ئایا دروستە لەكاتی باوێشكداندا بڵێیت: أعوذ بالله من الشيطان الرجيم ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دروستە لەكاتی باوێشكداندا بڵێیت: أعوذ بالله من الشيطان الرجيم ؟

شێخ محمد بن صالح العثيمين رحمه الله دەفەرموێ :
لەكاتی قڕقێنە و باوێشكدا هیچ زیكری تایبەتی نیە بە پێچەوانەی عەوامی خەڵكەوە كەلەكاتی قڕقێنە لێداندا دەڵێن: الحمد لله! والحمد لله علی كل حال؛ هەربۆیە نەهاتووە كە قڕقێنەلێدان هۆكارێك بێت بۆ حەمد وسوپاسی خوا و هەروەها لەكاتی باوێشكدا دەڵێن: أعوذ بالله من الشيطان الرجيم، ئەمەش هیچ بنچینەیەكی نیە و لە پێغەمبەرەوە نەهاتووە كە ئەو كارەی كردبێت.
بەڵام لەوانەیە كەسێك بڵێت:
ئایا مەگەر قڕقێنەلێدان نیعمەتێك نیە, وە نیعمەتیش شایستەی ئەوەیە كە سوپاسی خوای لەسەر بكرێت؟
ئێمەش دەڵێین :
بەڵێ‌. ئەوە نیعمەتە ، بەڵام لە پێغەمبەرەوە نەهاتووە كە لەكاتی قڕقێنەدا سوپاسی خوای كردبێت ، جا ئەگەر ئەو كارە یان ئەو وتەیە نەهاتبێت ونەگێڕڕابێتەوە بۆمان ئەوا شەرعی نیە, ئەوەش لەسەر بنچینەی ئەو قاعیدەیەی زانایان كە دەڵێت:
هەر شتێك هۆكارەكەی لە سەردەمی پێغەمبەردا هەبووبێت و ئەویش نەیكردبێت ئەوا ئەنجامدانی ئەو كارە سوننەت نیە ،چونكە كاری پێغەمبەر سوننەتە و نەكردنیشی سوننەتە .
جا بۆیە قڕقێنەلێدان هەبووە بێگومان بەڵام پێغەمبەری خوا سوپاسی خوای نەكردووە لەسەری .
كەوابوو: نەكردن و نەووتنی حەمد سوننەتە لەوكاتەدا.
بەهەمان شێوە پەناگرتن بە خوا لە شەیتان لەكاتی باوێشكدا, لەوانەیە كەسێك بڵێت:
پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ( التثاؤب من الشيطان )، وقد قال الله تعالى ( وَإِمَّا يَنزَغَنَّكَ مِنْ الشَّيْطَانِ نَزْغٌ فَاسْتَعِذْ بِاللَّهِ ) ! ئێمەش دەڵێین: مەبەست لە لە ئایەتی: (وَإِمَّا يَنزَغَنَّكَ مِنْ الشَّيْطَانِ نَزْغٌ ) واتە : تۆ ئەگەر ویستت تاوان و سەرپێچیەك بكەیت یان واجبێك نەكەیت و وازی لێ بهێنیت ئەوا پەنا بگرە بەخوا چونكە فەرمان كردن بە خراپە لە شەیتانەوەیە, ( الشَّيْطَانُ يَعِدُكُمْ الْفَقْرَ وَيَأْمُرُكُمْ بِالْفَحْشَاءِ ).
بەڵام سەبارەت بە باوێشك ئەوا پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ( التثاؤب من الشيطان، فإذا تثاءب أحدُكم فليَكْظِم ما استطاع، فإن عجز فليضع يده على فيه ) واتە: باوێشك لە شەیتانەوەیە, ئەگەر یەكێكتان باوێشكی دا ئەوا بەپێی توانا با بیگرێتەوە و ئەگەریش نەیتوانی ئەوا با دەستی بخاتە سەر دەمی. جا ئەگەر وردبنەوە لە فەرموودەیەكە پێغەمبەری خوا نەیفەرموو ئەگەر یەكێكتان باوێشكی دا با پەنابگرێت بە خــوا ، هەرچەند فەرمووی : باوێشك لە شەیتانەوەیە, جا بۆیە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت و بەڵگەی ئەوەی تێدایە كە پەناگرتن بە خوا لەشەیتان لەكاتی باوێشكدا سوننەت نیە.

سەردان: ٣,١٠٤ بەش: هەمەجۆر