ئێستا کاتى تاقى کردنەوەکانە ئایا چۆن ئیمتحان ئەنجام بدەم کە سەرکەوتن بەدەست بێنم؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئێستا کاتى تاقى کردنەوەکانە ئایا چۆن ئیمتحان ئەنجام بدەم کە سەرکەوتن بەدەست بێنم؟
پرسیار:

چ دوعایەك باشە بیخوێنم بۆ ئەوەى لە إمتحانى مەكتەب دەربچم وە ئایا چى باشە بیخوێنم بۆ ئەوەى خواى گەورە یارمەتیم بدات و زاكیرەم بە هێز بكات؟

زۆربەی قوتابیان پرسیار لەبارەی ڕاسترین ڕێگا دەکەن بۆ ئەنجام دانی تاقی کردنەوە ؛ بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لەو تەنگ و چەڵەمە و دڵەڕاوکێیەی توشیان دەبێت ، و هەندێ جار توشی لەبیرچوونەوە و لەدەسدانی ئەو زانیاریانە دەبن کە لەکاتی (تاقی کردنەوەکاندا) پێویستیان پێیەتی ، وەحەتمەن ئەمەش دەبێتە هۆی فەشەل و کەوتن ، لەکاتێکدا دەیتوانی ناجح بێت و دەربچێت..
هەر بۆیە لەبەر ئەم هۆکارانە و جگە لەمەش ، باش وایە قوتابی - هەر ئاستێکی هەبێت ـ ڕەچاوی ئامۆژگاری کەسانی پسپۆڕ و بەئەزموون بکات ، بەتایبەت ئەمەی کەپەیوەندی بەتاقی کردنەوەکانەوە هەیە .
یەکەم :
شەوی تاقی کردنەوەکان :
گرنگترین شت کەقوتابی پێویستی پێی بێت لەو شەوەدا :
پێویستە دەرون و جەستەی ئارام بێت ؛ بۆ ئەوەی بتوانێت لەڕۆژی دواتر (ڕۆژی تاقی کردنەوەکان) وەڵامێکی پێویست وگونجاو بداتەوە .

پسپۆڕان لەم شەوەدا چەن ئامۆژگارییەکی گرنگی قوتابیانیان کردووە ، لەوانە :
1- خواردنی خواردنێکی گونجاو چاک لەو شەوەدا :
کە زۆر چەور و قورس نەبێت و هەزم کردنی زەحمەت بێت ، وا لەقوتابی بکات باری جەستەیی ناڕێک بکات ، و کاریگەری بکاتە سەر وەڵامدانەوەی ، و بەو هۆیەوە وەک پێویست نەتوانێت وەڵام بداتەوە .

2- زوو خەوتن ، وزۆر نەخوێندن :
چونکە زۆر خوێندن لەو شەوەدا مێشک ئەزیەت دەدات ، وزیانی پێ دەگەیەنێت ؛ بۆیە پێویستە قوتابی لەو شەوەدا تەنها موڕاجەعەیەکی سوکی بابەتەکە بکات .

3- دوور کەوتەنەوە لە دڵەڕاوکێ :
ئەوەی کە کاریگەری دەبێت لەسەر مێشک و باری دەروونی قوتابی ، و وای لێدەکات زانیاریکانی لێ تێکەڵ دەبن وەک پێویست تەرکیزی نامێنێت ، ویەکسەر ئەو دڵەڕاوکێیە دەگۆڕێ بۆ ترس ، و وا لەقوتابی دەکات زانیاریەکانی لەبیر بچێتەوە ، وەحەتمەن لەم حاڵەتەدا ئارەزوی خواردنیش نامێنێت ، وتوشی هەزم نەکرنی خواردن دەبێت .
جا چارەسەری ئەمەش :
پشت بەستنە بەخوداى گەورە ، و پاشان گرنگی دانە بە یادکردنەوەی زانیاریەکان ، وخۆ ئامادە کردن بۆ تاقی کردنەوەکان ، پاشان سیقە بەخۆ بوون ، کەدەبێتە هۆی بیر کەوتنەوەی زانیارییەکان .

4- دڵنیا بوون لەجەدوەلی تاقی کردنەوەکان :واتە : کات و ڕۆژ و شوێنی تاقی کردنەوەکان .

5- ئامادەکردنی ئەو شتانەی کەبۆ تاقی کردنەوەکان پێویستن : وەک قەڵەم ، لاسیک ، ومەستەڕە ، وحاسیبە ، جگەلەمانەش کەپێویسن بۆ تاقیکردنەوە .

6- گەر ئامێری بەخەبەر هێنانی بەکار هێنا ، با بینێتەوە بۆ کاتێکی گونجاو ، بەشێوەیەک نەزۆر زوو بێت کە تووشی مەلەلی بکات ، وە نە زۆر درەنگ بێت کە توشی شپرزەیی بکات .

7- خەوتن بۆ ماوەی (هەشت)کاتژمێر .

دووەم :
ڕۆژی تاقی کردنەوەکان:
1- زوو هەستان : بۆ ئەوەی مەجالی (خۆ شوشتن و جل لەبەر کردن و نان خواردنی) هەبێت .

2- ئەنجامدانی نوێژی بەیانی بەجامەعەت .

3- خواردنی خواردنێکی باش ؛ بۆئەوەی توشی کەمبوونەوەی ڕێژەی شەکر نەبێت لەخوێندا ، دواتر توشی سەر گێژی و لەخۆچوون ببێت .

4- دانانی چەند ڕێگایەکی گشتی بۆ ئەو بابەتەی کە تاقی کردنەوەی تێدا دەکات .

5- چوون بۆ شوێنی تاقی کردنەوەکان پێش کاتەکەی : وەک حساب کردن بۆ هەر پێشهاتێک کەلەڕێگا تووشی دەبێت .

6- دوعای دەرچوون لەماڵ ؛ هەروەک لە لەو فەرموودەیەدا هاتووە کە ئەنەس -رضي الله عنه- گێڕاویەتیەوە و دەڵێت :پێغەمبەری خوا فەرمووی :
((إِذَا خَرَجَ الرَّجُلُ مِنْ بَيْتِهِ فَقَالَ: "بِسْمِ اللهِ، تَوَكَّلْتُ عَلَى اللهِ، لاَ حَوْلَ وَلاَ قُوَّةَ إِلاَّ بِاللهِ"؛ يُقَالُ لَهُ: حَسْبُكَ! هُدِيتَ، وَكُفِيتَ، وَوُقِيتَ! وَتَنَحَّى عَنْهُ الشَّيْطَانُ)). رواه الترمذي وحسنه.
واتە :
کاتێ کەسێک لەماڵ دەردەچێت ، بڵێت : "بِسْمِ اللهِ، تَوَكَّلْتُ عَلَى اللهِ، لاَ حَوْلَ وَلاَ قُوَّةَ إِلاَّ بِاللهِ" ئەوا پێی دەوترێت : بەستە ، هیدایەت دراوی ، وپارێزراوی ! وشەیتان لێی دوور دەکەوێتەوە .

7- لەبیرت نەچێت کاتژمێرەکەت لەگەڵ خۆت ببە ، وەهەروەها پێویستیەکانی تاقیکردنەوە .

8- لەگەڵ هاوڕێیەکانت باسی تاقی کردنەوەکە مەکە ؛ چونکە ڕەنگە شتێکت لێیان گوێ ببێت و نەتبیستبێت ، وداوتر سیقەت بەخۆت نەمێنێت .

سێیەم :
لەکاتی تاقی کردنەوەدا :
1- لەسەر ڕەحلەی تاقی کردنەوە دابنیشە ، زۆر ئارام بەو ، و بەئاسایی وەری بگرە .

2- دوای ئەوەی پرسیارەکەت وەرگرت :
بە ( بسم الله الرحمن الرحیم ) دەس پێ بکە ، پاشان ئەو زانیاریانە بنووسە کەپێویستە لەسەرەوەی وەرەقەکە بنوسرێت ، ئەوەش عادەتەن :
ناوی خۆتە ، ناوی بابەتەکەیە ، جۆری گروپەکەتە ، زانستیت یاخود ئەدەبیت ...

3- بەوردی ئەو ڕێنماییانەی لەسەرەوە نوسراوە بخوێنەرەوە ، پاشان هەموو پرسیارەکان بخوێنەرەوە ، وبەجوانی لێی تێبگە ؛ چونکە وەک وتراوە :
(فهم السؤال نصف الجواب←تێگەیشتن لەپرسیار نیوەی وەڵامدانەوەیە ) .

4- بەپرسیارە ئاسانەکان دەس پێ بکە ، وپرسیارە گرانەکان دوا بخە !

5- کاتەکەت دابەش بکە بەسەر پرسیارەکاندا ؛ جا ئەگەر پرسیارەکان دەرەجەکانیان وەک یەک نەبوون ، ئەوا زیاتر کات بدە بەوانەی دەرەجەیان زۆر لەسەرە .

6- پێش وەڵامدانەوە ئەو داواکاری و لقەکان دەس نیشان بکە کەلەپرسیارەکەتدا مەتڵوبە ، پاشان گرنگترین داواکاریەکان ، وجودا کردنەوەی لەکاتی شەرح کردنیدا .

7- گەر پرسیارەکە لەچەند لقێک پێک هاتبوو ، ودانیەکی یاخود زیاترت لەبیر چوو ، ئەوا چەند دێڕێک بەبەتاڵی جێ بهێڵە ، و هەر کاتێ بیر کەوتەوە لەوێدا بینووسە .

8- باوەڵامەکت ڕاستەو خۆ پەیوەندی بەخودی بابەتەکەوە هەبێت ، وبەخەتێکی ڕوون و جوان بینووسە ، وبا وەرەقەکەت پاک بێت و ئاڵۆز نەبێت بەشێوەیەک زۆر سڕیبێتتەوە .

9- ئاگاداری وەڵامدانەوە بە لەو کاتەی دیاریکراوە بۆ وەڵامدانەوە .
10- پێش تەسلیم کردن چاو بەوەڵامەکانتدا بخشێنەوە و موڕاجەعەی بکە ؛ چونکە لەو حاڵەتەدا دڵنیا دەبی کە بەوردی وەڵامت داوەتەوە و پەلەت نەکردووە و دڵنیا دەبی کە وەڵامەکەت ڕاستە یاخود هەڵەیە .

11- گرنگی بەو قوتبیانە مەدە کەلەدەور و بەرتن ، وتوشی دڵە ڕاوکێ مەبە کاتێ دەبینی ئەوان زۆرتر لەتۆ دەنوسن !

12- پێش تەواو بوونی کاتی تاقی کردنەوە دەر مەچۆ (مەگەر زۆر دڵنیا) بیت لەوەڵامەکەت ، وسوود لەوکاتەی کەماوە وەر بگرە وموڕاجەعەی وەڵامەکانتی تێدا بکە .

13- هەرگیز پەنا بۆ غەش و قۆپی کردن مەبە و پشت بەخواى گەورە ببەستە و داواى هاوکارى و یارمەتى لە خواى گەورە بکە .

چ دوعایەك باشە بیخوێنم بۆ ئەوەى لە إمتحانى مەكتەب دەربچم وە ئایا چى باشە بیخوێنم بۆ ئەوەى خواى گەورە یارمەتیم بدات و زاكیرەم بە هێز بكات؟

براى بەڕێزمان فێرخوازى خاوەن هزر لە وەڵامى پرسیارەكەت ئەم ئامۆژگاریانەت پێشكەش دەكەم:
1- هەموو كات هەوڵ بدە متمانە و پشت ببەستیت بە خواى پەروەردگار چونكە فەرموویەتى: { وَمَن يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ } سورة الطلاق(3)
واتە: ئەو كەسەى كە تەوەكول و متمانەى تەواو ببەستێ بە پەروەردگارى خۆى ئەوا نەتها ئەوى بەسە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەسبابیش بەكار بهێنێت.
2- هەوڵى ئەوە بدە هەموو كات لە خوابترسیت بەوەى كە خۆت دووربكەیتەوە لە غەش كردن، چونكە پێغەمبەرى خوا ()فەرموویەتى: من غشنا فلیس منا واتە: هەركەسێك غەش بكات لە ئێمە نى یە، وە چونكە لە خوا ترسانت دەبێتە هۆى كردنەوەى دەرگارى بەرەكاتى خواى پەروەردگار و بەهانا هاتنت لە كاتى پێویست دا، خواى پەروەردگار فەرموویەتى: { وَاتَّقُواْ اللّهَ وَيُعَلِّمُكُمُ اللّهُ ٌ} سورة البقرة (282).
وە فەرموویەتى: { وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مِنْ أَمْرِهِ يُسْرًا} سورة الطلاق(4)
وە فەرموویەتى:{وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مَخْرَجًا* وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لَا يَحْتَسِبُ } (3-4) سورة الطلاق
وە چەندەها ئایەتى ترى لەو بابەتە.
3- پەنا بردنە بەر دەرگاى خواى پەروەردگار بە دوعا كردن لەو شوێن و كاتانەى كە لە شەرعدا هاتوون كە دوعایان پێدا گیرا دەبێ، چونكە خواى پەروەردگار فەرموویەتى: {وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ } سورة غافر(60).
وە فەرموویەتى: {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ } سورة البقرة (186).
وە ئەوەش بزانە تەنها خواى پەروەردگارە بەهاناتەوە دێت و كەسى تر ناتوانێت جگە لەو قازانجێك پێ بگەیەنێت و زیانێكت لێ دور بكاتەوە.
4- ئەگەر كارێكت لەسەر گران بوو، وەك تاقى كردنەوە ئەوا بڵێ: (اللهمَّ لا سَهلَ إلا ما جعلته سهلاً، وأنت تجعلُ الحزن إذا شِئتَ سهلا)حديث صحيح.
واتە: خوایا هیچ كارێكى ئاسان نى یە مەگەر ئەوەى كە تۆ ئاسانت كردبێت، وە تۆ ئەگەر ویستت لێ بێت زبرى و ڕەقى و گرانى زەوى ئاسان دەكەیت.