باشترین چارەسەر بۆ ئەنجامدانى نوێژى بەیانى لە کاتى خۆیدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
باشترین چارەسەر بۆ ئەنجامدانى نوێژى بەیانى لە کاتى خۆیدا
پرسیار:

زۆر جار نوێژی بەیانیم لەدەست دەچێت ، و هەندێ جار نەبێ لەکاتی خۆیدا نایکەم ، وزۆر جار دوای دەرکەوتنی خۆر بەخەبەر دێم ، یاخود لەباشترین حاڵەتدا دوای تەواو بوونی نوێژی بەیانی بە جەماعەت بەخەبەر دێم ، چەندین جار هەوڵم داوە بەڵام بێ سوود بووە ، ئایا چارەسەری ئەم کێشەیە چۆن دەکرێت ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

بێگومان چارەسەری ئەم کێشەیە وەک کێشەکانی تر دوو لایەنی هەیە :

یەکەم : لایەنی عیلمی و زانستی . دووەم : لایەنی عەمەلی  . 
بەنیسبەت لایەنی عیلمی و زانستیەکەی بەم دوو هەنگاوە چارە سەر دەبێت : 

هەنگاوی یەکەم : پێویستە مرۆڤی موسوڵمان ڕێز وقەدری نوێژی بەیانی بزانێت لەلای خودا ، پێغەمبەر فەرموویەتی : «من صلّى الصبح في جماعة فكأنما صلّى الليل كله» [رواه مسلم]،
واتە : هەرکەسێک نوێژی بەیانی بەجەماعەت بکات وەک ئەوە وایە هەموو شەوەکە شەو نوێژی کردبێت .

 وە هەروەها پێغەمبەر فەرموویەتی :«إن أثقل صلاة على المنافقين صلاة العشاء وصلاة الفجر. ولو يعلمون ما فيهما لأتوهما ولو حبوا» [رواه مسلم]، 
واتە : قورسترین نوێژ لەسەر مونافیقەکان : نوێژی بەیانی و عیشایە ، خۆ ئەگەر بیانزانیایە چەندە خێرەکەی گەورەیە ئەوا بۆی دەهاتن گەر بەسکە خشکێش بوایە .

وەلەکۆتای فەرموودەیەکی تردا دەفەرموێت : «أفضل الصلوات عند الله صلاة الصبح يوم الجمعة في جماعة» [صححه الألباني].
واتە :باشترین نوێژ لەلای خودا نوێژی بەیانی ڕۆژی هەینی یە بەجەماعەت .

وەلەفەرموودەیەکی صەحیحی تردا هاتووە :«من صلّى البردين دخل الجنة»[رواه البخاري ومسلم]. 
واتە : هەرکەسێک نوێژی بەیانی وعەسر بکات دەچێتە بەهەشتەوە .

هەنگاوی دووەم : پێویستە ئینسانی موسوڵمان تاوان وترسناکی لەدەست چوونی نوێژی بەیانی بزانێت ، هەروەک لەم دوو فەرموودەیەدا هاتووە : (أثقل الصلاة على المنافقين صلاة العشاء وصلاة الفجر) 
واتە :قورسترین نوێژ لەسەر مونافیقەکان : نوێژی بەیانی وعیشایە  .

وەلەفەرموودەیەکی صەحیحی تردا هاتووە کە ابن عمر رضي الله عنهما گوتوویەتی : "كنا إذا فقدنا الرجل في الفجر والعشاء أسأنا به الظن"  [رواه المنذري].
واتە : ئێمە گەر پیاوێکمان لەنوێژی بەیانی وعیشادا نەبینیبایە گومانی خراپمان پێ دەبرد .

(واتە : گومانى ئەوەمان دەبرد کە مونافق بێ)

دووەم : بەنیسبەت لایەنی عەمەلیەکەی چارەسەری ئەم کێشەیە چەند هەنگاوێک هەیە دەکرێت موسوڵمان بیگرێته بەرو ببێته یارمەتی دەر بۆی بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەنجام دانی نوێژی بەیانی لەگەڵ جەماعەتدا ، لەوانە :

یەکەم : زوو نوستنى شەوان : لەفەرموودەیەکی صەحیح دا هاتووە پێغەمبەر پێی خۆش نەبوو دوای عیشا قسە بکرێت ولەپێشیەوە مرۆڤ بنوێت ، جا ئەوەی دەیبینین زۆربەی ئەوانەی کەپێش عیشا دەنون باقی ئەو شەوە بەبێ تاقەتی بەسەر دەبەن هاوشێوەی نەخۆش .
وەهەروەها باشیش نییە قسە کردن دوای عیشا ، وە زانایان هۆکاری ئەمەیان ڕوون کردۆتەوە بەوەی درەنگ نوستن دەبێته هۆکاری لەدەس چوونی شەو نوێژ یاخود نوێژی بەیانی لەکاتی خۆیدا . 

دووەم :  دەست نوێژ گرتن و خوێندنى زیرەکانى پێش نوستن ، بێگومان ئەمەش یارمەتی دەرە بۆ هەستان بۆ نوێژی بەیانی . 

سێیەم : ڕاستی نیەت وهەبوونی عەزیمەت بەوەی بۆ نوێژی بەیانی هەڵدەستێت ، بەڵام کەسێک بنوێ و ئاواتە خواز بێت سەعاتەکەی لێ نەدات ..ئەوا بەو نیەتە فاسید و خراپەوە ناتوانێت نوێژی بەیانی بکات ، وسەر کەوتوو نابێت بۆ هەستان بۆ نوێژی بەیانی .

چوارەم : زیکری خوا کردن لەکاتی هەستاندا لەخەو ، هەندێ کەس هەڵدەستێت ، پاشان دوو بارە دەنوێتەوە ، بەڵام گەر یەکسەر یادی خودای کرد ئەوا گرێی شەیتانى لێ دەکرێتەوە ، ودەبێته یارمەتی دەری بۆ هەستان بۆ نوێژ ، خۆ ئەگەر هەستا ودەست نوێژی شوشت ئەوا شەیتان لێى دوور دەکەوێتەوە ، وە ئەگەر دەستی کرد بەنوێژ ئەوا شەیتان سەر شۆڕ دەبێت و، کەسەکە دڵ و دەروونی پاک و چالاک دەبێت . 

پێنجەم : پێویستە داوای یارمەتی بکات لە کەس وکار و هاوڕێ چاکەکانى بۆ هەستان لەخەو ئەمەش دەچێتە ئەم بابەوە کە خوای تەعالا ئاماژەی پێ داوە : {وَتَعَاوَنُواْ عَلَى الْبرِّ وَالتَّقْوَى} [المائدة:2]، 
واتە : وه‌ ئێوه‌ هاوكاری یه‌كتری بكه‌ن له‌سه‌ر چاكه‌و ته‌قوای خوای گه‌وره‌.

جا پێویسته موسوڵمان بەخێزانەکەی بڵێ بۆ نوێژی بەیانی خەبەری بکاتەوە ، وزۆر تەئکیدی لێ بکاتەوە ، هەر چەند زۆر هیلاک بێت ، وەپێویستە منداڵیش داوا لەباوکیان بکەن خەبەریان بکەنەوە بۆ نوێژی بەیانی ، وە نابێ باوک بڵێ تاقی کردنەوەیان هەیە و ناڕەحەتن با بۆ خۆیان بنون وگوناحن ، بەهیچ شێوەیەک نابێ وا بڵێت ونابێ بەزەیی پێیاندا بێتەوە چونکە بێگومان بەزەی وڕەحمەت ئەوەیە بەخەبەریان بکاتەوە بۆ گوێڕایەڵی خودا : {وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلَاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا} [طه: 132].
واتە :  وه‌ تۆ فه‌رمان به‌ كه‌سوكارت یان به‌ ئوممه‌ته‌كه‌ت بكه‌ به‌ نوێژ كردن ، وه‌ ئارام بگره‌ له‌سه‌ر نوێژ كردنه‌كه‌ت .

وە هەروەها پێویستە ئامۆژگاری ویارمەتی دان لەنێوان براکانیش دا هەبێت ویەکتر بەخەبەر بێنن ، وەک قوتابی زانکۆ ئەوانەی لەیەک شوقەدا دەژین و جیران ...هتد . 

شەشەم : وە داوا لەخودا بکات یارمەتی دەری بێت بۆ هەستان بۆ نوێژی بەیانی وئەنجام دانی بەجەماعەت ؛ چونکە پاڕاوەنەوە گەورەترین هۆکاری سەرکەوتنە لەهەموو کارێک دا  . 

حەوتەم : بەکار هێنانی ئامێری بەخەبەر هێنان ، لەوانە کاتژمێر ، وە دانانی لەجێگەیەکی گونجاو ، چونکە هەندێ کەس لەلای سەریانەوە دایدەنێن وکاتێ کە لێى دەدات بێ دەنگی دەکات ودەنوێتەوە ، ئەم جۆرە کەسانە پێویسته لەدوور خۆیان کاتژمێرەکە دانێن بۆ ئەوەی هەستی پێ بکەن وهەستن بۆ نوێژ  .

هەشتەم : ئاو کردن بەدەم وچاوی ئەو کەسەی نوستووە ، هەروەک لەفەرموودەدا وەسفی پیاو کراوە کاتێ خێزانەکەی هەڵناسێ بۆ شەو نوێژ ئاو دەکات بەدەم وچاویدا ، وەهەروەها مەدحی ئافرەتیش کراوە کاتێ مێردەکەی هەڵناسێ بۆ شەو نوێژ ئاو دەکات بەدەم وچاویدا  [رواه الإمام أحمد]. 

جا ئاو کردن بەسەر وچاودا یەکێکە لەڕێگە شەرعیەکان بۆ هەستان لەخەو ، وە لەواقیعیشدا مرۆڤ چالاک دەکات ، وەهەندێ کەس زۆر توڕە دەبن کاتێ بەم ڕێگەیە بەخەبەر بهێندرێنەوە ، وزۆر جار جوێن دەدەن وهەڕەشە دەکەن ، بۆیە پێویسته بەحیکمەت وئارامیەوە ئەم کارە بکرێت ، و کەسەکه کە هاوڕێکەی هەڵدەستێنێت بزانێت کەسی نوستوو قەڵەمی لەسەر نییە وتەحەمولی ناڕەحەتیەکانی بکات ، وەئەوە نەبێته هۆکاری واز هێنان لێی بۆ بەخەبەر کردنەوەی بۆ نوێژ .

نۆیەم : بەتەنها نەنوستن لەجێگەیەکدا ، پێغەمبەر ڕێگری کردووە لەوەی پیاو بەتەنها لەماڵەوە بنوێت . [السلسلة الصحيحة].
وە دوور نیە حیکمەتەکەی ئەوە بێت خەو زاڵ دەبێت بەسەریدا و کەس نابێت خەبەری کاتەوە بۆ نوێژ  .

دەیەم : نەنوستن لەجێگەیەکی دوور کە کەس عەقڵی بۆ ئەوە نەچێت فڵانە کەس لەوێدا نوستووە ، وەک ئەوەی لەسەر بان بنوێت بێ ئەوەی بەکەس وکاری بڵێت ، وەهەروەها لەژوورێکی چۆڵی ماڵەکەیدا بنوێت وکەس پێی نەزانێت لەوێ نوستوە و وابزانن لەمزگەوت نوستووە ، جا هەر کەسێک پێویستی بەوە بوو لەجێگەیکی دوور بنوێت با کەس وکارى ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی بەخەبەری بێننەوە بۆ نوێژ  .

یانزەیەم : هیمەت وعەزیمەت لەکاتی هەڵساندا ، بەشێوەیەک هەر کە بەخەبەر هات یەکسەر هەڵسێت ، نەک بەچەند هەنگاوێک هەڵسێت ، وەک هەندێ کەس کەبەچەند مەڕحەلەیەک هەڵدەستن ، هەر کە هاوەڵەکەیان دوور کەوتەوە یەکسەر دەگەڕێنەوە بۆ جێگەی نوستنەکە ، جا ئەم جۆرە هەڵسانە زۆر جار فەشەل دێنێت .

دوانزەیەم : وە با کاتژمێرەکەی بۆ کاتێک زۆر زوو تەوقیت نەکات گەر زانی لەو کاتە بەخۆی دەڵێت هێشتا کات ماوە و با هەندێکی تر بنوم ، بێگومان هەموو کەسێک خۆی دەناسێت ودەزانێت چی بۆی گونجاوە .

سیانزەیەم : داگیرساندنی گڵۆپ لەکاتی بەخەبەر هاتن ، ئەمەش کاریگەری باشی هەیە بۆ هەستان و نەنوستنەوە  .

چواردەیەم : درەنگ نەنوستن تەنانەت گەر شەو نوێژیشی دەکرد ، هەندێ کەس شەو نوێژێکی زۆر دەکەن ودرێژی دەکەنەوە ، پاشان پێش نوێژی بەیانی بەماوەیەکی کەم دەنون ، وناتوانن هەستن بۆ نوێژی بەیانی ، ئەمە زۆر جار لەڕەمەزاندا ڕوو دەدات ، بەشێوەیەک  پارشێو دەکەن وپاشان پێش نوێژی بەیانی بەماوەیەکی کەم دەنون ، و نوێژی بەیانیان لەدەست دەچێت ، بێگومان ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە ؛ چونکە نوێژی فەرز لەپێشترە لەنوێژی سوننەت ، ئەمە بەنسبەت ئەو کەسانەی کەشەو نوێژ دەکەن ، ئەی چ جای ئەوانەی کەشەو درەنگ دەنون وخەریکی تاوان و شتی بێهودەن وەکو یاری پۆبجی و خۆ سەرقاڵ کردن بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، وە حەتمەن شەیتان فێڵ لەهەندێ کەسی بانگ خوازیش دەکات بەوەی تا درەنگانێکی شەو خەریک موناقەشەی بابەتەکان دەبن ، وپاشان پێش نوێژی بەیانی دەنون و ئەوەی کەلەدەستی دەدەن پاداشتەکەی زۆر لەوە گەورەترە کەبەدەستیان هێناوە .

پانزەیەم : زۆر نەخواردن پێش نوستن ، چونکە زۆر خورادن یەکێکە لەهۆکارەکانی خەو قورسی ، بێگومان هەر کەسێک زۆر بخوات زۆر هیلاک دەبێت و زۆر دەنوێت ، وهەرکەسێکیش زۆر بنوێت کاری خێری زۆر لەدەست دەچێت ، دەی کەواتە با مرۆڤ سوور بێت لەسەر کەم خواردن بەتایبەت لەئێواراندا .

شانزەیەم :  با شەو نوێژەکانت بەماوەیەکی کەم پێش نوێژی بەیانی بێت ، بەشێوەیەک هەر کە لەنوێژی ویتر بووەوە یەکسەر بانگ بدات بۆ نوێژی بەیانی ، بەم شێوەیە عیبادەتەکان بەیەکەوە گرێ دەدرێن ، و شەو نوێژەکەش دەکەوێتە سێ بەشی شەوەوە کە کاتێکی چاکە ، وپاشان یەکسەر دەچێت بۆ نوێژی بەیانی و بەچالاکی و گورجوگۆڵیەوە .

حەڤدەیەم : شوێن کەوتنی سوننەتی پێغەمبەر لەچۆنیەتی نوستندا ، بەشێوەیەک لەسەر لای ڕاستی بخەوێت ، و ڕوومەتی ڕاستی لەسەر دەستی ڕاستی دابێنت ، ئەم جۆرە نوستنەش یارمەتی دەرە بۆ هەستان وبەخەبەر هاتن ، وە باشترین هەدی وسوننەتیش سوننەتی پێغەمبەرە   بەپێچەوانەى جۆری نوستنەکانی ترەوە ، کەدەبنه هۆکاری قورس هەڵسان . 

هەژدەیەم : پێش نیوەڕوان بنوێت ، کە پێى دەوترێت (قەیلولە) و نوستنی شەوى ڕێک و هاوسەنگ بێت . 

نۆزدەیەم : وە دوای نوێژی عەسر ومەغریب نەنوێت ، چونکە خەوتنی ئەم دوو کاتە دەبنە هۆکاری درەنگ نوستن ، حەتمەن هەر کەسێک درەنگ بنوێت درەنگیش بەخەبەر دێت وهەستانی ئاسان نابێت .

بیستەم و کۆتایی : نیەتپاکى (ئیخڵاص) و خۆیەکلایی کردنەوە بۆ خودا و وازهێنان لەتاوان و بەردەوام نەبوون لەسەرى باشترین پاڵنەرە بۆ هەستان بۆ نوێژ ، و سەرداری هەموو هۆکارەکانی ترە ، جا گەر ئیخڵاس هەبوو ئەوا دەبێتە پاڵنەری دڵ وجەستە و گەر کەسەکە درەنگیش نوستبێت هەڵدەستێت و نوێژەکەی لەکاتی خۆیدا دەکات .

تەماشاکە ڕەحمەتی خودات لێ بێت بزان ئیخڵاص چ کاریگەریەکی هەیە ،جا ئەوەی کە ئێمە بەدەستیەوە دەناڵێنین نەبوونی ئیخڵاص و لاوازی ئیمانە بۆیە دەبینی لەنوێژی بەیانیدا کەسانێکی کەم ئامادە دەبن .

سەردان: ١٣,٣٣١ بەش: حوکمى نوێژنەکەر