ئەگەر لە تەمەنێكی درەنگدا دەست بكەیت بە نوێژ كردن ئایا نوێژەكانی پێش ئەو تەمەنە ئەبێ بگێڕێتەوە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر لە تەمەنێكی درەنگدا دەست بكەیت بە نوێژ كردن ئایا نوێژەكانی پێش ئەو تەمەنە ئەبێ بگێڕێتەوە ؟
پرسیار:

ئەگەر لە تەمەنێكی درەنگدا دەست بكەیت بە نوێژ كردن ئایا نوێژەكانی پێش ئەو تەمەنە ئەبێ بگێڕێتەوە ؟ ئەگەر نا ئایا بەر لێخۆشیوون ئەكەوێت یان چی ؟

هۆكاری نوێژ فەوتاندن دەبێتە دوو بەشەوە:
1 ـ یان ئەوەیە باوەڕی بە ئیسلام نەبووە بۆیە نوێژی نەكردووە.
2 ـ یان ئەوەیە كە بە هۆی تەمبەڵی و خەمساردی و كەمتەرخەمیەوە نوێژی نەكردووە.
ـ جا ئەگەر هۆكاری نوێژ نەكردنەكە باوەڕ نەبوون بێت بە ئیسلام یان بە فەرزێتی نوێژ، ئەوا قەزا كردنەوەی ئەو نوێژە فەوتاوانەی لە سەر نىیە چونكە پاش موسڵمان بوون نوێژ كردن فەرز دەبێت لە سەری.
ـ وە ئەگەر هۆكاری نوێژ نەكردنەكە تەمبەڵی و خەمساردی و كەمتەرخەمی بێت ئەوا قەرزاری ئەو نوێژە فەوتاوانەیە بەڵام ئایا چی بكات بۆ ئەوەی ئەو تاوانە لە سەر خۆی لابات ؟
لە وەڵامدا دەڵێم:
یەكەم: قەزاكردنەوەی نوێژی فەوتاو بە هۆی تەمبەڵی و خەمساردی و كەمتەرخەمى یەوە نى یە لە ئیسلامدا چونكە هیچ بەڵگەیەك لەم بارەیەوە نەهاتووە لە قورئان و سوننەتدا.
دووەم: بەڵام پێویستە لە سەر ئەو كەسە كە بۆ ماوەیەك نوێژی فەوتاوە كەوا نوێژی سوننەت زۆر بكات بۆ ئەوەی ئەو نوێژە سوننەتانە جێی نوێژە فەرزە فەوتاوەكان بگرنەوە.
بەڵگەش بۆ ئەمە بریتى یە لەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا :
عن أبي هريرة (رضي الله عنه) عن النبـي () قال: ((إنَّ أول ما يُحاسب به العبد يوم القيامة من عمله صلاته، فإنْ صلحت فقد أفلح وأنجح، وإنْ فسدت فقد خاب وخسر، فإنْ إنتقص من فرضته شيء، قال الرب عزّوجل: أنظروا هل لعبدي من تطوع ؟ فيكمل بها ما انتقص من الفريضة، ثم يكون سائر عمله على ذلك)) صحيح سنن الترمذي رقم: (413).
واتە: یەكەم شت كەوا لێپرسینەوەی عەبدی لە سەر بكرێت لە قیامەتدا لە كردەوەكانیدا بریتى یە لە نوێژەكانی، جا ئەگەر بەچاكی و ڕێكی ئەنجامیانی دابێت ئەوا سەرفیراز و سەركەتوو دەبێت، وە ئەگەر خراپ بێت و كەموكوڕی تێدا بێت ئەوا بێ ئومێد و خەسارۆمەند دەبێت، وە ئەگەر هەندێك نەقوسانی لە فەرزەكانیدا هەبێت (واتە: بە كامڵی هەمووی ئەنجامنەدابێت) ئەوا خوای گەورە دەفەرمێت: بڕوانن بزانن ئایا عەبدەكەم نوێژی سوننەتی هەیە؟ بەو سوننەتانە نەقوسانى یەكانی نوێژە فەرزەكانی بۆ تەواو و كاملڕ دەكرێت، ئەنجا هەموو كردارەكانی بەم شێوەیە لێدەكرێت.
وە (شیخ الإسلام ابن تيمية) لەم بارەیەوە فەرموویەتی: (تارك الصلاة عمداً لا يشرع له قضاؤها ولا تصح منه، بل يكثر من التطوع).
واتە: ئەو كەسەی كەوا بە ئەنقەست (عمداً) واز لە نوێژ دەهێنێت دروست نى یە بۆی بە قەزا بیانكاتەوە و لێشی وەرناگیرێت، بەڵكو دەبێت نوێژی سوننەت زۆر بكات.
هەروەها (ابن حزم)یش فەرموویەتی: (وأمَّا من ترك الصلاة عمداً حتى خرج وقتها، هذا لا يقدر على قضائها أبداً، فليكثر من فعل الـخير وصلاة التطوع، ليثقل ميزانه يوم القيامة، وليتب وليستغفر الله عز وجل).
واتە: ئەو كەسەی كەوا بە ئەنقەست (عمداً) واز لە نوێژ دەهێنێت تاوەكو كاتەكەی بەسەر دەچێت، ئەوا ئەمە هەرگێز ناتوانێت بە قەزا بیكاتەوە بە هەتاهەتایی، بەڵكە با كرداری چاكە و نوێژی سوننەت زۆر ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی تەرازووی چاكاكانی قورس بێت لە ڕۆژی قیامەتدا، وە با تەوبە بكات و داوای لێبوردن و لێخۆشبوون لە خوا بكات.
لە لایەن مامۆستا (محمد عبدالرحمن) ەوە