کەی منداڵ دەبێتە مەحرەم بۆ دایکی؟ ئایا كەمترین تەمەنی منداڵ چەندە بۆ ئەوەی ببێتە مەحرەمی ئافرەت ئەگەر بیەوێت سەفەر بکات؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
کەی منداڵ دەبێتە مەحرەم بۆ دایکی؟ ئایا كەمترین تەمەنی منداڵ چەندە بۆ ئەوەی ببێتە مەحرەمی ئافرەت ئەگەر بیەوێت سەفەر بکات؟

حوکمى سەفەر کردنى ئافرەت بە بێ مەحرەم
سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین کە سەفەركردنی ئافرەت بەبێ مەحرەم دروست نیە و حەرامە هەروەکو لە لە(الصحیحین) لە(عبدالله)كوڕی (عباس)ەوە دەفەرموێ: پێغەمبەر() فەرمووی:
((لاتَسافِر المرأة إلامع ذِي محرم)) واتە: نابێ ئافرەت سەفەر بكات مەگەر لەگەڵ مەحرەمی خۆیدا بێ.
ئەمەش هەموو سەفەروگەشتێك دەگرێتەوە تەنانەت سەفەری حەج كردنیش.
وە بەهەمان شێوە حەرامە ئافرەت بەبێ مەحرەم سواری فڕۆكە بێ، هەرچەندە ئەگەر مەحرەمێكی لەگەڵ بێ تا سواری دەبێ‌و لەو جێیەش پێ ی دەگات مەحرەمێكی تر چاوەڕێی بكات هەر حەرامە مادام لە ناو فڕۆكەكە مەحرەمی لەگەڵدا نەبێ .
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو مەحرەمەی كە شەرع دیای كردووە، پێویستە چوار مەرجی تێدابێ ئەگەر نا سەفەركردن لەگەڵی دروست نیە ، دەبێ موسڵمانێكی باڵغى عاقڵی كوڕ بێت .
وەكو پێغەمبەر () دەفەرموێ :
((.. أبوها أو إبنها أو زوجها أو أخوها أو ذومنها)) [مسلم 2/977].
مەگەر باوكی، یان براكەی، یان مێردەكەی، یان كوڕەكەی، یان مەحرەمێكی لەگەڵ دابێ.

پرسیار کراوە لە شێخ عبدالعزیز بن عبدالله بن باز رحمه الله :
ئایا كەمترین تەمەنی گەنج چەندە بۆ ئەوەی ببێتە مەحرەمی ئافرەت ئەگەر بیەوێت سەفەر بکات؟
لە وەڵامدا فەرمووى : کەمترین تەمەن بۆ ئەوەی پیاو ببێتە مەحرەمی ئافرەت تەمەنی باڵغ بوونه، كە بریتیە لە تەواوکردنی پانزە ساڵی یان دابەزاندنی ئاوی شەهوە یان دەرکەوتنی مووی زبر لە دەوربووبەری ئەندامی نێرینە کەپێی دەوترێ (مووی بەر)، هەرکاتێک یەکێک لەم نیشانانە دەرکەوتن ئەوا ئەو کەسە دەبێتە کەسێکی (مکلف) واتا لێپرسینەوەی لێ دەکرێت، بەمەیش ئەو کەسە دەشێت ببێتە مەحرەم بۆ ئافرەت۰ مجموع الفتاوى"(16/382)

وە پرسیار کراوە لە شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله :
کەی منداڵ دەبێتە مەحرەم بۆ دایکی؟ کاتى باڵغ بوون یان کاتى تێگەشتن و جیاوازى کردن لەنێوان خێر وشەڕ (التمییز) ؟
لە وەڵامدا فەرمووى : کاتێک منداڵەکە بالغ وعاقڵ بێت، ئەگەر بالغ نەبوو مەحرەم نابێت، یان ئەگەر مێشکی تەواو نەبێت نابێتە مەحرەم. لقاءات الباب المفتوح

وە زانایان ڕای جیاوازیان هەیە لەسەر ئەو کەسەی موراهیقەو جارێ بالغ نەبوە و نزیکى باڵغ بوونە، بۆ ئەوە دەبێت کەئافرەت بیکاتە هاوسەفری لێی تەئمین بێت؟
زۆربەیان لەسەر ئەوەن کە بەڵێ دەبێتە مەحرەم ئەم ڕایەش ڕاجحە، بەڵام حەمبەلیەکان پێچەوانەی ئەوانن مەرجی ئەوەیان داناوە کە بالغ بێت ئەم ڕایەش سەلامەت ترە.

سەردان: ٩,٦٩٥ بەش: ئافرەتان