پلەوپایەی نوێژ و گرنگیەكەی لە ئیسلامدا چۆن باس کراوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پلەوپایەی نوێژ و گرنگیەكەی لە ئیسلامدا چۆن باس کراوە؟

پلەوپایە و گرنگی نوێژ
یەکەم : نوێژ پایەی دووەمە لە پایەكانی ئیسلام, كە جەخت لەسەركراوترین پایەیە لە دوای شایەتومان هێنان.
دووەم : نوێژ كۆڵەكەی دینە, لەبەر ئەم فەرموودەیە كە پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: " رأس الأمر الإسلام وعموده الصلاة وذروة سنامه الجهاد في سبيل الله " (أحمد صحيح الترمذي ٢٦١٦) واتە: بنچینەی هەرەگرنگ بریتیە لە ئیسلام ، و كۆڵەكەكەی بریتیە لە نوێژ و چڵەپۆپەكەشی بریتیە لە تێكۆشان لە پێناوی خوادا.
سێیەم : نوێژ خاوەنەكەی بەرزدەكاتەوە لە پلەوپایەكانی نێو بەهەشت ، وەكو پێغەمبەری خوا بە هاوەڵی بەڕێز ( ثوبان ) دەڵێـت: "عَلَيْكَ بِكَثْرَةِ السُّجُودِ لِلَّهِ فَإِنَّكَ لَا تَسْجُدُ لِلَّهِ سَجْدَةً إِلَّا رَفَعَكَ اللَّهُ بِهَا دَرَجَةً وَحَطَّ عَنْكَ بِهَا خَطِيئَةً" (مسلم) واتە: زۆر سوجدە ببە( نوێژبكە) چونكە خوای گەورە بە هەر سوجدەیەك پلەیەك پێی بەرزت دەكاتەوەو تاوانێكیشت لەسەر دەسڕێتەوە.
چوارەم : نوێژ یەكەم بابەتە كە لێپرسینەوەی لەسەر دەكرێت لەگەڵ مرۆڤدا لە رۆژی دواییدا, پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: "أول ما يحاسب عليه العبد يوم القيامة الصلاة ، فإن صلحت صلح سائر عمله ، وإن فسدت فسد سائر عمله" (صحیح الجامع ٢٥٧٣) واتە: یەكەم شت كە لێپرسینەوەی لەسەر دەكرێت لەگەڵ بەندەدا لە رۆژی دواییدا بریتیە لە نوێژ, جا ئەگەر چاك بوو ئەوا تەواوی كردەوەكانی تریشی چاك دەبێـت ،ئەگەریش خراپ و ناتەواو بوو ئەوا تەواوی كردەوەكانی تری خراپ دەبێت.
پێنجەم : نوێژ هۆكارێكە بۆ پاراستنی بەندەلە هەموو خراپەیەك, پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: "مَنْ صَلَّى الصُّبْحَ فَهُوَ فِي ذِمَّةِ اللَّهِ فَلَا يَطْلُبَنَّكُمْ اللَّهُ مِنْ ذِمَّتِهِ بِشَيْءٍ فَيُدْرِكَهُ فَيَكُبَّهُ فِي نَارِ جَهَنَّمَ" (مسلم) واتە: ئەوەی نوێژی بەیانی ئەنجام بدات ئەوا لە ژێر پارێزگاری خوای گەورەدایە ....
شەشەم : نوێژ لە گەورەترین هۆكارەكانی چوونە بەهەشتە, پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: " مَنْ صَلَّى الْبَرْدَيْنِ دَخَلَ الْجَنَّةَ " (متفق علیه) واتە: ئەوەی نوێژی بەیانی و عەسر بكات ئەوا دەچێتە بەهەشتەوە.
حەوتەم : نوێژ یەكێكە لەگەورەترین هۆكارەكانی رزگاربوون لە ئــاگر, پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: " لَنْ يَلِجَ النَّارَ أَحَدٌ صَلَّى قَبْلَ طُلُوعِ الشَّمْسِ وَقَبْلَ غُرُوبِهَا " (مسلم) واتە: هیچ كەسێك ناچێتە نێو ئاگری دۆزەخەوە ئەگەر پێش خۆردەرچوون و پێش خۆرئاوابوون نوێژی كردبێت ( بەیانی و عەسر).

سەردان: ٤,٥٧٩ بەش: حوکم و گرنگى نوێژ