حوکمى ناشتنى منداڵى تازە لە دایک بوو بەبێ شۆردن و نوێژ کردن لەسەرى چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى ناشتنى منداڵى تازە لە دایک بوو بەبێ شۆردن و نوێژ کردن لەسەرى چیە؟
پرسیار:

کەسێک کچێکی بەمردووی لە تەمەنی نۆ مانگیدا بوو ، باوکی ئافرەتەکە و باوکی مێردەکەی منداڵەکەیان بردووە و ناشتویانە بێ ئەوەی کفنی بکەن و بیشۆرن ، ئایا تاوان بار دەبن ؟

بەڵێ ، تاوان بار دەبن ، چونکە کارێکی واجبیان تەرک کردووە ئەوێش شوشتن و کفن کردن و نوێژ کردنە لەسەر ئەو منداڵە لەبار چووە .
بێگومان منداڵی لەبار چوو کاتێ تەمەنی گەیشتە چوار مانگی و دواتر لەبار چوو ئەوا واجبە :
1- بشۆردرێ .
2- کفن بکرێ .
3- نوێژی لەسەر بکرێت .
4- لەگەڵ موسڵماناندا بنێژرێت گەر موسوڵمان بوو ، چونکە دوای چوار مانگی ڕوح دەکرێ بەبەریدا .
وە فەرموودەیەک هەیە کە عبد اللە کوڕی مەسعود ـ خوای لێ ڕازی بێت ـ گێڕاویەتیەوە و دەڵێ: پێغەمبەری خواـ ــ پێمانی ڕاگەیاند ــ لەکاتێکدا ڕاستگۆ و بەڕاست زانراوە ــ وفەرمووی : ( إِنَّ أَحَدَكُمْ يُجْمَعُ خَلْقُهُ فِي بَطْنِ أُمِّهِ أَرْبَعِينَ يَوْمَاً نُطْفَةً ، ثُمَّ يَكُونُ عَلَقَةً مِثْلَ ذَلِكَ ، ثُمَّ يَكُونُ مُضْغَةً مِثْلَ ذَلِكَ ، ثُمَّ يُرْسَلُ إِلَيْهِ الْمَلَكُ فَيَنْفُخُ فِيهِ الرُّوحَ وَيُؤْمَرُ بِأَرْبَعِ كَلِمَاتٍ : بِكَتْبِ رِزْقِهِ وَأَجَلِهِ وَعَمَلِهِ وَشَقِيٌّ أَوْ سَعِيدٌ) .
واتە : بەڕاستی هەر یەكێكتان ئەوەی كە لـێ‌ی دروست دەبێت چــل رۆژ كۆدەكرێتەوە لە سكی دایكیدا (نُطْفَة)یە، ئەنجا دەبێتە (عَلَقَة) بە وێنەی ئەوە ، ئەنجا دەبێتە (مُضْغَة) بە وێنەی ئەوە ، ئەنجا فریشتەیەكی بۆ دەنرێردرێت و گیانی (ڕوحی) تێ‌دەكات و فەرمانی پێ‌دەكرێت بە چوار وتە : بە نووسینی ریزقەكەی و ماوەی تەمەنی و كردەوەكەیی و بەدبەخت دەبێت یان بەختەوەر .
(نُطْفَة) ئاوی پیاو و ئاوی ژن ، واتە : لە چل رۆژی یەكەمدا ئاوی هەردووكیانە .
(عَلَقَة) خوێنی هەڵواستراو بە مناڵدان ، واتە : لە چل رۆژی دووەمدا دەبێتە ئەمە .
(مُضْغَة) پارچە گۆشتێك بە ئەندازەی ئەوەی كە بجاورێت ، واتە : لە چل رۆژی سێ‌یەمدا دەبێتە ئەمە .
وە کاتێ کە ڕوح خرایە بەری ئەوا مرۆڤێکی زیندووە و ئەو شتەی پێویست بێت بۆ مرۆڤێکی زیندوو و ئاسایی بکرێت پێویستە بۆ ئەویش بکرێت ، جا کاتێک کەتەمەنی منداڵ گەیشتبووە چوار مانگی و دواتر لەبار چوو ئەوا واجبە بشۆردرێ و کفن بکرێ و نوێژی لەسەر بکرێت و لەگەڵ موسوڵماناندا بنیژرێت گەر موسوڵمان بوو .

الشيخ : محمد بن صالح العثيمين -رحمه الله-
المصدر: سلسلة فتاوى نور على الدرب :

سەردان: ٣,٥٢٠ بەش: ناشتنى مردوو