حوکمى ئەنجامدانى خوى نهێنى و دەستپەڕ کردن چیە لە شەوانى ڕەمەزان؟ئایا ڕۆژووى ئەو ڕۆژە بەتاڵ دەكاتەوە یان نە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى ئەنجامدانى خوى نهێنى و دەستپەڕ کردن چیە لە شەوانى ڕەمەزان؟ئایا ڕۆژووى ئەو ڕۆژە بەتاڵ دەكاتەوە یان نە؟

پێش ئەوەى بچینە سەر وەڵامى پرسیارەکەت ئەبێت بزانیت کە  :
(دامركاندنەوەی شەهوەت بە دەست) یان (دەرهێنانی مەنی بە دەست) یان (دەست پەڕ) یان (خۆڕەحەت كردن بە دەست) كە بە عەرەبی پێی دەوترێت (استمناء) یان (العادة‌ السرية‌) كارێكی حەرامە و ناشەرعى یە و دروست نى یە چ بۆ كوڕان بێت یان بۆ كچان لە بەر ئەم بەڵگانەی خوارەوە:
1 ـ خوای گەورە فەرموویەتی: [وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ (5) إِلَّا عَلَى أَزْوَاجِهِمْ أوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ (6) فَمَنِ ابْتَغَى وَرَاء ذَلِكَ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْعَادُونَ (7) ] [سورة المؤمنون] .
واتە: ئەوانەی كە عەورەتیان دەپارێزن ئیللا لە خێزانەكانیان و كەنیزەكەكانیان نەبێت ئەوانە لەمەدا هیچ لۆمەیەكیان لە سەر نى یە، هەر كەسێك بەدوای جگە لەمەدا بگەڕێت و عەورەتی تێدا بە كار بێنێت ئەوا ئەوانە سنوری خوایان شكاندووە و تەعەدا و ستەمیان كردووە.
2 ـ پێغەمبەری خوا () فەرموویەتی: (يا معشر الشباب، من استطاع منكم الباءة فليتزوج، فإنه أغض للبصر، وأحصن للفرج، ومن لم يستطع فعليه بالصوم، فإنه له وجاء).واتە: ئەی چینی گەنجان هەر كەس لە ئێوە توانای ژن هێنانی هەیە ئەوا با ژن بێنێت، چونكە ژن هێنان چاو دەگرێتەوە لە نەزەر كردن و قەڵایەكیشە بۆ عەورەت و دەپارێزێت، وە هەر كەس توانای ژن هێنانی نى یە ئەوا با ڕۆژو بگرێت چونكە ڕۆژو دەبێتە پارێزەر بۆی.
جا ئەگەر (دامركاندنەوەی شەهوەت بە دەست) دروست بوایە ئەوا پێغەمبەری خوا () رێنمایی گەنجانی بۆ دەكرد، بەڵام دەبینین رێنمایی گەنجانی كردووە بۆ ڕۆژو گرتن بۆ ئەوەی زەوق و شەهوەتیان كەم بێتەوە و لاواز بێت.

زیانەکانى دەستپەڕ کردن
هەروەها ئەم كارە زیان و زەرەری زۆری هەیە بۆ ئەنجامدەرەكەی، لەوانە:
ـ ئەوانەی كە زۆر ئەم كارە ئەنجامدەدەن لە كاتی ژن هێناندا دوچاری ئەوە دەبنەوە كە ئاویان نەیەتەوە بە جووت بوون چونكە ئەو بە شێوازێكی تر ڕاهاتووە.
ـ هەندێك لەو كەسانە زەكەریان هەڵناسێت بۆ جووت بوون لەگەڵ ژنەكەیدا.
ـ یان ئاویان زوو دێتە دەرەوە، بەمەش ناتوانێت مافـی خۆی و هاوسەرەكەی بە تەواوی بدات.
ـ ئەم كارە هۆكارێكە بۆ توشبوون بە نەخۆشی فەقەرات.
ـ هەروەها چەندین زیانی تر

حوکمى ئەنجامدانى لە مانگی ڕەمەزاندا واتە لەڕۆژدا
حوكمی ئەنجامدانی لە ڕەمەزاندا چیە؟ وە ئەگەر كەسێك سوێندی خوارد سێ جار وتی (والله والله والله) ناگەرێمەوە سەر ئەم كارە بەڵام پاشتر گەڕایەوە سەری حوكمی چیە؟
خووی نهێنی دروست نییە، وە هەركەسێك لە ڕەمەزاندا ئەنجامی بدات ئەوا گوناهەكەی قورسترە و تاوانەكەی گەورەترە لەو كەسەی كە لە غەیری ڕەمەزاندا بیكات، وە پێویستە لە سەری تەوبە بكات، وە ئەو ڕۆژەی كە كارەكەی تیادا ئەنجام داوە و مەنی هەبووە ئەو ڕۆژە قەزا بكاتەوە بەڵام ئەو كەسەی سوێندی خواردووە نەیكات و دواتر كردوویەتی ئەوا سوێندەكەی كەوتووە، پێویستە لەسەری كەفارەتی یەك سوێن بدات ئەگەر چی سوێندەكەشی دووبارە كردبێتەوە، چونكە سوێند خواردنەكە لەسەر یەك شت بووە، ئەویش ئازادكردنی بەندەیەك یان خواردن پێدانی(دە)كەسی مسكین یان جل بۆكڕینیان، هەركەس نەیتوانی سێ ڕۆژ ڕۆژو بگرێت (فەتوای ژمارە4971).

حوکمى ئەنجامدانى خوى نهێنى لەشەوانى ڕەمەزاندا :
كە ئەگەر تاوانى ئاوهێنانەوە لە شەودا ئەنجام بدرێت، ئایا ڕۆژووى ئەو ڕۆژە بەتاڵ دەكاتەوە یان نە ؟ نەخێر ڕۆژووى ئەو ڕۆژە بەتاڵ ناكاتەوە، چونكە ڕۆژوو كاتى دیارى كراوە لە دەركەوتنى فەجرى ڕاستگۆیە تاكو خۆر ئاوا بوون، و هیچ پەیوەندیەكى بە شەوە وە نیە، بەڵام ئەوەتان لە یاد نەچێت كە ئەو كارە تاوانە ، وە دوور و پێچەوانەشە لە گەڵ حیكمەت لە شەرعاندنى ڕۆژوو كە لە خوا ترسان لە موسڵماندا درووست بێت، ئەنجام دانى ئەو كارەش پێچەوانەیە لە گەڵ ئەو حیكمەتەدا لە شەودا ئەنجام بدرێت یان لە ڕۆژدا، خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ] [البقرة: 183] .
واتە: ڕۆژووتان لەسەر فەرز كراوە هەروەكو چۆن لەسەر ئوممەتانى پێش ئێوە فەرز كراوە بۆ ئەوەى لە خوا بترسن و خۆتان بپارێزن لە سزاى خوا.

چارەسەر چیە؟
چارەسەری گونجاو بۆ ئەو گەنجانەی كە تووشی (ئاوی شەهوەت هێنانەوە بە دەست) بوون بریتى یە لەم خاڵانەی خوارەوە:
1 ـ سەرەتا دەبێت بزانیت ئەنجامدانی ئەو كارە حەرامە و تاوانە.
2 ـ پێویستە گەنجان ژن بێنن و لە حەڵاڵی خۆیاندا ئارەزوویان دابمركێننەوە.
3 ـ ئەگەر ژنیان پێنەهێنرا ئەوا دەبێت ڕۆژووی سوننەت زۆر بگرن، بۆ ئەوەی شەهوەتیان بشكێنێت.
4 ـ وە دەبێت خۆیان بپارێزن و خۆیان بە دوور بگرن لە نێواندانەدا كە شەهوەت و ئارەزوو دەورووژێنێت وەك تێكڵاو بوونی ئافرەتان و نەزەر كردنی حەرام.
5 ـ وە دەبێت هاوڕێی چاك و لە خوا ترس هەڵبژێرن بۆ هاوەڵێتی خۆیان بۆ ئەوەی هاندەریان بن بۆ كاری چاڤە و دوور كەوتنەوە لە خراپە.
6 ـ وازهێنان لە سەریر كردنی كەناڵە ئاسمانى یە خراپەكان.
7 ـ وازهێنان لە هاوڕێی خراپ و نەخوێندنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامە خراپەكان.
8 ـ دەست بكە بە قورئان خوێندن و لە خوا بپاڕێتەوە بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات بۆ وازهێنان لەو تاوانە.
9 ـ خوێندنەوەی كتێب و گۆڤار و نامیلكە بەسوودەكانی سایتی بەهەشت.
10- گرنگى دان بە نوێژەکان لە مزگەوت بە جەماعەت و خوێندنى زیکرەکانى بەیانیان و ئێواران و پێش نوستن ....
كەواتە پێویستە تۆ تەوبەیەكی ڕاستەقینە بكەیت بۆ ئەوەی خوا لێت خۆش ببێت، وە مەرجەكانی تەوبەی ڕاستەقینەش ئەمانەن:
أ / پەشیمان بوونەوە لە تاوانەكانت.
ب / وازهێنان لە تاوانەكان.
ج / بڕیار دان بۆ ئەنجامنەدانیان لە داهاتوودا.
جار ئەگەر بەم شێوازە تەوبەت كرد و وازت هێنا لە تاوان و خراپە كردن و دەستت كرد بە چاكە كردن ئەوا خوا لێت خۆش دەبێت.
بیرخستنەوەیەکى گرنگ :
ـ ئایا پێت چۆنە لە كاتێكدا كە تۆ خەركی ئەنجامدانی ئەو كارە ناشیرینەیت باوكت یان دایكت یان برایەكت بتبینێت ؟!! یان خەڵكانێكی تر بتبینن ؟! ئایا هەڵوێستت چی دەبێت و هەست بە چی دەكەیت ؟!!
ئەی باشە خۆ چاك دەزانیت خوا دەتبینێت و ئاگای لێتە.. ئایا شەرم لە خوا ناكەیت ؟!!
ئایا ناترسیت لەو كاتەدا بمریت و بەو شێوازە بگەڕێیتەوە بۆ لای خوا ؟!!
وە بێ ئومێد مەبە لە ڕەحم و لێخۆشبوونی خوا چونكە خوای گەورە فەرموویەتی: [قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ] [سورة الزمر: (53) ] .
بڵی بە عەبدەكانم ئەوانەی كەوا ڕۆچوون لە ستەم كردن لە خۆیان بە تاوان كردن با بێ ئومێد نەبن لە ڕەحمەتی خوا، بەڕاستی خوا لە هەموو تاوانەكان خۆش دەبێت، بەڕاستی خوا لێبووردە و بە بەزەیىیە.

کۆکردنەوەى ستافى وەڵامەکان

سەردان: ١٩,٧٨١ بەش: خوى نهێنى (دەستپەڕ)