خەوم بینى كە هەستام سەیر ئەكەم دوو قەترە ئاوم هاتۆتەوە ئایا ڕۆژووەكەم دەشكێت؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
خەوم بینى كە هەستام سەیر ئەكەم دوو قەترە ئاوم هاتۆتەوە ئایا ڕۆژووەكەم دەشكێت؟
پرسیار:

برا بەڕێزەكان یارمەتیم بدەن من ئەمڕۆ خۆمم شۆرد دواى ئەوە خەوتم یەكسەر لە خەوما ئاوم هاتەوە تەمەنم 14 ساڵە تازە ناتوانم بڕۆم خۆم بشۆم چونكە نامەوێ ماڵەوە هەست بكەن وە من ئێستە بە ڕۆژووم نوێژیش دەكەم و قورئانیش دەخوێنم لە شیشم گرانە ئایا دەتوانم تا دوو سێ ڕۆژى تر بەردەوام بم؟

بەناوى خواى گەورەو میهرەبان
براى بەڕێزم لاوى خواناس: ئاو هاتنەوە لە كاتى خەودا خۆشۆردن واجب و پێویست دەكات لە سەرت، هەروەكو خۆت دەیزانى، وە ناشبێت بە بیانووى ئەوەى كە ناتەوێ ماڵەوە هەست بكەن خۆت نەشۆى، چونكە تۆ بە خۆشۆردنت یان بە لەش گران بوونت تاوانێكت ئەنجام نەداوە، بەڵكو تۆ پابەند بوونى خۆت بە ئایینەكەتەوە ڕادەگەیەنیت، كە ئایینى باوك دایك و بارایان و خوشكانى بەڕێزى تۆن، بۆیە باوەڕ ناكەم بەڕێزان و ئەندامانى خێزانەكەت هیچ توانج و سەرزنشتێك ئاراستە بكەن، چۆنكە خۆشیان بە نێر و بە مێیان بەو تەمەنەى تۆدا تێپەڕ بوونە و، ئەو حاڵەتە ئاساییەى تۆشیان بە سەردا هاتووە.
وە تۆش لە بەر ئەوەى لاوێكى ئاواى كە پابەند بووى بە ئایین و نوێژ و ڕۆژوو و قورئان خوێندن ئەنجام دەدەى، نابێت شەرم كردن ببێتە ڕێگر لە پێش ئەنجامدانى ئەو حەق و مافانەى خواى پەروەردگار بەسەرتەوە، دایكە عایشە ڕەزاو ڕەحمەتى خواى لێ بێت فەرموویەتى: ڕەحمەتى خوا لە ئافرەتانى پشتیوانان بێت شەرم و حەیا ڕێى لێ نەدەگرتن كە شارەزا بن لە ئایینەكەیان (فەرموودەكەش صه حیحە).
جا براى خۆم: قۆڵى مەردایەتى لێ هەڵبماڵە و بەربەستى شەرم حەیا بشكێنە بۆ گەشتن بە ڕەزامەندى پەروەردگارت و گەشتن بە بەهەشتى بەرین، وە نەكەى لەوە زیاتر هەڵى كارتێكردن بۆ شەیتان بڕەخسێنى... چونكە تیشو و كردەوەمان كەمە و سەفەرى دوا ڕۆژیش زۆر دورە.
وە ئەوەش بزانە كە ناتوانیت بەو بیانووەوە هیچ كاتى تر خۆشۆردنەكەت دوا بخەى نە ڕۆژێك و نەش زیاتر... خواى پەروەردگار سەرخەرى هەمووان بێت بۆ هەموو چاكەیەك... خواى پەروەردگاریش زاناترە.

وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وه وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٥,٧٢٩ بەش: ڕۆژوو