ئایا ئافرەت پانتۆڵ لە پێ بکات بەر لەعنەت دەکەوێ؟ چ هەڕەشەیەک هاتووە لەسەریان؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ئافرەت پانتۆڵ لە پێ بکات بەر لەعنەت دەکەوێ؟ چ هەڕەشەیەک هاتووە لەسەریان؟
پرسیار:

ئایا هەر ئافرەتێ پانتۆڵ لە پێ بکات بەر لەعنەت دەکەوێ؟
چ هەڕەشەیەک هاتووە سەبارەت بەو ئافرەتانەى کە جلى ناشەرعى لەبەر دەکەن؟
ئەگەر پانتۆڵەکە فراوان بێ ئافرەت دەتوانێ لەبەرى بکات؟
ئەى لە لاى مێردى خۆى دروستە لەبەرى بکات؟
ئەى فرۆشتن و هاوردە کردنى پانتۆڵ دروستە؟
وە یان دوورینى پانتۆڵ بۆ ئافرەتان دروستە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەكەم : پانتۆڵ پۆشاكی پیاوانە نەك ئافرەتان ، خۆشوبهاندنی ئافرەتانیش بە پیاوان حەرامە و لە تاوانە گەورەكانە
پێغەمبەری خوا () لەعنەتی كردووە لەو پیاوەی كە پۆشاك لەبەر دەكات بە شێوەی پۆشاكی ئافرەتان ، وە لەو ئافرەتەش كە پۆشاك لەبەر دەكات بە شێوەی پۆشاكی پیاوان
عَن أَبِي هُرَيْرَةَ قَالَ : ((لَعَنَ رَسُولُ اللَّهِ () الرَّجُلَ يَلْبَسُ لِبْسَةَ الْمَرْأَةِ ، وَالْمَرْأَةَ تَلْبَسُ لِبْسَةَ الرَّجُلِ)) رواه أبو داود رقم : (4100) ، وصححه الألبانـي في "صحيح أبـي داود" رقم : (4098) و"صحيح الـجامع الصغير" رقم : (5095) .
واتە : پێغەمبەری خوا () لەعنەتی كردووە لەو پیاوەی كە پۆشاك لەبەر دەكات بە شێوەی پۆشاكی ئافرەتان ، وە لەو ئافرەتەیش كە پۆشاك لەبەر دەكات بە شێوەی پۆشاكی پیاوان .

دووەم : پۆشین و لەپێ‌كردنی پانتۆڵ بۆ ئافرەتان حەرامە تەنانەت ئەگەر كەسیشی لەلا نەبێت جگە لە مێردەكەی چونكە ئەم كارە خۆشوبهاندنی تێدایە بە پیاوانەوە . [فتاوى نور على الدرب لابن العثيمين : (ج / ص 4)] .
عَنْ ابْنِ عَبَّاسٍ (رضي الله عنهما) قَالَ : ((لَعَنَ رَسُولُ اللَّهِ () الْمُتَشَبِّهِينَ مِنْ الرِّجَالِ بِالنِّسَاءِ ، وَالْمُتَشَبِّهَاتِ مِنْ النِّسَاءِ بِالرِّجَالِ)) رواه أبو داود رقم : (4100) ، وصححه الألبانـي في "صحيح أبـي داود" رقم : (4098) و"صحيح الـجامع الصغير" رقم : (5095) .
واتە : پێغەمبەری خوا () لەعنەتی كردووە لەو پیاوانەی كە خۆیان دەشوبهێنن بە ئافرەتان ، وە لەو ئافرەتانەیش كە خۆیان دەشوبهێنن بە پیاوان .

سێیەم : پۆشین و لەپێ‌كردنی پانتۆڵ و جلی تەنگ و تەسك بۆ ئافرەتان حەرامە چونكە سەرەڕای ئەوەی كە خۆشوبهاندنی تێدایە بە پیاوانەوە .. ئەو ئافرەتانەیش كە لەپێ‌ی دەكەن نیمچەرووتن و ئەم فەرموودەیە دەیانگرێتەوە كە پێغەمبەری خوا () فەرموویەتی : "صِنْفَانِ مِنْ أَهْلِ النَّارِ لَمْ أَرَهُمَا ..." وذكر أحدهما : "وَنِسَاءٌ كَاسِيَاتٌ عَارِيَاتٌ مُمِيلاَتٌ مَائِلاَتٌ رُءُوسُهُنَّ كَأَسْنِمَةِ الْبُخْتِ الْمَائِلَةِ ، لَا يَدْخُلْنَ الْجَنَّةَ ، وَلاَ يَجِدْنَ رِيحَهَا" . . ((دوو چین لە خەڵكی دۆزەخ نەمبینیون : ... ، وە چینەكەی تریان ئافرەتانێكن جلیان لەبەردایە و ڕووتیشن ، بە لەنجەولارەوە رێ‌دەكەن و دەڕۆن و سەرنجی پیاوان بۆلای خۆیان ڕادەكێشن ، قژیان ئەبەستن و كۆی دەكەنەوە لەسەر تەوقی سەریان وەك كۆپارەی وشتری لێ دەكەن ، ئا ئەو ئافرەتانە ناچنە بەهەشتەوە و بۆنیشی ناكەن ، لەگەڵ ئەوەی چەندەها ساڵ بۆنی دەڕوات)) .[فتاوى نور على الدرب لابن العثيمين : (ج / ص 16)] .

چوارەم : لەپێ‌كردنی پانتۆڵ بۆ ئافرەتان ئەگەر چی پانوپۆڕ و فراوانیش بێت هەر حەرامە چونكە پانتۆڵ پۆشاكی پیاوانە نەك ئافرەتان ، خۆشوبهاندنی ئافرەتانیش بە پیاوان حەرامە و لە تاوانە گەورەكانە .
[الـمنتقی من فتاوی الفوزان : (3 / 61)] .

پێنجەم : لەپێ‌كردنی پانتۆڵ بۆ ئافرەتان ئەگەر چی پانوپۆڕ و فراوانیش بێت هەر حەرامە چونكە پانتۆڵ پۆشاكی پیاوانە نەك ئافرەتان ، خۆشوبهاندنی ئافرەتانیش بە پیاوان حەرامە و لە تاوانە گەورەكانە
[مجموع فتاوى ورسائل ابن العثيمين : (12 / 234)] .

شەشەم : لەپێ‌كردنی پانتۆڵ بۆ ئافرەتان تەنانەت پانتۆڵی ئافرەتانەیش بە هەموو جۆرەكانیەوە حەرامە .. هەروەها دروستكردنیشی و هاوردەكردنیشی و كاسبی تێدا كردنی و كڕین و فرۆشتنیشی حەرامە .. هەروەها نرخەكەشی و ئەو پارەیەیش كە بەم هۆكارانەوە پەیدا دەكرێت حەرامە و تاوانە .
[مجموع فتاوى ورسائل ابن العثيمين : (12 / 235 ـــــ 246)] .

حەوتەم : هەروەها فرۆشتنی قوماش بۆ كردنی بە پانتۆڵی ئافرەتان و دوورین و چاك كردنیشی لە لایەن قوماش فرۆش و بەرگ دوور و خەیاتەكانیشەوە حەرامە ، وە ئەگەر خەیاتی پیاو جلی ئافرەتان بە گشتی و پانتۆڵیش بە تایبەتی بدوورێتەوە بۆیان ئەوا تاوان و خراپەی زیاترە .

سەردان: ١٦,٧٨١ بەش: ئافرەتان