چی دەڵێن بەو کەسانەى کە یادى مەولود دەکەنەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چی دەڵێن بەو کەسانەى کە یادى مەولود دەکەنەوە؟

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه أجمعين ، أما بعد :
ئەو کەسانەى کە یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر دەکەنەوە ئێمە دە (10)پرسیاریان ئاڕاستە دەکەین ، بەهیوای ئەوەی بەشێوەیەکی زانستی وەڵام بدەنەوە .
1 ـ ئایا پێغەمبەر ئاهەنگی گێڕا بەبۆنەی لەدایک بوونی خۆیەوە ؟
خۆ گەر بڵێن : ( بەڵێ ! ) ؛ ئەوا دەڵێین : کوا دەلێکی سەڕیحی سەحیح ؟! ،
خۆ گەر بڵێن : ( نەخێر ، ئاهەنگی نەگێڕاوە ) ؛ ئەوا دوو شت پێویست دەبێ لەسەریان و سێیەمی نی یە .
یەکەم : یان پێغەمبەر ئەو خێرەی زانیوە و ڕاینەگەیاندووە !
بێگومان ئەمەش تۆمەتێکی ترسناکە بدرێتە پاڵ پێغەمبەر ؛ چونکە تۆمەت بار کردنیەتی بەوەی کەم تەرخەم بوووە وەک پێویست دینی خودای نەگەیاندووە ، هەر کەسێک ئەم گومانە ببات و باوەڕی وا بێت ئەوا کوفرە ، خوای پەروەردار فەرموویەتی الله : (( يَا أَيُّهَا الرَّسُولُ بَلِّغْ مَا أُنْزِلَ إِلَيْكَ مِنْ رَبِّكَ وَإِنْ لَمْ تَفْعَلْ فَمَا بَلَّغْتَ رِسَالَتَهُ وَاللَّهُ يَعْصِمُكَ مِنَ النَّاسِ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الْكَافِرِينَ (67) )) ( سورة المائدة / 67 ) ـ ،
واتە : ئەی پێغەمبەر ئەو دینە ڕاگەیەنە کە لەلایەن خوداوە بۆت دابەزیووە ، گەر ئەو کارە نەکەیت ئەوا دینەکەت ڕانەگەیاندووە ، خودا دەتپارێزێت لەخەڵک ، خودا گەلی بێباوەڕان ڕێنوێنی ناکات .
دووەم : یاخود بڵێن : ( ئەو ئەم خێرەی نەزانیووە ، نەزان بووە پێی ) !!
بێگومان ئەمەش بێئەدەبی یه لەگەڵ پێغەمبەردا ـ !! .

2 ـ ئایا خولەفائی ڕاشدین ، هاوەڵە بەڕێزەکان ئەم یادەیان کردۆتەوە ؟
خۆ گەر بڵێن : ( بەڵێ ! ) ؛ ئەوا دەڵێین : کوا دەلێکی سەڕیحی سەحیح ؟!
خۆ گەر بڵێن : ( نەخێر ، ئاهەنگی نەگێڕاوە ) ؛ ئەوا دوو شت پێویست دەبێ لەسەریان و سێیەمی نی یە و هەمان قسەی پێشوویان لەگەڵ دەکرێت کەلە خاڵى یەکەم باس کرا .

3 ـ ئەی ئەو کەسەی ئەو یادە دەکەیتەوە ئایا تۆ ( موجتەهیدی) لەزانستی شەرعیدا ، یاخود ( موقەلیدی) ؟
وا گومان دەبەم دەڵێی : ( موقەلیدم) .
خۆ گەر بڵێی : ( من موقەلیدی ئەبو حەنیفەم رحمه الله ـ) ؛ ئایا ئەو پێشەوایەیی تۆ ئەم یادەی دەکردەوە ؟!
ئەی بۆچی ئەوەندەت بەس نی یە کە پێشەواکەت بەسی بوو و لەسەری بوو ؟! ،
وە بەهەمان شێوە گەر موقەلیدی ئیمامی شافعی بیت ، وەهەروەها هەموو پێشەواکانی تر .
تێبینى : لە پرسیارى ژمارە (1729) لە ماڵپەڕى وەڵامەکان وتەیى پێشەوایانى چوار مەزهەبەکەمان باس کردوە کە هیچیان لەگەڵ یاد کردنەوەى مەلوددا نین .

4 ـ ئایا ئەو یادە تاعەت و عیبادەتی خودایه ؟
چۆن دەبێ عیبادەت بێت و پێغەمبەر ئەنجامی نەدابێت ؟ ،
ئەم کارە بەرەو ئەو بیدعەیە ڕامان دەکێشێت کە پێغەمبەری خودا لەچەند فەرموودەیەکدا ڕێگری لێ کردووە و ئاگاداری کردووینەتەوە لێی .

5 ـ ئایا دەزانی ئەم یادە لەکەیەوە سەری هەڵداوە ، وەیەکەم کەس کـێ بوو ئەم یادەی کردەوە ؟
بێگومان ئەوەی یەکەم کەس بوو ئەم یادەی کردەوە ( فاتمیە عوبەیدیە باتنییەکان بوو ! )
کە دەربارەیان وتراوە : ( لەڕواڵەتدا ڕافیزەی شیعەن ، بەڵام لەحەقیقەتدا کافرێکی تەواون ) !
ئایا برای بەڕێز ڕازی دەبی ئەوانە سەلەفی تۆ بن ؟! .

6 ـ ئایا بەروارى لەدایک بوونی پێغەمبەر کۆدەنگی لەسەرە یاخود خیلاف و جیاوازیەکی زۆری تێدایە ؟
چۆن لەخۆتەوە بەبێ بەڵگە تأریخ دیاری دەکەیت ؟! .
خیلاف هەیە لە نێوان زانایاندا، بۆ شەش حەوت ڕایەك:
هەندێك ئەڵێن: 2ی ربیع الأول.
وتراوە: 8ی ربیع الأول.
وتراویشە: 12ی ربیع الأول.
وتراوە: 17ی ربیع الأول.
وتراوە: 18ی ربیع الأول.
هەندێكیان دەڵێن: لە شەعبان لە دایك بووە.
هەندێكیش ئەڵێن: لە ڕەمەزان دا لە دایك بووە.
باشە ئەگەر كەسێك بیەوێ ئاهەنگ بگێڕێت، لە كام لەم ڕۆژانەدا ئاهەنگ بگێڕێت.

7 ـ ئایا دەزانی ڕۆژی لەدایک بوونی ( کەئیدعا دەکرێت لەو ڕۆژەدا لەدایک بووبێت ) ئەو ڕۆژە ڕۆژی وەفاتەکەیەتی؟!
چۆن لەیەک کاتدا ( دڵخۆش و غەمباریش ) دەبیت ؟! .
زانایان زۆرینەیان لەسەر ئەوەن کە ڕۆژی دوانزەی ڕەبیع الٲول ڕۆژی وەفاتی پێغەمبەری خوایە نەوەک ڕۆژی لەدایک بوونی بێت

8 ـ ئایا دەزانی لەپێغەمبەرەوە وارد بووە ، هەروەک لە صحيح ( مسلم ) کە لەڕۆژی (دووشەم) بەڕۆژو دەبوو؟ ئایا بۆ بەڕۆژو دەبوو ؟ ؛
بێ گومان لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە ڕۆژەیە کەقورئانی بۆ دابەزیوە و ئەو ڕۆژەیە کەلەدایک بووە تیایدا ! ؛
ئایا تۆ شوێنی کەوتوویت بەوەی کە لەهەموو مانگێکدا چوار ڕۆژ بەڕۆژو بیت ؟! لەکاتێکدا لەفەرموودەی سەحیحدا هاتووە .

9 ـ ئایا ئاهەنگ گێڕانت بەبۆنەی لەدایک بوونی منداڵێکتەوە خێر و پاداشتی لەسەرە ؟
خۆ گەر بڵێیت : ( بەڵێ ! ) ؛ ئەوا پێویستە بەڵگەیەکت هەبێت لە ( قورئان و سوننەت ) ! .

10 ـ ئایا دەزانی نیشانەی ڕاستگۆیی خۆش ویستنی پێغەمبەر شوێنکەوتنی یەتی ؟
قورئانی پیرۆز وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە و فەرموویەتی :
(( قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللَّهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللَّهُ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ  ))( سورة آل عمران / 31 )
واتە : ئەی پێغەمبەر پێیان ڕاگەیەنە گەر ئێوە خوداتان خۆش دەوێت شوێنی من بکەون خوداش خۆشتانی دەوێت و لەتاوانەکانتان خۆش دەبێت ، خودا لێبوردە و بەبەزەییە .
کەواتە ( شوێن کەوتنی ڕاست گۆیانە ) ، و ( گوێڕایەڵی کردنی پێغەمبەر لەهەموو شتێکدا ) نیشانەی خۆشویستنەیەتی .
براکەم : واز لە ( چاولێکەری کوێرانە بێنە ) و ( ئەوەی کەلە باو باپیرانەوە وەرت گرتووە بە بێ بەڵگە )
وە پێویستە لەسەرت ( شوێنی سوونەتی پێغەمبەر بکەویت ) ؛ خۆ گەر وات کرد ئەوا لەم کارەدا گەورەترین براوە و سەر کەوتوو دەبیت .
وە من تۆمەت بارت ناکەم کە نیەتت خراپە ، وقسە لەسەر چاکی مەبەستت ناکەم لەوەی کە پێغەمبەرت خۆش دەوێت یاخود نا.
بەڵام دەبێ ئەوە بزانیت کەنییەت بەتەنها یاخود خۆشویستنی پێغەمبەر بەس نی یە ! ،
بەڵکو دەبێت لەهەمان کاتدا کردەوەکەت بەپێی بەڵگەی قورئان و سوننەت بێت .
بە نمونەیەك ڕونی دەكەمەوە..
نوێژی بەیانى دوو ڕكعاتە، بەڵام من سێ‌ ڕكعات دەکەم !
ئێوەش ئەڵێن: نابێت سێ‌ ڕكعات بكرێ.
منیش ئەڵێم: بۆ نابێت، ڕكاتێكی نوێژە، خۆ كارێكی خراپ نیە؟! سوجدە دەبەم، ڕكوع دەبەم، فاتیحا دەخوێنم، قورئان دەخوێنم، تەحیات دەخوێنم، صەڵاوات دەدەم، زەلیلی خۆم بۆ خوا دەردەبڕم، بۆ ئەمانە كارێكی خراپن، بۆ دەبێ‌ دروست نەبێ‌؟!
لە وەڵامدا چی دەڵێن: بێگومانم زۆربەتان لە یەك وەڵام زیاترتان پێ نیە، ئەویش: چونكە رسول الله نەیكردووە --.
كەواتە:
منیش دەڵێم: مەولود نەبەوی دروست نیە.
ئەویش ئەڵێ: من لە مەولود نەبەویدا: صلاوات دەدەین، زیكری خوا دەكەین، یادی زیندو دەكەینەوە، قورئان دەخوێنین..
منیش دەڵێم: بەڵام لە شەرعدا هاتوە؟
ئەگەر هاتوە، ئادەی پێمان بڵێ: بزانین:
- لە كوێ دەكرێ ((شوێنەكەی))؟
- كەی دەكرێ ((كاتەكەی))؟
- چۆن دەكرێ ((چۆنیەتیەكەی))؟
- چەند جار دەكرێ ((چەندێتیەكەی))؟
ئەمانەی دیاری كردووە؟ بەڵكو تەنانەت یەكێكیشی لەمانە دیاریكردوە؟
پەیامبەری خوا -صلی الله علیه وێ‌له وسلم- دەفەرموێ: -وەكو لە بوخاری وموسلیمدا هاتووە لە حەدیسەكەی دایكی ئیمانداران عائیشە -ڕەزای خوای لێبێت- دەفەرموێ‌: [مَنْ أَحْدَثَ فِي أَمْرِنَا هَذَا مَا لَيْسَ مِنْهُ، فَهُوَ رَدٌّ] واتە: هەركەسێك شتێكی تازە بهێنێتە كایەوە لەم دینەی ئێمەدا نەبێت -سەرنجی ئەم وشەیە بدە-، قبوڵ ناكرێت وڕەد دەكرێتەوە.
كەواتە لە شتە دونیاییەكاندا، هەركەسێك زیادە بهێنێتە كایەوە، وسود وبەرژەوەندی خەڵكی تێدا دەستی خۆش بێت، ئەمە لە شتە دونیاییەكاندا.
بەڵام لە دیندا نابێ‌ شتێك بكەیت مەگەر فەرمایشتی خوا -سبحانە وتعالی- وپەیامبەرەكەی لەسەر بێت.

 

سەردان: ٥,٠٤٣ بەش: بیدعە و داهێنراوەکان