حوکمی خێر و صەدەقەی کەسی قەرزار: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی خێر و صەدەقەی کەسی قەرزار
پرسیار: کەسێک قەرزار بێ دروستە خێر و صەدەقە بکات؟ وە ئەگەر کەسێک پارەى هەبوو بەڵام قەرزاریش بوو ئەبێ زەکات بدات؟
وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

بەڵێ دروستە و ئاساییە ، بەڵام ئەگەر هاتوو قەرزەكە هەموو پارەكەى دەویست و هیچی نەدەمایەوە ئەوا لە حیكمەتەوە نییە و لەڕووى عەقڵیشەوە نابەجێیە كە صەدەقە بكەیت لەكاتێكدا سوننەتە و واز لە دانەوەى قەرزەكە بهێنێت كە واجبە لەسەرى، جا بۆیە سەرەتا بە واجبەكە دەست پێ دەكات پاشان صەدەقە دەكات.

بەڵام سەبارەت بە زەکاتى قەرزار وتەى صەحیح لاى من (شێخ ابن عثیمین) ئەوەیە كە زەكات لەسەرى ناكەوێ ئیتر ماڵەكە دیار بێت یان نا، وە هەموو ئەو بڕەیەى كەلەنێو دەستیدایە زەكاتى لەسەربوو ئەوا دەبێت زەكاتەكەى دەربكات ئەگەر قەرزاریش بێت، ئەوەش لەبەر ئەوەى لەسەر ماڵ واجبە

صەدەقە جۆرێكە لەو بەخشینانەى كە لەڕووى شەرعیەوە فەرمانى پێ كراوە، و چاكەكاریە بۆ بەندەكانى خوا ئەگەر لەكاتى خۆیدا ڕووبدات، وە مرۆڤ پاداشت دەدرێتەوە لەسەرى و هەموو كەسێكیش لە ژێر سێبەرى صەدەقەكەیدایە لە رۆژى قیامەتدا، وە قبوڵیشە ئیتر با خاوەنەكەى قەرزاربێت یان نا مادام مەرجەكانى قبوڵ بوونى تێدا بێت بەوەى كە ئیخلاصی هەبێت بۆ تەنها خواى گەورە ولە ماڵ وكاسبیەكى حەڵاڵ بێت و لەشوێنى خۆیدا بێت جا بەم مەرجانە صەدەقەكە قبوڵە بەگوێرەى بەڵگە شەرعیەكان، وە مەرج نییە صەدەقەكار قەرزار نەبێت، بەڵام ئەگەر هاتوو قەرزەكە هەموو پارەكەى دەویست و هیچی نەدەمایەوە ئەوا لە حیكمەتەوە نییە و لەڕووى عەقڵیشەوە نابەجێیە كە صەدەقە بكەیت لەكاتێكدا سوننەتە و واز لە دانەوەى قەرزەكە بهێنێت كە واجبە لەسەرى، جا بۆیە سەرەتا بە واجبەكە دەست پێ دەكات پاشان صەدەقە دەكات.

 وە زانایان ڕاجیاوازیان هەیە لەسەر ئەوەى یەكێك صەدەقە بكات و لەكاتێكدا قەرزاریەكەى هەموو ماڵەكەى پێویست بێت، جا هەیانە دەڵێن: ئەوە دروست نییە بۆى، چونكە ئەوە زەرەرگەیاندنە بە خاوەن قەرزەكان و مانەوەى قەرزیشە لە گەردنى خۆیدا هێشتنەوەى ئەو واجبەیە. 
هەشیانە دەڵێن: دروستە بۆى بەڵام پێچەوانەكردنى شتێكە كە ئەوە لەپێشترە.
بەهەرحاڵ نابێت كەسێك ئەوەندە قەرزار بێت كە هەموو ماڵ وسامانەكەى بوێت بۆ دانەوەى قەرز و كەچی صەدەقەكەش بكات، بۆیە نابێت هەتا قەرزەكەى نەداتەوە چونكە واجب لە پێشترە لە سوننەت.
بەڵام مافە شەرعیەكان كە چاوپۆشی كراوە لە قەرزار هەتا قەرزەكەى دەداتەوە، لەوانە: حەج كردن، بۆیە حەج كردن واجب نییە لەسەر كەسی قەرزار هەتا قەرزەكەى نەداتەوە.
بەڵام زەكات زانایان ڕاجیاوازیان هەیە كە ئایا لەسەر قەرزار دەكەوێت یان نا؟ هەیانە دەڵێن: زەكات بەرانبەر بە قەرز حوكمەكەى دەكەوێت ئیتر ماڵەكە دیار بێت یان نا.
وە هەشیانە دەڵێن: زەكات لەسەرى ناكەوێت بەرانبەر بەقەرز بەڵكو لەسەریەتى ئەوەى لەدەستیدایە بیبەخشێت هەرچەندە ئەوەندە قەرزى لەسەر بێت كە لە ئەندازەى زەكات كەمتر بێت.
وە هەشیانە درێژەى دەداتێ ودەڵێت: ئەگەر ماڵەكە لەو جۆرە بوو كە دیار نەبوو وە نەدەبینرا وەكو پارە وماڵى بازرگانى ئەوا زەكات بەرانبەر بە قەرز لەسەرى دەكەوێت، وەئەگەر ماڵەكەش لە جۆرە دیارو بینراوەكان بوو وەكو ئاژەڵ و ئەوەى لە خاك و زەوى دێتە دەر ودێتە بەرهەم ئەوا زەكاتى لەسەر ناكەوێ.
بەڵام وتەى صەحیح لاى من ئەوەیە كە زەكات لەسەرى ناكەوێ ئیتر ماڵەكە دیار بێت یان نا، وە هەموو ئەو بڕەیەى كەلەنێو دەستیدایە زەكاتى لەسەربوو ئەوا دەبێت زەكاتەكەى دەربكات ئەگەر قەرزاریش بێت، ئەوەش لەبەر ئەوەى لەسەر ماڵ واجبە وەكو دەفەرموێت: (خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا وَصَلِّ عَلَيْهِمْ إِنَّ صَلاتَكَ سَكَنٌ لَهُمْ وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ) (التوبة:103) واتە: تۆش ـ ئەی پەیامبەری خوا ـ لەماڵ و سامانی ئەو كەسانە ـ كە هەندێك كردەوەی چاك و هەندێكی تر خراپیان تێكەڵكردووە ـ وەرگرە وەكو بەخشین و صەدەقەیەك بەهۆیەوە پاكیان بكەیتەوە لە خراپە و شوێنەواری تاوانەكانیان ، و بەرزیان بكەرەوە لە پلە وپایەی دووڕاوان بۆ پلە وپایەی موخلیصانەوە ، و بۆیان بپارێرەوە بەداوای لێخۆشبوون بۆتاوانەكانیان ، چونكە پاڕانەوە و داوای لێخۆشبونی تۆ بۆیان ڕەحمەت و دڵئارامیە بۆیان . خوای پەروەردگاریش بیسەری هەموو پاڕانەوە و ووتەیەكە ، و زاناشە بەحاڵ و باری بەندەكانی و بە نیازیان ، و پاداشتی هەموو كردەوەكارێك دەداتەوە بەپێی كردەوەی خۆی .
وە لەبەر فەرمایشتى پێغەمبەرى خوا - -  كە كاتێك موعازى نارد بۆ یەمەن پێى فەرموو: (( أعلمهم أن الله افترض عليهم صدقة في أموالهم تؤخذ من أغنيائهم وترد على فقرائهم)).

واتە: فێریان بكە كە خواى گەورە صەدەقەیەكى لەسەریان فەرزكردووە ئەویش لە ماڵ وسامانی دەوڵەمەندەكانیان وەردەگیرێت و دەدرێت بە هەژارەكانیان. والحديث في البخاري بهذا اللفظ. جا بەم بەڵگەیەى قورئان سوننەت یەكلا دەبێتەوە هیچ دژەوانەیەك نامێنێت لەنێوان زەكات و قەرزدا، چونكە قەرز واجبە لەگەردندا و زەكاتیش واجبە لە ماڵدا، كەوابوو هەریەكەیان لەشوێنێكەوە واجبە كەكار لەوى تر ناكات، و بەرانبەركێ ودژایەتى لەنێوانیاندا ڕوونادات، لەم كاتەشدا قەزر لە گەردنى خاوەنەكەى دەمێنێتەوە و زەكاتیش لە ماڵ وساماندا دەمێنێتەوە هەریەكەیان دەبێت بدرێت.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -  


 

سەردان: ٢,٢٧٩ بەش: پێناسە و حوکمى زەکات