کەسێک بە هۆى قورسی ژیان و مەسروفى خێزان خۆى بکوژێت ئایا بە هەتا هەتایی لە ئاگردا دەبێت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کەسێک بە هۆى قورسی ژیان و مەسروفى خێزان خۆى بکوژێت ئایا بە هەتا هەتایی لە ئاگردا دەبێت؟
وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

خۆکوشتن کارێکی خراپە ، وەیەکێکە لەتاوانە هەرە گەورەکان ، بۆیە دروست نی یە موسوڵمان خۆی بکوژێت ، جا کە خۆی بکوژێت ئەوا خۆی توشی سزا و توڕەیی خودا کردووە ، جا ئەو کەسە لەژێر ویستی خواى گەورە دایە ئەگەر ویستى لێ بێ لێی خۆش دەبێت لەبەر موسڵمانێتى و کردەوە چاکەکانى ، وە گەر ویستى لێ بێ ئەوا سزاى دەدات و دەیخاتە دۆزەخەوە تا ئەو کاتەى کە خۆى ویستى لێ بێ دەرى ناکات ، بەڵام بە هەتا هەتایی لە دۆزەخدا نامێنێتەوە ، چونکە هەتا هەتایی تەنها بۆ کەسانى کافرە ، وە بە خۆکوشتن کەس کافر نابێ ئەگەر بە حەڵاڵی نەزانێت.

خۆکوشتن کارێکی خراپە ، وەیەکێکە لەتاوانە هەرە گەورەکان ، بۆیە دروست نی یە موسوڵمان خۆی بکوژێت ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : {وَلا تَقْتُلُوا أَنفُسَكُمْ إِنَّ اللَّهَ كَانَ بِكُمْ رَحِيمًا} [النساء:29] . واتە : خۆتان مەکوژن بەتەئکید خودا زۆر بەڕەحمە لەگەڵتاندا .
وە پێغەمبەرى خوا صلى الله علیە وسلم لەفەرموودەیەکی سەحیحیدا فەرموویەتی: (من قتل نفسه بشيء عذب به يوم القيامة ) واتە : هەر کەسێک بەهەر شتێک خۆی بکوژێت ئەوا لەئاگری دۆزەخدا بەو شتە سزا دەدرێت .

بۆیە واجبە لەسەر باوەڕدار ئارام بگرێت و خۆ ڕاگر بێت لەبەرانبەر ئەو ناخۆشیانەی ژیان کە تووشی دەبێت ،و پەلە نەکات و دەس بۆ خۆکوشتن نەبات ، بەڵکو دەبێ زۆر خۆی بپارێزێت و تەقوای خودا بکات و سەبەبەکان بگرێتە بەر ، بەدڵنیاییەوە هەر کەسێک تەقوای خوا بکات خودا دەرگای لێدەکاتەوە و دەیگەیەنێتە کەناری ئارام { وَمَنْ يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَلْ لَهُ مَخْرَجًا} [الطلاق:2] .
جا کە خۆی بکوژێت ئەوا خۆی توشی سزا و توڕەیی خودا کردووە و لەژێر ویستی خوادایە ؛ خۆ کوشتن هاوبەش بڕیاردان نی یە و دەگونجێ خوا لێی خۆشببێت ، خودای پەروەردگار لەو بارەوەیەوە فەرموویەتی: (إِنَّ اللَّهَ لا يَغْفِرُ أَنْ يُشْرَكَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَنْ يَشَاءُ) [النساء:48] .
واتە : خوا لەوە خۆش نابێت کە هاوبەشی بۆ بڕیار درابێت ، و جگە لەهاوبەش بڕیاردان خۆشدەبێت بۆ هەر کەسێک کەخۆی بیەوێت .

وە بێگومان جگە لە هاوبەش بڕیاردان لەژێر ویستی خوادایە ، و مەعلومە کەخۆ کوشتن هاوبەش بڕیاردان نی یە ، وەهەروەها زیناکردن ، وەهەروەها دزی کردن ، وەهەروەها عەرەق خواردن ، ئەمانە هەمووی تاوانن بەڵام وەک هاوبەش بڕیاردان نین ، خاوەنەکانیان لەژێر ویستی خودادان ، جا گەر کەسێک لەسەر ئەو تاوانانە بمرێت ئەوا خودا بیەوێ لێی خۆش دەبێ لەبەر کردەوە چاکەکانی وە لەبەر ئەوەی موسوڵمانە ، وەئەگەر ویستی لێ بێت سزای دەدات لەئاگری دۆزەخدا بەگوێرەی تاوانەکانی ، پاشان دوای ئەوە لەتاوان پاک دەبێتەوە و بەهەتا هەتایی لەدۆزەخدا نامێنێتەوە ئەمە بیرو بۆچوونی ئەهلی سوننە وجەماعەیە ، کەسی تاوان بار بەهەتا هەتایی لەدۆزەخدا نامێنێتەوە ، بەڵام سزا دەدرێت (گەر خودا ویستی لێ بێت) بەگوێرەی تاوانەکەی ، پاشان خودا ڕزگاری دەکات و دەیبات بۆلای ڕوبارێک کەپپێی دەوترێت ( ڕوباری ژیان ) ، پاشان دروست دەبێتەوە هەروەک چۆن دەنکە گەنم لەگوڵەکەیدا دروست دەبێت ، جا هەر کە بەتەواوی دروست بووەوە خودا دەیخاتە نێو بەهەشتەوە بەهۆی موسوڵمانی و باوەڕ هێنانیەوە کە لەسەری مردووە .

وەهیچ کەسێک بەهەتا هەتایی لەئاگردا نامێنێتەوە جگە لەبێباوەڕان ، و هاوبەش بڕیاردەران نەبێت ، ئەوانەی کە بێباوەڕ بوون بەخودا و بەڕۆژی دوایی ، یاخود پێغەمبەری خودایان بەدرۆ خستۆتەوە ، و یاخود ئینکاری زیندو بوونەوەیان کردووە ، وجگە لەمانەش ئەوانەی کە مرۆڤ پێی کافر دەبێت ، بەڵام تاوان باران بەهەتا هەتایی لەدۆزەخدا نامێنێتەوە ، ئەمە لە لای ئەهلی سوننە وجەماعە ، بەپێچەوانەی خەواریج و موعتەزیلە .
کۆمەڵی خەواریج وموعتەزیلە دوو تاقمی گومڕان و پێیان وایە : کەسی تاوان بار هەر کە چووە دۆزەخەوە بەهەتا هەتایی لەدۆزەخدا دەمێنێتەوە ، بێگومان ئەوەش هەڵەیەکی گەورەیە ، بەڵام ئەهلی سوننە و جەماعە کە هاوەڵانی پێغەمبەر صلى الله علیە وسلم و شوێنکەوتوانیەتی بەچاکترین شێوە ؛ دەڵێن : کەسی تاوان بار لەدۆزەخدا بەهەتا هەتایی نامێنێتەوە گەر (تاوانەکە) بەحەڵاڵی نەزانیبێت (واتە : بڕواى وا نەبێت کە خۆکوشتن حەڵاڵە یان زینا کردن حەڵاڵە) ، بەڵام شەیتان وای لێ کردووە بیکات ، جا ئەو کەسە خوا گەر ویستی لێ بێت لێی دەبورێت و دەیخاتە بەهەشتەوە بەهۆی باوەڕەکەیەوە ، وە ئەگەر ویستی لێ بێت سزای دەدات ، پاشان دوای پاک بوونەوە لەتاوان خودا لەئاگری دۆزەخ ڕزگاری دەکات و دەیکاتە بەهەشتەوە .
وەچەندین فەرموودە لەپێغەمبەرەوه لەم بارەیەوە هاتووە ؛ هەندێ کەسی تاوان بار دەچێتە ناو دۆزەخەوە بەهۆی تاوانەکەیەوە ، پاشان خودا لەئاگر دەری دێنێت بەهۆی شەفاعەتی شەفاعەت کارانەوە ، یاخود خودا بەڕەحمی خۆی دەری دێنێت ، هەموو ئەمانە لەپێغەمبەرەوه سابت بووە.
شێخ عبدالعزیز بن عبدالله بن باز - رحمه الله -

بۆیە پێویستە لەسەر موسوڵمان لە هەوو کات و ساتێکدا هەمیشە ئارام بگرێت و داوای یارمەتی لەخودا بکات ، وەئەوە بزانێت کە تووشی هەر ناخۆشیەک بێت - هەر چەند زۆر ناخۆش و قورس بێت - ئەوا بەتەئکید سزای دواڕۆژ زۆر سەخت ترە ، وە بێگومان هیچ کەسێکی عاقڵ دەس بۆ بشکۆی ئاگر نابات لەترسی ئاگر ، وە لە قورئان و فەرمودە صەحیحەکاندا هەڕەشەى توند هاتووە سەبارەت بەو کەسانەى کە خۆیان دەکوژن .

وە با موسوڵمان بیر بکاتەوە و بزانێت هەر ئەو نی یە لەو دونیایەدا تووشی ناخۆشی بووە ، بەدڵنیاییەوە گەورە و کوڕانی ئادەم کە پێغەمبەران و پیاو چاکانن تووشی ناڕەحەتی ژیان بوون ، وەهەروەها تووشی ئازار دان هاتوون لەلایەن بێباوەڕانەوە .

وە حەتمەن بەڵا و ناخۆشی سوننەتی ژیانە ، و هیچ کەسێک لێی ڕزگار نابێت .
جا گەر موسوڵمان بەجوانی مامەڵەی لەگەڵ کرد ، وئارامی گرت ، وە ئەو بەڵایە بکاتە هۆکارێک بۆ گەڕانەوە بۆلای خودا و هەوڵدان بۆ کردنی کاری چاکه ، ئەوا ئەو بەڵایە خێری پێوە دەبێ بۆی ، ودەبێتەوە هۆی لێخۆش بوونی تاوانەکانی ، بەشێوەیەک دەگاتەوە لای خودا و هیچ تاوانێکی پێوە نامێنێت .
پێغەمبەرى خوا صلى الله علیە وسلم فەرموویەتی : ( مَا يُصِيبُ الْمُسْلِمَ مِنْ نَصَبٍ وَلَا وَصَبٍ وَلَا هَمٍّ وَلَا حُزْنٍ وَلَا أَذًى وَلَا غَمٍّ حَتَّى الشَّوْكَةِ يُشَاكُهَا إِلَّا كَفَّرَ اللَّهُ بِهَا مِنْ خَطَايَاهُ ) رواه البخاري (5642) ومسلم (2573) .
واتە : ئەوەی توشی موسوڵمان دەبێت لە ناخۆشی ، و ئازار ، و خەم ، و خەفەت ، و ئەزیەت ، تەنانەت گەر دڕکێکیش چوبێت بەپێیدا ئیلا خودا بەو هۆیەوە تاوانەکانی هەڵدەوەرێنێت .

وە هەروەها پپێغەمبەرى خوا صلى الله علیە وسلم فەرموویەتی : ( مَا يَزَالُ الْبَلَاءُ بِالْمُؤْمِنِ وَالْمُؤْمِنَةِ فِي نَفْسِهِ وَوَلَدِهِ وَمَالِهِ حَتَّى يَلْقَى اللَّهَ وَمَا عَلَيْهِ خَطِيئَةٌ ) صححه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة (2280) .
واتە : بەردەوام بەڵا تووشی پیاو و ئافرەتی باوەڕدار دەبێت لەنەفس و منداڵ و ماڵیاندا ، تاوەکو دەگاتەوە لای خودا هیچ تاوانێکی پێوە نامێنێت .

سەردان: ٣,٤٦٨ بەش: تاوانه‌كان