بسم الله الرحمن الرحيم
لە ڕۆژانی جومعەدا سوننەتە، تا ئەو كاتەی ئیمام دێتە سەر مینبەر نوێژى سوننەت بکەى ، كاتێك ئیمام هاتە سەر مینبەر ئیتر نوێژكردن نامێنێت، تەنها نوێژی سڵاوی مزگەوت «تحیة المسجد» نەبێت بۆ ئەو كەسانەی تازە دێن بۆ مزگەوت.
ئەی ئێستا ئەو دوو ڕكاتە نوێژەی دەكرێت سوننەتە یان بیدعەیە ولە چییەوە هاتووە؟ ، چونكە تەنانەت وای لێهاتوە ئەوەی نەیكات، یان بڵێت نیە، ئەڵێن: دینی گۆڕیوە یان دینی تازەی هێناوە . . .
وەڵام: ئەو دوو ڕكاتەی ئێستا دەكرێت كە ناونراوە بە سوننەتی «قەبلیەی جومعە» سوننەت نیە، چونكە پەیامبەری خوا ﷺ ئەمەی نەكردوە وهاوەڵانیش نەیانكردوە، بەڵكو نەك لە سەردەمی پەیامبەری خوادا ﷺ ، بەڵكو لە سەردەمی ئەبو بەكر وعومەریشدا بۆ نوێژی جومعە یەك بانگ دراوە [ئەمەش وتەی زۆرێكی زانایانە، وتەی عەبدوڵای كوڕی عومەر وئیمامی شافعی وئیمامی مالك وحەسەنی بەصری وزۆرێكی زانایانە ـ ڕەحمەتی خوایان لێ بێت ـ.]، بەڵكو لە سەرەتای خیلافەتی ئیمامی عوسمانیشدا هەر یەك بانگ دەدرا! بەڵام كاتێك شاری مەدینە فراوان بوو، ئیمامی عوسمان بانگێكی تری داهێنا بۆ ئەوەی هەموو خەڵكی ئاگادار بگاتەوە، وئەم بانگەش لەناو بازاڕ لە «زەورا» ولە كاتی چێشتەنگادا دەدرا.
هۆی دروست بوونی ئەم دوو ڕكاتە؟
ئەم دوو ڕكاتە دروست بووە بەهۆی ئەو بانگەی كە ئیمامی عوسمان دایهێنا.
ئەمەش ئەو فەرموودەیەی پەیامبەری خوا ﷺ دروستی دەكات كە لە بوخاری وموسلم «838» دا هاتووە، دەفەرموێ: «بَيْنَ كُلِّ أَذَانَيْنِ صَلَاةٌ»، واتە: «لە نێوان هەر دوو بانگێكدا دوو ڕكات نوێژ هەیە».
مەبەستی بانگ وقامەتە، چونكە قامەتیش هەر بانگە.
جا ئەو كەسانە ئەڵێن: بە دەقی فەرمودە لە نێوان بانگ وقامەت دوو ڕكات نوێژ هەیە، ئیتر بۆر ِێگری لە خەڵك دەكەن نوێژ بۆ خۆیان بكەن؟!
ئەی بەرامبەرەكانیان بەچی وەڵامیان دەدەنەوە؟
ئەوانیش ئەڵێن: ئیمامی عوسمان رضي الله عنه ئەم بانگی دووەمەی بۆ ئەوە داهێنا، تا خەڵكی ئاگادار بكاتەوە، وهیچ هۆكارێك نەبوو خەڵكی ئاگادار بكاتەوە وەكو سەماعە وبڵندگۆكان.
هەروەها ئەڵێن: ئەم دوو ڕكاتە ناكرێت لەبەر.
1. ئەگەر ئیمامی عوسمان رضي الله عنه هۆكارێك هەبوایە خەڵكی پێ ئاگادار بكردایەتەوە ئەوا ئەم بانگەی دا نەدەنا.
2. وئیمامی عوسمان رضي الله عنه لە كاتی چێشتەنگاو یەكەم بانگی دانا، ئەگەر هەر كەسێك ئەیەوێت ئەم سوننەتەی عوسمان رضي الله عنه زیندوو بكاتەوە، ئەوا دەبێ لە كاتی چێشتەنگاو یەكەم بانگ بدات. نەك پێنج یان دە خولەك پێش بانگی دووەم !؟
3. وگرنگترین هۆكارێك بۆ نەكردنی ئەم دوو ڕكاتە ئەوەیە پەیامبەری خوا ﷺ وهاوەڵانیش نەیانكردووە، وهەر كردەوەیەكیش بڕیاری پەیامبەری خوای ﷺ لەسەر نەبێت قەبوڵ ناكرێت، ئەوەتا دایكی ئیمانداران عائیشە رضي الله عنها دەفەرموێت: پەیامبەری خوا ﷺ فەرمویەتی: «مَنْ عَمِلَ عَمَلاً لَيْسَ عَلَيْهِ أَمْرُنَا فَهُوَ رَدٌّ» ، واتە: «هەر كردەوەیەك فەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت وەرناگیرێت» بوخاری «2697» وموسلم «1718».
وئەم دوو ڕكاتەش فەرمانی پەیامبەری خوای ﷺ لەسەر نییە ولەژێر فەرمانی ئەودا جێی نابێتەوە.
4. لە هاوەڵانی ئەو سەردەمەوە سابت نەبووە ئەم نوێژەیان لە نێوان ئەم دوو بانگەدا كردبێت.
كەواتە نابێت دوو ڕكات نوێژ بكرێت پێش نوێژی جومعە، ئەمەش ئەصلی بابەتەكەیە ئەگەر ئەتەوێ سوننەت جێبەجێ بكەیت ئەوا سوننەتە نوێژ بكرێت هەتا ئیمام دێتە سەر مینبەر، كە ئیمام هاتە سەر مینبەر ئەوا نوێژی سووننەت نامێنێت .
ئەوانیش دەپرسن وئەڵێن: مەگەر عوسمان لە خەلیفە ڕاشیدەكان نیە؟ ئەی پەیامبەر ﷺ نافەرموێ دەست بگرن بە سوننەتی خەلیفە ڕاشیدیەكانی دوای منەوە؟!!
وەڵام: ئەی ئەبو بەكر وعومەرلە خەلیفە ڕاشیدەكان نین؟ ئەوانیش نەیانكردووە، هەردوكیان بە ئیجماعی ئەهلی سوننەت وجەماعەت لە عوسمان باشترن، بەڵكو ئەوترێ: عەلیش لە كوفە نەیكردوە!! ئێستا بە قسەی سیانیان بكەین باشە یان یەكێكیان؟
پاشان هەر كەسێك ئەیەوێ هەر ئەو سوننەتەی عوسمان زیندو بكاتەوە ئەوا با وەك ئەو بیكات لە نزیك چێشتەنگا، نەك پێنج خولەك پێش بانگی دوەم بدرێت؟!
سەرنجی ئەو حەدیسانەش بدەن هەموی دەفەرموێ: «تا دەرچونی ئیمام، یان هاتنە سەر مینبەری،...» هیچی باسی بانگی یەكەمی نەكردوە.
مامۆستا على خان