بۆچی لە میراتدا پیاو دوو ئەوەندەى ئافرەت دەبات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بۆچی لە میراتدا پیاو دوو ئەوەندەى ئافرەت دەبات؟

بسم الله الرحمن الرحیم
الحمدلله و الصلاة و السلام على رسول الله وعلى اله و صحبه و من والاه... و بعد:
مەسەلەى میراتى ئافرەت یەكێكە لەو مەسەلانەى كە نەیارانى ئایینى ئیسلام بە حیسابى خۆیان كردوویانە بە بەڵگەى بە كەم سەیركردنى ئیسلام بۆ ئافرەت، بێگومان ئەو كەسانە بە هەڵە تێگەیشتوون، هۆكارى ئەو بە هەڵە تێگەشتنەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى كە ئەو كەسانە ئەو ئایەتەى قورئانیان بیستووە كە خواى گەورە دەفەرموێت: [لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الأُنثَيَيْنِ] (النساء: 11). واتە: بۆ نێرینە دوو هێندەى مێینە هەیە. ئیتر هاتوون ئەم ئایەتەیان كردووە بە ڕێسایەكى گشتى و بەسەر هەموو ئەو حاڵەتانەدا گشتگیریان كردووە كە تێیدا ئافرەت میراتى وەردەگرێت، بێگومان ئەم كارەیان هەڵەیەكى گەورەیە چونكە ئەو كەسانە دەبوایە سەرنجى هەموو ئەو ئایەتانەیان بدایە كە لەبارەى میراتى ئافرەتەوە دابەزیون، پاشان ئایەتەكانیان لەگەڵ یەكتردا بەراورد بكردایە، بێگومان ئەو كاتە بۆیان دەردەكەوت كە ئیسلام بە دادپەروەرانەترین شێواز بەشە میراتى ئافرەتى دیارى كردووە بە پێچەوانەى یاسا مرۆڤكردەكانەوە (القوانين الوضعية) كە بە هیچ شێوەیەك نەیانتوانیوە و ناشتوانن بەو شێوەیە حەقى میراتگرى بە ئافرەت بدەن، ئەو كەسانەى كە دەڵێن ئیسلام ستەمى لە ئافرەتان كردووە كەسانێكن لە بیانوو دەگەڕێن و نایانەوێ ڕاستیەكان بزانن یان دەیزانن بەڵام لە خەڵكى دەشارنەوە، بۆیە ئێمەش هەوڵمان داوە لەم چەند دێڕەدا وەڵامێكى كورت و پوختى ئەو كەسانە بدەینەوە و بیسەلمێنین كە ئیسلام دینێكى تەواو و بێخەوشە.

حاڵەتەكانى میراتگرى ئافرەتى موسڵمان
خوێنەرى بەڕێز: لێرەدا تەنها باسى چەند حاڵەتێك دەكەین لەو حاڵەتانە ئەمەش بۆ ئەوەى ڕوونى بكەینەوە كە نێرینە لە هەموو حاڵەتێكدا دوو ئەوەندەى مێینە نابات، بەڵكو جارى واهەیە مێینە دوو ئەوەندەى نێرینە دەبات و جارى وا هەیە بە یەكسانى میرات دەبەن و جارى واش هەیە مێینە میرات دەبات و نێرینە نایبات، بۆیە حاڵەتەكان بەم شێوەیە ڕوون دەكەینەوە:
1. لەم حاڵەتەدا نێرینە دوو هێندەى مێینە دەبات ئەمەش كاتێك دەبێت كە پیاوێك بمرێت و تەنها كوڕ و كچ وەكو میراتگر لەدواى خۆى بە جێ بهێڵێت وەكو خواى گەورە فەرموویەتى [لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الأُنثَيَيْنِ] (النساء: 11). حیكمەتەكەشى لەوەدایە كەئیسلام ڕەچاوى پێویستى هەریەكە لە نێرینە و مێینەى كردووە و هەندێك مافى بە پیاو داوە و ئەركیشى لەسەر داناوە بەڵام ئافرەتى لە زۆر لەم ئەركانە بەخشیوە بۆ نموونە كاتێك كچ بێت باوك یان برا بەخێوى دەكات، وە كاتێك مێردبكات مێردەكەى بەخێوى دەكات بەڵام بە پێچەوانەوە نێرینە تاوەكو گەنج بێت دەبێ سەرمایە كۆبكاتەوە بۆ پێكەوەنانى خێزان، وە كاتێكیش خیزان پێكەوە دەنێت دەبێت بژێوى خێزان و منداڵ بدات، ئایا لەم حاڵەتەدا دادپەروەرییە هەردووكیان وەكویەك میراتى ببەن لە كاتێكدا ئەركى سەرشانى پیاو زۆر قورسترە وەك لە هى ئافرەت ؟.
2. خواى گەورە دەفەرموێت: [وَلأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ مِمَّا تَرَكَ إِنْ كَانَ لَهُ وَلَدٌ] (النساء: 11). واتە: ئەگەر مردووەكە منداڵى لە پاش بەجێمابوو ئەوە باب و دایكى (مردووەكە) هەریەكێكیان شەشیەك (1 / 6) ى دەبەن لەوەى كە (مردووەكە) بەجێیهێشتووە لە ماڵ و سامان.
لەم حاڵەتەدا دەبینین باوك و دایك وەكو یەك میراتى دەبەن بە بێ ڕەچاوكردنى مێینایەتى و نێرینایەتى.
3. خواى گەورە دەفەرموێت: [وَإِنْ كَانَ رَجُلٌ يُورَثُ كَلالَةً أَوْ امْرَأَةٌ وَلَهُ أَخٌ أَوْ أُخْتٌ فَلِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ] (النساء: 12). واتە: ئەگەر پیاوێك یان ئافرەتێك مردوو نە باوكى هەبوو نە منداڵ و برایەك یان خوشكێكى دایك و باوكى هەبوو، ئەوە هەریەكێكیان شەشیەكى (1 /6) ى بۆ هەیە.
لەم حاڵەتەشدا دەبینین خوشك و براى دایكى وەكو یەك میرات دەبەن و یەكسانن.
4. خواى گەورە دەفەرموێت: [فَإِنْ كُنَّ نِسَاءً فَوْقَ اثْنَتَيْنِ فَلَهُنَّ ثُلُثَا مَا تَرَكَ] (النساء: 11). واتە: ئەگەر دوو ئافرەت و زیاتر بوون ئەوە دوو سێیەك (2 / 3) ى ئەوەى مردووەكە بەجێى هێشتووە بە میراتدەگرن.
بۆ نمونە: ئەگەر پیاوێك مرد و ژنێك و دووكچ و برایەكى لە پاش بەجێما، میراتەكەى بەم شێوەیە دابەش دەكرێت: ژنەكەى هەشتیەك (1 / 8) وەردەگرێت، دوو كچەكەى دوو سێیەك وەردەگرن (2 / 3)، براى مردووەكەش كە دەكاتە مامى كچەكان ئەوەى دەمێنێتەوە لە میراتیەكە بۆ ئەو دەبێت كە دەكاتە(5 / 24)، لێرەدا هەریەكێك لە كچەكان نزیكەى دوو قاتى مامیان وەردەگرن، واتە لێرەدا مێینە دوو ئەوەندەى نێرینە وەردەگرێت ! [فَهَلْ مِنْ مُدَّكِرٍ ]
5. [وَإِنْ كَانَتْ وَاحِدَةً فَلَهَا النِّصْفُ... ] (النساء: 11) واتە: وە ئەگەر كچە میراتگرەكە هەر یەكێك بوو ئەوە نیوەى میراتیەكە هى ئەوە. بۆ نمونە: ئەگەر ژنێك مردوو كچێك و مێردەكەى لە پاش بەجێما، ئەوە كچەكە نیوە(1 / 2) ى میراتیەكە دەبات، مێردەكەشى كە دەكاتە باوكى كچەكە چواریەك (1 / 4) دەبات.
كەواتە لێرەشدا مێینە كە كچێكە دوو ئەوەندەى نێرینەیەك دەبات كە باوكیەتى.
لە پاش باسكردنى هەندێك لە حاڵەتەكان دەركەوت كە ئەوەى نەیارانى ئایینى ئیسلام پێیان وابوو بنچینەیەكى گشتى میراتگرتنى ئافرەتە [لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الأُنثَيَيْنِ] وا نیە و ئەوان بە هەڵە لێى تێگەیشتوون.

ئەنجام
لێرەدا بە كورتى خشتەیەكى بیركاریانەتان بۆ دەخەینە ڕوو سەبارەت بە میراتى ئافرەت لە ئیسلامدا:
1. تەنها لە چوار حاڵەتدا ئافرەت نیوەى پیاو دەبات لە سەرجەم مەسەلەكانى میراتدا.
2. لە چەندین حاڵەتدا ئافرەت و پیاو بە یەكسانى میرات دەبەن وەكو پێشتر باسمان كرد.
3. لە ده (10) حاڵەت یان زیاتریشدا ئافرەت لە پیاو زیاتر میرات وەردەگرێت.
4. چەند حاڵەتێكیش هەن كە تێیدا ئافرەت میرات دەبات بەڵام پیاوانى هاوتاى وەكو (خوشك و برا، نەنك و باپیر) میرات نابەن.
كۆتایى
پاش ئەم توێژینەوە كورتە بۆمان دەركەوت كە ئایینى ئیسلام تەواو و بێ هەڵەیە و لە هەر لایەنێكەوە تۆمەتى ئاراستە بكرێت بە هۆى ڕوونكردنەوەى ئەو لایەنەوە كامڵى و بێخەوشیەكەى زیاتر و زیاتر جێگیر (إثبات) دەبێت و نەیارانى ئەم دینە حەقەش تەنها ڕیسوایى و ڕوو ڕەشییان بۆ دەمێنێتەوە.

و اخر دعوانا أن الحمدلله رب العالمين

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٧,٥٥١ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان