ئەوەى زەکات نادات حوکمى چیە؟ وە لەسەر کێ واجبە؟ وە زەکات لە چی و چی دەدرێ؟ وە چۆن زەکاتی ئاڵتون و پارە بدەین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەوەى زەکات نادات حوکمى چیە؟ وە لەسەر کێ واجبە؟ وە زەکات لە چی و چی دەدرێ؟ وە چۆن زەکاتی ئاڵتون و پارە بدەین؟

حوکمی ئەو کەسەی کە زەکات نادات یان باوەڕى پێى نیە
زەکات فەرزێکە لەو فەرزانەی کە موسوڵمانان ھەموویان لەسەری کۆن جا ھەرکەسێک ئینکاری واجبیەتی بکات ئەوا کافرە و دەرچووە لە ئیسلام بەڵام کەسێک باوەڕی بە واجبیەتی زەکات ھەبێ و زەکات نەدات لەبەر ھەر ھۆیەکی تر بێت . ئەوا کافر نابێت ، بەڵام تاوانێکى گەورەى ئەنجامداوە و لە قیامەتدا سزایەکى سەختى بۆ هەیەکە لە خوارەوە باسکراوە.
زەکاتە لەسەر کێ واجبە؟
زەکات واجبە لەسەر ھەرموسوڵمانێکی ئازادی خاوەن ئەو ماڵەی کە گەیشتۆتە ئەندازەی زەکات – النصاب- ئەگەر ساڵێکی کۆچی بەسەردا تێ پەڕی، جگە لە کشتوکاڵ کە زەکات تێ دا فەرز دەبێت لەکاتی درونەوەیدا ئەگەر گەیشتبێتە ئەندازەی خۆی .
ئەو ماڵانەی کەزەکاتیان تێدا واجبە
زەکات واجبە لە
١- زێڕو زیو- پارە
٢- دانەوێڵە
٣- مەڕوماڵات
٤- خەزێنەی دۆزاوەی سەردەمی پێش ھاتنی ئاینی ئیسلام .
لێرەدا تەنھا باسی بەشی یەکەم دەکەین لە جۆری ئەو ماڵەی کە زەکاتی تێدایە.
* زەکاتی زێڕو زیوو پارە
١- واجبیەتیان : زەکاتی زێڕو زیو فەرز بوە بە قورئان و فەرموودەی پێغەمبەر خوای گەورە دەفەرموێ :
(وَالَّذِينَ يَكْنِزُونَ الذَّهَبَ وَالْفِضَّةَ وَلا يُنْفِقُونَهَا فِي سَبِيلِ اللَّهِ فَبَشِّرْهُمْ بِعَذَابٍ أَلِيمٍ) (سورة التوبة:34).
جا زەکات واجبە لە ھەردووکیاندا
پارە بێت یان چەک بێت ھەرکاتێک گەیشتن بە ئەندازەی خۆیان و ساڵی بەسەردا تێ پەڕی .
* گەیشتنی ئەندازەی زەکاتی زێڕ – النصاب-
ھیچ زەکات فەرزنییە لەسەر زێڕ تاوەکو : ١. دەگاتە (٨٥ غرام).واتە (١٧)مسقالی عێڕاقی عیار (24) یان (19.5) مسقاڵ ئاڵتونى عیار (21)  یان (22.5) مسقاڵ ئاڵتونى عیار (18).
٢. وەساڵێکی بەسەر دا بڕوات ، ئەوکات دەبێت چارەکی دەیەکی دەربکات لێی . واتە لە (٤٠) دینار یەک دینار زەکاتە .
حديث عمرو بن شعيب عن أبيه عن جده مرفوعا: ليس في أقل من عشرين مثقالا من الذهب ، وليس في أقل من مئتي درهم صدقة)) أبو عبيد صحيح بشواهده ((الإرواء))(815)..
واتە ھیچ لەسەر زێڕ نییە ھەتا دەبێتە بیست مسقاڵ جا ئەگەر . گەیشتە بیست مسقاڵ ئەوا نیو مسقاڵی زەکات تێ دایە . وە ئەگەر زیاتر بوو لە بیست مسقاڵ بەم شێوەیە حساب دەکرێت،وەزەکاتی لەسەر نییە تا ساڵێکی بەسەردا نەڕوات .

کەواتە ئەگەر تۆ
(17) مسقاڵ ئاڵتونى عیار (24) ت هەبێ
یان (19.5) مسقاڵ ئاڵتونى عیار (21) ت هەبێ
یان (22.5) مسقاڵ ئاڵتونى عیار (18) ت هەبێ ، وە ساڵى بەسەردا ڕۆشتبێ بەم شێوەیە زەکاتەی دەدەى :
بۆ دەركردنی زەكاتەكە پرسیار لەزێرنگەر دەکەى و بڕى مسقاڵەکان و عیارەکەى پێ دەڵێى پاشان ئەویش چەندی پێ وتى ئەوا پارەكە گشتی دابەشی ٤٠ بكە رێژەی دەركردنی زەكاتەكەت بۆ دەردەكەوێت .
واتە بۆ نمونە ئەگەر وتى ئاڵتونەکانى تۆ بایی چوار ملیۆنە ئەو كاتە 100 هەزار زەكاتی دەدەی واتە لە هەر یەک ملیۆن 25 هەزار دەدەى بە زەکات
وە ئەگەر کەسێک لە ماڵدا پارەی (19.5) نۆزە مسقاڵ و نیو ئاڵتونى هەبێ ئەبێ زەكاتی بدات لە ملیۆنێك 25 هەزار.
* گەیشتنی ئەندازەی زیو بۆ زەکات – النصاب-
بەڵام زیو ھیچی لەسەرنییە تا دەگاتە (٥٩٥ غرام) جا ئەگەر گەیشتە ئەو ئەندازەیە ئەوا (٥) درھەمی تێ دایە
أن النبي قال: (قد عفوت لكم عن الخيل و الرقيق ، فهاتوا صدقة الرقة (الفضة) من كل أربعين درهما : درهم ، وليس في تسعين ومائة شيء ، فإذا بلغت مائتين ففيها خمسة دراهم) رواه أبو داود ( 1574) صحيح.
(أ‌) واتە: لەزەکاتی ئەسپ و بەندە عەفوم کردن –بەڵام زەکاتی زیو بدەن لە (٤٠) درھەم یەک درھەم ، وەزەکاتی تێدا نیە لە١٩٠ درھەم واتە تادەگاتە (٢٠٠) درھەم
وەرگیراوە لە گۆڤارى ڕێگاى ڕاست ژمارە (2)

سەردان: ٨,٥١٤ بەش: پێناسە و حوکمى زەکات