پەیام و ئامۆژگاری بۆ مامۆستا بەڕێزەکان بە بۆنەى کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پەیام و ئامۆژگاری بۆ مامۆستا بەڕێزەکان بە بۆنەى کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان
پرسیار:

لەگەڵ کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان چ پەیام و ئامۆژگاریەکتان هەیە بۆ مامۆستا بەڕێزەکان؟ 

ئامۆژگاری و پەیاممان بۆ مامۆستا بەڕێزەکان ئەوەیە کە : 
ئەركی مامۆستا ئەركێكی پیرۆزە بەڵام زۆر قورسە ، والله ئەوان هەڵدەسن بە ئەركی پێغەمبەران ، خوای گەورە پێغەمبەرانی نارد بۆ ئەوەی خێر و حەق و چاكە فێری خەڵكی بكەن ، ئەمڕۆ مامۆستا بەم دەورە هەڵدەستێ جا مامۆستای قوتابخانە بێ یان مامۆستای مزگەوت دەبێ بزانێ كە بە چ دەورێكی گرنگ و پیرۆز هەڵدەستێ ، وە ئەو مامۆستایە چەند پلەی بەرزە لای خوای گەورە ئەگەر بە شێوەیەكی چاك پەروەردەی قوتابیەكان بكات 
پێغەمبەری خوا دەفەرموێ : (إنَّ اللهَ وملائكتَه، لَيُصلُّون على مُعَلِّمِ الناسِ الخيرَ، حتى النملةَ في جُحْرِها) خوای گەورە ڕەحمەتی خۆی دەنێرێ فریشتەكان دەپارێنەوە بۆ ئەو مامۆستایەكی كە خەڵكی  فێری چاكە دەكات ، تاوەكو مێرولەیەك لە كونەكەی خۆی دوعای خێر بۆ ئەو مامۆستایە دەكات كە خەڵكی  فێری چاكە دەكات .
بەڵام بە مەرجێ ئەو مامۆستایەش بە مانای كەلیمە مامۆستا بێ ، خێر و چاكە فێری قوتابیەكان بكات ، نەك مامۆستایەك خۆی خێر و چاكە نەناسێت و دەرسەكەی بە فشقیات و نوكتە بەسەر بەرێت ، یان باسی ئەوەب كات بۆ تەلەبەكان كە ئینسان لە مەیمونەوە هاتوە و قیامەتی چی و نوێژی چی و عابای چی كە مامۆستایەك ئاوها بێ نەك ڕەحمەتی خوا نایگرێتەوە بەڵكو بەر لەعنەتی خواو پێغەمبەر و موسڵمانان دەكەوێت ، چونكە خیانەت دەكات لە ڕۆڵەی موسڵمانان خیانەت دەكات لەو میلەتە و لەو وڵاتە .
كەواتە مامۆستای باش  ڕەحمەت و بەرەكەتن بۆ منداڵانمان بۆ وڵات و بۆ گەلەكەشمان چونكە مندڵەكانمان وا  پەروەردە دەكەن كە ببنە چراو ڕوناكی بۆ دوا ڕۆژی ئەو گەلە و ئەو میلەت و وڵاتە 
كەواتە مامۆستایانی بەڕێز وا مەزانن ئەو ئەركەی كە دراوەتە سەرشانتان تەنها ئەركێكی ڕەسمی ڕۆتینیە بۆ ئەوەی مانگانە مەعاشی خۆت وەربگری ، سوێند بەخوا چەند قوتابی تۆ دەرسی پێ دەڵێی هەموی لە ئەستۆی تۆیە بۆ ڕۆژی قیامەت ، هەمووی تۆ لێیان بەرپرسی و موحاسەبە دەكرێی لەسەریان ئایا چۆن پەروەردەیانت كردوە پەروەردەیەكی چاك كە خوا پێی خۆشە و خزمەت بە میلەت دەكات لە موستەقبەل یان پەروەردەیەكی خراپ كە یاخی ببێ بەرامبەر بە خوا و ببێتە میكرۆبیش بۆ ئەومیللەتە
مامۆستا ئەركی تەنها ئەوە نیە بڵێ من مامۆستای ئاین نیم و ئەركی من تەنها كیمیا و فیزیایە لەسەر هەموو مامۆستایەك واجبە ئەگەر دوو دەقەش بێ نەصیحەتی قوتابیەكان بكات با مامۆستای ئاینیش نەبێ نەصیحەتی خێری قوتابیەكان بكە ، فەرمانیان پێ بكە بە شتی چاك ، قەدەغەی شتی خراپیان لێ بكە ، لەسەر ڕەوشتی چاك پەروەردەیان بكە چونكە مامۆستا پێش ئەوەی بەرپرس بیت لە فێركردنی نوسین و خوێندنەوەیان بەرپرسە لە فێركردنی ئەخلاق و ڕەوشتیان ، سەیركە بزانە وەزارەتەكەت ناوی چیە؟ (التربية والتعليم )  ، پەروەردە و فێركردن نەك تەنها فێركردن . 
بۆیە دەبێ تەربیەتێكی موسڵمانانەی بدەی چونكە ئەم منداڵە موسڵمانە و دایك وباوكی موسڵمانە و لە وڵاتێكی موسڵمانە بۆیە دەبێ فێری ئەخلاق و ڕەوشتی جوانی بكەی ، فێری لە خواترسانی بكەی ، فێری بكەی گرنگی بەنوێژەكانی بدات ، فێری بكە ڕاستگۆ بێت ، ڕێز لە دایك و باوكی بگرێ ، فێری دەست پاكی بكە بۆ ئەوەی بەیانی بو بە دكتۆرێك  فێڵ نەكات بو بە موهەندیسێك غەش نەكات بو بە مودیرێك وەزیرێك دزی نەكات گەندەڵ نەبێ .
ئەم جیلە دەبن بە پێشەوای ئەم خەڵكە دەبێ بزانی چۆن پەروەردەیان دەكەی
پێغەمبەری خوا سەبارەت بە مەسئولیەت دەفەرموێ : (إنَّها أَمانَةُ، وإنَّها يَومَ القِيامَةِ خِزْيٌ وَنَدامَةٌ، إلّا مَن أَخَذَها بحَقِّها، وَأَدّى الذي عليه فِيها).
واتە : مەسئولیەت و لێپرسراوێتی ئەمانەتە وە لەڕۆژی دوایی سەرشۆڕی و پەشیمانی¬یە، تەنها كەسانێك نەبێت كە بەحەق وەری دەگرێت، كە ئەوەی لەسەریەتی جێبەجێی بكات .
وە هەروەها پێویستە لەسەر مامۆستا لە خوا بترسێ ڕێنەگرێ لەشتێ كە خوای گەورە واجبی كردووە وەكو نوێژ وەكو پۆشاكی شەرعی كە كچان دەیپۆشن چونكە هەر مامۆستایەك ڕێگری بكات و ئەو قوتابیە لاڕێ و گومڕا ببێ لە قیامەت موحاسەبە دەكرێ و تاوانی ئەوانیشی دەكەوێتە سەر .
باڵاپۆشی رێگر نیە لە فێربوون بەڵكو بە پێچەوانەوە ڕووتی و سفوری رێگرە لە خوێندن كاتێ مامۆستایەكی ئافرەت بە جلێكی تەسك و كورتەوە سنگ و قۆڵ و قاچی بەدەر بێ و لەسەر سەبورە دەرس بۆ كۆمەڵێ كوڕ شەرح بكات ئایا پێتان وایە ئەو كوڕانە فكریان لای دەرسەكەیە یان فكریان لای جل و شێوازی ئەو مامۆستایەیە؟ 
وە ئەو تەلەبانەی كە نوێژ دەكەن و ئەوانەی كە جلوبەرگی پۆشتە دەپۆشن وحیجاب دەكەن لە هەموو تەلەبەكانی تر بێ كێشە ترن بۆ مامۆستا و ئیدارەی مەكتەب ، تەلەبەك كە دەست بەدەست نوێژ بێ و پەروەردەی مزگەوت بێ بە ئەخلاقی مزگەوتەوە دەڕوات بۆ مەدرەسە و ڕێز لە مامۆستاكەی دەگرێ ، گرنگی بە دەرسەكانی دەدا ، پاكوخاوێنی قوتابخانە دەپارێزێ بە پێچەوانەی ئەو كەسانەی كە قوتابخانەیان كردوە بە شوێنی كات بەسەر بردن و فشقیات و تەعلیق دان لە كچان و دڵداری كردن كە ئەمانە كە دوورن لە نوێژ و خواپەرستی زۆرترین كێشە بۆ مامۆستا و ئیدارەی مەكتەب دروست دەكەن .
وتەی كۆتایی 
پەیامبەری خوا دەفەرموێت: «مَا مِنْ عَبْدٍ يَسْتَرْعِيهِ الله رَعِيَّةً، يَمُوتُ يَوْمَ يَمُوتُ وَهُوَ غَاشٌّ لِرَعِيَّتِهِ، إِلاَّ حَرَّمَ اللَّهُ عَلَيْهِ الْجَنَّةَ» ​​​​​​​رواه مسلم ، واتە: «هیچ بەندەیەك نییە كە خوای كاربەجێ بەرپرسیارێتیەكی پێبدات، هەر لە سەرۆك وڵاتەوە تا وەزیر وبەڕێوەبەرە گشتیەكان وبەڕێوبەری قوتابخانەكان وتا مامۆستای قوتابخانەكان هەموی دەگرێتەوە بەڵكو ودایك وباوكیش، جا ئەگەر هاتو مرد وبەڵام موخلیص نەبو بێت بۆ ژێر دەستەكانی وغەشی لێكردبێتن، «إِلاَّ حَرَّمَ اللَّهُ عَلَيْهِ الْجَنَّةَ» ئەوا خوا بەهەشتی لەسەر حەرام دەكات».
بۆیە بە هەمومانەوە بە دایك و باوكانەوە بە مامۆستاكانەوە با هەوڵبدەین نەوەیەكی جوان پەروەردە بكەین بۆ خزمەتی دین وگەل ونیشتیمانەكەمان .