ئەگەر پیاو دوور بوو لە خێزانى و لە سەفەر بوو دروستە لەگەڵ خێزانى بە تەلەفۆن ئارەزووى یەکتر بجوڵێنن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر پیاو دوور بوو لە خێزانى و لە سەفەر بوو دروستە لەگەڵ خێزانى بە تەلەفۆن ئارەزووى یەکتر بجوڵێنن؟

وەکو ئەسڵ دروستە ژن و مێرد پێکەوە قسەى خۆش بکەن و بیر لەبابەتی جوت بوونی یەکتر بکەنەوە ، بەڵام پێویستە چەند شتێکی گرنگ ڕوون بکەینەوە لەم بارەیەوە :
یەکەم : پێویستە لەسەر موسوڵمان دوور نەکەوێتەوە لەخێزانەکەی زیاتر لەشەش مانگ ، هەروەک ئیمامی عومەر خوا لێی ڕازی بێت ئەو ماوەیەیی دیاری کردووە .
رواه عنه عبد الرزاق في " مصنفه " ( 7 / 152 ) .
خۆ گەر موسوڵمان زیاتر لەو ماوەیە دوور بوو ئەوا ترسی ئەوەی لێ دەکرێت توشی فیتنە و تاوان ببێت و شەیتان توشی وەسوەسەی بکات .
دووەم : هەندێ جار ئەو قسە کردن و یادکردنەوەیە دەبێتە هۆی شتی نەشیاو ، وە هەندێ جار دوای ئەو بیر لێکردنەوەیە مرۆڤ پێویستی بەبەتاڵکردنەوەی ئارەزوی دەبێت ، وڕەنگە ڕایبکێشێت بۆ توش بوون بەحەڕام پەنا بەخوا ، وەئارەزو زاڵە بەسەر عەقڵەوە ، و وای لێدەکات توشی تەماشا کردنی وێنەی حەڕام و شتی حەڕامی بکات بەتایبەت کە ژن ومێرد لە یەک دووربن ، وە دەبێ ئەوەش بزانن کە حەرامە و دروست نیە دەست بەکاربێنن بۆ دامرکاندنەوەى شەهوەت ، بەڵام کە ژن ومێرد پێکەوە بوون دەتوانن بە دەستى یەک یەکتر ڕەحەت بکەن ، نەک هەر کەسەو بە دەستى خۆى خۆى ڕەحەت بکات . 
سێیەم : پێویستە لەسەر موسوڵمان ئەو توانا ئارەزووەی بە (ڕۆژو و پاراستنی چاو ودوور کەوتنەوە لەفیتنە)بشکێنێت و پێویستە لەسەری تەقوای خوا بکات ، و شوێن ڕێچکەکانی شەیتان نەکەوێت کە بە هۆى ئەو قسە کردن و ئارەزوو جوڵاندنە بیبات بۆ حەرام وتاوان .
خواى گەورەش فەرموویەتی : [وَلَا تَتَّبِعُوا خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ إِنَّهُ لَكُمْ عَدُوٌّ مُبِينٌ (168) إِنَّمَا يَأْمُرُكُمْ بِالسُّوءِ وَالْفَحْشَاءِ ...] وە شوێن هەنگاوەكانی شەیتان مەكەون ،بەڕاستی شەیتان دوژمنێكی زۆر ئاشكرای ئێوەیە ، و تەنها فەرمانتان پێ ئەكات بەهەموو خراپەكاری‌ و كاری ناشرین‌ و زیناكردن و بەدڕەوشتی .
چوارەم : بینراوە و بیستراوە کە کەسانێک ئەم کارەیان ئەنجام داوە ، و وێنە و ڤیدیۆى خۆى بە ڕووتى ناردووە بۆ خێزانى کاتێک کە لێی دوور بووە بەڵام بە هەڵە ناردوویەتى بۆ کەسێکى تر و بڵاو بوتەوە ، و توشى ئابڕوچوون هاتووە .
بۆیە ژن ومێرد کاتێک کە لەیەک دوورن پەنا نەبەنە بەر تصویر کردنی لاشەى یەکتر و ئەو شتانەى کە سەردەکێشێ بۆ حەرام وتاوان ئەمەش بۆ پاراستنى دین و شەرەف وناموسیان .
خواى گەورە هەموو لایەکمان بپارێزێ لە هەموو خراپە و تاوانێک .

تێبینى : سەفەركردن بۆ وڵاتی كوفر دروست نیە مەگەر بە سێ مەرج نەبێ:
مەرجی یەكەم : پێویستە ئەو كەسە ئەوەندە زانیاری شەرعی هەبێت كە گومانەكان لە خۆی دوربخاتەوە.
مەرجی دووەم : پێویستە ئەوەندە خاوەن دین و خواناس بێت كە بەرگری لێ بكات لە هەواو ئارەزووەكان.
مەرجی سێ یەم : ئەبێ پێویستی بەو سەفەرە هەبێت.
ئەگەر تەواوی ئەم سێ مەرجانەی تێدا نەبوو ئەوە دروست نیە كە سەفەر بكات بۆ وڵاتی كافران چونكە مەترسی ئەوە هەیە كە توشی فیتنە ببێت لە دینەكەیدا وە هەروەها ماڵێكی زۆر لەدەست دەدات بە خۆڕایی چونكە مرۆڤ لەو سەفەرانە پارە و پولێكی زۆر سەرف دەكات.
بەڵام ئەگەر پێویستی پێی بوو بۆ نموونە بۆ چارەسەر كردن یا بۆ وەرگرتنی زانستێك كە لە وڵاتی خۆیدا نیە وە پێویستە كەسەكە خۆی خاوەن زانست و دین بێ ئەگەر بەم شێوازە بوو ئەوا هیچی تێدا نیە و دروستە.
بەڵام سەفەر كردن بۆ گەشت و گوزار بۆ وڵاتی كوفر ئەمە پێویست نیە،دەتوانێ بڕوات بۆ وڵاتە ئیسلامیەكان چونكە لەو شوێنە پارێزگاری لە دروشمەكانی ئاینی ئیسلام دەكرێت.
بەڵام نیشتەجێ بوون و مانەوە (الإقامە) لە وڵاتی كوفر مەترسیەكی زۆر گەورەی هەیە لە دینی موسڵمان و ڕەوشتی و داب و نەریتی، بینیمان زۆرێك لەو كەسانە كە مانەوە لەو وڵاتانە و پاشان گەڕانەوە بەو شێوازە نەگەڕانەوە كە ڕۆیشتبوون، گەڕانەوە بە فاسقی واتە سنوری خوایان بەزاندبوو،وە هەندێكیان لە دینەكەیان هەڵگەڕانەوە كە هاتنەوە وە لە هەموو دینەكانی تریش خوا بمانپارێزێ، هەتا وایان لێ هات بوون بە كەسێكی بێ باوەڕی تەواو،وە سوكایەتی بە دین و ئەهلی دین دەكەن ئەوانەی پێشوو ئەوانەش كە دوایان كەوتوون، بۆیە پێویستە خۆمان بپارێزین و ئەو مەرجانە لەبەر چاو بگرین كە بەرگریمان لێ دەكات بكەوینە دوای هەواو ئارەزووەكان و بە هیلاكەتدا بچین.
فتاوى أركان الاسلام للشيخ محمد بن صالح العثمين رحمه الله

سەردان: ١٤,٤٠٨ بەش: پرسیارە جنسیەکان