ئادابەكانی بە ڕۆژوو بوون کامانەن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئادابەكانی بە ڕۆژوو بوون کامانەن؟

ئادابەكانی بە ڕۆژوو بوون
1.پارشێو كردن : سونەت وایە موسوڵمانان پێش بانگی بەیانی پارشێو بكەن ، وە چەند درەنگ تر بێت خێرترە ، وە مرۆڤ بەردەوام بێت لە خواردن و خواردنەوەی تا ئەو كاتەی بانگ دەدرێت ، گوێ‌ نەدرێت بەو بیدعەیەی لە زۆرێك لە مزگەوتەكان دەكرێت كە دەڵێن: (الإمساك) واتە: دەست بەرداری خواردن و خواردنەوە بن ، ئەم شتە بیدعەیە و ئەصل و ئەساسی نیە لەشەریعەتە پاك وتەواوەكەی ئیسلام ، با مۆژن بۆ خۆی هەر بڵێت (الإمساك) تۆ گوێی پێ‌ مەدە و لە خواردن و خواردنەوەت بەردەوامبە تائەو كاتەی بانگ دەدرێت .
2. پەلەكردن لەڕۆژوو شكاندن لەدوای خۆرئاوابوون و بانگ : سونەت وایە لە دوای خۆرئاوا بوون و بانگی مەغریب پەلە بكرێت لە ڕۆژوو شكاندن ، خێرو سونەت لەمەدایە .
3.دوعا كردن لەكاتی ڕۆژوو شكاندن: سونەت وایە لەكاتی ڕۆژوو شكاندن ئەم دوعایە بكرێت: (ذَهَبَ الظَّمَأُ وَابْتَلَّتِ العروقُ ، وثَبَتَ الأَجْرُ إن شاءالله) صحيح سنن أبي داود : 2066.
واتە: تێنوویەتی ڕۆیشتن ، وەدەمارەكان تەڕبوون لە دوای ووشك بوونیان ، وە (إن شا‌ء الله) ئەجر و پاداشت دەست كەوت لە لای خوای پەروەردگار .
4.پاراستنی زمان لە غەیبەت كردن و قسە هێنان و بردن و جنێودان و بوهتان كردن .
5. قورئان خوێندن و سەدەقە كردن .
6.تەراویح كردن و عیبادەت كردن بەشەو : بە تایبەتی لە دە شەوی كۆتایی مانگی ڕەمەزان بۆ دەست كەوتنی ئەجرو پاداشتی (لیلة القدر ) .
7.شكاندنی ڕۆژوو بە قەسب یان خورما یان ئاو : سوننەت وایە لە دوای بانگی مەغریب بە چەند دەنكە قەسپێك یان خورما ڕۆژوو بشكێندرێت ، ئەگەر نا بە ئاو .

مامۆستا عدنان بارام

سەردان: ٣,٤٤٨ بەش: حوکم و ئادابەکانى ڕۆژوو