارت بێت كە بەسەركەوتوویی زانكۆ تەواو بكەیت.
• زۆر سوور بە لەسەر ئەوەی لەبەشی ناوخۆییدا هاوڕێی چاك و دڵسۆز و لەخواترس پەیدا بكەیت با خەڵكی شارەكەی خۆتیش نەبێت. وە لەدەرەوەش لەگەڵ هاوڕێ وبرادەری لە خواترسدا ڕێ‌ بكە و سەفەربكە.
• هەوڵ بدە مەڕۆ بۆ كافتریا و چایخانە و ئاهەنگ و ئاهەنگی دەرچوون ( حفلة تخرج ) .
• زۆر وریای ئافرەت بەو چاوت لە نەزەر بپارێزە و ئافرەتی خوێندكاریش بەهەمان شێوە, هەرگیز نەكەی تێكەڵاوی ڕووبدات و دواتر سەربكێشێ بۆ وێنەگرتن و پیاسەكردن پێكەوەو پێكەنین و ....
• سەرقاڵ بە بەو مەبەستەی كە بۆی هاتووی ئەویش خوێندنە, و با چەند كتێبێكی بەسوودت لابێت بۆ موتاڵاكردن.
• خۆت خەریك نەكەیت بەو یاریانەی كە لە زۆرێك لەبەشە ناوخۆییەكان دەكرێت وەكو: شەترەنج و تاولە و دۆمینە و ئێكس بۆكس و كڵاوێن و محێبس و ....
• زۆر وریای ئینتەرنێت بە و هەوڵ بدە سوودی لێ وەربگریت و بەكاری بهێنێت, نەوەك ئەو تۆ بەكار بهێنێت و بێ ئاگات بكات وباكاتت بە فێڕۆ نەدات. و مەهێڵە تەلەفزیۆن بهێنرێتە ژورەكەتەوە.
• خۆت بپارێزە لەو بیروباوەڕە سەیر و نامۆ وناشەرعیانەی كە بڵاودەكرێنەوە لەنێو زانكۆ و پەیمانگاكاندا و لە هەندێك لەبەش و فاكەڵتی و كۆلێجەكاندا و بەڵكو پەیوەست بە بەبیروباوەڕی ڕەسەنی ئیسلامەتی خۆتەوە.
• هەوڵ بدە ببە بە كەسێكی نموونەیی وەها كە هاوڕێكانت حەزبكەن لاسایی تۆ بكەنەوەو حەز بە نزیك بونەوە بكەن لێت ئەوەش بە ڕەوشت جوانی و گوفتار شرینیت وپابەندبوونت بە بەها ئیسلامیەكانەوە.

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٣,٥٣٧ بەش: گەنجان و لاوان