ساڵى نوێى خوێندن و خۆپاراستن لە تاوان و خراپە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ساڵى نوێى خوێندن و خۆپاراستن لە تاوان و خراپە
پرسیار:

وا ساڵى نوێى خوێندن هاتەوە ، گەنجى موسڵمان چۆن خۆى لە تاون و خراپە بپارێزێ لە زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانەکاندا ؟ چ ئامۆژگارییەکتان هەیە بۆ گەنجان ؟

 الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على رسول الله الأمين:‏
‏ وێڕای پیرۆزبایی و ئومێدی خۆشبەختی و سەركەوتن بۆ هەموو خوێندكارانی ئازیز و موسڵمان بەهۆی دەستپێكردنەوەی ‏دەوامی زانكۆو پەیمانگاكانەوە، بەئەركی خۆمانی دەزانین ئامۆژگاری و بیرخستنەوەیەك بهێنینەوە یادی ئێوەی بەڕێز ‏ئەوەش لەپێناو فەرمایشتی پێغەمبەری ئازیز كە كۆمەڵگای وێنا كردووە بە كەشتیەكی دووقات كە ‏ئەگەر هاتوو ئەوانەی لەسەرەوەن ڕێگری نەكەن لە خەڵكانی خوارەوە لەوەی بنی كەشتیەكە بشكێنن و ئاو دەربكەن ئەوا ‏هەموویان پێكەوە نوقمی ئاو دەبن.‏
‏ بەڕێزان وەكو ئاشكرایە كە ڕەگەزی مرۆڤ لەوەتەی خوای كاربەجێ‌ خولقاندوویەتی هەر لەو ساتەوەختەوە ئارەزوو حەزو ‏غەریزەی جنسیشی لەناخدا بەدی هێناوە، كە هەر بەسروشت هەردوو ڕەگەز حەز بەیەكتر دەكەن، وە ئیسلامیشی ‏ناردووە وەكو پەیامێك بۆ ئەوەی ئەو دوو ڕەگەزە چۆن تووشی تاوان نەبن بەهۆی وروژاندن و بەرەڵاكردنی هەستیانەوەو ‏بەڵكو بەپێچەوانەوە ڕێكی خستووەو لە كرداری هاوسەرگیریدا بەرجەستەی كردووەو گوزارشتی لێكردووە....‏
‏ بۆیە دەبێت هۆشیاری بدرێت لەو شوێن و كاتانەدا كە ئەو دوو ڕەگەزەی تێدا كۆدەبنەوە چونكە مەترسی ڕوودانی چەندین ‏تاوان و سەرپێچی لێ‌ دەكرێت، ئازیزان خوای پەروەردگار دەفەرموێت: ‏ [وَلا تَقْرَبُوا الزِّنَى إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاءَ سَبِيلاً ] ‏واتە: هەرگیز نزیك و توخنى زینا مەكەونەوە چونكە بەڕاستی كردەوەیەكی زۆر بێزراوو ناشرین وڕێگەیەكی ‏پیس و خراپە.

ئەگەر سەرنج بدەن لەئایەتەكە خوای گەورە فەرموویەتی " نزیكی مەكەونەوە" واتە ئەو كردەوەیە ‏ئەوەندە بۆگەن و نەخوازراوە تەنانەت بەنزیك كەوتنەوە لێیشی موسڵمان تووشی پێ هەڵخلیسكان دێت.

وە یاخود نزیك ‏پێشەكی و هەنگاوەكانی بەرەو زینا مەبنەوە كە بریتین لە تێكەڵاوی و سەیركردن وزەردەخەنەو قسەكردن و مەوعید ‏دانان، خوای گەورە خۆی مرۆڤی خولقاندووە ناخی مرۆڤ دەزانێت هەر بۆیە ئەو ڕێگایانەی لەسەر حەرام و یاساغ كردوون ‏بۆ ئەوەی تاكی داوێن پاك و پاكیزە پێ بگات لەنێو كۆمەڵگەدا.‏

براى گەنج بەڕێز : تۆ دەبێت یوسف ئاسا داوێنى خۆت بپارێزى لە زینا و بەدڕەوشتى نەڵێی ناتوانین لەسەر قورسی پرۆسەی هاوسەرگیری ‏و زۆربوونی خراپەو ڕووتی زۆرێك لە ئافرەتان و ‏ئارەزووە زۆرەكانمان ئارام بگرین، سەیرى چیرۆکى پێغەمبەر یوسف بکە علیه السلام كە چۆن ژنەكەی پاشای میسر ویستى لەخشتەى ببات و ‏داوێن پیسی لەگەڵ بکات لەگەڵ ئەوەشدا خۆى پاراست لە کاتێکدا کە :‏
‏1. ئافرەتەكە خۆی بانگی یوسفی كرد ئەمەش ‏ڕێخۆشكارێكی گەورە بوو، چونكە بانگ كردنی پیاو ‏لەلایەن ئافرەتەوە وەكو بانگ كردنی ئافرەت نیە لە ‏لایەن پیاوەوە، كە ئافرەت بانگی پیاوی كرد ئەو كات ‏ئەو لەمپەرە دەرونیانەی كە لەلای پیاو هەیە نامێنێت، ‏وەكو ترسان لە خۆبەدەستەوەنەدانی ئافرەتەكە یاخود ‏هاواركردنە كەسوكار و... هتد.‏
‏2. یوسف لە ماڵەكەیاندا بوو واتە كەسێكی نامۆ ‏نەبوو تاوەكو خەڵكی گومان لە چوونە ژوورەوەی بكەن.‏
‏3. ئافرەتەكە هەموو دەرگاكانی كۆشكی داخست كە ‏ئەمەش ترسی ئەوەی نەهێشت خەڵكی پێیان بزانن.‏
‏4. هانی یوسفی دەدا بۆ ئەوەی ئیشە خراپەكەی ‏لەگەڵ بكات.‏
‏5. یوسف گەنج بوو پاڵنەری زیناش لای گەنج زۆر ‏زیاترە.‏
‏6. ئافرەتەكە گەورەی یوسف بوو دەبوو گوێڕایەڵی ‏بوایە لە هەر فەرمانێك كە پێی دەكرد.‏
‏7. یوسف كۆیلە بوو پاڵنەری زیناش لای كۆیلە ‏زیاترە وەك لە كەسێكی ئازاد، چونكە كۆیلە هەر بە ‏چاوی سووكەوە سەیر دەكرێت، بۆیە لە ئابڕوچوون ‏ناترسێت.‏
‏8. یوسف كەسێكی نامۆ بوو لە وڵاتی میسر، كەسی ‏غەریب و نامۆش لە ئابڕوچوون ناترسێت وەكو كەسێك ‏كە خەڵكی وڵاتەكە بێت.‏
‏9. ئافرەتەكە جوان بوو، پاڵنەری زیناش لەگەڵ ‏ئافرەتی جواندا زۆر زیاترە.‏
‏10. ئافرەتەكە خاوەن دەسەڵات بوو دەیتوانی ئەگەر ‏یوسف ئاشكراش بێت بەرگری لێبكات.‏
‏11. مێردی ئافرەتەكە غیرەتی نەبوو، چونكە ‏سەرەڕای ئەوەش كە بە ژنەكەی زانی پێی وت داوای ‏لێخۆشبوون بكە بۆ تاوانەكەت و كاردانەوەی خراپی ‏نەبوو.‏
‏12. ئافرەتەكە جگە لە خۆی مەكر و نازی ئافرەتانی ‏تریشی بەكارهێنا.‏
‏13. هەڕەشەی ئەوەی لە یوسف كرد كە ئەگەر زینای ‏لەگەڵ نەكات ئەوا سجنی دەكات.‏
سەرەڕای هەموو ئەو ئاسانكاریانە یوسف – علیە ‏السلام – كۆڵی نەدا و ئارامی گرت، و داوای لە خوای ‏گەورە كرد ڕزگاری بكات، ئەویش وەڵامی دایەوە و ‏ڕزگاری كرد.‏
دەسا گەنجانی بەڕێزمان یوسف ئاسا بە سەبر و ئارام ‏بن، و ڕەزامەندی خوای گەورە زاڵ بكەن بەسەر ‏چێژێكی كەمی دونیاییدا كە لە پاش تەواو بوونی ‏هەست بە بێزاری و پەشیمانی و بێتاقەتی و تاوانباری ‏دەكەیت. ‏

‏ خوێندكارانی داوێن پاك و موسڵمان: لەبەر ئەوەی بەداخەوە زانكۆو پەیمانگاكانمان كوڕو كچ تێكەڵن بۆیە دینداری و ‏خۆپاك ڕاگرتن لەو شوێنانەدا هەوڵ وكۆششی زیاد لەپێویستی دەوێت ئەوەش تەنها بەوە دەبێت كە پەیوەست بن بە ‏دینەكەتانەوە لەفەرمانی خواو پێغەمبەرتان لامەدەن.

وە دڵنیابن هەتا ناڕەحەتی و دژواری ببینن و ناحەزان تانەو ‏تەشەرتان لێ بدەن لەسەر خۆڕاگریتان بەئیسلامەوە ئەوا بەردەوام پاداشتتان بۆ دەنوسرێت و لای خوا پلەتان بەرز ‏دەبێتەوە، بۆیە خۆتان بەدووربگرن لەو تاوان و گوناهانەی كە زیاتر لەوێ‌ ئەنجام دەدرێن وەكو: سەیركردنی كوڕو كچان ‏بۆ یەكتری قسەو پێكەنینی نێوان كوڕان كچان و گوێ‌ گرتن لە گۆرانی و جگەرەكێشان و لەپێش هەموویانەوە پابەندبن بە ‏لەبەركردنی جل و بەرگی شەرعی با ئافرەتان عابا بپۆشن و جوانی خۆیان بۆ كوڕان دەرنەخەن و كوڕانیش چاویان داخەن ‏لەئاست نامەحرەم و جل وبەرگێك بپۆشن كە سیمای ئیسلامەتی پێوە دیاربێت نەوەك ئەو پانتۆڵە تەسك و سێ‌ ‏چارەكیانەی كە تەنانەت لەناونوێژیشدا عەورەتیان بەدەردەكەوێت. ‏
‏ پێویستە كوڕان ئەو ڕاستیە بزانن كە خۆشیان خوشك و خوشكەزاو دایكیان هەیە و چۆن نایانەوێت خەڵكی دەستیان ‏بۆ درێژبكات ئاوهایش ئەو كچانە كەس و كاریان هەیە و وەكو ئێوە غیرەتیان ئەجوڵێت.

بۆ ئەو مەبەستە ڕووداوێكی ‏سەردەمی پێغەمبەرتان بۆ باس دەكەین: جارێكیان لاوێكی تازە پێگەیشتوو لە پێغەمبەر دەخوازێ‌ ‏مۆڵەتی زینای بدات! خەڵكەكەی دەوروبەری پێیان ناخۆش بوو ویستیان دەمكوتی بكەن، پاشان پێغەمبەر هێوری ‏كردنەوەو ڕووی كردە لاوەكە و فەرمووی: ئەرێ‌ حەز دەكەی خەڵكی لەگەڵ دایك و خوشك و پورتا زینا بكات؟ لاوەكە ‏ووتی: نەخێر، دایك و باوكم بە قوربانت بێت. ئەویش فەرمووی: دەسا خەڵكیش حەزناكەن تۆ لەگەڵ كەس وكاریانا زینا ‏بكەیت، پاشان دەستی پیرۆزی خستە سەرشانی و فەرمووی: خوایە! لەم گەنجە خۆشببە، دڵی لە گوناح پاكەوە بكە، ‏عەورەتی لەكاری حەرام بپارێزە، ئیتر لاوەكە بڕاوبڕ بیری لەو شتانە نەكردەوە. ‏
‏ خوێنەری خۆشەویست ئەی ئەو كەسەی ئێستا ئەم ووشانە دەخوێنیتەوە: ئەو ڕاستیە بزانە كە ئێمەی مرۆڤ دوو دوژمنی ‏سەرسەختمان هەیە كە هەمیشە لەهەوڵدان بۆ ئەوەی فریومان بدەن و تووشمان بكەن، یەكێكیان دوژمنی ناوەكیە ئەویش ‏نەفسە كە هەردەم فەرمان بە خراپە دەكات و دەیەوێت خاوەنەكەی تووشی هەڵدێر بكات، ئەوی ترش دوژمنی دەرەكی ‏وناوەكیە كە شەیتانە، شەیتانیش پێویست بەناساندن ناكات دڵنیام هەموومان دەیناسین بەهۆی ئەو ئایەت و ‏فەرموودانەوە كەباسی فێڵ و تەڵەكەكانی دەكات دژ بە ئێمە.

كەوابوو ئەگەر كەسێك دوو دوژمنی هەبێت و هەمیشەش لە ‏هەوڵدا بن بۆ لەخشتەبردنی، ئیتر دەبێت ئێمە چۆن لەهەوڵدا نەبین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان و ناڕەحەتی نەچێژین؟

بۆیە ‏باخۆمان پڕچەك بكەین بە فێربوونی زانستی شەرعی و عیبادەت و خۆپارێزی بكەین لە تاوان وسەرپێچی و لەگەڵ برادەری ‏چاكەخوازو پابەندبەدینەوە هەڵسوكەوت بكەین و ببین بە چرایەك بۆ ڕووناكی و نموونەیەكی جوان بۆ دەوروپشتمان، هەتا ‏ئەبین بەو بەندانەی كە خودی شەیتان لەبارەیانەوە دەڵێت:‏ [....لأغْوِيَنَّهُمْ أَجْمَعِينَ (39) إِلاَّ عِبَادَكَ مِنْهُمْ الْمُخْلَصِينَ] ‏واتە: شەرت بێت لە زەویدا هەموو گوناهو تاوانێكیان لا جوان و شیرین بكەم هەرهەموویان سەرلێ شێواو وسەرگەردان ‏بكەم جگە لە بەندە پوخت ودڵسۆزەكانی خۆت نەبێت.

جا بۆ ئەوەی ببین بە یەكێك لەو بەندە دڵسۆزانە با هەمیشە لە ناو ‏خواپەرستیدا بین لەهەموو شوێن و كاتێكدا لە ماڵەوە، لە كاتی دەوام، لەفەرمانگە، لەبازاڕ.... دەم بەزیكربین چاولەخوار ‏بین لەئاست نامەحرەم كەم قسەو كەم پێكەنین بین ڕەفتارمان قورئانیانە بێت ڕوولەخواو پشت لەشەیتان بین بۆ ئەوەی ‏خوا وەرمان بگرێت لە: ‏ [ إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ....] ‏واتە: بەڕاستی بەندە چاك وپاكەكانی من ‏بەتۆ(شەیتان) فریو نادرێن و تۆ هیچ دەسەڵاتێكت نیە بەسەریاندا.‏