ئایا لە کاتى دەست نوێژدا واجبە هەموو سەرمان مەسح بکەین یان چەند تەڵێکیش بێ هەر دروستە؟ وە مەسحى گوێ بەشێکە لەسەر؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا لە کاتى دەست نوێژدا واجبە هەموو سەرمان مەسح بکەین یان چەند تەڵێکیش بێ هەر دروستە؟ وە مەسحى گوێ بەشێکە لەسەر؟

پێویستێتی مەسح كردنی هەموو سەر لەبەر ئەوەیە كەوا فەرمان كردن بە مەسح لە قورئاندا نادیارە (مُجمل)ـە ، بۆیە بۆ روون كردنەوەی دەگەڕێیتەوە بۆ لای فەرموودە ، وە لە هەردوو (صحیح البخاری ومسلم) و جگە لەوانیشدا سەلمێنراوە كەوا پێغەمبەر () هەموو سەری مەسح كردووە ، وە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەوا پێویستە هەموو سەر بە كامڵی مەسح بكرێت .
عَنْ عَمْرِو بْنِ يَحْيَى الْمَازِنِيِّ عَنْ أَبِيهِ :
((أَنَّ رَجُلاً قَالَ لِعَبْدِ اللَّهِ بْنِ زَيْدٍ - وَهُوَ جَدُّ عَمْرِو بْنِ يَحْيَى - : أَتَسْتَطِيعُ أَنْ تُرِيَنِي كَيْفَ كَانَ رَسُولُ اللَّهِ () يَتَوَضَّأُ ؟ فَقَالَ عَبْدُ اللَّهِ بْنُ زَيْدٍ : نَعَمْ ، فَدَعَا بِمَاءٍ ، فَأَفْرَغَ عَلَى يَدَيْهِ فَغَسَلَ مَرَّتَيْنِ ، ثُمَّ مَضْمَضَ وَاسْتَنْثَرَ ثَلاَثًا ، ثُمَّ غَسَلَ وَجْهَهُ ثَلاَثًا ، ثُمَّ غَسَلَ يَدَيْهِ مَرَّتَيْنِ مَرَّتَيْنِ إِلَى الْمِرْفَقَيْنِ ، ثُمَّ مَسَحَ رَأْسَهُ بِيَدَيْهِ فَأَقْبَلَ بِهِمَا وَأَدْبَـرَ : بَدَأَ بِمُقَدَّمِ رَأْسِهِ حَـتَّى ذَهَبَ بِهِمَا إِلَى قَفَاهُ ، ثُمَّ رَدَّهُمَا إِلَى الْمَكَانِ الَّذِي بَدَأَ مِنْهُ ، ثُمَّ غَسَلَ رِجْلَيْهِ))(متفق عليه ).
واتە : پیاوێك وتی بە (عَبْدُ اللَّهِ بْنُ زَیْدٍ) : ئایا دەتوانیت پێشانمی بدەیت پێغەمبەری خوا () چۆن دەستنوێژی گرتووە ؟ (عَبْدُ اللَّهِ بْنُ زَیْد)یش فەرمووی : بەڵێ‌ ، بۆیە داوای ئاوی كرد ، جا ئاوی كرد بەسەر هەردوو دەستیدا و دوو جار شۆردنی ، ئەنجا سێ‌ جار ئاوی ڕادایە ناو دەم و لووتی ، ئەنجا سێ‌ جار روومەتی شۆرد ، ئەنجا دوو جار دوو جار هەردوو دەستی تاوەكو ئانیشكی (قوڕنێسكی) شۆرد ، ئەنجا هەردوو دەستی هێنا بە سەر سەریدا لە پێشەوە و لە پاشەوەش هەردووكیانی هێنا پێیدا : بە پێشەوەی سەری دەستی پێكرد تاوەكو هەردوو دەستی برد تا پشتی ملی ، ئەنجا هەردوو دەستی گێڕایەوە بۆ ئەو شوێنەی كە لە سەرەتادا دەستی پێ‌كرد ، ئەنجا هەردوو پێ‌یی شۆرد .
وە ئەگەر بوترێت : سەلمێنراوە لە فەرموودەی (الـمغیرە) كەوا پێغەمبەر () پێشە سەری و سەرەوەی عەمامەكەشی مەسح كردووە ؟
ئەوا وەڵامەكەی ئەوەیە كەوا : خۆیگرتەوە لە سەر مەسح كردنی پێشە سەر چونكە مەسح كردنی ئەوەی كە مایەوە لە سەر بە مەسح كردنی سەرەوەی عەمامەكەی تەواو كرد ، وە ئێمەیش ئەمە دەڵێین ، وە ئەمە بەڵگەی دروستێتی خۆگرتنەوە لە سەر مەسح كردنی پێشە سەر یان هەندێك لە سەری بە بێ‌ تەواو كردنی بە مەسح كردنی سەرەوەی عەمامەی تێدا نییە(تفسير ابن كثير : (2/24) بتصرف ).
دەرئەنجام ئەوەیە كەوا پێویستە هەموو سەر مەسح بكرێت ، وە ئەو كەسەی مەسح دەكات ئەگەر بیەوێت تەنها مەسحی سەر دەكات ، یان تەنها مەسحی سەر عەمامە دەكات ، یان مەسحی سەر و عەمامە دەكات پێكەوە ، هەموو ئەمانە ڕاست و دروست و سەلمێنراون .
وە هەردوو گوێ‌ بەشێكن لە سەر بۆیە پێویسە مەسح بكرێن :
لە بەر فەرمایشتی پێغەمبەر () : ((الْأُذُنَانِ مِنْ الرَّأْسِ))(صحیح سنن ابن ماجه) واتە : هەردوو گوێ بەشێکن لە سەر .
وە لەم فەرموودەیەدا كە دێت ڕوونكردنەوەی چۆنێتی مەسح كردنی هەردوو گوێ‌ی تێدایە :
عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عَمْرِو بْنِ الْعَاصِ :
((أَنَّ رَجُلاً أَتَى النَّبِيَّ () فَقَالَ : يَا رَسُولَ اللَّهِ كَيْفَ الطُّهُورُ ؟ فَدَعَا بِمَاءٍ فِي إِنَاءٍ ، فَغَسَلَ كَفَّيْهِ ثَلاَثًا ، ثُمَّ غَسَلَ وَجْهَهُ ثَلاَثًا ، ثُمَّ غَسَلَ ذِرَاعَيْهِ ثَلاَثًا ، ثُمَّ مَسَحَ بِرَأْسِهِ فَأَدْخَلَ إِصْبَعَيْهِ السَّبَّاحَتَيْنِ فِي أُذُنَيْهِ وَمَسَحَ بِإِبْهَامَيْهِ عَلَى ظَاهِرِ أُذُنَيْهِ وَبِالسَّبَّاحَتَيْنِ بَاطِنَ أُذُنَيْهِ ، ثُمَّ غَسَلَ رِجْلَيْهِ ثَلاَثًا ثَلاَثًا ، ثُمَّ قَالَ : هَكَذَا الْوُضُوءُ ، فَمَنْ زَادَ عَلَى هَذَا أَوْ نَقَصَ فَقَدْ أَسَاءَ وَظَلَمَ ـ أَوْ ظَلَمَ وَأَسَاءَ ـ))(حسن صحيح : دون قوله : " أَوْ نَقَصَ " ).
واتە : پیاوێك هات بۆ لای پێغەمبەر () و وتی : ئەی پێغەمبەری خوا چۆن دەستنوێژ دەگیرێت ؟ پێغەمبەریش () داوای ئاوی كرد لە قاپێكدا ، جا سێ‌جار هەردوو لەپـی شۆرد ، ئەنجا سێ‌جار ڕوومەتی شۆرد ، ئەنجا سێ‌جار هەردوو قۆڵی شۆرد ، ئەنجا مەسحی سەری كرد و هەردوو پەنجەی شایەتومانی خستە نێو هەردوو گوێ‌ی و بە هەردوو پەنجە گەورەكەی دەرەوەی گوێ‌ی و بە هەردوو پەنجەی شایەتومانیشی ناوەوەی گوێ‌ی مەسح كرد ، ئەنجا سێ‌جار سێ‌جار هەردوو پێ‌یی شۆرد ، ئەنجا فەرمووی : دەستنوێژ گرتن بەم شێوەیەیە ، وە هەركەسێك لە ئەمە زیاتر ئەنجامبدات ئەوا بەڕاستی خراپ و ستەمی كردووە ـ یان ستەم و خراپی كردووە ـ .

وەرگیراوە لە کتێبی : (كورتەیەك لە فیقهی سوننەت و قورئانی ئازیز ) لە وەرگێڕانى بەڕێز : مامۆستا محمد عبدالرحمن

سەردان: ٤,٥١٥ بەش: دەستنوێژ