ئایا دروستە لە دواى کردنى (11) ڕکات نوێژى تەراویح شەو دیسان لە ماڵەوە نوێژى تر بکەى؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دروستە لە دواى کردنى (11) ڕکات نوێژى تەراویح شەو دیسان لە ماڵەوە نوێژى تر بکەى؟

هەركەس نوێژی تەراویح و  وەتری كرد کە (11) ڕکاتە لەپاشاندا ویستی نوێژی تر بكات دروستە بۆى کە تەنها دوو ڕکات بکات بەڵام نوێژە وەترەكە دووبارە نەكاتەوە، بەپێ‌ی ئەوەی ئەبوداودو نەسائی و (ترمذي) كە بەحەسەنی داناوە لە عەلی‌یەوە ئەگێڕنەوە دەفەرمووێت: لە پێغەمبەرم بیستووە ﷺ فەرموویەتی: (لا وَترَانِ فِي لَيلَةٍ) واتە: لە شەوێكدا دوو وەتر نی‌یە.
لە عائیشەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر ﷺ كاتێ‌ سڵاوی ئەدایەوە سڵاوەكەیمان دەبیست، لەپاشاندا بەدانیشتنەوە دوو ڕكات نوێژی ئەكرد. (واتە لە دواى نوێژى وەترەکەوە) (موسلیم گێڕاویەتی‌یەوە).
وە لە ئوممو سەلەمەوە هاتووە كە پێغەمبەر ﷺ لەدوای وەترەوە بەدانیشتنەوە دوو ڕكات نوێژی ئەكرد . (ئەحمەدو ئەبوداود و (ترمذي) و غەیری ئەوان گێڕاویانەتەوە).
بۆیە بە پێى ئەم دوو فەرمودەیەی سەرەوە دەتوانى تەنها دوو ڕکات بکەى .

سەردان: ٤,٩٦١ بەش: نوێژى تەراویح
▴