چۆنێتى نوێژ کردن لە نێو تەیارە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنێتى نوێژ کردن لە نێو تەیارە؟

پرسیار كراوە لەزانای پایەبەرز (محمد بن صالح العثيمين -رحمه الله-)دەربارەی پیاوێك كە لەسەفەردایە ولە نێو تەیارەدایە و نازانێ‌ قیبلە كەوتووەتە كوێوە كەسیان نازانن قیبلە كەوتۆتە كوێوە نوێژەكەی دەكات و نازانێت لەنوێژەكەیدا ڕووی كردۆتە قیبلە یاخود نا ؟ ئایا لەم حاڵەتەدا نوێژەكەی درووستە ؟
لەوەڵامدا فەرمووی :
كەسێك لەنێو تەیارەدا بێت بیەوێ‌ نوێژی سوننەت بكات ئەوا نوێژ دەكات و ڕووی لەهەر شۆنێك بێت، و واجب نی یە لەسەری ڕوو بكاتە قیبلە ، چونكە لە پێغەمبەرەوە - –هاتووە كە لە سەر وڵاخەكەی نوێژی دەكرد ڕووی لەهەر جێگەیەك بكردایە كاتێك كەلەسەفەردا بوایە ،بەڵام بۆ نوێژی فەرز پێویستە ڕوو بكرێتە قیبلە و پێویستە ڕكوع و سوژدە ببرێت گەر گونجا ، جا ئەگەر توانی ڕوو لە قیبلە بكات و ڕكوع و سوژدە ببات ئەوا با نوێژەكە لەتەیارەكەدا بكات و ئەگەر ئەو نوێژە لەو نوێژانە بوو كە لەگەڵ نوێژی دوای خۆیدا كۆ دەكرێتەوە ، هەروەك ئەوەی كاتی نوێژی نیوەڕۆ بیت ولەو كاتەدا لەنێو تەیارەدا بێت ئەوا دوای دەخات تاوەكو لەگەڵ عەسردا كۆی بكاتەوە یاخود كاتی نوێژی مەغریب بێت و لەوكاتەدا لە نێو تەیارەدا بێت ، ئەوا دوای دەخات تاوەكو لەگەڵ عیشادا كۆی دەكاتەوە . وپێویستە لەسەری پرسیار لەفەرمان بەرەكانی نێو تەیارەكە بكات دەربارەی قیبلە گەر لەنێو تەیارەكەدا نیشانكردی قیبلە نەبوو و گەر پرسیار نەكات نوێژەكەی بەتاڵە .
وپرسیار كراوە لە ( اللجنة الدائمة ) : گەر لەنێو تەیارەدا بوویت و كاتی نوێژ هات ئایا درووستە نوێژ لەنێو تەیارەكەدا بكەین یاخود نا ؟
لەوەڵامدا فەرمویانە : كاتێ‌ كاتی نوێژ هات و تەیارەكە بەردەوام بوو لەڕۆشتن و ترسی تێپەڕ بوون و نەمانی كاتی نوێژ هەبوو پیش نیشتنەوەی تەیارەكە ، ئەوا زانایان كۆدەنگن لەسەر كردنی ئەو نوێژە بەگوێرەی توانا لەبردنی ڕكووع و سوژدە و ڕوو كردنە قیبلە ، بە بەڵگە ئەم ئایەتە (فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ) التغابن/ 16واتە : گوێڕایەڵی خودا بكەن بپێی توانا .
و بەبەڵگەی ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەرى خوا - –: ( إذا أمَرْتُكم بشَيءٍ فأْتُوا منه ما استطَعْتُم) رواه مسلم (1337). واتە : كاتێ‌ فەرمانتان پێدەكەم بەشتێك ئەوا جێبەجێی بكەن بەپێی توانا .
بەڵام گەر زانی تەیارەكە پێش تەواو بوونی كاتی نوێژ دەنیشێتەوە بەئەندازەی ئەوەی بتوانرێت نوێژەكە ئەنجام بدرێت ، یاخود نوێژەكە لەو نوێژانەبوو كە كۆدەكرایەوە لەگەڵ نوێژی دوای خۆیدا وەك : نوێژی نیوەڕۆ لەگەڵ عەسردا و نوێژی مەغریب لەگەڵ عیشادا ، و یاخود زانی تەیارەكە دەنیشێتەوە پێش دەرچوونی كاتی نوێژی دووەم بەئەندازەی ئەوەی بتوانرێت نوێژەكە ئەنجام بدرێت...، ئەوا زۆربەی زانایان ( جمهوور ) پێیان وایە كە درووستە نوێژەكە لەنێو تەیارەكەدا ئەنجام بدرێت ، لەبەر هەبوونی فەرمان بەكردنی نوێژ لەكاتی هاتنی كاتەكەیدا بەپێی توانا ، هەروەك پێشتر باس كرا ، وئەوە بۆچوونی ڕاست وصەحیحە .
وهەروەها پرسیار كراوە لە ( اللجنة الدائمة (8/126) ئایا درووستە لەنێو تەیارەدا نوێژ بەدانیشتنەوە بكرێت ، لەگەڵ ئەوەی تونای بەپێوە وەستانی هەبێت بەڵام لەشەرم و تەریقیدا بەپێوە نەوەستێت ؟!
لەوەڵامدا فەرمویانە : درووست نی یە بەدانیشتنەوە نوێژ بكرێت لەكاتێكدا تونای بەپێوە وەستان هەبێت جا لەنێو تەیارەدا بێت یاخود غەیری تەیارە ،بەبەڵگەی گشت گیری ئەم ئایەتە : ( وَقُومُوا لِلَّهِ قَانِتِينَ ) . واتە : بەپێوە بووەستن بۆ خودا بەبێدەنگی و ئارامی .
وبەبەڵگەی ئەو فەرموودەیەیی كە عیمرانی كوڕی حوصەین گیڕاویەتیەوە و لەصەحیحی بوخاریدا هاتووە كەپێغەمبەر - – پێی فەرمووە : (صل قائماً، فإن لم تستطع فقاعداً، فإن لم تستطع فعلى جنب ). واتە : نوێژ بەپێوە بكە ، وگەر نەتوانی ئەوا بەدانیشتنەوە بیكە وگەر نەتوانی ئەوا لەسەر لا تەنیشتەوە بیكە . وئیمامی ( النسائی) زیادەیەكی بەسەنەدێكی صەحیح هێناوە وتیایدا هاتووە : ( فإن لم تستطع فمستلقياً ) " انتهی . واتە : وگەر نەتوانی ئەوا بە پاڵ كەوتن و لەسەر پشت بیكە .

سەردان: ٣,٦٤٨ بەش: چۆنێتى نوێژ