حوکمی خێر کردن بۆ مردوو دوای چل ڕۆژ لەمردنی چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی خێر کردن بۆ مردوو دوای چل ڕۆژ لەمردنی چیە؟
پرسیار:

کەسانێک دوای ئەوەی چل ڕۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر مردنی کەسێکیاندا کەس وکاری خێری بۆ دەکەن ، ئایا ئەو کارە تا چەند دروستە ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

ئەم کارە هیچ ئەسڵی نی یە ، خێر کردن بۆ مردوو دوای چل ڕۆژ یاخود ڕۆژێک یاخود مانگێک یاخود زیاتر و یاخود کەمتر ئەسڵ وئەساسی نی یە لەشەرعدا و بیدعەیە .

ئەو کارە هیچ ئەسڵی نی یە ، خێر کردن بۆ مردوو دوای چل ڕۆژ یاخود ڕۆژێک یاخود مانگێک یاخود زیاتر و یاخود کەمتر ئەسڵ وئەساسی نی یە لەشەرعدا ، ئەوەی دروست بێت ئەوەیه هەرکاتێک بۆیان گونجا خێری بۆ دەکەن بەبێ ئەوەی کاتەکەی تایبەت بکەت بەکاتێکی دیاری کراوەوە ، بێگومان خێر کردن بۆ مردوو سودی پێ دەگەیەنێت جا لەلایەن کەس وکاریەوە بۆی کرابێت یاخود کەسانی ترەوە .
هەروەک لەفەرموودەیەکی صەحيحدا هاتوە ( أن رجلًا قال: يا رسول الله! إن أمي ماتت ولم توص أفلها أجر إن تصدقت عنها؟ قال النبي : نعم
واتە :پیاوێک گوتی : ئەی پێغەمبەری خودا دایکم مردووە و وەسیەتی نەکردووە ئایا خێری پێ دەگات گەر خێری بۆ بکەم ؟
پێغەمبەری خوداش فەرمووی : بەڵێ .

وە لەفەرموودەیەکی صەحيحی تردا هاتوە : (إذا مات ابن آدم انقطع عمله إلا من ثلاث: صدقة جارية، أو علم ينتفع به، أو ولد صالح يدعو له
واتە : کاتێ مرۆڤ دەمرێت هەموو کردەوکانی کۆتایی پێ دێت تەنها لەسێ ڕێگاوە نەبێت :
خێرێکی نەبڕاوە ، و زانستێکی سود بەخش کە لەدوای خۆی خەڵک سودی لێ ببینن ، و یاخود منداڵێکی ساڵح کە بۆی بپاڕێتەوە .

جا بێگومان خێر کردن بۆ مردوو وەهەروەها داوای لێخۆش بوون کردن بۆی هەموو ئەمانە سود بەمردوو دەگەیەنن ، هەروەک چۆن نوێژکردن لەسەرى و حەج و عومڕە کردن بۆی وەهەروەها دانەوەی قەرز بۆی سود بەمردوو دەگەیەنن .

وە پرسیار کراوە لە زانای پایەبەرز عبدالعزیز بن عبدالله بن باز رحمه الله :
کە ئایا کۆبوونەوەی کەس وکاری مردوو دوای مردنی بەچل ڕۆژ وقورئان خوێند لەسەری ، هەندێ لەکەسانی عەوام دوای ئەوەى کەسێکیان لێ دەمرێت دوای چل ڕۆژ هەڵ دەستن بە ئەنجام دانی کارێک کەناویان لێناوە (چلە) جا لەم کاتەدا بانگی خەڵک دەکەن ، وئەوانەی بانگ کراون هەندێ زیکر دەخوێنن ، ودوای نان خواردن دەست دەکەن بەقورئان خوێندن ، وداوا دەکەن پاداشتی ئەو قورئان خوێندنە بگات بەمردووەکە ، ئایا حوکمی ئەو کارە چی یە دروستە یاخود حەڕامە ؟

لە وەڵامدا فەرمویەتى :
ئەو کارە دروست نی یە وگێڕانی تەعزیە بارییە و کاری سەردەمی جەهالەتە ، جا ئەو کارە نە لە چلەم ڕۆژ و نە لەڕۆژی یەکەم وەهەروەها حەفتەی یەکەم وسەری ساڵدا دروست نی یە ، هەموو ئەم کارانە بیدعەن وخوڕافیاتن وکاری سەردەمی نەفامین ، بەڵام دوعا بۆ مردو دەکرێت وخێری بۆ دەکرێت ئائەوە کارێکی چاکە ، جەريری کوڕی عبد الله البجلي رضي الله عنه دەڵێت : "كنا نعد الاجتماع إلى أهل الميت وصناعة الطعام بعد الدفن من النياحة".
واتە : واته‌ : كۆبونه‌وه‌ له‌ لاى خاوه‌ن مردووه‌كه‌ و دروست كردنى خواردن دواى به‌ خاك سپاردنى مردوومان به‌ به‌شێك له‌شیوه‌ن داده‌نا ( ده‌ژمارد ) وپێمان دروست نەبوو .

جا کاتێک جەعفەر کوڕی ئەبو طالب شەهید کرا وهەواڵی مردنی بەپێغەمبەر گەیشت هیچ تەعزیە باری نەگێڕا نە لە سەری حەفەتەدا ، وە نە لەچلەم ڕۆژدا ، و نە لەڕۆژی یەکەمدا ، وەهەروەها هاوەڵانیش رضي الله عنهم ئەو کارەیان نەکردووە بۆ پێغەمبەرەکەیان وەهەروەها بۆ پێشەوا ئەبو بەکری سدیق ، وعومەر ، وعوسمان ، وعەلی ، وجگە لەوانیش ، بۆیە پێویستە واز لەو کارە بێنن ؛ چونکە ئەو کاری سەردەمی جاهیلی ونەفامییە .

سەردان: ٥,٩٤٧ بەش: بیدعەکانى جەنازە